خالید مەجید فەرەج: ماتریالیزم لە ئیبکورەوە وە بۆ مارکس/ بەشی سێیەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت
ئێستا با بزانین یاساکانی ماتریالیزمی دیالەکتیکی چین؟
سێ یاسای ماتریالیزمی دیالەکتیک هەن
1- یاسای یەکگرتن یان ململانێی دژ بە یەکەکان (وحدة و صراع الأضداد) : ئەم یاسایە دەڵێت هیچ دیاردەیەک نییە کە نەفی خۆی لەناو خۆیدا هەڵنەگرتبێت
2- یاسای فرەیی چەندێتی
3- یاسای نفی النفی
1- یاسای یەکگرتن یان ململانێی دژ بە یەکەکان (وحدة و صراع الأضداد): ئەم یاسایە دەڵێت هیچ دیاردەیەک نییە کە فەنای خۆی لەناو خۆیدا هەڵنەگرتبێت.
ڕێک وەکوو ئەوەی کە هیگڵ دەیڵێت: دژەکانی دیاردەکە لەگەڵیدان لەناویدا واتا لەناو زاتی خۆیەوە هەڵدەقوڵێن. نموونە زۆرن لەوانە شتێک نییە لە بووندا کە بەبێ گۆڕان بمێنێتەوە شتەکان لە سروشتدا لە حاڵەتی ململانێدان ناسازی (تناقضی) ناوەکی ئەو ناسازیە کە چالاکی دەکات. ئەنگلز دەڵێت: سروشت هەمووی لە بچووکترین شتەوە بۆ گەورەترین لە دەنکە لمێکەوە بۆ خۆر لە حاڵەتێکی بەردەوام دایە لە دروست بوون و پووکانەوەدا لە حاڵەتی بزووتنەوە و گۆرانی بەردەوامدایە بۆ نموونە: هەر کۆمەڵگەیەک بنیاتێکی ئابووری خۆی هەیە ئەو بنیاتە دەرهاویشتەکانی لەسەر بنەمای چینایەتین، دەبینین دوو چین دروست دەکات مالیک و واتا سەرمایەدار و کرێکار ئەم دابەشکردنە ناوخۆییەوە دەبێت بەهۆی یەکگرتن و ململانێی دژ بە یەکەکان لە نێوانیاندا ململانێی دژ بە یەکەکان مالیک و کرێکار کۆمەڵگە وەکوو گشت یەک یەکەی هاوچەشنن لە هەمان کاتدا دژ بە یەکەکان لەناو ئەو کۆمەڵگەکەدا لە ململانێدا، کێن ئەوانە خاوەن سەرمایە و کار لەگەڵ کرێکاران، سەرمایەدارەکان دەیانەوێت سەروەتەکەیان زیاد بکەن کرێکارانیش دەیانەوێت پشکەکەیان زیاد بکەن کرێ و بار و دۆخی کارەکەیان چاک بکرێت و مافەکانیان دەست بکەوێت لێرەدا ململانێ دەست پێ دەکات لە نێوان کرێکاران و مەللاکەکاندا کەواتە کۆمەڵگە لە حاڵەتی دژایەتی ناوەکیدایە و ئەو دژایەتییە ناوەکییەش کرۆکی دیالەکتیکە یان بزوێنەری بنچنینەییە بۆ هەر گۆڕانکاریەک ئەو ململانێ چینایەتییەیە کە گۆڕانکاری لە کۆمەڵگادا بەدی دەهێنێت ئەگەر ئەم ململانێ ناوەکیانە نەبێت ئیدی کۆمەڵگە پێش ناکەوێت و شێوەیەکی جێگیر وەردەگرێت. مێژوو دەڵێت: هەتا بوونی مرۆڤ بەردەوام بێت ململانێ و دژایەتی ناوەکی لە تەبیعەتی شتەکان دەبێت و ئەو ململانێیەش هاندەرێکە بۆ پێشکەوتن بە شێوەیەکی بێ کۆتایی. دەکرێت نموونەیەک نزیک لەوە بهێنینەوە مێژوونووس تویبنی تیۆرییەکی هەیە بەناو تەحەدی و ئیستیجابە [ئاڵنگاری و بەدەنگەوە چوون] دەڵێت: لە چین دوو ڕووبار هەیە یەکێکیان ئاوەکەی بەردەوام سەردەکات و ئەوانەی لەکەنارەکانی دەژین لە ململانێدان لەگەڵ لافاوەکەیدا ئەو حاڵەتە شارستانیەتێکی مەزنی لە چین بەرهەم هێناوە، ڕووبارێکی دیکە هەر لە هەمان وڵات هەیە بە پێچەوانەی ڕووبارە سەرشێتەکەوە ئاوەکەی ئارامە حاڵەتێکی سەرەتایی بەرهەم هێناوە و هیچ شارستانییەکیش لە ناوچەکەیدا بەدی ناکرێت. واتا مرۆڤ لە حاڵەتی ململانێی دا لەگەڵ سروشتدا بەنداو و عەماری دانەوێڵە و… هتد، دروست دەکات. بەپێی تیۆرییە مارکسییەکە ڕەنگە ئەو ململانێیە تناحری[ واتا پێکەوە نابن .. تێک هەڵپژان] بێت شەڕ ئامێز یان واش نەبێت تناحری وەکوو ململانێی نێوان ئاو و ئاگر یان خۆشەویستی و ڕق دیموکراسی دیکتاتۆرییەت، سارد و گەرم، ڕەنگیشە تناحری نەبێت وەکوو باوک و کوڕ، هاوین و زستان ئەو ململانێیەی کە بۆ ئیلغا کردنی بەرامبەرە ململانێیەکی تناحریە و ئەو ململانێیەی کە بەرامبەر ئیلغا ناکات ئەوە تناحری نییە جاریش هەیە دژ بە یەکەکان لە ململانێیەکەوە بۆ ململانێیەکی دیکە دەچن بۆ نموونە ئەو حیزبانەی کە پشتگیری لە موڵکیەت دەکەن بە قۆناغێکی نا تناحریدا تێپەڕ دەبن وەکوو مومارەسەی سیاسی لە پارلەمان و پیادەکردنی دیموکراسییەت بەڵام کاتێک کە شۆڕش دژ بە ڕژێمی پاشایەتی ڕادەگەیەنن دەبێت بە ململانێیەکی تناحری ئەوە ململانێی دژ بە یەکەکانە کە پێی دەڵێن یاسای یەکگرتن و ململانێی دژ بە یەکەکانە.
2- یاسای کەڵەکەبوونی چەندیەتی
ئەمەش دەبێت بەهۆی گۆڕانکاری جۆری کاتێک کە دەگاتە پێوەرە پێویستەکە بۆ ئەوە با بزانین چۆنە، لە واقیعی مادیدا ئەگەر ململانێ نەبوو ئەکید گۆڕانکارییەکە تەنیا بازدانێکی بێ پاساو دەبێت واتا لە هیچەوە دێتە دی ئەوەش مەنتیقی نییە گۆڕانکارییە جۆریەکان لە سرووشتدا بە شێوەیەکی ڕوون لە هەر حاڵەتێکی دیاریکراودا ئەگەر هەندێک بڕ لە مادە یان جووڵەی تێکەڵ نەکرێت بۆ نموونە لە ڕێڕەوی ڕووبارەکەدا ئەگەر ملیۆنێک بەرد کۆ بکەیتەوە دەبێت بە بەنداو دەبینین لێرەدا لە حاڵەتی چەندیەتیەوە دەگۆڕێت بۆ چۆنیەتی واتا حاڵەتێکی دیکە کە بەنداوەکەیە، نموونەیەکی دیکە منداڵ کە گەورە دەبێت ئەوە گۆڕانکارییەکی چەندایەتییە کاتێک کە باڵق دەبێت دەگۆڕێت بۆ گۆڕانکاری چۆنیەتی، واتا کەڵەکە بوونە فسیۆلۆجیەکان دەبێت بە گۆڕانکاری چۆنیەتی کاتێک کە گەردەکانی هەور یەک دەگرن و دەگەنە ئاستی پێویست بۆ گۆڕانکاری جۆریەتی واتا تێر بوونی هەورەکە ئەو کاتە دەبێت بە باران … ئێستا بۆ هەموو ئەو قسانە چوار پێناسەمان هەیە.
بۆ گۆڕانکاری چەندیەتی بەرزبوونەی پلەی گەرمی ئاو کە ئاگری لەژێردایە لە سفر بۆ دە، بیست، سێ پەنجا ،هەفتا ئەمانە هەموو گۆڕانکاری چەندیەتین و تا نەبێت بە هەڵم نابێت بە گۆڕانکاری چۆنیەتی واتا لە شلەوە بۆ گازی. پێوەری پێویست بۆ گۆڕانکاری چۆنیەتی پلەی گەرمی سەدە حەتمیەتی گۆران چییە ئەوە منطوقی قانونەکەیە واتا گۆرانی ئاو لە شلەوە بۆ هەڵم لە پلەی سەددا کارێکی حەتمییە، پێوەری جیاکردنەوە لە نێوان گۆڕانکاری چەندێتی بەردەوام بوونیەتی و قەت ناپچڕێت تەنها بە هاتنە دی گۆڕانکاری جۆری نەبێت بۆ نموونە گەشەی کۆرپەلە لەسکی دایکیدا کەڵەکەبوونی گۆڕانکاری چەندێتییە بە لەدایک بوونی دەبێت بە گۆڕانکاری لە چۆنیەتیدا گۆڕانکاری چۆنیەتی دەکرێت بگوترێت گۆڕانکارییەکە لە شێوەی بازداندایە لەپر دروست دەبێت دەبێت بەهۆی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە جۆردا و کارێکی بەردەوام نییە بەڵکوو یەک دەفعەو یەک جار ڕوو دەدات پرۆسەی گەیشتن بەو گۆڕانکارییە کەڵەکەبوونی پلە بە پلەی دەوێت (تدریجی) ئەمانە نموونەی سادەن، بەڵام ئەوەی لەپشتی ئەوەیە زۆر خەتەرە ماتیالیزمی دیالەکتیک دەڵێت شتێک نییە ناوی خالق بێت (خودا) دەڵێت بوون هەموو (زیندەوەر و جماد) پێک هاتووە لە گۆڕانکارییەکی چەندێتی کمی بۆ نەوعی جۆریی بۆ چی گۆڕانکارییەکان ئەو سروشتە وەر دەگرن؟ ئەو پرسیارە قانوونی یەکەم وەڵامی داوەتەوە و پەیوەندی بە ململانێی دژ بە یەکەکانەوەیە، بەواتا هەیە کە بەرهەڵستی ئەو گۆرانکاریە دەکات ئەوەش حاڵەتە سائیدەکەیە (باوەکە) کە دژ بە یەکەکان ململانێی لەسەر دەکەن ئەو دژ بە یەکانەی کە بەشێوەی ئەرێنی هەوڵی گۆڕانکاری دەدەن هەوڵ دەدەن ئاو لە حاڵەتی شلەوە ببەن بۆ هەڵم ئاو لەسەر ئاگرە دوو دژ بە یەکی تێدایە یەکێکیان ئەرێنی ئەوی تریان نەرێنی (سلبی) نەرێنییەکە دەیەوێت لە حاڵەتی شلەییدا بیهێڵێتەوە ئەو دژە نەرێنییانە تەبیعەتی ئاوەکەیە، نموونەیەکی تر شلی ئاو حاڵەتە ئاساییەکەیە کاتێک کە ئێمە دەمانەوێت ئاو بەرز بکەینەوە بۆ پلەی کوڵان و ئەگەر پلەی گەرمی جەو سفر بێت لەم حاڵەدا ناو دەنرێت دژی سلبی هەوڵ دەدات ئەو ئاوە ڕابکێشێت بەرەو بەستن نە هەڵم و نە شل لێرەدا چی ڕوو دەدات ئەمە نموونە سادەکەیە کە لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدات لێردە ململانێیەکی دیالەکتیکی ڕوو دەدات لە نێوان لە حاڵەتی شلیدا دەمێنێتەوە ئەگەر گۆڕانکاری بە یەکێک لەو ئاراستانەدا تەراکومی کرد و سەرکەوتوو بوو لە گەیاندنی مادەکە بۆ میعیاری -پێوەری- پێویست ئەکید گۆڕانکاری جۆری ڕوو دەدات واتا قەڵەم باز ڕوو دەدات ئەم کەڵەکە بوونانە بۆ هەیە. کەڵەکە بوون هەیە لەبەر ئەوەی ململانێی دژ بەیەکەکان و بوونیان پێکەوە وا دەکات یەکێکیان بەرهەڵستی ئەوەی تریان بکات، کاتێک کەڵەکە بوونی پلە بە پلە گەیشتە پلەی میعار گۆڕانکاری حەتمی ڕوو دەدات و مادەکە شکڵێکی نوێ وەر دەگرێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەی ئایا حاڵەتە ئاساییە نوێیەکە کە لە ئاکامی ئەو کەڵەکە بوونە دروست دەبێت ئەوەیە کە دژەکە دەیویست کە پاڵی بە ئاراستەی کەڵەکە بوونەوە دەنا؟ ئەمە دەمان بات بۆ لای یاسای ژمارە سێ یاسای نەفی النفی.
3- یاسای نفی النفی.
دەبێت بزانین کە بزووتنەوەی پێشکەوتن بزووتنەوەیەکە ڕێک و ڕاست ناڕوات، بەڵکوو لەولەبیە (پێچ پێچە) هەر چەندە ئەو جولانە لەولەبیە نوکێکی هەیە بەر و پێشەوە و بەردەوام بۆ سەرەوە دەڕوات، واتا بزووتنەوەی پێشکەوتن بریتییە لە زنجیرەیەک دژبەیەک (تناقضات) تێیدا تەجاوزی قۆناغەکان بۆ قۆناغی نوێ دەکرێت، بەڵام قۆناغەکان لە ناو بازنەدان بەناو یەکدا چوون. بۆیە قورسە ئەڵقەیەک لە ئەڵقەکی دیکە جیا بکرێتەوە ئێمە دەتوانین ئەڵقەیە لەڕێگەی ئەو پێکهاتەیەوە کە پێکهاتەیەکی دیاری کراو کۆنترۆڵی کردووە جیا بکەینەوە، بەڵام ناتوانین بڵێن ئەو ئەڵقەیە بەتەواوەتی سەربەخۆیە لەبەر ئەوەی ئەو ئەڵقەیە لەگەڵ ئەڵقەی پێش خۆیی و پاش خۆی هەموو پێکهاتەکانی تێدایە ئەوە ڕێ لەوە ناگرێت کە یەک ئەڵقە بن بەڵام دژبەیەکەکانی تێدا کۆبۆتەوە، ئەگەر تەرکیزمان کردە سەر هەر کام لەو ئەڵقانەوە بۆ نموونە دەبینین تێکەڵە لەگەڵ پێش خۆی و پاش خۆی ئەوەش ئەو شکڵی دیاردەیە کە دژ بە خۆ کانی تێدایە نقیض بۆ نموونە لە حاڵەتی دەرەبەگیدا. نموونەی باو لە دیاردەی کۆمەڵایەتیدا نموونەی دەرەبەگایەتییە چینێکی ئەرستوکراتین ئەرزی زەراعیان هەیە کە شادەماری پرۆسەی بەرهەمهێنانە و فەلاحیش هەن (اقنان .. کۆیلەی زەوی) کە زۆربایەتی پێک دەهێنن، قوناغەکەی پێش قۆناغی دەرەبەگ قۆناغی کۆیلایەتی بوو خەڵک کۆیلە بوون قوناغی دوای ئەوە چی بوو قوناغی سەرمایەداری بوو.. بۆ نموونە ئەگەر قۆناغی ئێستا قۆناغی دەرەبەگایەتی بێت پێش ئەو کۆیلایەتی پاش ئەو سەرمایەدارییە بەڵام ئەو ڕێگە لەوە ناگرێت کە هەرسێکیان هەن بە شێوەیەک لە شێوەکان گواستنەوە لە قۆناغێکەوە بۆ قوناغێکی کە پرۆسەی نەفیە بۆ قۆناغی پێشوو ئەو نەفیە نەفیەکی دیالێکتیکیە دیاردەی گۆڕان لە شێوازی بەرهەمهێنانی دەرەبەگایەتی بۆ بەرهەم هێنانی سەرمایەداری پرۆسەیەکی نەفی دیالێکتیکیە، چونکە گۆڕانکارییەکان کە شێوازی بازرگانی دەچەسپێنێت و کەڵەکە بوونی سەرمایەی بازرگانی و سەرەتای پیشەسازییە شێوازەکە بۆ بەرژەوەندی بەرهەمهێنانی پیشەسازی دەگۆڕێت لە دژی شێوازی بەرهەم هێنانی کشتوکاڵی واتا شێوازی سەرمایەداری هەڵدەستێت بە پرۆسەی نەفی شێوازی پێشوو کە دەرەبەگایەتییە کاتێک کە کۆمەڵگە داخڵی شێوازی سەرمایەداری دەبێت ئەوە دەبێت بە دیاردە (شێوەی دیاردە وەردەگرێت) وەک پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئابووری لێرەدا شێوازی سەرمایەداری باڵادەست دەبێت، بەڵام ئەمە ڕێگە لە پاشماوەکانی بەرهەم هێنانی دەرەبەگایەتی ناگرێت کە لە پاشماوەکانی بەرهەمهێنانی پێشووە بەڵام دیاردە پێک ناهێنێت، بەڵکوو بەشێکی کەم دەبێت حاڵەتە باڵادەستە دەرەبەگایەتییەکە دەبێت بە دژە سلبی (نا ئەرێنی) دژ بە سیستەمی سەرمایەداری هەروەها دژە ئەرێنییەکیش هەیە کە سۆسیالیزمە و دەیەوێت شێوازی سەرمایەداری بگۆڕێت، دەربەگایەتیمان هەیە لەگەڵ سەرمایەداری هەروەها شیوعیەت یان سۆسیالیزم دەرەبەگەکە بۆ نموونە ئەگەر قۆناغەکە سەرمایەداری بێت دەرەبەگ لەم حاڵەتدا چییە؟ دژە نا ئەرێنییەکەیە و سەرمایەداری حاڵەتە باڵادەستەکەیە شیوعیەت دژە ئەرێنییەکەیە، دەربەگایەتیە دژە نە ئەرێنییەکە کە دەیەوێت دۆخەکە بگەڕێنێتەوە بۆ دەرەبەگایەتی، شیوعیەت دژە ئەرێنیەکەیە هەوڵ دەدات پاڵ بە سەرمایەدارییەوە بنێت بەرەو شیوعیەت هەر وەکوو گوتمان سەرەتا شێوازی بەرهەم هێنان کۆیلایەتی بوو دواتر چینێک ئورستوکراتی هەن کە خاوەن زەوی و زارن و سیستمی سەرمایەداریشمان هەیە. ئەوە دەگۆڕێت دەبێت بە پاشماوەی چینە ئۆرستوکراتیەکە کە زەوی و زارێکی ڕووبەر فراوانی هەیە دواتر سیستمی سەرمایەداری کە باڵادەستە و سەرمایەی بەدەستە دواتر دژە ئەرێنیمان هەیە کە شیوعیەتە و هەوڵ دەدات سەرمایەداری لەناو بەرێت. لە کۆتایی ئەو ململانێ یانەدا چی بەرهەم دێت؟ موڵکایەتی گشتی ئامرازەکانی بەرهەم هێنان، واتا سیستەمی شیوعی کە ئیدی هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نابێت چونکە ئەو سیستەمە چینایەتی ناهێڵێت ئەو پێشکەوتنەی کە لە ئەڵقەیەکەوە بۆ ئەڵقەیەکی دیکە دروست دەبێت هەر کاتێک کارەکە بەرەو گۆڕانکاری و پێشکەوتن ڕۆیشت دژە نەرێنییەکە هەوڵ دەدات بەری لێ بگرێت و بیگێڕێتەوە بەرەو دواوە خۆی بەتەواوەتی دیار نامێنێت و حاڵەتی باڵادەست لە ئەڵقەی یەکەم دەبێت بە دژە نەرێنی و دژە ئەرێنییەکە لە ئەڵقەی یەکەمدا دەبێت بە حاڵەتی باڵا دەست لە ئەڵقەی دووەمدا سروشتی خۆی وایە کە دژە ئەرێنییەکەی خۆی بەرهەم دەهێنێت. بەو شیوەیە دیالەکتیک بەردەوام دەبێت ئەنگلز تەئکید لەسەر یاسای نفی النفی لە جیهانی حەشەرەکاندا لەسەر پەپولە دەکات بۆ نموونە پرۆسەی دەرچوونی قۆزاخە لە هێلکەکە پرۆسەی نەفیە بۆ قۆناغی هێلکەکە دواتر قۆناغی کەڵەکە بوونی چەندێتییەکی نوێ دەست پێ دەکات تاوەکوو پەپولەکە پێ دەگات و شکڵی خۆی وەردەگرێت. و ئامادە دەبێت بۆ جووت بوون، دوای جووت بوون هێلکە دادەنێت و دەمرێت بەوەش نەفی نەفی دەکات بەو شێوەیە پرۆسەی پێشکەوتن زنجیرەیەکی نەبڕاوەیە لە نەفی النفی گەڕانەوە نییە بۆ دواوە بەڵکوو نەفی ئەرێنییە لەبەر ئەوەی ئاراستەکە بەردەوەم بۆ پێشەوەیە بۆ سەرەوەیە واتا بە ئاراستەی پێشکەوتن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت