ئارسەر شۆپنهاوەر: نەمــریـی ـ دیالۆگ..!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕانی: دڵشاد حامید دەروێش

کاراکتەرەکان
تراسیماخۆس- فیلالیتیس

تراسیماخۆس: بە کورتی پێم بڵێ، لەپاش مەرگم دەبمە چی؟ با وەڵامەکەت ڕاشکاو و ڕەوان بێت.
فیلالیتیس: هەموو شتێک و هیچ شتێکیش.
تراسیماخۆس: چاوەڕیی ئەوەم دەکرد، من گرفتێکت پێدەدەم و جەنابیشت بە دژیەکی بۆم چارەسەر دەکەیت، ئەم فێڵە زۆر پواوە.
فیلالیتیس: بەڵێ، بەڵام تۆ پرسیاری ترانسێندێنتاڵ [Transcendental] دەکەیت و چاوەڕێی ئەوەش لە من دەکەیت بە زمانێک وەڵامیان بدەمەوە کە هی مەعریفەی ئیمەنەنتـە [Immanent]، سەیر نییە ئێمە لە بەردەم دژیەکیداین.
تراسیماخۆس: مەبەستت لە پرسیارە ترانسێندێنتاڵەکان و مەعریفەی ئیمانەنت چییە؟ بە دڵنیاییەوە؛ پێشتر ئەم دەربڕینانەم بەر گوێ کەوتوون، بۆ من نوێ نین. پڕۆفیسۆر شەیدایان بوو، وەلێ تەنیا وەک دوو باری خوداوەند، هەرگیز باسی هیچ شتێکی دیکەی نەکرد؛ هەمووشی تەواو ڕاست و درووست بوون. ئەو دەیگووت: ئەگەر خودا لە نێو خودی جیهاندا بێت، ئەوا خودا ئیمانەنتە، ئەگەر لە دەرەوەشی بێت، ترانسێندێنتە. هیچ شتێکیش وەک ئەمە ڕوون و ئاشکرا نییە! تۆ دەتوانیت لەمە تێبگەیت، بەڵام ئەم پوچبێژییە کانتییە ئیتر بێسوودە، کۆن بووە و بەسەر بیرۆکە نوێیەکاندا ناچەسپێت. بۆچی، ئێمە دەستەیەکی تەواوی کەڵەپیاوانمان هەبووە لە گەورەشاری فێربوونی ئەڵمانی.
فیلالیتیس: [لەبەر خۆیەوە] بۆ ناڵێی هەڵیتوپەڵیتی ئەڵمانی.
تراسیماخۆس: بۆ نموونە شلایرماخەرـی مەزن و عەقڵێکی گەورەی وەک هیگڵ. لە ئێستادا وازمان لەم پوچبێژییە هێناوە؛ باشترە بڵێین بە جۆرێک تێمانپەڕاندووە کە چیتر ناتوانین دەستوپەنجەیان لەتەکدا نەرم بکەین. کەواتە سوودی چییە؟ واتای چییە؟
فیلالیتیس: مەعریفەی ترانسێندێنتاڵ ئەوەیە سنوورەکانی ئەزموونی مومکین تێدەپەڕێنێت و چاو لە دیاریکردنی سروشتی شتەکان دەبڕێت وەک ئەوەی لە خودی خۆیاندا هەن. لە بەرانبەردا هی ئیمانەنت ئەو مەعریفەیەیە بەتەواوی خۆی لەم سنوورانەدا قەتیس کردووە. بەجۆرێک لە دیاردە ڕاستەقینەکان بترازێت، بەسەر هیچ شتێکدا ناچەسپێت.
وەک تاکێک مردن کۆتایی تۆیە، وەلێ تاکایەتیت بوونە ڕاستەقینە و نێوەکییەکەی تۆ نییە: بەڵکو تەنیا گەڵاڵەبوونێکی دەرەکییانەیەتی. ئەمە شت نییە لە خودی خۆیدا، بەڵکو تەنیا دیاردەیەکە و لە کاتدا خراوەتەڕوو، بۆیە سەرەتاو کۆتایی هەیە. بەڵام بوونە ڕاستەقینەکەت نە کات دەناسێت و نە سەرەتا و نە کۆتایی و نە سنووری تاکێکی دیاریکراو. لە هەموو شوێن و تاکێکدا ئامادەیە، هیچ تاکێکیش لە پێواریدا بوونی نییە. کەواتە کە مەرگ دێت لە لایەکەوە تۆ وەک تاکێک لە نێودەچیت. لەلایەکی دیکەوە تۆ هەموو شتێکیت و هەر دەمێنیتەوە. مەبەستم ئەمە بوو کاتێک وتم دوای مردنت تۆ دەبیتە هەمووشت و هیچ شتێکیش. دۆزینەوەی وەڵامێکی لەمە وردتر و کورتتر بۆ پرسیارەکەت ئاستەمە. دژیەکی لە وەڵامەکەدا هەیە، ددان بەوەدا دەنێم، بەڵام زۆر بەسادەیی هۆکەی ئەوەیە تۆ ژیانت لە کاتدایە، بەشە نەمرەکەشت لە ئەبەدیەتدا. دەتوانین بەم جۆرە گوزارشت لە بابەتەکە بکەین: بەشە نەمرەکەت لە کاتدا نامێنێتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا لە نێونەچووە، بەڵام دژیەکییەکی دیکەت هەیە، دەبینیت بە هێنانی ترانسێندێنتاڵ بۆ نێو سنوورەکانی مەعریفەی ئەمانەنت چ ڕوودەدات. ئەمە جۆرێکە لە دەستدرێژی بەرانبەر ئەمەی دووەمیان بە هۆی بە خراپ بەگەڕخستنی بۆ مەبەستگەلێک کە هەرگیز نەدەبوو لە پێناویاندا بخرێتەگەڕ.
تراسیماخۆس: گوێبگرە، ئەگەر وەک تاک نەمێنمەوە، دوو قران بە نەمرییەکەت نادەم.
فیلالیتیس: چاکە، ڕەنگە بتوانم لەم خاڵەدا ڕازیت بکەم، با وا دابنێین من گەرەنتی ئەوەت پێدەدەم کە دوای مردن وەک تاک دەمێنیتەوە، بەو مەرجەی سەرەتا ماوەی سێ مانگان لە بێهۆشییەکی تەواودا بەسەر بەریت.
تراسیماخۆس: من گرفتێکم لەتەک ئەمەدا نییە.
فیلالیتیس: بەڵام لە یادت بێت، ئەگەر خەڵکی بەتەواوی بێهۆش بن، هەست بە کات ناکەن. کەوابوو بۆ تۆیەکی مردوو ئەوەی سێ مانگ تێپەڕیوە یاخود دە هەزار ساڵ هیچ بایەخێکی نییە. لە هەردوو حاڵەتەکەدا شتەکە پەیوەستە بە باوەڕهێنانی تۆ بەوەی دوای هۆشهاتنەوەت پێتدەگوترێت. بۆیە ئیستا دەتوانیت گوێنەدەیت بەوەی داخۆ دوای سێ مانگان یانژی دوای دە هەزار ساڵ تاکایەتیەکەت بۆ دەگەڕێتەوە.
تراسیماخۆس: بەڵێ، ئەگەر وابێت، پێم وایە تۆ ڕاست دەکەیت.
فیلالیتیس: ئەگەر بە ڕێکەوت دوای تێپەڕبوونی ئەم دە هەزار ساڵە کەس بیری ئەوەی نەبوو بە ئاگات بهێنێتەوە، بە بۆچوونی من بەدبەختییەکی گەورە نابێت. تۆ لەم ماوە توولانییەدا بە نەبوون ڕاهاتوویت- ئەویش دوای چەند ساڵێکی کەمی ژیان. هەرچۆنێک بێت، بەدڵنیاییەوە تۆ بە تەواوی لە هەموو شتەکە بێئاگایت. سەرباری ئەمە، ئەگەر بزانیت ئەو هێزە پەنهانەی تۆی لەم دۆخە هەنووکەییەی ژیانا هێشتۆتەوە لەم دە هەزار ساڵەدا بۆ ساتێکیش نەوەستاوە لە هێنانە ئارای دیاردەی دیکەی وەک تۆ و بەخشینی ژیان پێیان. ئەمە بە تەواوی دڵنەوایت دەکات.
تراسیماخۆس: بەڕاست! کەواتە تۆ پیتوایە بەم قسە بریقەدارانەت هێواش هێواش من لە تاکایەتیم دادەماڵیت، بەڵام من لە فێلەکانت بەئاگام. پێتدەڵێم من بوونم نابێت بە بێ تاکایەتییەکەم. ئینجا [هێزی نیهێنی] و ئەوەی تۆ پێیدەڵییت [دیاردە] لەوم ناکەن، من واز لەتاکاتەتیم ناهێنم و دەستبەرداری نابم.
فیلالیتیس: پێم وابێت تۆ دەتهەوێت بڵێیت تاکایەتیت شتێکی ئەوەندە چێژبەخش و قەشەنگ و کامڵ و بێهاوتایە کە ناتوانیت ئەندێشەی شتێک لەو باشتر بکەیت. ئایە ئامادەیت دۆخی ئێستات بگۆڕیتەوە بە دۆخێک کە ئەگەر لە ژێر ڕۆشنایی ئەوەی لەبارەیەوە پێمان دەگوترێت حوکم بدەین، ڕەنگە باڵاتر و بەرگەگیراوتر بێت.
تراسیماخۆس: بۆ لەوە تێناگەیت تاکایەتیم هەرچییەک بێت هی خودی خۆمە؟ بۆ من، ئەمە گرنگترین شتە لە جیهاندا.
چوونکە خودا خودایە و منیش خۆمم.
من دەمهەوێت هەبم، من، من، ئەمە بابەتە سەرەکییەکەیە. گرنگی بە بوونێک نادەم دەبێت بسەمێنرێت هی منە، بەر لەوەی باوەڕی پی بکەم.
فیلالیتیس: ئاگاداربە چی دەڵێیت! کاتێک دەڵێی من، من، من دەمەوێت هەبم، ئەوە تەنیا تۆ نیت ئەمە دەڵێیت. بەڵکو هەموو شتەکان وا دەڵێن، بە ڕەهایی هەموو شتێک تەنانەت ئەوانەی خاوەن کەمترین هۆشیارین. لێرەوە ئەنجامگیری ئەوە دەکەین ئەم ئارەزووەت بەشێک نییە لە تاکایەتییەکەت، بەڵکو لە هەموو شتەکاندا بەبێ جیاوازی هاوبەشە. ئەم هاوارە هاواری تاک نییە، هی خودی بوونە. توخمی نێوەکی هەموو هەبوویەکە؛ ڕاستتر، هۆکاری بوونی هەموو هەبوویەکە بە ڕەهایی. ئەم ئارەزووە پەرۆشی بوونە بە شێوەیەکی گشتی، هەر بەمیش تێر دەبێت نەک بە بوونی تاکێکی دیاریکراو. نەخێر! ئەوە ئامانجی وی نییە. ئەگەر واش دەربکەوێت لەبەر ئەوەیە ئەم ئاوەزووە- ئەم ویستە تەنیا لە تاکدا بە هۆشیاری دەگات، بۆیە وادەردەکەوێت تەنیا بایەخ بە تاکەکان دەدات. وەهمەکە لێرەدایە. بەڵێ، ئەو وەهمەی تاکەکان بە قوڵی تێیکەوتوون. بەڵام ئەگەر بیربکاتەوە دەتوانێت کۆتەکانی بشکێنێت و خۆی ڕزگار بکات. من دەڵێم تەنیا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ تاک ئەم ئارەزووە بەکوڵەی بۆ بوون هەیە. ویستی ژیان خوازیاری ڕاستەقینە و ڕاستەوخۆیە- ئەم ویستە لە هەموو شتەکاندا هاوشێوە و هاوشوناسە. کەواتە مادام بوون کاری ئازادانەی ویستە، بگرە تەنیا بەرجەستەبوونیەتی، لەکوێ بوون هەبێت، بە ناچاری ویستیش لەوێیە. بۆ ساتێک ویست بە خودی بوون تێردەبێت. بەڵام ئەم تێربوونە، تێبوونی تێرنەبوویەکی هەمیشەییە. ویست هیچ بایەخێک بە تاک نادات، تاکەکان کاری وی نین. هەرچەندە وەک وتم وادەردەکەوێت شتەکە پێچەوانەبێت، لەبەر ئەوەی تاک هیچ هۆشیارییەکی ڕاستەوخۆی بە ویست نییە مەگەر لە ناخی خۆیدا نەبێت. ئەمەش تاکەکان وریادەکاتەوە تاوەکو بوونیان بهێڵنەوە؛ ئەگەر ئەمە وا نەبا، هیچ گەرەنتییەک بۆ پاراستنی جۆرەکان نەدەبوو. هەموو ئەمانە دەمانگەیەنێتەوە ئەوەی تاکایەتی سنووردارێتییە زیاتر لەوەی فۆرمێکی کامڵبوون بێت. بۆیە ڕزگاربوون لێی دەستکەوتە نەک زیان. لەمە زیاتر سەری خۆت بەم پرسەوە مەیەشێنە. هەر کە دەرکت بەوەکرد چییەتی تۆ و بوونی ڕاستەقینەی تۆ بریتییە لە ویستە گەردوونییەکەی ژیان، ئیتر تەواوی پرسیارەکە ساویلکانە و زۆریش گاڵتەجاڕانە خۆیدەنوێنێت.
تراسیماخۆس: خۆت ساویلکە و گاڵتەجاڕترینیت، هەروەک هەموو فەیلەسووفەکانی دیکە! ئەگەریش پیاوێک لەم تەمەنەمدا خۆی بخانە نێو گفتووگۆیەکی چارەکە سەعاتییەوە لەتەک ئەو گەمژانەدا، ئەوا بۆ خۆشی و کات بەسەربردنە. من کارگەلێکی بایەخدارترم هەن ئەنجامیان بدەم، ماڵئاوا.

**
1- تراسیماخۆس Thrasymachos[459 – 400پ ز] فەیلەسووفێکی سۆفستائییە و ناوی لە چەند تێکستێکی مەزنی یۆنانیدا هاتووە، لەوانە پۆلیتیکی ئەرستۆ و کۆماری ئەفڵاتۆن، شایانی هێما بۆ کردنە تراسیماخۆس لە بەشی یەکەمی کۆماردا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە دادپەروەری هیچ نییە جگە لە بەرژەوەندی بەهێزەکان. هەرچی فیلالیتیسـ Philalethesـە واتای کەسێک دەگەیەنێت کە ڕاستی خۆشدەوێت، ئەم ناوە لێکدراوە لەلایەن ژمارەیەک نووسەری مەزنەوە هەڵگیراوەتەوە. [وەرگێڕی کوردی]
2- ترانسێندێنتاڵ [Transcendental] و ئیمەنەنت [Immanent] دوو چەمکی بنجی و بناغەیی فەلسەفە و یەزدانناسین، هەروەک لۆژیک و ئەسپتمۆلۆگی و سوبستانس و خودی فەلسەفە و چەندانی دیکە، بە بڕوای بەندە ئەگەر وەک خۆیان بیانهێڵینەوە کارێکی دروست دەکەین، ئەمەش بە ئامانجی چێکردنی یەکێتییەک لە بەکارهێنای تێرم و زاراوە فەلسەفییەکاندا. [وەرگێڕی کوردی]
– Predicate.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت