نەوزادى موهەندیس: دۆخى سیاسى عێراق بەرەو کوێ؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عێراق بۆ ماوەى 19 ساڵى ڕێکە دواى بەناو ئازادکردنى، لەجیاتى ئەوەى هەنگاو بۆ پێشەوە بنێت لەسەر هەموو ئاستە سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتى و فەرهەنگى و ئاوەدانیەکان و … هتد، بەداخەوە ڕۆژ بەڕۆژ و ساڵ بەساڵ بۆ دواوە پاشەکشەدەکات. هەمووشى بەهۆى لەلایەک ململانێ ناڕەواکانى نێوان حیزب و سەرکردە سیاسیەکان لەناوخۆ و دواتریش ململانێ ئاینى و مەزهەبیەکانى نێوان یەک ئاین و یەک مەزهەبیش و دواتر لەنێوان نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان و لەلایەکى تریشەوە بەهۆى دەستێوەردانە دەرەکیە بەردەوامەکانى وڵاتانى ناوچەکە و دونیاشەوە هێندەى تر دۆخى سیاسى عێراق بە ناجێگیرى و ناڕۆشنى ماوەتەوە و لەئێستاشدا و دواى19 ساڵ هێشتا لە بازنەیەکى بۆشدا دەسوڕێتەوە و چەقیوەتە ناو تونێڵێکى تاریک و تونى واوە کە تروسکایەکى لاوازیش نابینرێت بۆ قوتاربوون لەو چەقبەستووییە.
لەئێستادا و دواى نزیکەى 9 مانگ لەهەڵبژاردنى پێشوەختەى 10/ 10/ 2021وە هێشتا لەبەر ئەو هۆکارانەى سەرەوە نەتوانراوە کە ئۆرگانە سەرەکیەکانى حوکمڕانى لە عێراقدا هەڵببژێردرێن و عێراقیش ببێتە خاوەنى حکومەتێکى بەهێز و دەستەبەکار بۆ ئەوەى عێراق لەو چەقبەستوە سیاسى و ئابورى و ئەمنیەى ڕزگاربکات.هەموو ئەم ململانێیانەش لەئێستادا کورتکراونەتەوە لە ململانێ کەسیە (کۆن و نوێ) کانى نێوان موقتەدا صەدرى ڕابەرى ڕەوتى صەدر و نورى مالکى سەرۆکى دەوڵەتى یاسا،کە هیچ کامیان بە ڕابەرایەتى و دەسەڵاتى ئەویدى ڕازى نیە و تەنانەت نەیانتوانیوە چاویشیان بەیەک بکەوێت و لانى کەم تەوقەیەکى سیاسیش بکەن لەنێو ماڵى شیعیدا و بەم کارەشیان لەلایەک نێوماڵى شیعیان کەرت و پەرت کردوە و تەواوى عێراقیشیان گیرۆدەى دۆخێکى سیاسى ناڕۆشنکردوە. سەرەڕاى هەموو هەوڵەکانى 9 مانگى ڕابووردوو تائێستا نەتوانراوە ئەو تەوق و چەقبەستوە سیاسیە تێکبشکێنرێت. هەرچەندە لەهەردوولاوە پەنایان بردە بەر دەستشکانەوە و ملبادانى یەکترى بە پێکەوەنانى بەرە و چوارچێوەى دژ بەیەک بۆ ئەوەى بتوانن خۆیان بسەپێننە سەر یەکترى بەناوى دروستکردنى زۆرینەى پەڕلەمانیەوە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ کامیان نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن.
لەئێستادا و دواى بێهیوابوونى صەدر لەدەرچوون و سەرکەوتن لەگەیشتن بەبەرنامە و خواستەکانى لە پێکەوەنانى حکومەتێکى نیشتیمانى سەربەخۆى نەڕۆژهەڵاتى (ئێرانى) و نەڕۆژئاوایى ( ئەوروپا و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدادا)، بەناچارى وەکو سیاسیەکى بێ ئەزموون و نەفەس کورتى سیاسیانە بڕیارى دەستلەکارکێشانەوەى 73 ئەندام پەڕلەمانەکەیدا و لەئێستاشدا بڕیارى کشانەوەى لە تەواوى جومگە و پلە و پۆستە حکومیەکانیشدا داوە لەسەرتاسەرى عێراقدا.
لەلایەک ئەم هەڵوێستەى ێەدر بۆتە هۆى شڵەژانى زیاترى دۆخى سیاسى و سەرهەڵدانى گریمانەى نوێ بۆ ئایندە،لەوانە :گریمانەى کودەتاى سەربازى و شەڕى میلیشیایى ناوخۆیى و ئاژاوە و بێسەروبەرى و هەڵبژاردنێکى نوێى پەڕلەمانى و دوایش نەمانى ئەوەى پێى دەوترێت نەزم و یاسا و دەستور و دەوڵەت و فەوزا،کە هەموو ئەمانەش لەبەرژەوەندى عێراق و عێراقیەکاندا نیە، دووریشە وڵاتانى ناوچەکە و دونیاش لێبگەڕێن کە بەو ئاڕاستەیە عێراق هەنگاو بنێت. لەلایەکى تریشەوە بوە هۆى هەڵوەشانەوەى بەرەى ڕزگارى نیشتیمانى 3 قۆڵى و هەردوو هاوپەیمانەکەى خستە دۆخێکى ئیحراجیەوە کە لە نیوەى ڕێگادا بەجێى هێشتن و سەرگەردانى کردن. بەڵام لەلایەکى تریشەوە وەک دەڵێن دەستى چوارچێوەى هەمئاهەنگى کردەوە و دەروازە گەلێکى فراوانى خستە بەردەمیان بۆ ئەوەى بتوانن کە حکومەتى نوێ پێکبێنن. بەمەرجێک شوێنگرەوەکانى ئەندام پەڕلەمانەکانى صەدر لەخەڵکانى سەر بە سەربەخۆ و چوارچێوەى هەمئاهەنگى بن بۆ ئەوەى بتوانن زۆررینەى ناو پەڕلەمان پێکبێنن. ئەگەر نا ئەوا کارەکە هەروەکو خۆى دەمێنێتەوە. لەئێستادا چوارچێوەى هەمئاهەنگى کەوتونەتە خۆ بۆ دانوسان لەگەڵ هەمواندا بۆ تێپەڕاندنى ئەو دۆخە سیاسیە نادیار و لێڵ و نوێیە، و ڕایانگەیاندوە لەدوا جەژنى قوربانەوە هەوڵەکانیان گەرموگوڕتر دەکەن بۆ پێکهێنانى حکومەتى ئایندە.
بەڵام لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت،کە ئایا ئەو حکومەتەى بەبێ ێەدریەکان پێکبێت دەتوانێت لەبەردەم گوشار و فشارە جەماوەریەکانى صەدریەکاندا تاسەر خۆڕابگرێت؟ ئایا لەگەڵ ئەو هەموو دەسکەوت و داهاتە زۆروزەوەندەى نەوتى ئەم چەند مانگەدا کە حکومەتى عێراقى دەستیکەوتوە، دەتوانێت خۆشگوزەرانى و خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان بۆ هاوڵاتیان دابینبکات، کە مەرجى هێوربونەوەى جەماوەرى توڕە و سەرکەوتنى حکومەتەکەشە؟ و دەیان پرسیارى تر.
بۆیە گرنگە هێز و سەرکردە سیاسیەکانى چوارچبوەى هەمئاهەنگى زۆر بەووردى و دیقەت و ووریاییەوە لە هەنگاوە چاوەڕواننەکراوەکانى صەدر بڕوانن و بەکەمى نەزانن و ڕەنگە تەپکەیەکى سیاسى بێت بۆ تێکەوتنى ئەو حکومەتەى ئایندە بێت! چونکە ێەدریەکان تواناى بەئاسانى تواناى جوڵاندنى شەقامى توڕەى عێراقیان هەیە لەکاتێکدا بۆخۆى کەشوهەوا سیاسیەکە پاڵنەر و یارمەتیدەرە بۆ تەقینەوە و لێکهەڵوەشان و قڵپبونەوەى یەکجارەکەى.بەتایبەتیش گەر چوارچێوەى هەمئاهەنگى بیر لەوەبکەنەوە جارێکى تر نورى مالکى بکەنەوە سەرۆک وەزیرانى عێراق. چونکە هێندەى تر بەنزین بەسەر ئاگرى توڕە و ڕق و قینى کۆن و نوێى موقتەدا دەکات و چى لەدەست بێت بۆ شکاندن و هەیبەت و شکستپێهێنانى مالکى ئەنجامى دەدات.
لەبیرمان نەچێت نە صەدر و نەمالکى فریشتە نین و هەردووکیان تاقیکراونەتەوە لەهەڵوێست و گوتار و کرداریاندا لە کاتى ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیشیانداو بەتایبەتیش مالکى لە گەڕى دووەمى دەسەڵاتیدا و بەدیاریکراویش لە 6 مانگى یەکەمى ساڵى 2012دا کە ئەوکاتیش ببەوە تاکڕەو و حسابى بۆ کورد و مافەکانى نەدەکرد و کارگەیشتە ئەوەى کە بارزانى و نوجەیفى و عەلاوى و… هتد. متمانەى لێوەربگرنەوە.ئەوە موقتەداشە کە هیچ کات ناتوانرێت پشتى پێببەسرێت بەهۆى ڕاڕایى و ناجێگیرى هەڵوێست و بڕیارەکانى و دواتریش نیەتەکانى بۆ وەلانانى پشکپشکێنەى نەتەوەیى و تایەفى و ئاینى لە دهاتوودا. و هەڵوەشانەوەى هێزى پێشمەرگە و جێبەجێنەکردنى مادەى 140ى دەستوور و هەموارکردنەوەى دەستور وپشتگیرکردنیشى لە بڕیارەکانى دادگاى دەستورى و…هتد.کە هەموانیان دژ بە بەرژەوەندیەکانى کورد و کوردستانن.
بۆیە سەرەتا وەکو کورد گەرەکە نێوماڵى خۆى ڕێکبخاتەوە و یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بێت و نەچێتە ناو هاوپەیمانى و بەرەى نەشیعەکان و نە سونەکانەوە و تەنهاوتەنها پێکەوە و بە یەکویەکگرتوویى نێوماڵى کورد پتەو و بەهێز بکەنەوە وپێدابگرن لەسەر ماف و ئیستیحقاقە دەستورى و نەتەوەیەکانى کورد و لێگەڕێن بۆ ئەوەى شیعە و سونە کێشە و ململانێکانى نێوخۆیان دوور لەکورد چارەسەر بکەن ئەگەر توانیان. بە پێچەوانەوە هێندەى تر نێوماڵى کورد پەرتەوازە و لێکدوور دەکەوێتەوە. هەربەمەش دەتوانرێت عێراق لەم دۆخە قەتیس و ناجێگیر و ناڕوونە سیاسیەى دەربازبکرێت. و کوردیش ئەوەى دەیەوێت بەدەستى بێنێت. ئەگەر نا ئایندەى عێراق وەکو دەوڵەت لەئێستادا لەهەموو کات لەبەر مەترسى لێکهەڵوەشان و نەماندایە و ئەمەش بۆخۆى لە بەرژەوەندى کورد تەواو دەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت