كامەران مەنتك: چی لە ئێراقدا دەگوزەرێت؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چی لە ئێراقدا دەگوزەرێت؟ ئایا ململانێكان بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت، یاخود ململانێی سەر شەقام ئەو قۆناغە تا رادەیەك ئاشتەواییە ، یاخود ئەو ململانێیە ساردە تێدەپەڕێنێت وقۆناغی بەریەككەوتنێكی خوێناوی دەست پێدەكات وئێراق دەكەوێتە دوو توێی شەڕێكی خوێناوی ناوخۆوە؟
لەراستیدا ئەوەی لە ئێراقدا دەگوزەرێت هێندەی پەیوەندی بەململانێ جیهانیەكان وداڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەكەوە هەیە، هێندە پەیوەندی بەجیاوازی بیروراو خەباتی دیموكراسی وئەو قسە گەورانەی دەكرێن نیە! ئێستا ئێراق بە كوردستانیشەوە كەوتۆتە چەقی قۆناغێكی تر لەشەڕی سارد، واتە شەڕی نوێی سارد، كە لە نیسانی (2017) لە سوریا دەستیپێكرد وئێستا خەریكە دەپەڕێتەوە ئێراق وشەڕ لەسەر دابەشكردنەوەی گۆڕەپانی ئێراق دەكرێت لەنێوان زلهێزە جیهانیەكاندا.
بە واتایەكی تر هەوڵ دەدرێت ئێراق لەژێر هەژموونی ئەمریكا دەربهێنرێت، یاخود بەلایەنی كەم هەژموونی ئەمریكا لەو وڵاتە لاواز بكەن، وەك لەسوریا كردیان ورێگە نەدەن ئەمریكا چیتر تاكلایەنە ئیدارەی ئەو وڵاتە بكات وهەموو بڕیارێك لەدەست خۆی بێت، واتە ئێراق لە ئێستادا رێك لە قۆناغەكانی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم، بە وردیش تاوەكو ساڵی (1991) دا دەژیت، بەڵام بەشێوەیەكی جیاواز تر! لە قۆناغی شەڕی ساردی یەكەمدا، لەماوەی نزیكەی 40 ساڵدا ئێراق بووە گۆڕەپانێكی سەختی شەڕی ناوەخۆو شەڕی دەرەكی، ئەو قۆناغە یاخود شەڕ لەنێوان حكومەتی ناوەندو كورددا هەبوو، یاخود ئێراق هێزەكانی دەنارد بۆ شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، وەك شەڕی (1967 -1973) عەرەبی ئیسرائیلی، یاخود خەریكی شەڕ بوو لەگەڵ هاوسێكانی، وەك شەڕی ئێراق -ئێران( 1980-1988). ئەوەی قۆناغی شەڕی نوێی سارد، یا گەڕی دووەمی شەڕی سارد لە ئێراقدا جیادەكاتەوە، ئەوەیە ئامڕازەكانی شەڕ زۆر ترو ترسناكتر بووەو گۆڕەپانی شەڕیش فروانتر بووە، ئێستا چەكی پێشكەوتوو ووێرانكەرتر هەیەو هاوكات دەتوانرێت ئاسانتر خەڵك وشەقام بگلێنرێتە ناو شەڕەكەوە ووەك ئامڕازێك بەكاربهێنرێت!
یەكێك لەئەگەرە ترسناكەكانی ئەو ململانێ وگرژیەی لەئێراقدا روودەدا، رووبەڕووبوونەوەی لایەنەكانە لەسەر ئاستی جەماوەری، واتە شەقام بكرێتە بەریەككەوتنی راستەوخۆی نێوان لایەنەكان، كە دیارە ئەمەش لەكۆتایدا شەڕی ناوەخۆی لێدەكەوێتەوە، بەهۆی بوونی دەستی هەرێمیش لەو مللانێیەدا، ئەگەری ئەوە هەیە شەڕەكە بەرەو دەولەتە هەرێمیەكانیش بپەڕێتەوە، كە ئەگەرچی ئەمە ئەگەرێكی لاوازە، بەڵام ئەگەرێكەو لە ئارادایە! بەتایبەتیش ئەگەر ئەوەمانزانی چوارچێوەی هەماهەنگیش، وەك رایانگەیاند، نیازیان وایە خۆپیشاندا بەخۆپیششاندان وەڵام بدەنەوە، كە ئەمە كارێكی ترسناكەو دۆخەكە بەرەو تەقینەوە ورووبەڕووبوونەوەیەكی ترسناك دەبات، ئەگەر ئەو بانگەشەیە وەك جۆرێك لە فشار بێت بۆ سەر سەدریەكان، دەكرێت بڵێین شتێكی باشە، بەڵام ئەگەر بكەوێتە وبواری كردەییەوە، ئەوە ململانێكان بەرەو قۆناغێكی تری مەترسیدارتر دەگوازێتەوە.
دوور نیە بەچڕبوونەوە وقووڵبوونەوەی گرژیەكان، ململانێكان بگوازرێتەوە ناو ماڵی كوردیش، لەبەرئەوەی كرۆكی ئەو كێشەو ململانێیەی لەنێو ماڵی شیعەو سووننەدا هەیە، لەنێو ماڵی كوردیش دا هەیە، كوردیش بەسەر لایەنە سەرەكیەكانی ململانێكە لەناوچەكە وجیهاندا دابەش بووە، بۆیە شەری یەكلاییكردنەوەی هەژموونی زلهێزەكان، ئەگەرێكی زۆری هەیە بپەڕێتەوە كوردستانیش، بەتایبەتیش ئەگەر ئەوەمان زانی هەموو بنەماكانی تەقینەوە ورووبەرووبوونەوە لەنیو هیزە كوردیەكاندا بەدیدەكرێت وهەمان ئەو زەمینە گرژەی لە بەغدا هەیە، لەهەولێردا بەشێوەیەكی چڕ تر بەدیدەكرێت!.
دەئرەنجامی ئەو ململانێیە، هێندەی بە هاوسەنگ بوونی نێوان هیزە جیهانیەكانەوە پەیوەستە، هێندە پەیوەندی بە حودی هێزە ململانێكەرەكانی ناوەخۆی ئێراق نیە، لەبەرئەوەی وەك ئاشكرایە ئەو هێزانەی ئێراق جگە لە ئامڕازیك ویاریزانێكی بێئیرادە هیچ رۆڵێكی تریان نیە، بۆیە گرژبوونەوە یاخود هێور بوونەوەی دۆخەكە زیاتر پەیوەندی بە دۆخی زلهێزەكان لەناوچەكەو سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی هەژموونی هەیە!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت