بەهرۆز جەعفەر: ئەقڵ”نیشتیمان ڕزگار ئەکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموو کاتێک ئەوانەی قسە بۆ خەڵکە عەوامەکە ئەکەن و موخاتەبەی ئەقڵی ڕەشووڕووت ئەکەن، زۆرترین کاریگەرییان هەیە. نزیکەی چوارسەت ساڵ پێش ئێستا “ئیسحاق نیوتن” بوێری هەبو، وێرای بڵێت: لە ڕێگای زانستەوە قوتارمان ئەبێت، کانت چەرخی بە پووش و پاوانی سەردەمی تاریکییەوە نا، ڕێنیە دیکارت گوتی “من بیر ئەکەمەوە، کەواتە هەم. ئیتر بیرکردنەوە بووە سەنتەر، لەگەڵیدا شۆڕشی فەڕەنسا سەریهەڵدا، پێش ئەوە قەشەیەک و پیاوێکی ئاینی لە باتی هەموو کەس بیریان ئەکردەوە، ئیتر زانست و داهێنان کەوتنە سەرسکەو پیشەسازیی سەریهەڵدا.
لەڕاستیدا، ئەوە دەرئەنجامی هەڵەی حزبەکانی کوردستانە کە تاکێکی وەهایان پەروەردە نەکردووە، بتوانێت بەرگری لە خۆی و نیشتیمانەکەی بکات! لەم ڕووەوە باکوری کوردستان بەرەو پێشتر چوون. ئەوە بۆیە تاجرێکی ئاینی، فەیسبوکەوانێک دێت و بە ئاسانی ئەتوانێت سواری ئەقڵی کۆمەڵگا بێت! بەندبێژێک، پاسەوانی بەرپرسێک، تەنانەت خۆپیشاندەرێکی ئاسایی لەبەرئەوەی دوو جنێوی بە کارمەندێکی ئاسایش داوە ئەبێتە پەرلەمانتار! یان کاریگەری لەسەر فەزای گشتی دائەنێت (بەخراپی).
زانستی سەردەم دەریخستووە، کە بۆ ئەوەی تاکێکی بەرپرسیار لێوەشاوە-Competnce بەرانبەر نیشتیمان و فەزای گشتی دروست بکەیت، ئەبێت سێ پایەی سەرەکی بەرجەستە بن:
مەعریفە (Knowledge)، کارامەیی یان لێزانین (مهارە-Skill)، لەگەڵ ژینگەیەک بۆ خۆنواندنی ئەم تاکە کە تیایدا ڕابوەستێت (Attitute). هەر لەبەرئەمەش، زانکۆکانی خۆرئاواو تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش، بایەخ بە پرسی پێداگۆجی ئەدەن لە شێوازی وانەوتنەوەدا، بۆ ئەوەی لەمەولا تاک یان فێرخواز سەنتەر بێت.
کاتێک کە پەروەردە نییە، کە بەرپرسیارێتی نییە، ئیتر ئاوها ئەبینیت هەر تاجرێکی میدیایی، گەنجێکی دەست بەتاڵ بێ ئەوەی بەڵەو بێت بە بوارەکە، بە پێخاوسی دەست پێ ئەکات، چەپ و ڕاست پەیجێک یان سایتێک دائەنات و، ختوکەی هەموو شتێکی لابەلا ئەدات، ناویشیان ناوە ” دەزگای میدیایی! ” کورد لەسەرێکەوە سەیرن! هەربۆ خۆیان قسەئەکەن، ئێستا زۆربەی ئەوانە دەزگای میدیایی ناو شەستییەکەی سولەیمانین! ئەمانە بی بی سی bbc و فۆکەس نیوز و جەزیرە و ڕووسیالیەومRT و ئەلعەرەبیە نیین!
نیشتیمان (بۆ کورد بەتایبەتی) مانای شوێنە، هەموو جەنگەکانی مێژوو “هەرهەمویان” لە پێناو “شوێن” و “شوێن”ێکی باشتردا بون. کاتێک تۆ “شوێن”ت نییە ئەبێت بچیت لە ” نا شوێن”دا بژی. دەبا یەکێک لە کەربەلا بوێری ئەوەی هەبێت بڵێت” مەککە لە کەربەلا پیرۆزترە” ناتوانێت وا بڵێت! بێگومان مەککەو مەدینەو قودس و هەر جێگەیەکی دیکەی ئاینی پیرۆزن تا ئەو شوێنەی نەهی لە خراپەو ئەمر بە باشە بکەین.
کوردستان پیرۆزە، پێویستە ئاین فێری پێکەوەژیان و ڕێز و ڕاستگۆیی و بەرپرسێارێتیمان بکات. ئاینی ئیسلام نەهی لە بە فیڕۆدانی ئاو کردووە، تەنانەت بۆ دەستنوێژیش بێت، کاتێک تۆ لە بەردەرگاوە تا حەمام بە ڕاست و چەپدا ئاو بە فیڕۆ ئەدەیت، کەواتە تاکێکی بەرپرسیار نیت بەرانبەر ئاینەکەت!
بە لای منەوە لە هەر جێگایەک بم، چەمچەماڵ سەنتەری گەردوونە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت