لەتیف ئەمین: دەروازەیەک بەرەو جیهانی نووسین/ بەشی دووەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خاڵبەندى, لایەنێکى گرنگ و کاریگەرە لە پرۆسەى نووسین, نابێ فەرامۆش بکرێ. گرنگى خاڵبەندى لەوەدایە, نووسین لە شڕوشێواوى و تێکەڵ و پێکەڵى و لێلى و تەمومژى دەپارێزێ, خوێنەر بە ئاسانى لە مانا و مەبەستى نووسینەکە تێدەگات. بە دانانى هێما و نیشانەکانى خاڵبەندى, خوێنەر تووشى سەرلێشێواوى نابێ, خوێنەر ماندوو و بێزار نابێ لە خوێندنەوە. هەر یەک لە هێما و نیشانەکانى خاڵبەندیش دەبێ لە شوێنى خۆیان دابنرێن, نەک بە هەڕەمەکى.
زۆرجار دەبینین, نیشانەى پرسیار لە کۆتایی ڕستەیەک دانراوە, کەچى ڕستەکە پرسیارى نییە, یان دەبینین, نیشانەى سەرسوڕمان دانراوە, کەچى ڕستەکە هیچ سەرسوڕمانى و مەندەهۆشییەکى تێدا نییە. فاریزە و خاڵ و جووت خاڵ, ئەوە هەر باس مەکە. ((خاڵبەندى مەرجى نووسینى سەرکەوتوو و لێکۆڵینەوەى ئەکادیمییە)).(1)
بەکورتى, لە چەند خاڵێکدا باسى هێما و نیشانەکانى خاڵبەندى و شوێنیان لە نووسین و لەناو ڕستەکاندا دەکەم:
1- نیشانەى خاڵ(۰):
خاڵ لە کۆتایی هەموو ڕستەیەکى تەواو دادەنرێت, جگە لە ڕستەکانى پرس و سەرسوڕمان. هەروەها بۆ کۆتایی هێنان بە باسێک. وەک:
بۆئەوەى لەشساغبى, وەرزش بکە.
کچینە، بخوێنن.
هەروەها خاڵ لەدواى پیتێک یان لەنێوان چەند پیتێک دادەنرێت, کە بۆ کورتکردنەوە بەکاردێن. وەک:
– سۆمەرییەکان نزیکەى(3000)ساڵ(پ.ز)لە عیراق ژیاون. (پ.ز) واتە پێش زایین.
– پ.عیزەددین مستەفا ڕەسول, ئەستێرەیەکى درەوشاوەى ئاسمانى ئەدەبى کوردییە.
– ب.گ.پ.دهۆک. واتە بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى دهۆک.

2- جووتخاڵ(:):
دوو خاڵ لەسەر یەک لەم شوێنانە دادەنرێت:
لەپێش نووسین و گێڕانەوەى وتەى کەسێک وەکو خۆى. وەک:
چیڕۆکخوانەکە گوتى: ((زستانى ئەو ساڵە بەفرێکى ئەوەندە زۆر باری بوو, خەڵک نەیاندەتوانى لە خانووەکانیان بێنەدەرەوە)).
هەروەها بۆ ژماردن و درێژەدان بە قسە و ڕوونکردنەوە و سەرنجڕاکێشانى زیاترى خوێنەر بەکاردێت. وەک:
لە کوردستاندا چیاى بەرز و بڵند و سەرنجڕاکێش زۆرن:
سەفین و مەتین و گارە و گوێژە و بەرانان و …هتد.
هەروەها جووتخاڵ لە نێوان ژمارەکانى خولەک و کاتژمێردا بەکاردێت.
وەک: ئەو هەموو ڕۆژێ کاتژمێر(7:50)حەفت و پەنجا خولەک لە قوتابخانە ئامادەیە.
3- کۆما(,):
نیشانەى کۆما یان فاریزە, یەکێکە لە گرنگترین و کاریگەرترین نیشانەکانى خاڵبەندى, پێویستە لە نووسیندا لە شوێنى خۆى بەکار بهێنرێت. ئەم نیشانەیە بۆ پشوودان و ڕاوەستانێکى کورت و کاتییە لە کاتى خوێندنەوەدا. ((کۆما لەنێوان ئەو ڕستە تەواونەکراوانەدا دێت, بۆئەوەى ڕستەیەکى تەواو پێکبهێنن, واتە لەنێوان شاڕستە و پاڕستەدا دێت لە ڕستەى ئاڵۆزدا))(2).
وەک:
ئەو گەنجەى کە بەردەوام لە کتێبخانە دەمبینى, ئێستا نووسەرێکى ناودارە.
هەروەها کۆما لەشوێنى ئامرازى بەستنەوە(و) بۆ بەیەکەوەگرێدانى ڕستە سادەکان لە ڕستەى تێکەڵدا بەکاردێت. وەک:
شیرین وانەکانى دەخوێنێ, شەرمین چێشت لێدەنێ. هەروەها لەپێش وشەکانى(بەڵام, چونکە, لەبەرئەوەى…هتد)بەکاردێت.
وەک:
ئەو مامۆستایەکى سەرکەوتووە, چونکە پلان بۆ کارەکانى دادەنێ.
لەوانەیە هەندێکجار تەنها بە گۆڕینى شوێنى کۆما لەناو ڕستەیەکدا, ماناى ڕستەکە بەتەواوى بگۆڕێت. وەک لەم ڕستەیەدا:
لێبوردن, ئەستەمە بیبەن بۆ زیندان.
لەم ڕستەیەدا دەبینین نیشانەى کۆما لەدواى وشەى لێبوردن هاتووە, دەبێ بوەستین, واتە بڕیارى لێبوردن بۆ ئەو کەسە دەرچوو, ئازاد بکرێ, ئەستەمە بیبەن بۆ زیندان.
هەمان ڕستە دەنووسینەوە, بەڵام شوێنى کۆماکە دەگۆڕین.
لێبوردن ئەستەمە, بیبەن بۆ زیندان.
سەیرکەن, کۆما لەدواى(لێبوردن ئەستەمە)دانراوە, واتە لێبوردن نایگرێتەوە و نابێ ئازاد بکرێ, بیبەن بۆ زیندان.
دیقەت بدەن, تەنها بە دانانى یەک فاریزە و جێگۆڕکێى لەناو ڕستەدا, چ گۆڕانکارییەک لە واتا و مەبەستى ڕستەکان ڕوودەدات! لەبەرئەوە دەبێ زۆر ورد و وریا بین لە بەکارهێنانى هێما و نیشانەکانى خاڵبەندى. هەروەها لەدواى وشە و ناوى بەدوای یەکداهاتوو بەکاردێت.
وەک: هەولێر, دهۆک, سلێمانى, کەرکووک.
هەروەها لەدواى ئامرازى بانگکردن بەکاردێت. وەک: کچێ, بۆ ناخوێنى؟
هەروەها لەنێوان ژمارەکان, وەک: (1, 2, 3, 4,5)
4- کۆماى خاڵدار(;):
((نیشانەیەکە ئەرکى دەکەوێتە نێوان خاڵ و کۆما, بەڵام زیاتر لە کۆما نزیکترە, لەکاتى خوێندنەوەدا لەسەرى دەوەستین. دەبێ بگوترێ, ئەم نیشانەیە بۆ بەیەکەوە بەستنى ڕستەیەک بەکار دەهێنرێت, کە لەڕووى ڕووخسارەوە سەربەخۆیە, بەڵام لەڕووى واتاوە پەیوەندى بە ڕستەیەکى ترەوە هەیە))(3).
وەک: یاریزانەکە نەیتوانى بەشداربێ لە یارییەکە؛ چونکە تووشى پێکان هاتبوو.
5- نیشانەى پرسیار(؟):
ئەم نیشانەیە لە کۆتایی ڕستەى پرس دادەنرێت, کاتێک پرسیارێک لەلایەن کەسی یەکەمەوە ئاراستەى کەسى دووەم یان کۆمەڵە کەسێک دەکرێت بۆ بەدەستهێنانى زانیارى یان بۆ مەبەستى هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوە.
وەک: کێ ئەم چیڕۆکەى خوێندووەتەوە؟
هۆکارەکانى نەبوونى دەوڵەتێکى سەربەخۆى کوردى چین؟
هەروەها لەدواى وشەى پرس دادەنرێت. وەک: بۆ؟ کێ؟ چۆن؟ کەى؟
6- نیشانەى سەرسوڕمان(!):
نیشانەى سەرسوڕمان لە کۆتایی وشەى سەرسوڕمان یان ڕستەى سەرسوڕمان دێت. لەکۆتایی هەر وشە و ڕستەیەک دێت کە گوزارشت لە خەم و پەژارە و ئێش و ئازار بکات, یان هەستێکى خۆش و جوانییەکى سەرنجڕاکێش و ناوازە بەدى بکرێت. وەک:
سروشتێکى چەند جوانە!
ئاخ! چ مەرگەساتێکە.
هەرگیز چاوەڕێى ئەم هەڵوێستەم لە تۆ نەدەکرد!
ئۆخەى! لەم بەڵایە ڕزگارمان بوو.
7- هێل یان تەقەڵ(-):
ئەم هێمایە لەچەند شوێنێک بەکاردێت, لەدواى ژمارەوە, وەک:
هەموو مامۆستایەک پێویستە ڕۆژانە گرنگى بەمانە بدات:
1- خوێندنەوە.
2- وەرزشکردن.
3- زوو خەوتن و زوو لە خەو هەستان.
هەروەها لەجیاتى(تا و هەتاکو)لەنێوان ژمارەکان دادەنرێت. وەک:
پۆلەکانى(1-2-3-4)بەیانى کاتژمێر(8) لە قوتابخانە ئامادەبن.
هەروەها ئەم نیشانەیە لەکاتى گفتوگۆى نێوان دوو کەس بەکاردێت. وەک:
لەوەند بەهێمنى لە لاوى پرسی:
– کەى نوسینەکانت چاپ دەکەى؟
– تا بەتەواوى هەڵەچنیان بکەم.
– بەتەمانیت بەم زووانە تەواویان بکەى؟
– هەوڵ دەدەم.
8-هێلى لار(/):
ئەم نیشانەیە بۆ چەند مەبەستێک بەکاردێت:
بۆ جیاکردنەوەى ڕۆژ و مانگ و ساڵ لە نووسینى ڕێکەوت. وەک:
لە 25/9/2017 خەڵکى باشوورى کوردستان دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا.
هەروەها بۆ ئاماژەپێدانى ناوى شوێنێک یان ناونیشانێک بەکاردێت. وەک:
هەولێر/زانکۆى سەلاحەددین/ کۆلێژى پەروەردە/بەشى زمان و ئەدەبى کوردى.
لە بابەتە ژمێریارى و بیرکارییەکان بەکاردێت. وەک: 1/3 واتە سێیەک.
بۆ بڕگەکردنى وشە. وەک: کور/ دس/ تان
9- نیشانەى ئەستێرە(*):
ئەم هێمایە لەوکاتەى وشەیەک پێویستى بە ڕوونکردنەوە هەبێت, لە پەراوێزدا دەنووسرێت. هەروەها لەکاتى نووسینى ڕستەیەکى هەڵە و ناڕێزمانى دەنووسرێت. وەک:
*منداڵەکان سێوەکانى خوارد.
لەم ڕستەیەدا منداڵەکان کۆیە, (ى)دواى سێوەکان جێناوى لکاوە بۆ کەسى سێیەمى تاک, کە هەڵەیە, دەبێ بۆ کەسی سێیەمى کۆ(یان)بێت.
10- کەوانەى بچووک( ):
ئەم نیشانەیە بۆ چەند مەبەستێک بەکاردێت لەکاتى نووسیندا, بۆ ڕوونکردنەوەى زیاترى ماناى وشەیەک یان ناساندنى ناوێک. وەک:
نالى(مەلا خدرى شارەزوورى) بە ڕابەرى شیعرى کلاسیکى کوردى لە کرمانجى خواروو دادەنرێت.
هەروەها لەکاتى نووسیندا وشەى بێگانەى دەخرێتە ناو. وەک:
دەروونزانى((saycology)) یەکێکە لەو زانستانەى کە لەئێستادا بایەخێکى زۆرى پێ دەدرێت.
هەروەها ئەم نیشانەیە لەکاتى نووسینى ساڵى لەدایکبوون و مردنى کەسێک پێکەوە یان دەستپێک و کۆتاییهاتنى ڕووداوێک بەکاردێت.
وەک:
ڕەفیق حیلمى(1898-1960) ئەستێرەیەکى گەشە لە ئاسمانى ئەدەب و ڕۆشنبیرى کوردى و ناوى هەر بەنەمرى دەمێنێتەوە.
11- جووت کەوانەى بچووک« »:
لەکاتى وەرگرتنى دەقێک یان وتەى کەسێک لە سەرچاوەیەک, بێ دەستکارى لەناو ئەم جووت کەوانەیە دادەنرێت. وەک:
دیکارت دەڵێت: «من بیر دەکەمەوە, کەواتە من هەم ».
12- سێ خاڵ لەدواى یەک(…):
لەکاتى کۆتاییهێنان بە نووسینێک یان وتارێک، لەکۆتایی نووسینەکە دادەنرێت, بەواتاى ئەوەى نووسینەکە زیاتر قسە هەڵدەگرێ, بەڵام دەیبڕینەوە و کۆتایی پێ دێنین. وەک:
سەیرانگەکانى کوردستان خۆشن:
بێخاڵ و جوندیان و گەلى عەلى بەگ و ئەحمەداوە و … هتد.
زۆرجار ئەم سێ خاڵە لەنووسینى چیڕۆک و ڕۆماندا بۆ کورتکردنەوە و کرتاندنى وشەیەک بەکاردێت. وەک:
ژنەکە خەریکبوو لە ئاوەکەدا بخنکێ, هاوارى دەکرد, فریام کەون, فریام کەون, فر…
لە شوێنى ئەو وشانەى کە تابۆن لەڕووى کۆمەڵایەتى و ئایینى و سیاسییەوە. وەک:
کابرا هەرچى هاتە سەر زارى نەیگێڕاوە, دایک و خوشک و ژنى هەمووانى…
ئەوەی لەم بەشەدا باسمان کرد، تەنها خاڵبەندی و دیاریکردن و دانانی هێماکان بوو لە شوێنی خۆیان، باسی ڕێنووسمان نەکرد، کە ئەویش لایەنێکی گرنگ و کاریگەر و سەرەکییە لە نووسیندا و لێزانی و شارەزاییەکی باشی دەوێ و پێویستە نووسەر بەوردی وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکات.
لە کۆتاییدا دەڵێم: نووسینی باش و ئاستبەرز، ئەو نووسنەیە کە ڕەچاوی ڕێنووس و خاڵبەندی ڕێسا ڕێزمانییەکان تێیدا کرابێ.

سەرچاوەکان:
1-هەڵمەت بایز, دلێر سادق, خاڵبەندى, چ1, 2020, ل3
2- نەریمان عەبدولڵا خۆشناو, ڕێنووس و خاڵبەندى, چ1, 2016, هەولێر, ل140
3-سەرچاوەى پێشوو, ل141-142

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت