زمناکۆ ئیسماعیل: وێنە و یادگاری، چیرۆکی ئەو ڕۆژەی دەبوو بمرم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

19 ئۆگەست رۆژی فۆتۆو فۆتۆگرافەرە لەجیهاندا، ئەی بۆ پیرۆزبایمان لێناکەن؟!،
چیرۆکی ئەو ڕۆژەی دەبوو بمرم، بەڵام خوای گەورە رۆژی تەواو نەکردبووم، دیارە هەڵیگرتوم بۆ ئەمڕۆ، کە دەتوانم 8 ساڵ پاش ئەو ڕۆژگارە، چیرۆکەکانی ڕووداوێکی گەورەیی مێژوویی، بەسەرهاتی ئەنفالێکی دیکەی کورد، بە وێنە وەک بەڵگەیەکی زیندوو بۆ ئێوە بنوسمەوە، هەرچەندە هەواڵ و گۆزارشت (ڕاپۆڕت) و بەڵگەفیلمی درێژ و کورتە بەڵگە فیلم (فیچەر)م لەسەر ئەو ڕووداوە دروستکردووەو لەکاتی خۆیدا نمایشمکردووە. بەڵام باسی ئەمڕۆمان فۆتۆیە، کە هەتا ئەم ساتەش وێنەی ئەو ڕۆژگارەو ئەو ئەنفالەو ئەو کۆڕەوەی کوردو ئێزیدییەکانم، لەتەواوی جیهان نمایش دەکرێت. هەر بەو بۆنەیەوە دەمەوێت پێتان بڵێم، زیاتر لە ساڵێکە لە 4 ئۆگەستی 2021 بۆ ئێستا لەگەڕ ڕێکخراوێکی داکۆکیکار لەسەر کەیسی ئەنفالی ئیزیدییەکان، بووم بەئەندام، بە وێنەو بەڵگەی دیۆکیۆمێنتی، کە ئەو ڕێکخراوە لە 75 ووڵاتی نزیک بە 100 وێنە نمایش دەکات. وێنەکانی ئەو ڕۆژگارەی کە ئیشی ئێزیدییەکانم کرد بەبەڵگەو هەتا ئەمڕۆ زیندوێتی رۆژگارێکی پڕ ئازاری کورد دەگێڕنەوە، ئەگەر ئەو مێژووەو ئەو ڕۆژە، سەر ئەو دوو تەنییە نەکەوتمایە، لە دامێنی چیایی شەنگال نەگەڕامایەتەوە بۆ ناوچە ئارامەکانی ژێر دەستی شەڕڤانان و رۆژئاوایی کوردستان، ئێستا گۆڕ وونبووم یاخود مردبووم، چونکە کاروانی دوایی ئێمە، بەهۆی بۆمبی دوور هاوێژی کوێرانەی داعش کرایە ئامانج و نزیک بە 13 کەس کوژران. بەو هۆیەوە سەر لەچەند پیادە ڕەوێکی پاش ئێمە شێواو بەهۆی هەڵە ڕۆیشتنیانەوە کەوتبوونە دەست داعش، ئەمەش پاش چەند ساڵێک لەدەمی یەکێک لە کچە ئێزیدییەکان ئەم چیرۆکەم زانی کە کاروانی پاش ئێمە بوون، من بەخت یاوەرمبوو، قەدەری پەروەردگار کردمی بە گەواهیدەدەرێکی زیندوو بۆ ئەمڕۆو بۆ مێژووییەکی دوورو نزیک، ئەمڕۆش لەبەردەم ئێوەم و بۆ ئەمڕۆژە کە رۆژی فۆتۆو فۆتۆگرافەرە لەجیهان، لای من وەک میدیاکارێک کە لەزۆربەی بەشەکانی میدیا وەک هەواڵنێردەو پەیامنێردە و گۆزارشتکار (ڕیپۆرتەر) و گۆتارنوس و ڕەخنەکار و فۆتۆگرافەری رۆژنامەوانی و بەڵگەفیلمکاری بچووک (فیچەر) کارمکردووە، فۆتۆ لەهەموویان گەورەتر و پڕ هێزترە، چونکە بنەمای دروستکردن و تێگەیاندنی بەراوبەرەکەیەتی لەسەر ڕووداوو بەسەرهاتەکان.

وێنەکەش: 12 ئۆگەستی 2014 نێوان شەنگال و رۆژئاوای کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت