بەکر ئاڵەیی: شەماڵ بارەوانی، ئەمشەو تەنیایی دادەگیرسێنێت.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

كۆترێكیان سەربڕیم هێشتا فێری گمە نەبووبوو.
شیعر گەر دووری بخەیتەوە لەوێنا، دەبێتە پۆڕێكی باڵكراو، ناچێتە ناو ئەدگار ونووسینەوەی یاداشتەكان، وەختێك خۆت فەنا دەكەیت و دەچیتە ناو ورووژێنەرەكانی شیعر، دەبێ لە دەستەبەركردنی وێنەی شیعریدا بزربیت و خۆت لە ڕۆخی چاوداگرتنی یاردا ببینیتەوە، بە دیار سەماكانی وشەوە مەست بی، وەك عاشقێك حاڵ بتگرێ و خوداوەندێك لەسەرووی بڵیندكردنی دەستەكانتەوە ببینی، ئاخر نزا كردن لە شیعردا، ڕەنگی هیچ. خوایەكی تێدا نییە جگە لە وێنەی مەعشووقەكەت.
هیچ سێبەرێكی نییە جگە لە كەوتنی ئەو نیگایانەی لە ژوانێك لێت جێماون، هیچ پەنایەكی لێ نییە جگە لە خۆگرتنەوە بە سایەی مۆسیقای ناو تێكستەكە، وەختی مۆزیك دەیەوێ بڕژێ و حەزی سرووتەكان پاراو دەكا جیهانێكی پڕ لە فوارە دەخووڵقێنێ، شاعیربوون لە سەرەتای ڕستەوە حزووری هەیە، وەختێك دەڵێ كوترێكیان سەر بڕیم هێشتا فێری گمە نەبوو بوو.
مەغزاو ڕوانینی شاعیر، شێلگیرانە دەچێتە ناو خەونی كۆتر و دەیەوێ گمەكانی بنووسێتەوە وەك شیعرێكی باڵا بیداتەوە بە ئاسمان، وەك تابلۆیەك لەسەر دیوارەكانی نەست وێنایان بكات، شەماڵ بارەوانی، لە زۆر بواردا ویستوویەتی جیهانی ڕووداوەكان بكا بەشیعر.
ئەو هەڵەبجە و ئەنفال و نادادییەكانی كۆمەڵگە لە شیعردا وێنا دەكا، ناهێڵێ كارەساتەكان لەزەین و دیدی نەوەی داهاتوو كاڵ ببنەوە، ئەو حاڵەتەش لە نووسەردا ئەركێكی مرۆیی و مۆڕاڵیە، هەست دەكەم شیعر لە شەماڵ ناگەڕێ نەك شەماڵ لەشیعر، شیعر ئەو ماڵەی خۆی دۆزیوەتەوە، تا شەماڵ بەو هەست و نیگایانەیەوە بگونجێ لەگەڵ شیعر، دەستی ناچێتە دەركردنی شیعر.

هۆنراوەكانم، بەدەست ئازاری دابڕانەوە، وەرزی بێ ئومێدیان داگیرساند
نەریتی ژیان ئاوایە چەند لەژینگەیەكی ئارام و نەرم دا گوزەر بكەی، هێندەی خەونی باڵا و ئومێدی درەوشاوە دەبینی، وەختێك ئازار و كارەساتی خەمهێنەر واردی هەستی كەسە هەستیارەكان دەبێ، ئەوە لەبری هەموان دەیەوێ خۆی بخاتە ناو سروشتی گەڵاكانەوە نا ئومێدی هەراسانی دەكا، پڕ دەبێ لە شكان، ئەو جەنگێكی بۆ ئایساندنی چرای ئومێدەكان هەڵگیرساندووە، بە مروونەتەوە ئەو نائومێدییەی خۆی وێنا دەكا.
شەماڵ دەیەوێ وەك خوڵقێنەرێك لە تەنیایی دا بسووتێ تا شەوەزەنگی دەیجوور ڕۆشن بكا، ئەو لەسەر تابووتی تەنیایی دا هۆنراوە بۆ ژیان و بەردەوامی دەنووسێ، لە ئایندەدا شیعر دەكا بەباران و دەڕژێتە ناو هەناوی باخچەكانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت