زەبەنگ بەهادین: درۆکردن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مرۆڤ خودی خۆی و ئەو دۆخانەی لە ژیانیدا پێیدا تێدەپەرێت ناجێگیرە، بۆیە هەمیشە دەترسێ بە مانا ترس لە ناخیدا دروست دەبێ. لەهەر سەرەتای دروست بونیەوە ئەم ترسە هۆکاری سەرەکی دروستبونەکەی ئەنجامی ناجێگیری بونیەتی لە هەموو دۆخەکاندا، ئەم ناجێگیر بوونە پاڵنەریکە وا لە مرۆڤ دەکات بە دوای هۆکارەکانی مانەوە و بەردەوامی بدات هەول دەدات جێگیر بوون دروست بکات بە هەر رێگەیەک بێت، یەكێک لە رێگە سەرەکیەکان بۆ شاردنەوەی ئەو ترسە و هیوا بۆ جێگیر بوون درۆیە. سەرەنجام ئەمە وا لەو مرۆڤە دەکات درۆ بکات بە واتا درۆ بۆ شاردنەوەی ترسەکانی و تا رادەیەک پاراستنی کەمێ جێگیری لە ناجێگیرییەکانیدا، فراوانکردنی سنوری پەیوەندییەکان ناجێگیری زیاد دەکات، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ درۆ زیاتر بکات، لە کەم دۆخدا مرۆڤ دەتوانێ درۆ نەکا بۆ نمونە سوفێیەت یان تەنهایی ئاسایی یان لە تەنهای دروستکراودا یان جێگیر بوونی پەیوەندییەک کە هەردوو لایەنەکە ترسی لە دەستدان یان نەمان یا تێکچونی پەیوەندییەکەیان نەبێت کە ئەم دۆخانە زۆر زەحمەتە بۆیە مرۆڤ بونەوەرێکی درۆزنە. لەئەنجامی ستراکچەری دروستبونیەوە کە خراوەتە ناو ناجێگیریەتەوە، بۆیە هیچ مرۆڤێک نییە لە ستێپەکانی ژیانیدا کە پێیدا تێپەریوە درۆیەکی نەکردبێ، ئەنجام من درۆ بە بەشێکی سروشتی مرۆڤ دادەنێم پەیوەست بە شێوە و شێوازی پێکهاتنیەوە لە بنەرەتدا.

درۆ لەکوێدا شەرعیەتی هەیە و لە کوێدا نییەتی ؟
کاتیک بەرامبەرەکەت دێتە ناو ژیانتەوە لە ئەنجامی ئەو ترسەی خۆی هەیەتی بۆ مانەوەی هەولی سەپاندنی دەسەلاتئ ئەدا بەسەر تۆدا، بۆیە دێت لە بری تۆ بیر دەکاتەوە رێگاکان بۆ دیاری دەکات لێرەدا پێویستە درۆی لەگەل بکەی بە مانا رێگا راستەکانی نیشان نەدەی، بەلکو رێگای وەهمی بۆ دروست بکەی با بۆ خۆی بروات لەو رێگایانە بریار و بیرکردنەوەکانی بدات. چونکە ئەو بەرامبەرە مافی ئەوەی نییە لە بری تۆ بیر بکاتەوەو لە بری تۆ بریار بدات، چونکە ئەو لە ئاستی بیر و ژیری تۆدا نییە کەواتە نابیت تۆ بچیتە ئاستەکەی ئەو و رێگاکانی بۆ واڵا بکەی تا چۆنی بوێت وەها دیاریان بکات، بەلکو درۆی لەگەڵ بکە و ئاراستەکانی بۆ بگۆرە تا خۆی لەویدا وون دەبێ.
لە دۆخی پەیوەندی جێگیر یان پەیوەندی ناوەکی بنیاتنراو لەسەر بنەمای ئازادی هەردولا و ژیری بیرکردنەوە درۆ شەرعیەتی نامێنێ، چونکە لێرە تا رادەیەک جێگیر بونێک بوونی هەیە ئەگەر کاتیش بێت، یان نەمانی جێگیریەکی کاریگەری نەرێنی ناکاتە سەر هیچ لایەک بۆ لیرەدا نابیت درۆ بوونی هەبێت.
ئەم دوو ئاراستەیە پێچەوانەی یەکن لە هەمان کات بە یەک ئاراستە کار دەکەن، چونکە مەبەستە سەرەکییەکە پاراستنی مانەوە و دەسەلاتە لە بنەرەتدا، بەلام دۆخی ئەوەی بە بەرامبەرەکەت بڵێی درۆزن و لە هەمان کاتدا پەیوەندیت بمێنێ ئەمە نا تەندروستە، چونکە ناکریت دوو ئاراستەی جیا لە یەک پەیوەندیدا بهیلیتەوە بە دلنیایەوە کە دلنیا بووی لە درۆی کەسیک دەبیت پەیوەندیەکە بپچرێنیت، چونکە ئەو جۆرە پەیوەندییە خۆی ناجێیرە و بە ناجێگیری دەمێنیتەوە.
لێرە ئەو پرسیارە دروست دەبێت تۆ چۆن دەزانیت بەرامبەرەکەت درۆ دەکات، ئایا تۆ مافی ئەوەت هەیە بە بەرامبەرەکەت بڵێی درۆ دەکەی لەسەر چ بنەمایەک ئەم بریارە دەدەی.
ئاوینە بوونی خۆمان هەڵە گەورەکەیە کە تێیدەکەوین بۆ بریارەکان بە مانا مەرج نییە ئەوەی لای خۆمان شیکراوە بێت ئەوە راستییەکە بێت، زۆر جار ئێمە بەرامبەر تاوانبار دەکەی بە درۆ بێ ئەوەی دلنیایمان هەبیت ئەمە تاوانیکە هیجی لە کوشتن کەمتر نییە، چونکە وا لە کەسەکە دەکەین ئاراستەی درۆی بۆ دیاری دەکەین و رای دێنیین لەسەر ئەو کارە لە کاتێکدا رەنگە ئەو لە بنەرەتەوە درۆی نەکردبێ.
بە مانا دەبێت لە جۆری پەیوەندییەکە بروانین بۆ شیکاری درۆکردن یان نەکردن وە بۆ دیاریکردنی شەرعیەت یان ناشەرعیەتی درۆکردنەکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت