بەهرۆز جەعفەر: کوردو هەڵاوسانی ئابوریی جیهانی بەهۆی گرانی نرخی وزەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چوار فاکتەری گەورە، هەڕەشە لەم هەسارەیە ئەکەن و، لەنگەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیان تێک و پێکداوە:
1. گۆڕانی کەشوهەوا، بەهۆی پیسبونی ژینگەو گەرمبونی گۆی زەوی و وشکە ساڵییەوە. لە لایەک بۆتە هۆی کارەساتی سروشتی (تەنها لە مانگێکدا بە بەهای 30 ملیار دۆلار لافاو زیانی لە پاکستان داوە) لە لایەکی تریش بۆتە هۆی قەیرانی کەمئاویی و هەڕەشە لە بەرنامەی خۆراکی جیهانیش ئەکات.
2. قەیران و لێکەوتەکانی جەنگی ڕووسیاو خۆرئاوا. کە تێچووی ئەم جەنگە لە 24 ی شوباتی 2022 ەوە تا ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری 2022 بە (٣) تریلیۆن دۆلار ئەخەمڵێنرێت. گەورەترین لێکەوتەی ئەوەیە کە قەیرانی گازی سروشتی و گرانی بازاڕی وزە وایکردووە هەڵاوسانێکی ئابوریی بێوێنە لە ئەوروپاو ئەمریکا دروست ببێت.
3. قەیرانی بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمی. جگە لە (5) ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش چەندین وڵاتی وەکو پاکستان و ئیسرائیل و ئێران و کۆریای باکور دەستیان گەیشتوە بە چەکی ناوەکی یان نزیکن لەو بەرنامە ئەتۆمییە.
4. قەیرانی بڵاوبونەوەو تەشەنەسەندنی “نایەکسانی” لە تەواوی وڵاتانی دیموکرات و نا-دیموکراتدا، چینی ناوەڕاست ڕووی لە کەمبونەوەیە. لەم ساتەدا تەنها لە یەمەن (750) هەزار منداڵ پێویستیان بە خۆراکەو تووشی برسێتی بوون.
لەگەڵ ئەمانەشدا ئامارەکان و ئاماژەکان بۆ ئەوروپا بە تایبەتی و جیهان بەگشتی نیشانی ئەدەن، سیستەمی سەرمایەداری- خۆرئاوایی تاقەتی بەڕێوەبردنی دونیای نەماوە:
* پێش قەیرانی ئۆکراینا و گرانبونی بازاڕی وزە، کۆرۆنا ڤایرەس لە (2020 و 2021) دا دەیان تریلیۆن دۆلار زیانی بە ئابوریی جیهانی و کۆی گشتی ئاستی بەرهەمهێنان لە تەواوی جیهاندا گەیاندووە.
* بە گوێرەی سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا “دەنیس شیمخاڵ” جەنگ زیانی (750) ملیار دۆلاری لە ئۆکراینا داوەو، (10) ملیۆن ئۆکراینیش ئاوارەی پۆڵەنداو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بوون.
* تەنها لە سەرەتای ئۆکتۆبەری 2022 ەوە، نرخی وزە لە ئەوروپا (84٪) هەڵکشاوە.
* ئەڵمانیا (200) ملیار یۆرۆی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گرانی نرخی وزە لەم زستانەدا تەرخان کردووە. لە (5) وڵاتی ئەوروپیش خۆپیشاندان دژی گرانی بازاڕی سوتەمەنی دەستی پێکردووە.
* بەهای پاوەندی بەریتانی لە ساڵی (1976) ەوە قەت وەکو ئێستا دانەبەزیوە، بەهای یۆرۆ لە هەموو تەمەنی دراوەکەدا کە (30) ساڵێكە قەت وەکو ئێستا دا -نە-کشاوە.

کورد چاوەڕێی دەرفەت بکات؟
کونێک (تەنها کونێک) کەوتە هێڵی بۆڕیی گازیی نۆرت ستریم-2، ئیتر شارستانییەتی خۆرئاوا کەوتە لەرزین و خۆی خستە ژێر پرسیارەەوە! هەزاران ساڵە و لە زەمانی تیروکەوانەوە هەرچی چەکێک دروست بووە بە سەر کورددا تاقی کراوەتەوە، هەزاران جار کۆمەڵکوژی کراوە، هێشتا کورد هەر ماوەو شارستانیەت و زمان و کەلتورو ئاڵاو هێماکانی ئەگەشێتەوە.
“گۆڕان” ئەشێت باش بێت وە ئەشێت “خراپ” بێت. بە بڕوای من کورد سوودی گەروەی لە “مۆدێرنیتی” خۆرئاوایی بینی. ئەیتوانی سوودی زۆر زۆر گەورەتری لێ ببینیێت، بەڵام چونکە تێی نەگەیشت، یان درەنگ تێی گەیشتن، نەیتوانی وەک پێویست خۆی هاوتای کاروانە جیهانییەکان بکاتەوە. لێرەدا بەگشتی:
* وەک دەرئەکەوێت، لە کۆتایی ساڵی 2022 دا نرخی نەوت و گازی سروشتی بەشێوەی بەرچاو بەرز ئەبێتەوە. لە هەموو حاڵەتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوت ئەچێتە نێوان (125 بۆ 150$) دۆلاری ئەمریکی. بە دڵنیاییەوە لە ساڵانی ئایندەدا نرخی نەوت دائەبەزێت بۆ 40 دۆلار یان 50 دۆلار. ئەگەر ئەمڕۆکە خێرا کورد سوود لەم دەرفەتە نەبینێت و، ژێرخانێکی بەهێز چێ نەکات و، ئابوریی هەمەچەشن و سەرچاوەی داهات هەمەڕەنگ نەکات، کەی سوود لە دەرفەت وەرئەگیرێت؟
* بایەخدان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن ئەمریکاو ئەوروپا لەلایەک و چین و ڕووسیا لەلایەکی ترەوە ئەگاتە ئەوپەڕی. بەهۆی فاکتەری جیۆپۆلەتیک (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەکەوێتە ناوەندی هەرسێ کیشوەری ئاسیاو ئەوروپاو ئەفریکا) ەوە، کوردیش وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت لەم سەرزەوییە بەشێکی گرنگ یان بزوێنەری ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە ئێران و سوریاو عێراق و تورکیاش. هەروەها فاکتەری بازاڕ (بازاڕ واتە ڕەگەزە سەرەکییەکەی لیبراڵیزم) زیاتر لە (40٪) کاڵاو شمەکی جیهانی بە ئاوەکانی کەنداو و دەریای عوماندا بەرەو جیهان دێن و ئەڕۆن، هێشتا نەوت و گازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵیان هەیە لەسەر نرخدانانی جیهانی (وەک لە دواییین بڕیاری ئۆپیکدا لە ئۆکتۆبەری 2022 بینیمان).
گەورەترین هەڕەشە لەسەر کورد، لەسەر خەڵک و تاک و دەزگای کورد ئەوەیە کە هەمیشە خۆی بە کەم ئەزانێت. هەستی خۆ-بە-کەمزانینی کورد بەرانبەر نەتەوە سەردەستەکانی دەوروبەر، هەستی خۆ بە کەمزانی تاکی کوردو تەنانەت نوخبەو بیرکەرەوەی کوردیی بەرانبەر بە جیهانی دەرەوە، ئەو پاڵنەرە دروست ناکات کە لە ناوخۆدا پشت بە خۆی و لە دەرەوەش پاڵپشتی بە‌هێز بۆ خۆی دەستەبەر بکات. لەم چرکەساتەدا تەنهاو تەنها بیر لە ناو شەقامە شەستییەکەی سولەیمانی دەوروبەری ئەکەمەوە، دەیان حیزب و گروپ و کوتلەی جۆراوجۆری تیایە، چۆن بجوڵێیتەوە بەر یەک- دووانێکیان ئەکەویت، نە ڕوئیا هەیە نە خیتابێکی دیار! بە هەرکامێكیان ئەڵێی: تۆ بۆچی هەیت!؟ ئەیهێنێت و ئەیبات، تەنهاو تەنها ئەوەیە لەداخ و لە ڕقی ئەویتریان ئەمیش هەیە!. ئنجا وێنەکە گەورە بکە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان، ئینجا بۆ هەموو کوردستان..ئیتر ئاوها.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت