عەبدوڵا که‌ریم مه‌حمود: گۆڕە بەکۆمەڵەکانى ئەبوغرێب.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەبوغرێب یەکێکە لە ناوە ترسناکەکانی بەندیخانەیەکى کەم وێنەى عێراق، قەسابخانەیەکى تایبەتى و دیارى کراوە بۆ کوشتن و بڕین و ئەشکەنجەدانی هەزاران مرۆڤى کورد و هاوڵاتى خوارو و ناوەڕاستى عێراق تیا ونکراوە، ئەوانەى لەو شوێنەدا ئیعدام دەکران، تەرمەکەیان شوێن بزر دەکرا و نەدەدرایەوە بەکەس و کاریان.
دواى 9ى نیسانى 2003 دیواری ئه‌م قه‌سانخانه‌ سامناکە پڕ لە نهێنی یە، ڕما. تەرمى (15) کەس لە چەند گۆڕێکى دەرەوە لەلاى دەرگاى بەشى مەحکومى بێگانەى بەندیخانەکە دۆزرانەوە، درانەوە بە کەس و کاریان.
دواتر (20) تەرمى تر دۆزرانەوە، نهێنى ئەم چاڵه‌ ونانه‌ لەلایەن ئەو زیندانیانە خرانە ڕوو کە پێشوتر لێرەدا زیندانى بوون.
کام لە زیندانی یه‌ سیاسییه‌کان ئاشنای ئەم دۆزەخە نییە.
جاران ماڵى کورد و شیوعى و شیعە بوو، ئەبو غرێب ناسنامەى هەزاران هاوڵاتى ون کردووە، تا ئێستاش نازانرێ ئێسک و پروسکیان لەکام گۆڕى بەکۆمەڵ و چاڵدان.

گۆڕە بەکۆمەڵەکانى دەشتى عوتاف
لە ڕۆژنامەى (الوطن ]ى سعودییەدا، لە بارەگاى گۆڕە بە کۆمەڵەکانى عێراقەوە نوسراوە: سەرۆکى عێراق بە سەرۆکى وڵاتێکى عەرەبى ڕاگەیاندووە: لە نێوان تکریت و موسڵ دا، 17 هەزار گۆڕى بە کۆمەڵ شوێن بزرکراوە،
ئەو ناوچەیە بە دەشتى عوتاف ناو دەبرێت، ڕووبەرێکى گەورەو فراوانە، موڵکى حکومەتى عێراق بووە، هیچ جۆرە پڕۆژەیەکى لەسەر نییە. بەپێى قسەى دانیشتوانى نزیک ناوچەکە، ڕژێم ئەو ناوچەیەى بۆ شوێن بزر کردنى بەرهەڵستکاران تەرخان کردووە.

زۆربەى تەرمەکان بێ سەربوون
گەورەترین گۆڕى بە کۆمەڵ لە نزیک شارى (بابل)دۆزرایەوە کە ئێسک و پروسکى (3000) مرۆڤى تێدا شاردرابووەوە، لەلایەن کەس و کاریانەوە دەرهێنراون، بەپێى قسەى دانیشتوانى ناوچەکە، ئەمانە لەکاتى ڕاپەڕینەکەى 1991 دا گوله‌ باران کراون و بە شۆفڵ کراون بە ژێر خاکەوە، تا ئێستا (1200) لاشە بە هۆى ناسنامەو جل و بەرگەکانیانەوە ناسراونەتەوە، پێش بینى دەکرێت (10000) کەس هێشتا لەژێر خاکدا مابن.
بلدۆزەرێک حەوت ڕۆژ بەردەوام سەرقاڵى هەڵدانەوەى گۆڕەکان بوو، تا دیمەنى شوێنەکە. وەک شوێنەوارێکى شەڕى خوێناوى لێهات، شۆفێرى بلدۆزەرەکەش عەوداڵى دۆزینەوەى ئێسک و پروسکى کەس و کارەکەى بوو.
ڕافید عەلى: جوتیارێکى ناوچەکەیەو ئاماژەى بەوە کرد: من دەمێکە بەم شوێنەم زانیوە، بەڵام لە ترسى جەلادەکانى بەعس نەموێراوە هیچ بدرکێنم، زۆربەى لاشەکان سەریان پێوە نەبوو.
ئەوەى مایەى تێڕامانە جاران ڕێکخراوى مافى مرۆڤى جیهانى لە ڕاپۆرتەکانیدا باسى بێ سەرو شوێنکردنى (17000) هاوڵاتى عێراقى دەکرد، بەڵام ئێستا بۆیان دەرکەوت، کەڕێژەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ئێسک و پروسکى کوژراوەکان بێ سنوورە، سەراپا عێراق و کوردستانى گرتۆتەوە، تا چەندان ساڵى تر، دەبێت هە وڵەکان بەردەوام بێ هەرکۆتایى نایەت.
باسم محەمەد باسم خەڵکى عێراقە و تەمەنى 45 ساڵ بوو، بەهۆى هەلومەرجى نائاساییەوە، چەند ساڵێک لە سوریا ژیاوە، لە مانگى ئازارى 2003 دا گەڕایەوە بۆ عێراق، جەلادەکانى بەعس دەسگیریان کرد، ئەمیش وەک دەیان کەسى تر بە بیانوى ئەوەى له‌ سوریا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بێ سەرو شوێن کران، بە بڕیارى بەعس گەر هەر هاوڵاتیەکى عێراقى له‌سوریا بگه‌ڕێته‌وه‌، بە سیخوڕى ئەمریکاو هاوپەیمانان دا دەنرێت.
ئەو ڕۆژەى گۆڕە بەکۆمەڵەکانیان هەڵدەدایەوە، عەلى محەمەد باسمى براى باسم لەگەڵ براو ئامۆزاکانیدا
بە پاچ و خاکەناز بەدواى گۆڕەکەى باسم دا لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان دا دەگەڕان.
عەلى گوتى: براکەم دوو ژن و 10 منداڵى هەیە، ئێمە عەوداڵین بەدواى تەرمەکەیدا، ئەوان بەبەردەوامى چاڵیان هەڵدەکەند، لەم چاڵەوە نا ئومێد دەبوون، ڕوویان دەکردە ئەو چاڵەو بە قوڵى دەیان ڕوانیە لاشە تێکچووەکان، زۆر جار خورپەیەک دەیان گرێ و دەڕواننە هەندێ تەرم وادەزانن، براکەیانە. بەڵام هیچ نیشانەیەکیان چنگ ناکەوێ، بەڕێزەوە تەرمەکە لە شوێنى خۆى دادەنێنەوە، لە گۆڕێکى تر، لە چاڵێکى تر دەگەڕێن، بەڵکو بە جەستەى باسم شاد ببنەوە.
دەزگاى نهێنییەکانى بەعس، دەیان زیندانیان بە نهێنى بەشەقامە کۆنەکەى ڕێگاى بەغداد دەگواستەوە بۆ ناوچەیەکى نزیک کارگەى خشتى مەحاویل. ئەو کاتانە حەسەن مەکى هاوڵاتیەکى عێراق لە پشت گژوگیایى ناوچەکەدا خۆى حەشار دابوو، بە چاوى خۆى دەیبنى چۆن زیندانیەکان بەپاڵ لە ناو ئۆتۆمبیلەکانەوە دەخرانە خوارەوە، دواتر گوێى لە دەستڕێژى چەکى سەربازەکان بوو، دواتر بە شۆفڵ تەرمەکانیان لە ژێرخاکدا شوێن بزر دەکرد. ئەمە دیمەنێکى ئەو تراژدیایەیە کە سەراپا کوردستانى عێراقى گرتوەتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت