زاهیر باهیر: کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەوا چارەسەری گرفتی ژینگە ناکەن/ بەشی دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

با داتاکان خۆیان بدوێن
داتا نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تا ساڵی 2030 ساڵانە نزیکەی 2 تریلۆن دۆلار (1.75 تریلۆن پاوەند) پێویست دەبێت بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی ئابووری دواکەوتوو بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی کاربۆن و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی تێکچوونی کەش و هەوا. ئەو پارە نەختینەیە پێویست دەبێت بۆ ئەوەی وڵاتانی هەژار بتوانن لە سووتەمەنی بەردینی (Fossil fuel ) دوور بکەونەوە و وەبەرهێنان لە وزەی نوێبوونەوە و تەکنەلۆژیای تری کەمکاربۆن بکەن و ڕووبەڕووی کاریگەرییەکانی کەش و هەوای ناجۆر و توند ببنەوە. ئەمە ڕاپۆرتێکە کە بە هاوبەشی لەلایەن حکومەتی بەریتانیا و میسرەوە ڕاسپێردرا بوو تاکو لە لوتکەی کەش و هەوای نەتەوە یەکگرتووەکانی Cop27 پێشکەش بکرێت.
ئەم بڕە پارەیە زەروورە بۆ گەشەی ئابوورییەك کە لەسەر بناخەی کەمی کاربۆن و یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەرهێنانی ملیارەها کەس لە هەژاری و ڕەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن. هەروەها بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی قەیرانی کەش و هەوا، بۆ نموونە لە ڕێگەی دروستکردنی ژێرخانی بەهێزتر و پاراستنی وەک دیواری دەریا و سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە.
تەواوی کیشوەری ئەفریقا بەرپرسیارە لە کەمتر لە 4%ی دەردانی گازی ژەهراوی مێژوویی جیهانی، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی ئەفریقا قورسایی قەیرانی کەش و هەوا لە ئەستۆ دەگرن. ئەمە زیانێکی گەورەیە بە کۆمەڵی ئەو وڵاتانە و ئابوورییان.
بە هۆی گۆڕان و خراپی کەش و هەواوە لە سەرانسەری ئەفریقا، پێشبینی دەکرێت کەمیی ئاو لەم دەیەدا تا 700 ملیۆن کەس ئاوارە بکات و 150 ملیۆن کەسی لە ئەفریقا خستۆتە بەردەم مەترسی برسێتییەکی زۆرەوە.
قۆڕنی ئەفریقا ( The Horn of Africa ) خراپترین وشکەساڵی لە ماوەی 40 ساڵدا بەخۆیەوە دەبینێت، زیاتر لە 50 ملیۆن کەس بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن، دڵنیا نین لە کوێوە ژەمی داهاتوویان دێت. سەرباری ئەوەش 116 ملیۆن ئەفریقی لەم دەیەیەدا ڕووبەڕووی مەترسی توندی خراپی کەش و هەوا دەبنەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکانەوە.
فرۆشتنی شوێنە سروشتییەکان کە خەڵکە ئەسڵییەکەی لێدەژین بە پارەیەکی ڕەمزی یا هەر وەکو خەڵاتیی بە کۆمپانیا گەوەرە بێیانەکان یاخود ساماندارانی نێوخۆ، خەڵکەکەی وڵاتی کینیای توشی نەگبەتی گەورە کردۆتەوە. هەر بۆ نموونە پرۆژەی کێڵگەی بای دەریاچەی تورکانە لە باکووری کینیا لەسەر خاکی خەڵکە ئەسڵییەکەی دروستکراوە دوای ئەوەی 40 هەزار دۆنم زەوی ڕادەستی کۆمەڵەیەکی وەبەرهێنەران کرا بەبێ ئەوەی ڕاوێژ بە کۆمەڵگە شوانکارییە ئەسڵییەکەی بکرێت کە بۆ سەدان ساڵ – ئەگەر هەزاران ساڵ نەبێت – بە شێوەیەکی بەردەوام لەسەر زەوییەکە ژیاون و کشتوکاڵیان کردووە. ئەم پرۆژەیە، پرۆژەی نوێکردنەوەی وزە گەورەترین پڕۆژەی ئەفریقایە، بووەتە هۆی کۆچی زۆرەملێ، ململانێ، توندوتیژیی جێندەری، نائاسایشی ئاو و خۆراک و هەروەها تێکچوونی نەریتی کولتووری و زمان بەهۆی لێشاوی کرێکارانی بیناسازییەوە.
ئەمەی کە دەکرێت تەنها گواستنەوە بەرەو پێشەوەچوون نییە، ئەمە “دەستبەسەرداگرتنی زەوییە” جۆن تینگۆی تەمەن 47 ساڵ لە بزووتنەوەی خەڵکە ئەسڵییەکە بۆ پێشخستنی ئاشتی و گۆڕینی کاریگەری ململانێکان لە باکووری کینیا وای وت ” ئەگەر تۆ مافە سەرەتاییەکانی خەڵک پێشێل بکەیت و کۆمەڵگاکان هیچ سوودێکی لێنەبینن، هەرگیز ناتوانرێت دادپەروەرانە بێت.

* نوسینی ئەم وتارە بەرهەمی خوێندنەوەی زیاتر لە 20 وتار و توێژینەوەیە. بە پێویستم نەزانی لە دامێنی وتارەکەوە ئاماژەیان پێبکەم، بەڵام هەر خوێنەرێك بە گومانە لە ئامار و بەڵگەکان دەتوانێت لە مێسنجەرەوە یاخود بە ئیمەیل ئاگەدارم بکاتەوە تاکو هەندێك لەو سەرچاوانەی بۆ بنێرم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت