زاهیر باهیر: کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەوا چارەسەری گرفتی ژینگە ناکەن/ بەشی دەیەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەنجامگیریی
چوار/ لە کۆبونەوەکەدا بە هیچ شێوەیەك ئاژەڵداریی و کێڵگەکانی کە ئاژەڵیان تێدا بەخێو دەکرێت کە هۆکاری بەشێكی زۆری گەرمکردنی زەوین بە دانەوەی غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەر وەکو پێشتر باسم کرد لە بەرنامەی کۆبوونەوەی لوتکەکەدا نەبوو. بزنسی نەوت و غازی کۆمپانیا گەورەکان گەرچی قسەی لەسەر کراوە، بەڵام نەتوانراوە کە ناچاربکرێن لە دەرهێنانی بەرهەمەکانیاندا تەکەنەلۆجیای بێ لایەن واتە کە کارایی خراپ لەسەر ژینگە دانەنێت پەیڕەو بکەن. ئەمە لە کاتێکدا کە نرخی غاز بەرزە کەچی هەر بە تەنها پێنج کۆمپانیای سەرەکی نەوت و گاز تا ئێستا لەمساڵدا زیاتر لە 170 ملیار دۆلار قازانجیان کردووە.
پێنج/ سێ لەو وڵاتانەی کە کارایی خراپیان لەسەر ژینگە هەیە کە ڕوسیا و چین و هیندستانن، سەرۆکەکانیان بەشدارییان نەکرد. لە بارێکی ئاوادا نوێنەرەکانیان ئەگەر ڕازیش بووبێتن بەو بڕیارانە، ڕەنگە کۆتا بڕیار نەبێت لە لایەن ئەوانەوە بۆیە گریمانی هەڵوەشاندنەوە یاخود دواکەوتنی هەیە.
شەش/ دواقسە و بۆچوونی هەندێك لە کەسایەتییەکان سەبارەت بە کارایی کۆبونەوەکە: بە پێویستی دەزانم ڕاگەیاندنی چەند کەسێك لەوانە کە خۆیان بە دۆستی ژینگە دەزانن و کەسانی دیارن، لەسەر ئەنجامگیرییەکانی ئەم کۆبونەوەیە بخەمە بەردەستی خوێنەر.
ئەلۆك شارمەی پەڕلەمانتاری بریتانیا و کۆنە سەرۆکی لوتکەی 26 ی پارەکە، ڕای وایە کە بەڵێننامەکانیان لاوازن و شەڕەکە لەسەر مانەوەیە بەو پابەندبوونەیان کە لە گلاسکۆ لەسەری ڕێکەوتوون. ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە و دەڵێت: لەم کۆبوونەوەدا وەرگرتنی ئاستی دەردانی گازی ژەهراوی لە ساڵی 2025، وەک زانست پێمان دەڵێت پێویستە، بەڵام لەم دەقەدا [تێکست] نییە. بەدواداچوونی ڕوون لەسەر قۆناغ بە قۆناغی کەمکردنەوە و دابەزاندنی خەڵوز لەم دەقەدا نییە. پابەندبوونێکی قۆناغ بە قۆناغ بۆ لەناوبردنی هەموو سووتەمەنی بەردینیی، لەم دەقەدا نییە. قەرەبووکردنەوەی خەسارەکان زەرووییە، هەروەها بڕی کەمکردنەوەی دەردانی ئەو غازە لەبری وەستانی لە ئاستێکدا. ئەگەر ئاوا نەکەین ئەمە وەکو كڕینی جلی نوێ وایە بۆ دراوسێ لە دوای تەماشاکردنی خانووکانیان کە دەسوتێن، چونکە دەنکە شقارتە گڕدراوەکەت لە دەست کەوتۆتە خوارەوە.
درێژەی هەیە

* نوسینی ئەم وتارە بەرهەمی خوێندنەوەی زیاتر لە 20 وتار و توێژینەوەیە. بە پێویستم نەزانی لە دامێنی وتارەکەوە ئاماژەیان پێبکەم، بەڵام هەر خوێنەرێك بە گومانە لە ئامار و بەڵگەکان دەتوانێت لە مێسنجەرەوە یاخود بە ئیمەیل ئاگەدارم بکاتەوە تاکو هەندێك لەو سەرچاوانەی بۆ بنێرم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت