عوسمان عومەر: سەر هەڵدانی ساسۆن/ بەشى یەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەگەل زۆربەی شکست و نوشستى بزوتنەوەو سەرهەلدانەکانی باکوری کوردستان لەسەدەی ڕابوردوو دژی دەولەتی عوسمانی و سەردەمی کۆمارەکەی ئەتاتورک، هەر لەسەرهەڵدانی شێخ سەعيد و ئاگری و دێرسیم بەسەرکردایەتی سەیید رەزای دێرسیم و شۆڕسی شێخ عوبەیدولای نەهری ناوچەی هەکاری سالی 1880 و… تاد.
یەکێک لەو سەرهەڵدانانەى کە زۆر کەم باسى لێوەکراوە، سەرهەلدانى ساسۆنە، ئەویش وەک بزوتنەوەو سەرهەڵدانەکانى دیکە لەلایەن سوپاى عوسمانیەکانەوە، ڕووبەڕووی بەرەنگارى و سەرکوت کردن و دەرەنجام شکست خواردنى سەرهەلدانەکە بووە.
سەرهەڵدان یا بزوتنەوەى ساسۆن بە ڕابەرایەتى على یونس قەومى چیى، چ لەلایەن مێژوو ناسان و نوسەران و کتێبە مێژووییەکانەوە باسى لێوە نەکراوە، وەک بزوتنەوەى ئیبراهیم پاشاى مللى لە وێرانشار و چیاو نهالەکانى مێردین و بزوتنەوەى مەلاسلیم شەهابەدین و کامیل بەدرخان لە بەدلیس و کۆمەلەى خۆییبون کە دواتر بزوتنەوەى ئاگرى لێکەوتەوە. هیچ لەو سەرهەڵدانانە بەشێوەى فراوان و بەرچاو دەربارەیان نەنوسراوە، هەرچەندە ئەوانە سەرەتاى بزوتنەوە ڕزگاریخوازەکانى کورد بوون بە شێوەى ڕێکخستنى سیاسى. هەر لەوبارەیەوە دەتوانرێ باس لە یاخى بوونى حاجۆ ئاغا لە شاخى باکوک و سەرهەڵدانى شێخ فەخرەدین لە شاخەکانى فارقین و بزوتنەوەى شێخ عەبدولرەحمانى کارسى لەناوچەى بۆتان و بزوتنەوەى جەمیل سەیدا و بزوتنەوەى عەلى جان و سەیید خان و سەرهەڵدانى تۆفۆدێرفرى.
سەرهەلدان یا بزوتنەوەى ساسۆن, یەکێکە لەو بزوتنەوە ڕزگاریخوازانەى کورد لە مێژووى خەباتى نەپساوەى گەلى کورد لەباکورى کوردستان بووە, چونکە بەشێکە لەو مێژووە, گەر بەراوردى بزوتنەوە ڕزگارى خوازەکانى پارچەکانى دیکەى کوردستان بکرێ لەگەل بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلانى دراوسێ، هیچى کەمتر نەبووە لەو بزوتنەوانە. بەلام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچى لێکۆلەر یا توێژەرى کورد، نەکەم و زۆر خۆى لە قەرەى ئەو بزوتنەوانە نەداوەو لەسەریان نەنوسیووە؟ بەبۆچونى خۆم هۆکارەکەى بۆ کەمى سەرچاوەو شاردنەوەى دۆسێیەکانى لەلایەن دەولەتى عوسمانى و حکومەتە ڕەگەز پەرست و شۆڤێنیە یەک لەدوا یەکەکانى تورک دەگەرێتەوە.
لە ساڵانى 1910 – 1913 کاتى حکومەتى یەکگرتوو لەشەڕەکانى بەلقان و تەرابلوس شکستى هێناو دۆڕا, ڕێبەرانى بزوتنەوەى کوردایەتى لە ئەستەمبوڵ قۆناغێکى نوێیان لەچالاکیەکانیان دەست پێکرد ئەویش ئاراستەکردنى ڕۆشنبیران بوو کە ڕوو بکەنە کوردستان, تا بیرى نەتەوەىى بڵاوبکەنەوە وەک ئامادەکاریەک بۆ دامەزراندنى ئیمارەتێکى کوردى لە ناوچەى سیرت بەرابەرایەتى شازادە نەجیب بەدرخان، باوکى عەبدوالرزاق بەدرخان تا پەیوەندى بکەن بەڕوسیاى تزارىی. لەو سەرو دەمەدا بنەمالەى عەلى یونس لەگەل ڕۆشنبیران و کەسانى بیروهزر فراوان ئاڵوگۆرى نامەیان دەکرد و بەتایبەتى لەگەڵ عەبدوالرزاق بەدرخان و سمکۆ خانى شوکاک کە گوندەکانیان ببوە شوێنى خۆ شاردنەوەى ئەوانە لە دەستى تورک دەربازیان ببو, بەو هۆیەشەوە پەیوەندی نێوان ئاڵ یونس و عەبدوالرزاق بەدرخان زیاتر پتەوتر بوو, بەوهۆیەشەوە عەلى یونس عەبدو لرەحمانى کوڕى ناردە ئێران بۆخوێندن لە خوێندنگایەکى عەبدولرەرزاق بەدرخان سمکۆخانە شکاک دایان مەزراندبوو, ئەوەش بووە هۆى گەشەکردنى بیرى نەتەوەیی لاى کوردانى ساسۆن و بەشیریەو خەرزان، بەتایبەت لاى کورە گەورەکانى عەلى یونس کە دەسەلاتێکى فراوانیان بەسەر شاخەکانى ساسۆن دا هەبوو.
بزوتنەوەى ساسۆن بە سەرکردایەتى عەلى یونس 11 ساڵى تەواو ڕووبەروى کەمالیستەکان بونەوە, ئەوەش لەناخ و بیرهزرى هەمو کوردێکە کەتینوى ئازادى و سەرفرازین و ڕزگاربون لەچنگى داگیرکەران… هەر لەوبارەیەوە دانا ئادەم شمیدت دەلێت: لەو ناوچانەى سەرکردەى عەشایەرى لەناوچەکانى ساسۆنى نزیک بۆتان ئاڵاى شۆرشى هەلکردبوو بۆ ماوەى 10 ساڵ، واتە لە 1925- 1935ى زاینى, ئەو کارە سەربازیانەى ئەنجام دەدرا بەناوى شۆرشەوە دەکرا, بەلام زۆربەى کات ئەو بەرەنگارى و بەرخودانانە بەرەنگارى بوون دژى ڕاگواستنى زۆرەملێى هۆز عەشەرەتەکان بووە.
لەگەڵ سەرهەڵدانى شۆرشى شێخ سەعید ساڵى 1925 یەکێک لەو بەرانەى کە پێشنیار کرابوو کە ئاڵاى شۆرشى تێدا بەرپا ببێت (بەرەى ساسۆن)بوو بەسەرکردایەتى عەلى یونس لەناوچەکانى خۆیان لە ساسۆن و خەرزان، ئەوەش لەنامەیەک بە نێردەیەکى تایبەت بۆ شێخ نێردرا بوو کە ڕۆژى 21ى ئادارى 1925 ڕۆژى سەرهەڵدانى ساسۆنى تێدا نوسرابوو, سەرەتاى سەرهەلدان بەهێرش کردنە سەر دام و دەزگا حکومیەکان و مەخفەرەکان و شارۆچکەکانى ناوچەکە گرتنیان بووە.
لەگەڵ سەرهەلدانى ساسۆن، عەلى یونس کەوتە جموجول خەلکى ناوچەکەى لەگەڵ بوون بەرەو عەشیرەتەکانى دیکە لەناوچەکە وەک عەشیرەتى بلکان بە سەرۆکایەتى سەلیم و عەشیرەتى موسیان بەسەرۆکایەتى تەتەر بادکى و عەشیرەتى مۆتکان و جەند عەشیرەتێکى دیکە، کەوتنە هاوکاریى لەناوچەى سیرت لە باکورى کوردستان، بەتایبەت لوتکە شاخەکانى ووهاد و شاخى ساسۆن، کە ئەم زنجیرە شاخانە دەگرێتەوە, مراتۆ, کارملیح ئارزیف و دیرۆنان قلسمەو قەندیل و هڵقیز…
محمد ئاغا عەلى یونس، سەرکردەى ڕوحى و فەرماندەى سەربازى شۆرشى ساسۆن، یەکەم فیشەکى هەڵایسانى شۆرشەکەى تەقاندو سەرەتا هێرش کرایە سەر مەرکەزى ناحیەى (حزو) لە خۆرئاواوەو دواتر مەرکەزى ناحیەى لە (ملفان) و توانییان ڕزگارى بکەن و شەر لەنێوان شؤرشگێرانى ساسۆن دەستى پێکرد بەسەرکردایەتى محەمەد ئاغا عەلى یونس و براکانى، هەریەک لە لەعەبدولرەحمن و دەروێش ئاغا و هۆزە هاوپەیمانەکانى لەلایەک و لەشکرى داگیرکەرى عوسمانیەکان لەلایەک کە دەیانەویست لوتکەو شاخەکانى ساسۆن بگرنەوە، بەلام ڕوبەڕووى بەرەنگارى توند بونەوە, سوپاى تورک نەیتوانى ئامانجەکانى خۆى بەدەست بێنێ بەهۆى سەرقاڵ بونیان بە شۆرشى شێخ سەعید لە دیاربەکر و ئامەد. دوای نوشت هێنانى ئەو شۆرشە, زۆربەى هێزەکانیان بەرەو ناوچەى ساسۆن بران لە پایزو زستانى ساڵى 1925 و 1926 کەوتنە ترساندن و تۆقاندنى خەلکە سیڤل و بێدەرتانەکان و سوتاندنى گوندەکانیان و ڕاگواستن و گرتنى ژن و مناڵ و پیرو پەکەوتەکان بۆ شارەکانى ئەنادۆلى خۆرئاوا وەک نیکیدا و ئەفیون و ئایدن و منسیا و دنزلى…
یەکێک لەشەرە هەرە بەناوبانگەکان لە نێوان شۆڕشگێرانى ساسۆن و سوپاى عوسمانى شەڕى کارملیح و ئارزیف سەرى ئوچ و قرموسى و گۆڕ مهینان بوو، شەرەکان تا ئەیلولى ساڵى 1928 درێژەى کێشا. لەدواى شەڕى گۆرمینان و سەرکەوتنە گەورەکەى شۆرشڤانان, شۆڕشێکى لە چیاى ئارارات (ئاگرى) بەسەرکردایەتى ژەنەرال ئیحسان نورى پاشا و کۆمەڵەى خۆیبون بوو, ئەمەش دەسەلاتى کەمالیستەکانى زۆر ترساند کە شۆرشێکى سەرتاسەرى لەناوچە کوردیەکان سەر هەلبدات، بەپێى هەندێ سەرچاوە محەمەد ئاغا عەلى یونس بەنامە شێخ سەعید و ئیسحان نورى پاشاى ئاگادار کردبێتەوە کەئەوان شۆرش لەقۆلى ساسۆن بەرپا دەکەن و ئیوەش لەناوچەکانى خۆتان…
لەوکاتەدا سەرکردایەتى گشتى لەشکرى عوسمانى یەکێک لەگەورە ئەفسەرانى خۆى دەنێرێتە لاى محەمەد ئاغا بۆ گفتوگۆ و شەڕ ڕاگرتن و کشانەوەى سوپاى عوسمانى لەناوچەى ساسۆن بەهەنگا، بەلام محەمەدئاغا یونس عەلى و براکانى ویستیان سود لەم هەلوێستە وەرگرن و گوتەیەکى بەناوبانگى بەسەرکردەى سوپاى عوسمانیەکان گوت: بەخونچەیەک بەهار نایەت و بڕۆ سەرکردەکانت بڵێ: شەڕ ڕاناگیرێ تاکو لێبوردنى گشتى هەموو گیراوە کوردەکان نەگرێتەوە کە لەلایەن ئێوەوە حوکم دراون و گەڕانەوەى دوورخراوەکانى ئەنادۆل یا ئەوانەى کە بۆ سوریا دوورخراونەتەوەو ئەوانە بەئازادى نەگەرێنەوە سەر خاک و شوێنى خۆیان ئێمە چەک دانانێین.” ئەو داواکاریانەى کرابوون لەلایەن حکومەتى کەمالیستەکان بۆى جێبەجێ کراو دوورخراوەکان و ڕاگوێزراوەکان و لەوانەى گەرانەوە ئەحمەد ئیسکان و ئەمین ئەحمەد پەریخانى سەرۆک عەشرەتى ڕمان و گلیش تەمۆ و صبرى حجى محەمەد و حوزنى محەمەد عەلى لە سەرۆکەکانى ڕشکوتان و سینکان و چەندین کەسایەتى دیکە لە ناوچەکانى موش و سەرحەدان بەوەش بۆ ماوەى 4 ساڵ شەر وەستێنرا و ئارامى خۆشى گەڕایەوە بۆناوچەکە بەپێى (پەرتوکى فى سبیل کوردستانى زنار سلۆپى: قەدرى جەمیل پاشا ). سەبارەت بەسەرهەڵدانى ساسۆن ل: 164 دەلێت: چاودێرى گشتى لە شارى دیاربەکر گوتویەتى: شۆڕشى شێخ سەعیدى پیران یەکێک بووە لەسەرچاوە ئیلهام بەخشەکانى سەرهەلدانى بیرو هزرى نەتەوایەتى و سەرجەم ئەوچالاکیانە کە لەکوردستان سەریان هەڵداوە لەو سەرچاوەیەوە ڕێچکەى بەستووە. هەروەها ڕووداوەکانى ئارارات و جموجولى زیلان و درێژە پێدەرى ئەو بیرو هزرە نەتەوەییانەیە, بەرەنگاریى هێزەکانى عەلى جان و سەییدخان کە 80 تا 100 کەس دەبوون، بۆ چەند سالێک و هەروەها چالاکیەکانى عەبدولرەحمن عەلى یونس کە هەوڵى دەدا ئیمارەتێک لەناوچە ئازاد کراوەکانى ساسۆن دامەزرێنێ پەیوەست بوون بەبیروباوەڕى کوردایەتى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت