محەمەد بەرزی: پیشەسازی و پێشکەوتن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموو وڵاتانی جیهان هەوڵی گەشەپێدانی ئابوری خۆیان دەدەن، بە سوود وەرگرتن لە سامانە سروشتییەکانییان، لە ڕێگای پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازییەوە. جا ئەگەر بمانەوێت پێناسەی پیشەسازی بکەین، ئەوا بە گشتی بریتییە لە کرداری گۆڕینی بەرهەمی خاوی ناوخۆی وڵات، بۆ بەرهەمی گرنگ لە ژیانی مرۆڤدا، وەک: پڕۆسەی گۆڕینی لۆکە بۆ قوماش، چەوەندەر بۆ شەکر، تووتن بۆ جگەرە و… هتد. واتە پیشەسازی بریتییە لە پڕۆسەی گواستنەوەی ئابوورییەکی لاوازی کشتوکاڵی، بۆ ئابوورییەکی بەهێزی پیشەسازی. لە ئەنجامدا بەهای ماددی بەرهەمەکە بەرزدەبێتەوە و دەکرێت جگە لە بەکارهێنانی لە ناوخۆدا، هەناردەی وڵاتانی دەرەوەش بکرێ. ئەو دەمە پیشەسازی لە ڕێگای بەرهەمەکانییەوە ڕاستەوخۆ هاوبەشی لە پیشکەوتنی وڵات و کۆمەڵگادا دەکات و دەستکەوتی مەزن و پڕ بەها بە دوای خۆیدا دەهێنێت. بێگومان لـە هەموو وڵاتێکدا چەند هۆکارێک یـارمەتی دامـەزراندن و پێشکەوتنی پیشەسازیین وەک:
1- شوێنی جوگرافی: دیاریکردنی شوێنی جوگرافی گونجاو یەکێکە لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی پڕۆژەی پیشەسازیی. پێویستە دووربێت لە دانیشتووان و نزیک بێت لە سەرچاوەی ماددەی خاوەوە، تا تێچووی گوێزانەوەی کەم بێت، چونکە بوونی ماددەی خاو کاریگەری گەورەی لە پێشکەوتنی پیشەسازییدا هەیە. خۆ ئەگەر ماددەی خاو نەبێت، ئەوا دەوڵەت ناچاردەبێت لە دەرەوە ئەو ماددانە هاوردەبکات، ئەمەش بە زیان لەسەر پیشەسازیی و ئابوری دەکەوێتەوە.
2- بوونی هێزی مرۆیی لێهاتووی زیرەک و شارەزا، هۆکارێکن بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەی پیشەسازیی.
3- سەرمایە یەکێکە لەو هۆکارە گرنگانەی پیشەسازی لەسەر بنیات دەنرێت، جا پڕۆژەیەک چەندیش بچووک بێت، بە بێ بوونی سەرمایەی پێویست ناتوانێ بەردەوام بێت.
4- پێویستە پڕۆژەی پیشەسازی لەو ناوچانەدا دابمەزرێن، کە ئامرازەکانی گواستنەوە و پەیوەندیکردنیان لەبەردەستدایە، بۆ گواستنەوەی ماددەی خاو و بەرهەم و کرێکار و فەرمانبەرەکانی.
5- بازاڕ: ئەو شوێنەیە بەرهەمەکانی پیشەسازییان تێیدا ساخدەکرێتەوە، نەبوونی شوێن هۆکارێکە بۆ نەفرۆشتن و مانەوەی بەرهەمەکان لە کۆگاکاندا، سەرئەنجام بەزیان لەسەر پڕۆژەکە دەکەوێتەوە.
ئەوەی شایانی باسە کشتوکاڵ و پیشەسازی دوو لقی سەرەکی ئابوریین، هەردووکیان وابەستەی یەکترین و گەشەسەندنی کەرتێکییان، کەرتەکەی تریان بەهێز دەکات، بە تایبەتیش پیشەسازی لەبەر چەند هۆکارێک ڕۆڵی گەورە و گرنگی لە پێشکەوتنی وڵاتدا هەیە، کە بە کورتی لێرەدا ئاماژە بۆ هەندێکێان دەکەین:
1- پیشەسازی ئاستی ژیانی کۆمەڵگا بەرزدەکاتەوە، لە ڕێگای دابینکردنی هەلی کارەوە. ئەمەش هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوە و چارەسەرکردنی ڕێژەی بێکاری، چونکە بە گشتی پیشەسازی پەیوەستە بە بوارەکانی: کشتوکاڵ، بازرگانی، وزە، هەڵگرتن و گواستنەوەوە، کە هەرهەموویان پێویستییان بە کرێکار و فەرمانبەرە. هەر بۆ نموونە ئەگەر کارگەیەک 100کرێکاری هەبێت، ئەوا لە دەرەوەی کارگەکە، کار بۆ نزیکەی دوو ئەوەندەی ئەو ژمارەیە دەدۆزرێتەوە.
2- پێشکەوتنی کەرتی پیشەسازی هۆکارێکە بۆ زۆر بوونی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان و بەرزکردنەوەی ڕێژەی داهات و کەمکردنەوەی هەناردەکردنی ماددەی خاو بۆ دەرەوە بە نرخێکی هەرزان. چونکە هەناردەکردنییان بە هەرزان، وڵاتانی تازەپێگەیشتوو ڕووبەڕووی قەیران و کێشەی ئابوری دەکاتەوە، بە تایبەتی کاتێک داوا و خواستی وڵاتانی بێگانە گۆڕانکارییان بە سەردا دێت.
3- گەشەسەندنی کەرتی پیشەسازی بەشداری لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێناندا دەکات، چونکە کەرتی پیشەسازی یەکێکە لەو کەرتە گرنگانەی زۆرترین توانای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای تازەی سەردەمیانەی هەیە. زیادکردنی قەبارەی بەرهەمهێنانیش ڕادەی تێچوون کەمدەکاتەوە و جۆری بەرهەم باشتر دەکات و ڕێژەی قازانجیش بەرزدەکاتەوە، لە بەرامبەردا سوودی زۆری بۆ بازرگانییەکانی تری ناو کۆمەڵگا دەبێت. واتە ئەگەر لە وڵاتێکدا گەشەسەندنێکی پیشەسازی بەهێز هەبێ، ئەوا تێکڕا هەموو ئابوورییەکە لە گەشەکردندایە، دانیشتووەکانی ئاسوودەن و ژیان بەرەو خۆشی و سەقامگیری دەبات و وڵات لە هەرا و بەڵا و ئاژاوە دوور دەخاتەوە. بە کورتی پێشکەوتنی ڕاستەقینەی ئابوری تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە پیشەسازییەوە، هەر بۆیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا پیشەسازی بە گرنگترین هۆکاری گەشەسەندنی ئابوری ئەژمار دەکرێت. لەمەش گرنگتر: ئەو وڵاتەی گرنگی بە پیشەسازی و تەکنەلۆژیا نەدات، بەرگەی فوویەک ناگرێت و هەمیشە بە کێشەو لاوازییەوە دەمێنێتەوە.
4- کەرتی پیشەسازی بەشدارە لە دابینکردن و ئاڵوگۆڕی دراوی قورسی بێگانە و چارەسەرکردنی کێشەی بودجەی وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا، بەهۆی دروستکردن و هەناردەکردنی بەرهەمی جیاواز و کەمکردنەوەی ڕێژەی هاوردەکردنەوە.
5- پیشەسازیی یارمەتیدەرێکی چاکە بۆ دابینکردنی بەرهەمە دروستکراوەکانی ناوخۆ بە نرخێکی گونجاو، کە دەبێتە هۆی هاوردەنەکردنی بەرهەم و کاڵای هاوشێوە لە وڵاتانی بێگانەوە بە نرخی گران، هەروەها چاکی جۆری بەرهەمەکان، هۆکارێکە بۆ هەناردەکردنییان بۆ وڵاتانی دەرەوە، لە ئەنجامدا کاریگەری باشی لەسەر ئابوری وڵات بەجێدەهێڵێت.
6- پاراستنی چەندین جۆری خۆراک لە خراپبوون بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ و مانگ و ساڵ، بە پێی شێوازی پاراستنیان. وەک بەستن، وشککردنەوە، یان ماددەی پاراستنەوە. هۆکارێکن بۆ بوونی چەندین جۆری خۆراک بە درێژایی وەرزەکانی ساڵ لە بازاڕەکاندا. پاشان وشککردنەوەی هەندێکییان، کیش و قەبارەیان کەمدەکات و تێچووی گواستنەوەیان دادەبەزێت.
7- پیشەسازی یەکێکە لە هۆکارەکانی پێشکەوتن و شارستانییەت. لە هەر ناوچەیەکدا پیشەسازی هەبێت، هۆکارەکانی گواستنەوە و پەیوەندیکردن زۆر دەبن و خوێندنگا و ئامۆژگا و زانکۆ و بانکەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان پەرەدەسێنن. لە ئەنجامدا کاردانەوەی چاک و پڕۆژەی زیاتر و ئاوەدانی و شارستانییەت بە دوای خۆیاندا دەهێنن.
8- جەنگ و بەرگریی بە چەک و چۆڵی بێگانە، بە تایبەتی لە کاتی تەنگانەدا، کارێکی کوشندەیە و کاردانەوەی زۆر خراپ لەسەر ئەنجامەکانی جەنگ بەجێدەهێڵێت ، هەر بۆیە گرنگی دان بە دروستکردنی پێویستییەکانی جەنگ، کارێکی پێویستە و بەشێکە لە گەشەکردنی پیشەسازی و پاراستنی وڵات.
لە مانەش بترازێ پیشەسازی یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی ئاستی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان، لەڕێگای ڕەخساندنی هەلی کارەوە. زۆر گرنگە ژینگەیەکی لەبار و سیستەمێکی ڕێکخراوی کارای شارەزاو سەرمایەی مرۆیی پشتگیری لە کەرتی پیشەسازی چالاک بکات و بەرهەمی بگاتە بازاڕەکان. تا هانی جوتیاران بدات، هەر بستە زەوی و بەیارێک تۆزێک نەرمان بێ تۆوی لێ بخەن و بتوانن بەرهەمی زیاتر لەسەر زەوییەکانییان بەرهەم بهێنن. ئەو کاتە ڕێژەی گەشەسەندنی ئابوری بەرزدەبێتەوە، بە تایبەتی ئەگەر جوتیار سوود لە تەکنەلۆژیای تازە وەبگرێت، لە ئەنجامدا داهاتیان زۆر دەبێت. سەرئەنجام پێویستە سیاسییەکان زۆر باش ئەو ڕاستییە بزانن، پیشەسازی سوودی بۆ هەموو چینەکانی کۆمەڵگا هەیە و خۆشگوزەرانی بە دوای خۆیدا دەهێنێت و کۆمەڵگایەکی بەختیار و ئاسوودە لە سایەیدا دەژین. بەڵام بە داخەوە لە دوای ڕاپەڕینەوە لە هەرێمدا، ئەوەندەی گرنگی بە بەرزکردنەوەی باڵەخانەکان دراوە ، کە سەرچاوەی بە عەربکردن و دەیان کێشەی کوشندەن، گرنگی بە پیشەسازی نەدراوەو تەخت و تاراجی پیشەسازییە مەزنەکانیشان ژێروژوورکردووە و ئاسەواریشیان هەر نە ماوە، کە سەرچاوەی بژێوی و ئارامی هەزاران هەزار خێزان بوون، کەچی نە شارەزایانە ڕوویانکردۆتە دەرهێنان و تاڵانکردنی سامانی نەوتیش، کە دەکرا وەک وڵاتانی پێشکەوتوو، ئەو ئاڵتوونە بە نرخەیان شان بە شانی کەرتی کشتوکاڵ، بکردایە بە سەرچاوەی پیشەسازییەکی گرنگ و تەلاری ئابوورییەکی گەورەیان لەسەر بنیاتبنایە. ئاخر خۆ نەوت هەر تەنها ئامرازی گواستنەوە و گەرمکردنەوە نییە، بەڵکو ئەمڕۆ سەدان بەرهەم لە نەوتی خاو دروست دەکرێ. جا ئەگەر یەک بەرمیل نەوتی خاو ( 42 گاڵۆن ) بێت و نزیکەی ( 20 گاڵۆن ) ی بەنزین و ( 4 گاڵۆن ) ی سووتەمەنی تر بێت، ئەوا هێشتا ( 18 گاڵۆن ) ی دەمێنێتەوە بۆ دروستکردنی سەدان بەرهەمی بەنرخی وەک: ڕۆنی بزوێنەر، گریس، بۆن، پەین، پێڵاو، بۆیە، قەڵەمی لێو، مەرەکەب، مۆم، تایە، قڕکەری مێروو، پلاستیک و… هتد. دڵنیام بەو پیشەسازییە مەزنە، نە ئەو نەوتە بەنرخە تاڵان دەکرا، نە کێشەی کۆچ و مووچە و بێکاری و ئاو و کارەبا و سووتەمەنی دەما، نە دەستیشمان لە حکومەتی عیراق پاندەکردەوە بۆ سواڵ.. بە ڕاست ئێمە لە سیاسەتدا بۆ ئەوەندە کۆڵەوارین، بە خواستی خۆمان داگیرکەران وەک ئافات و پەتا و دەرد، لەسەر خاکەکەمان تەراتێن دەکەن و سامانەکەمان بە تاڵان دەبەن، کەچی نەموویەکمان دەجوڵێ، نــە خەمی نیشتمانەکەشمان لە کۆڵ ناوە!.

تێبینی: بۆ ئەم باسە سود لە چەند سەرچاوەیەکی عەربی وەرگیراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت