عیماد عەلی: زۆر دڵخۆش مەبن بەو دەرئەنجامە کارەستبارە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر شکستهێنانی شۆرشی ئەیلول تەنها هەرەسی چەکداری بوو، ئەوا ئەمرٍۆ لەبەردەم هەرەسێکی زۆر کارەساتبارتری مێژوویی و نەتەوەیی و نیشتمانی و کەلتوریداین کە دیسان وڵاتانی زلهێز بە ناراستەخۆ پشتیان لە کوردستان کرد و پیلانی هەمەلایەنەی دەوربەر و نەزانیی دەسەڵاتی حزبەکانی خۆشمان لە پێشەوەی هەموو شتێکە کە سەرجەم هێلکەکانی خستۆتە سەبەتەکەی تورکیا و ئەمریکاوە و رادەی غەشیمیی سیاسی و نزمیی بیرکردنەوەی سەرکردایەتی و دەسەڵاتی کوردی بۆ هەمووان دەردەخست.
کێ لە میژوودا بینیویەتی گەلێک بە شکست و هەرەسی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆی دڵخۆش بێت و تەنانەت هیوای زوو دارٍمانی ئەزمونە تاقانەکەی مێژووی خۆی بێت، ئەگەر ئەم کوردە نەبێت. ئەگەر ئەمە هۆکار گەلێکی بابەتی و خودی خۆی هەیە، بەڵام تۆزێک تێرٍامان و بیرکردنەوەی قووڵ تێیدا بکەیت و هەست بەو دابرٍانە فراوانەی دەسەلات لە نەتەوەکە بکەیت دەزانیت حۆن ئەو کارەساتە دروستبووە و هەستی خەمباری و نەهامەتی لە ناخی هەموو دڵسۆزوێک دروست دەکات و بێئومێدیەکی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت.
دەسەڵاتێک تەنها خەمی بنەماڵە و حزب و بازنەیەکی تەسکی دەورەبەری خۆی بێت هێڵی گەرانەوەی باری ژیانی کەسی و خێزانی و بنەماڵەیی بۆ خۆی دانابێت و هەر کاتێک زۆری هاتەسەر لێی دەقوچێنێت و گەنجەنیەی میلەت بەتاڵ دەکاتەوە و نەوە لە دوای نەوەکانی خۆی پێی دەژێنێت و بە بەرزکی بانان لێی دەردەچێت، ئا ئەمانە جگە لە نەفرەتی مێژوو شایانی هیچ رێزگرتنێک نین و نابێت ئێمەش گلەیی لە پێشینان خۆمان بکەین کە هیچیان بۆ نەکردووین، لەگەڵ ئەوەی لەم جۆرە دەرفەت و هەلەیان نەهاتۆتەبەردەست.
بابیهێنینەوە یادی هەموومان کە ئەم دەسەڵاتە نەبوو بێ هیچ پلان و ستراتیجیەتی دوورمەودای پتەو باسی لە ئابووری سەربەخۆ دەکرد و بوغرا بوو و بە بوغدای دەوت موفلیسە و خێری بەو بوغدایەی دەکرد و پرۆژەی بۆ گەنجانی بوغدا پێشکەش دەکرد لەسەر حسابی هەژار و داماوی ئەم گەلە و ئێستا لاقرتێ و گاڵتە بە باری کورد دەکات و مێش میوانی نیە و شەرم لە شکست و ماڵوێرانی ئەم گەلەناکات کە چارەنوسی کەوتۆتە دەست ئەو جۆرە بەناو سەرکردانەی کە شایانی نەفرەتن. سەرەتای کەوتن و شکست دەرکەوتووە و هەموو ملکەچبونێک دادی ئەم حزبانە و دەسەڵاتی هەرێم نادات و تەنیا چارەیەک ملدانە بە شکستەکە و داننانە بەوە تەنها ئەوانە هۆکاربوون و ئەگەر زەرٍەیەک هەست و ویژدانیانە مابێت دەبێت خۆیان ملیان بخەنە بەردەم تەرازوی دادگەری گەل و حوکمی مێژویی دادپەروەرانە بدرێن.
ئەوەی جێگەی داخە تاوەکو ئێستاش وەکو ئەوەی هیچ رووینەدابێت کەس خۆی ناکات بەخاوەن ئەم شکستە وەکو چۆن خۆیان بە پێشەنگی خاوەن سەرکەوتن لەقەڵەمدا، ئێستاش هیچ کەسێکیان خۆی ناکت بە خاوەن شکست و خۆیان لێکردووە بە نەبان و نوتقیان برٍاوە و تا ئێستاش لە ململانێ و کێبرکێی کەمەر شکێنی نێوان خۆیان و زیان گەیاندن لە میلەت نەکەوتوون و شەرم دای نەگرتوون.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت