بورهان شێخ رەئوف: توركیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی نزیك دەبێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كاندیدی دەستنیشان نەكرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری توركیا، ئەم هەنگاوەش چانسی سەركەوتنی كەمال كلیچدار ئۆغڵو كاندیدی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز كرد لە خوولی یەكەمی هەڵبژاردنەكەدا، بە گوێرەی سەنتەرەكانی راپرسی لە توركیا، هەرچەندە هێشتا روون نەبۆتەوە بەڵێنەكانی كلیچدار ئۆغڵو بۆ كورد چین، سەبارەت بە چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەی كورد لەو وڵاتەدا.
لەلایەكی ترەوە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لە هەوڵی ئەوەدایە كە پارت و لایەنە ئاینییە بچووكەكان رازی بكات بۆئەوەی دەنگی پێ‌ بدەن لە پاڵ ماشێنی میدیایی زەبەلاحی دەوڵەتدا بۆ لەتكردنی ریزەكان ئۆپۆزسیۆن، بەتایبەتی حزبی رەفاهی نوێ‌ كە فاتیح ئەربەكان كوڕی نەجمەدین ئەربەكانی رابەری لە مێژینەی ئیسلامییەكانی توركیا سەرۆكایەتی دەكات، كەرادەی جەماوەری 1% تێپەڕ ناكات، بەڵام نەیتوانی فاتیح ئەربەكانیش رازی بكات لایەنگری هاوپەیمانی كۆمار بێت، چونكە فاتیح رەخنەكانی باوكی بە بیرهاتەوە كە لە ئەردۆغانی گرتبوو كە چەندین جار بە دەستكردی ئیسرائیل و ئەمریكای ناوبردبوو.
لەلایەكی دیکەوە ئەردۆغان توانی (هوداپار) كە پارتێكی ئیسلامی كوردی توندڕەوە قایل بكات دەنگی پێ‌ بدەن، هەروەها توانی موحەڕەم ئینجە كاندیدی پێشووی (جەهەپە) لە 2018 قایل بكات، وەكو سەربەخۆ خۆی كاندید بكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار بۆ ئەوەی دەنگەكانی كلیچدار ئۆغڵو كەم بكاتەوە و هیچ نەبێت بەربەستی بۆ دروست بكات.
بەڵام گورزە گەورەكە كە بەر هاوپەیمانی كۆماری ئەردۆغان – باخچەلی كەوت ئەوەبوو كە هەدەپە رایگەیاند كاندیدیان نابێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار، هەرچەندە هەدەپە مەترسی داخستن و قەدەغەكردنی كاری سیاسی لەسەرە لەلایەن دادگای باڵای دەستووری توركیاوە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، ئەمەش ناوەندە سیاسییەكان وای لێكدەدەنەوە كە پشتگیری كلیچدار ئۆغڵو-ی كاندیدی بەهێزی ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام هەدەپە ئەڵتەرناتیڤیان بۆ ئەو ئەگەرەش داناوە، ئەگەر داخران ئەوا پارتی سەوزی چەپ نوێنەرایەتیان دەكات و دەنگەكانیان لە رێگەی ئەو حزبەوە دەدەن.
هەرچەندە هێشتا زووە، بەڵام هەندێک لە ناوەندەكانی راپرسی باس لەوەدەكەن كە كلیچدار ئۆغڵو 55%ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، هەندێ‌ ناوەندی تری راپرسی زیاتریش دەڕۆن و پێشبینی بە دەستهێنانی 60% ی دەنگەكان دەكەن، ئەویش بەهۆی كاردانەوەی توندی خەڵك سەبارەت بە سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی ئەردۆغان، بەتایبەتی شكستی لە هەڵسوكەوت كردن لەگەڵ لێكەوتەكانی بوومەلەرزەكە و پێش ئەوەش قەیرانی دارایی و ئابووری.
ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە بۆ كوردی باكوور كلیچدار ئۆغڵو لە دوا كۆبونەوەی لەگەڵ سەركردەكانی هەدەپە پێداگریی كردووە لەسەر چارەسەركردنی سیاسی و ئاشتیانەی كێشەی كورد لە توركیا، كە ئەمەش كاریگەریی راستەوخۆی دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە سوریا، بە تایبەتی كلیچدار ئۆغڵو زۆرجار باسی لەوە كردووە كە دەبێت پەیوەندییەكانی توركیا و سوریا ئاسایی بكرێتەوە، ئاوارە سورییەكان بگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتەكەیان، ئەویش بە هاوكاریی وڵاتانی ئەوروپا و كەنداو بۆ بنیاتنانەوەی سوریا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت