کەمال عەبدوڵا گەورە: گرنگی کاری ڕۆژنامەگەری.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سڵاو لەگیانی بەرزەفڕی مامۆستای گەورەی مێژوومان و مێژووی شارستانییەتی و پێشکەوتن و گۆڕانکاری ڕۆژنامەگەری و ڕۆژنامەنوسی کوردی و جیهانی میر میقدادبەگی کوڕی میرمەدحەت بەگی بنەماڵەی گەورەو خانەدانی بەدرخان، ئەو کەسە مەزنەی کە سەدەو چارەگێک لەمەوبەر، واتا سەت و بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر، یەکەمین کاریی گەورەی کردوو، یەکەمین هەنگاویی بوێرانەی ناو، یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی دەرکرد لەقاهیرەی پایتەختی میسرو پایتەختی هەموو شارستانییەتی دونیا. دەمەوێت بڵێم: دەکرێ ئێمە لەساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیدا بپرسین و بڵێین: ئایا لەم هەموو زەمەنە دوورودرێژەدا کاری ڕۆژنامەگەری و ڕۆژنامەنوسانی ئێمە توانیوییانە چی لەچی بگۆڕن و چ دارێکیان خستۆتە سەر کام بەردی ژیانمان؟
ئایا ڕۆژنامەگەریی کوردی هیچ کاریگەرییەکی ئیجابی و پۆزەتیڤی بۆ سەر بواریی پەروەردەمان و سێکتەرو سەنتەرەکان و دام و دەزگاکانی ئەو بوارە هەبووەو توانیوییەتی بچوکترین گۆڕانکاریی سادە لەم بوارو لایەنەدا بکات؟! توانیویەتی کاریگەری لەسەر تێگەیشتنی دینیمان هەبێ؟ تائێستا ڕۆژێک لەڕۆژان هەبووە، کاری ڕۆژنامەگەری لەوڵاتی ئێمەو لەهەر چوار پارچەی کوردستان، جوڵەی شەقام بگۆڕێ؟! ڕۆژنامەنوسێکی کورد توانیوییەتی کاریگەری بکاتە سەرئەدای کارەکانی حکومەت و دەسەڵاتداران؟ فەرەحی دیبا ژنی سێیەمی موحەمەد ڕەزاشای ئێران لەکتێبی بیرەوەرییەکانی (نهێنییەکانی شاو فەرەح)دا دەڵێ: ڕۆژێک یەکێک لەڕۆژنامەکانی تاران لەسەردەمی دەسەڵاتی بنەماڵەی پاشایەتیدا، نوسی بووی، خومەینی پیاوێکی هیندییەو ئێرانی نییە. تەنها نوسینی ئەو ڕستەیە هەمووتاران و سەرانسەری ئێرانی هەژاندو خۆپیشاندانی گەورە دەستی پێکرد، کە تەختی پاشایەتی بنەماڵەی پەهلەوی لەرزاندو لەرزۆکی کرد و ئەوەبوو لەکۆتایشدا یەکجاری کۆتایی پێهات! لەنەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو، یەکێک لەسیاسییەکانی ئینگلیز گوتبووی: ڕۆژنامەکوردییەکان لەگەڵ نەشرەی سەردیوارەکانی قوتابخانە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی وڵاتی ئێمه کەمنداڵان و هەرزەکاران دەیاننوسن، هیچ جیاوازییەکییان نییە! ئەی ئەگەر وایەو ڕۆژنامەگەری لەو کوردەوارییەی ئێمە، هیچ دەورێکی ئەرێنی لەژیانی ئێمەدا، ڕایی ناکات. بوونی ئەم هەموو دام و دەزگای میدیایی و ئەم هەموو ڕۆژنامەنوس گەلە چییەو بۆ دەبێ لەو کارە پاسیڤ و بێکەڵکانە هەر بەردەوامبن؟!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت