دلێر محەمەد نوری: ئەم ڤیدیۆیەشم بۆ هەڵگرن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیاسەتی کوردی بووە بە گاڵتەجاڕی، گاڵتەجارییەک کە دەرئەنجامەکەی ئازار بەخشە بۆ گەلی کورد لە باشور. ئەگەر تۆش لەو سیاسییانەی کە دڵنیا نیت لەوەی بەڵێنەکانت بۆ دەبرێتە سەر، تکایە دەست لەم کارە هەڵکرە و سەروەرییەک بۆ خۆت تۆمار بکە. دەنا بێ بەڵێنی لە گەڵ ئەم گەلە ستەمدیدەیە، وەکو چەقاندنی خەنجەرە لە دڵی هەر یەکێکیاندا. ئەو دڵانەی تاوەکو ئێستا جێگەی سێ خەنجەری تری پێوەیە.
خەنجەرێکی پارتی و خەنجەرێکی یەکێتی و خەنجەرێکی گۆڕان. هەندێ وردە خەنجەری پاشکۆ حزبەکانیش. بێگوومان دڵێک بە سێ خەنجەری گەورەوە، جێگەی خەنجەرێکی دیکەی تیا نابێتەوە. دواجار بۆیە لە پێشەوە ئەم پەیامە دەنێرین چونکە، ئەگەر جارێک لەوان دوودڵ بووبین، دەبێت دەیان جار لە ئێوە دوودڵ بین.
لە چاوپێکەوتنێکدا د.غالب گووتی، ئەشێ شۆڕشگێرەکان لە ئەنجامی گەیشتنە دەسەڵات و گەندەڵی، ببن بە بازرگان، بەڵام کێشەکە گەلێ گەورەتر و کارەساتبارترە، کاتێک بازرگانێک دەسەڵات بگرێتە دەست. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێ کە ئەشێ شۆڕش تێکەڵ بە دەسەڵات و گەندەڵی ببێ، چارەسەریش بکرێت، بەڵام ناکرێ بازرگانی و دەسەڵات تێکەڵ بە یەک بکرێن و دەستمان بە هیچ چارەسەرێک نەگات.
هەر لەبەر ئەوەشە من وای تێدەگەم هەرچۆنێک بێت و بۆ دواجار دەتوانین بە شۆڕشگێرەکان بڵێین: ئا ئەمەتان لە کوێ بوو؟ چونکە کە هاتن هیچتان نەبوو! هەر بۆیە هیچ کاتێکیش شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ ناتوانن پێمان بڵێن کە چییان هەیە یان دەستکەوتووە. بۆیە ئەوەی کە هەیانە بە ناوی کەسانی دیکەوەیە. هەر بۆیە لە هەر کات و ساتێکدا ئەکرێت سزا بدرێن و ئەوەی هەیانە بە وشک و تەڕەوە، لێیان بسەنرێتەوە. بەڵام ئێمە چۆن بتۆانین، کە ئێوە دواجار کە دەسەڵاتتان گرتە دەست، پارەی خۆتان و پارەی خۆمان، جیا بکەینەوە؟ وە هەرگیز ناتوانین بزانین لە کوێدا پارەی ئێمەت خستۆتە خزمەتی پارەی خۆتەوە. ئێمە سێ جار مارانگاز بووین، بۆیە لە خشپەیەکی مار ئەترسین.
گەورە نووسەر و ئەدیبی میسری نەجیب مەحفوز ئەفەرمێ: “ئەوەی گەورەترین ئازارت پێ ئەبەخشێ ئەوەیە، کاتێک کوێرانە باوەڕ بە کەسێک ئەکەیت و ئەو کەسەش هەر خۆی، بۆت ئەسەلمێنێ کە کوێریت”. ئێمە لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە پارتی و یەکێتی چەندین جار بۆیان سەلماندین کە کوێرین. ئیسلامییەکانیش جگە لە کوێرکردنمان، ئەوانیش هیچ ئامانجێکی دیکەیان نیە. گۆڕانیش هات دووبارە کوێرانە باوەڕمان پێ کردن و تا ئەمڕۆشی لە گەڵدا بێت، بۆیان سەلماندووین کە کوێرین.
ئێستا ئەوانەمان کە تۆزێک ڕووناکی لە چاوەکانماندا ماون تا ئێوەی پێ ببینین، هەرچەندی ئەهێنین و ئەبەین، ناتوانین کوێرانە باوەڕ بەو وتانەی بازرگانێک بکەین کە ئەو هەناسەدانیش بە پارە ئەپێوێت. لە گەڵ هەموو ئەمانەشدا وا دەردەکەوێ کە جەماوەرێکی باشتان لە خۆتان کۆکردبێتەوە بۆ ئەو هەڵبژاردنەی کە چاوەڕوانین کە بکرێت. ئەوانە کەسانی هەرە بریندار و هەژار و بێکار و دەردەداری وڵاتەکەن. ئەوانە زۆر کوێرانە باوەڕ بە ئێوە و حزبەکەتان ئەکەن. دڵیان بە میدیاکانتان ئەکرێتەوە. تەنانەت لە خۆشەویستی ئێوەیە کە دێنە چاڤی لاندیش.
جا تکایە نەکەن ئازاریان بدەن، وەکو ئەوەی نەجیب مەحفوز ئەڵێت: کە بۆیان بسەلمێنی کە کوێربوون کاتێ کوێرانە باوەڕیان پێ کردن. ئێمە تاکە بەڵگەیەک کە شک ببەین بۆ ڕاستی ئەو بەڵێنانەتان، چەند ڤیدیۆیەکە کە جاروبار بە دەم لێدانی شێش کەباب و بە نیشاندانی توری قوڕاوی و یاخود بەدەم لێخوڕینی ئۆتۆمبیلە گرانبەهاکانتانەوە، نیشانمانی دەدەن. بەڵام بزانە وەکو خۆتان زوو زوو ئەڵێن ئەم ڤیدیۆیەشمان بۆ هەڵگرن، هەموو ڤیدیۆکانمان بۆ هەڵگرتوون. جا گەر بێت وەکو سیانەی دەسەڵات و پاشکۆ حزبەکانیان بێ بەڵێن بن، ئەوا یەک یەک ڤیدیۆکانتان بۆ لێدەدەینەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت