بەهرۆز جەعفەر: بۆچی ڕۆژێکی مێژوویی لە تورکیا، بۆچی دەنگدان لە تورکیا ڕەهەندێکی جیهانی هەیە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمڕۆ 14 ی ئایاری 2023 ئەستێڵی مێژوو، گۆڕانکارییەکی ناوخۆیی بۆ تورکیاو ناوچەیی بۆ گەلانی ناوچەکەو جیهانی بۆ خۆرئاوا لە خۆ دەگرێت. ملیۆنەها کەس لە تورکیا دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان: زیاتر لە (64.1) شەستو چوار ملیۆن و سەت هەزار هاونیشتیمانیی تۆمارکراون، دەنگەکانیان دەخەنە ( 191.885) سەتو نەوەت و یەک هەزار و هەشت سەت و هەشتاو پێنج سندووقەوە. هەر دەنگدەرێک دوو دەنگ دەدات؛ یەکێک بۆ سەرۆک، یەکێکیش بۆ ئەو پەرلەمانتارەی هەڵیدەبژێرێت، هەریەکەیان بۆ ماوەی (5) ساڵ نوێنەرایەتی خەیاڵدان و مافەکانی دەنگدەرانی تورکیا دەکەن. بەدیاریکراوی (30) پارتی سیاسیی و (150) کاندیدی سەربەخۆ بۆ بە دەستخستنی (600) کورسی پەرلەمان کێبڕکێیەکی تووند دەکەن.
پێنج بلۆکی فرە حزبی لە کاندیدکردنەکەدا هەن: هاوپەیمانی گەل، هاوپەیمانی نەتەوە، هاوپەیمانی باوباپیران، هاوپەیمانی کرێکاری و ئازادی، هاوپەیمانی یەکێتی هێزە سۆسیالیستەکان.
ئەمەی لەسەرەوە باسکرا؛ تەنهاو تەنها وەک زانیاریی و شرۆڤەیەکی ڕۆژنامەوانییە. ئەوەی پێویستە توێژەرێک بە دوایدا بگەڕێت ئەوەیە؛ لە دوای بیستو چوار کاتژمێری دیکەوە تا چەند ساڵێکی دیکە چی لە تورکیا ڕوودەدات و کاریگەرییە هەمەجۆرەکانی بۆ ناوچەکە و جیهان چی و چۆن دەبێت؟

بۆچی تورکیا حاڵەتێکی تایبەتە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا؟
سیفەتەکانی وەک: پێگەی جوگرافیی، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئاینی، سیستەمی سیاسیی، کاریگەریی لەسەر جەمسەرگیریی ناوچەیی و جیهانیی لە تورکیا وەک هیچ کام لە (196) دەوڵەتەکەی دیکەی جیهان نییە. لە سوید هەڵبژاردن دەکرێت، تەنها چوار حیزبن و ململانێیەکی دیاریکراویان هەیە لە نێوان پارتی ئیشتراکی دیموکراتی، حیزبی ناوەند، چەپەکان، سەوزەکان. هەموو شەن و کەوەکە لەوێدا تەواو دەبێت. یان لە یابان تەنها دوو حیزبن؛ حیزبی دیموکراتیی (مینشینتو) کە لە (2009) ەوە پارتی فەرمانڕەوایە، لەگەڵ پارتی دووەم کە حیزبی کە لیبراڵ- دیموکراتەکانن (جیمینتو) و دیدێکی کۆنزێرڤاتانەیان هەیە: ئیتر لێرەدا قسەو باس و حیکایەت تەواو دەبێ. بەڵام لە تورکیا وانییە. ڕەهەندەکانی ئێجگار زۆرن.
– ڕەهەندی ناکۆکی لەسەر گۆڕینی شوناس و ناسنامەی تورکیا، ئایا عیلمانیەتێکی خۆرئاوایی (هاوشێوەی ئەوەی فەڕەنسا واتە؛ لایستێ) بێت یان ناسنامەیەکی کلاسیکی ئیسلامیی و بادانەوە بە ئاڕاستەی سەرکردایەتیکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یاخوود ئیسلامێکی میانەڕەوی-پراگماتیکی وەک ئەو مۆدێلەی ئاکپارتی کە لە (2002 ەوە تا 2015) بە سەرکەوتوویی هێنای.
– ڕەهەندی کودەتا: لە (1960 ەوە تا 1997) سەرباز چوار حکومەتی هەڵبژێردراوی ڕووخاندووە: بە کودەتاکانی ساڵانی 1960 و 1980 و بە بڕیاری سەربازی لە ساڵانی 1971 و 1997. ئەوەی ئەمجارە وەک سیناریۆیەک (ئەگەرێک) ئەگەر ڕووبدات هاوشێوەی ئەو کودەتایە دەبێت کە (63) ساڵ بەر لە ئێستا بە دیاریکراوی ئەم بەروارەی ئێستا ڕوویدا؛ لە 27 ی ئایاری 1960 دا یەکەم کودەتای کۆماری تورکیا ڕوویدا، لەلایەن گروپێکی 38 گەنجی ئەفسەری سەربازی تورکیاوە ئەنجامدرا، کە لە دەرەوەی زنجیرەی فەرماندەیی سەربازی مامەڵەیان دەکرد. ئەنجامەکەی دوورخستنەوەو لە داردانی سەرۆکوەزیران «عەدنان مەندەریس» بوو.
– ڕەهەندی ئیسلامی سیاسیی. لە ساڵی (1973) ەوە تا ئەم چرکەساتەی (2023) ئیسلامی سیاسیی خەونی گەڕانەوەی هەیە بۆ زاڵکردنی گوتار و قەڵەمڕەویی خۆی لە تورکیا. هەموو جارەکانیش بە سەرکردایەتی باوکی ئیسلامی سیاسیی «نەجمەدین ئەربەکان» ئەمە دەکراو، هەموو جارەکانیش دەستەڵات بە بیانووی سەرپێچیی دەستووریی و تۆمەتی گۆڕینی ئاڕاستەی بیریی دەوڵەت حیزبەکانی دەداخرا، تا دواتر «حیزبی ڕەفاه» و پاشان «فەزیلە» و ئینجا «سەعادەت»، ئینجا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە پشتی باخچەکەی مامۆستاکەی «ئەربەکان» ەوە لە حەوشەکە هاتە دەرەوەو حیزبی دادو گەشەپێدانی تورکیی لە ( 14 ی ئابی 2001) دا بە ئەمیندارێتی «فاتیح شاهین» و سەرکردەکانی وەک «بینالی یەڵدرم» و «عەبدولحەمید غەول» پێکهێنا. ئەگەر تێبینی مێژووەکە بکەین، هەرکاتێک هێزێک ویستوویەتی ناسنامەو شوناسی کۆمەڵگەو دەوڵەتی تورکیی بگۆڕێت، کودەتا ڕوویداوە (ئەوە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان)، بۆیە دەبینین کاراکتەرێکی وەک تورکوت ئۆزاڵ- Turgut Özal لە سییستمەکەدا سەرکەوتوو بووە لە ماوەی (1983 تا 1989) سەرۆکوەزیران بوو،،لە (1989 تا 1993) سەرۆکی تورکیا بووە: هێڵێکی ناوەندیی گرتبوە بەر. بۆ ئەوەی دەرگای تورکیا بەرەو ڕووی خۆرئاواو کۆمپانیاکانیان بخاتە سەر پشت، بە شەوان لەگەڵ وەبەرهێنە ئەوروپییەکاندا مەی دەخواردەوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگاو نوخبەی ترادیشناڵی ئاینی لە خۆی ڕازی بکات، بە ڕۆژ لە مزگەوتەکاندا نوێژی دەرکرد.

پێگەی جوگرافیی تورکیا ڕەهەندە ستراتیجییە هەستیارەکەیە
ئەو ناوچانەی تورکیا لینکی جوگرافیی ڕاستەوخۆی لەگەڵیدا هەیە، لە هەموو ڕوویەکەوە دڵی جیهانن: تورکیا لە قەوقاز، لە ناوچەی بولقان و دەریای ڕەش، تورکیا وەک پۆستێکی گەورەو گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئاسیادا، تورکیا وەک بۆردەرێک بۆ ئەوروپا کە خوازیارە هەموو (هەموو شتێک) هەموو هێڵێکی وزە بە خاکی تورکیادا بچێتە ئەوروپا نەک چەند دانەیەک. تورکیا لە دەریای سپی ناوەڕاست (میدیتریانە- Mediterranean) یەکێکە لە وڵاتە سەرەکییەکان. لەم ناوچەیە یەکێک لە کێشە هەرە گەورە- مێژووییەکان لە نێوان یۆنان و تورکیا لە لایەک، هەموو ئەوروپاو تورکیا لە لایەکی تر بە هەڵواسراویی ماوەتەوە کە کێشەی دوورگەی قوبرسە. لەم ناوچەیە لووتکەی گازیی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست هەیە کە هەموو وڵاتانی ناوچەکەی تێدایە جگە لە تورکیا. لەم ناوچەیە کێشەی سوریا و لیبیا هەیە، لەم ناوچەیە کێشەی لوبنان و ئیسرائیل هەیە، کێشەی کۆچبەر هەیە، کێشەی فەلەستین و ئیسرائیلیش هەیە. لە هەموویاندا تورکیا بەشێکی گرنگی قسەکردن و هاوکێشە ئەمنی و سیاسییەکان بووە.
لە هەموو ئەمانەدا، حیزبی فەرمانڕەوایی کە ئاکپارتییە بە ڕێبەرایەتی ئەردۆگان لە ساڵی (2010) ەوە سەرئێشەیەکی گەورەی بۆ ئەوروپاو ئەمریکا درووست کردووە. ڕۆژێک لەگەڵ ئیسرائیل ناکۆکی و وتاری زبری هەیە کە لە (2010 ەوە تا ئێستا) پەیوەندییەکانی تورکیاو ئیسرائیل نەگەیشتونەتەوە ئاستی متمانەیەکی تەواوەتی. ڕۆژێک لەگەڵ میسر، ڕۆژێک تورکیا وەک ئەندامی سەرەکی ناتۆ دەچێت مووشەکی ئێس-400 لە ڕووسیا دەکڕێت. ڕۆژێک لەگەڵ پەکەکەو یەپەگە. ڕۆژێک وا دەزانێ ئەمریکا پۆلیسی ئەوە بە زۆر دەیەوێت «فەتحوڵا گویلەن» ی ڕادەست بکاتەوە. ڕۆژێک هەڕەشەی دەرگاکردنەوە لە کۆچبەران دەکات تا بگەنە ئەوروپا. ڕۆژێک لە سوریاوە گرووپی چەکداریی دەبات لە ئاوەکانی سنوری یۆنانەوە دەیان پەڕێنێتەوە بۆ لیبیا ! ڕۆژێک هەڕەشە لە یۆنان دەکات و دەڵێت: بەم زووانە، دەمەو بەیانێک بۆتان دادەبەزین. ڕۆژێک بە شازادەی سعوودییە دەڵێت: قەسابەکەی سعوودییە!
هەربۆیە، هەموو ئاماژەکان لەسەرەتاوە تا ئێستا وایە؛ کە جیهان دەیەوێت ماڵئاوایی لە سیاسەتەکانی ئەردۆگان بکات، جیهان پێویستی بەوە نییە دەوڵەتێکی کاریگەریی وەک تورکیا ڕەفتاری شۆڕشگێڕانەی هەبێت، بەڵکو پێویستی بە دیبلۆماسییەتێک و نەزمێکی نوێی بازرگانیی و ئابوریی هەیە.
شڵەژانە ئابورییەکان
بە پلەی یەکەم، پرسە ئابورییەکان دەبنە هۆی خستنی ئەردۆگان؛ تورکیا پێگەیەکی گەورەی ئابوریی هەیەو ڕۆڵی لە بەرهەمهێنانی جیهانییدا هەیە. پێش ساڵی (2002) پێگەی ئابوریی تورکیا لە (160) هەمینەکاندا بوو، ئیمڕۆکە بووەتە (19)یەمین پێگەی ئابوریی جیهان، ئەندامە لە گرووپی (G-20). بەڵام ئەم ئابورییە تووشی داخورمان و شڵەژان بووەتەوە. لیرەی تورکی دە ساڵ بەر لە ئێستا (150) لیرە بەرانبەر (100$) دۆلار بوو، ئیمڕۆکە (1960) لیرە بەرانبەر (100) دۆلاری ئەمریکییە. وڵاتێکی وەکو عێراق لە (2023) دا یەدەگی بانکی ناوەندییەکەی (100) ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە، کەچی تورکیا یەدەگەکەی (19.99) ملیار دۆلارە (واتە کەمتر لە 20 ملیار دۆلارە) ئەوەش، دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی دوو ساڵدا سێ جار سەرۆکی بانکی ناوەندیی لە تورکیا گۆڕاوە. هەڵاوسانی ئابوریی پێویستە (4٪) بێت تا (10٪) یش تاڕادەیەک لە بارودۆخێکدا ئاسایی وەردەگیرێت، کەچی لە تورکیا گەیشتۆتە (80٪)! حکومەتەکە خۆی دەڵێ بێکاریی (10٪) ە بەڵام زۆر سەرچاوەی دیکە دەڵێن تا سەروو (20٪) ە. لە دواهەمینیاندا، بوومەلەرزەکەی سەرەتای (2023) بووە هۆی گیانلەدەستدانی (50000) پەنجا هەزار کەس لە وڵاتەکەدا، کە بە پێی بانکی نێودەوڵەتی بونیادنانەوەی بینا داڕووخاوەکان پێویستی بە زیاتر لە (100) ملیار دۆلارە.
خاڵێکی گرنگ نابێت لە بیر بکرێت، ئەوەیە کۆمەڵگەی تورکی کۆمەڵگەیەکی تەواو ئاوێتەیە؛ تۆ بچیتە ئەڵمانیا، نەرویج، ئەمریکا لەمسەر بۆ ئەوسەری وڵاتەکە ئەڵمانیاو نەرویج یان ئەمریکا دەبینیت. بەڵام لە تورکیا وانییە: لە ئامەد کورد دەبینی، لە عەنتاب و ئەدەنە عەرەبی مورتوربەکراو لەسەر کورد و تورک دەبینی، لە کۆنیا کەشێکی ئاینی هەیە، لەئیستانبوڵ جیهان بەگشتی و خۆرئاوا بە تایبەتی دەبینی، لە ئەنکارا نەزمێکی هێمن و زانستخواز دەبینی، لە ترابزۆن وا دەزانی ڕووسیاو جۆرجیات بینیوە، لە ئیزمیر چەپێکی- عیلمانیی تائەندازەیەک ڕەگەزپەرست دەبینی. لەناو هەموو ئەمانەدا تارمایی گویلەنییزم دەبینی، گویلەنییەکان، وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، ئاینی، بازرگانیی ئۆرگانیزەکراوی تورکیی بەردەوام لە بۆسەی ئاکپارتی و ئەردۆگاندان. گویلەنییەکان لەگەڵ ئەوەی قەدەخەکراون، چەندین زانکۆ، نەخۆشخانە، دامەزراوەی پەروەدەیی و دارایی بەهێزیان لە شوێنە جیاوازەکانی دەرەوەی تورکیادا هەیە، لۆبییان هەیە، ئەزموونیان لە ناو سیستەم و دامەزراوەکانی تورکیادا هەیە. بابزانین کۆمەڵگایەکی وەها کێ هەڵدەبژێرێت: ئەوەی لە کۆتا ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن چەپکە گوڵی لەسەر مەزاری ئەتاتۆرک دانا «کەمال کڵیچدار ئۆغلۆ» یاخود ئەوەی سەردانی مزگەوت و ئایا سۆفیا ی کرد «ڕەجەب تەیب ئەردۆگان»؟!

دەرئەنجامەکە فەوزایە
ئەردۆگان زۆر نزیکە لە کەوتن، دەرچوونەوەی بە «سەرۆک» ی تورکیاش مەحاڵ نییە. ئەو سیاسییەکی تەواو لێزان و کاریگەرە. بەڵام تەحەداکانی بەردەمی یەک و دووان و سیان نیین. ناحەزەکانی لە گەنجە بێکارەکانی تورکیاوە، لە زیندانەکانەوە، لەوانەی مافیان پێشێلکراوە لە ئازادیی ڕادەربڕیندا دەست پێدەکات، بە جەهەپەو هەدەپەو پەکەکەو یەپەگەو گویلەنییەکان گەرمتر دەبێت، بە تووڕدانی لەلایەن ئەمریکاو بەریتانیاو ئەوروپاوە کۆتایی دێت.
ڕۆیشتنی ئەردۆگان لە دەستەڵات بۆ کورد باش بێت یان نا: سەرئەنجامی ئەم دۆخە لە تورکیا هیچ نییە جگە لە پشێوییەکی گەورەو چەند ساڵە..کڵیچدار ئۆغلۆ کە سەرکردایەتی هاوپەیمانێتی میللەت دەکات بیباتەوە: دەبێت چاوەڕێی فەوزای ناو هاوپەیمانێتییە شەش قۆڵییەکەی لەلایەک، گەڕێکی تری دژایەتی ئاکەپەو ئەردۆگان لەلایەکی تر بکات. ئەردۆگانیش بیباتەوە دەرئەنجامەکە هەر فەوزاو دڕودۆنگیی ناوچەیی و جیهانیی و ناوخۆیی دەبێت.

— بەهرۆز جەعفەر: دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان، سەرۆکی پەیمانگەی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی -MIRS.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت