ڕۆدۆڵف ڕۆکەر: مارکس و ئەنارکیزم. بەشی دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مانیفێستی کۆمۆنیستیی کە وەک یەکێک لە بەرهەمە سەرەتاییەکانی سۆسیالیزمی زانستی دادەنرێت و ناوەڕۆکەکەی لە نووسینەکانی “یۆتۆپیا”یەکەوە وەرگیراوە، چونکە مارکسیزم فۆریەی (Fourier ) لەگەڵ سۆسیالیستە یۆتۆپیاکان پۆلێن کردووە. ئەم پێچواندنە یەکێکە لە بێ بەزەییترین پەرادۆکەسەکانە، ئەمەش بە دڵنیاییەوە بەزەحمەت شایەتحاڵی بەهای زانستی مارکسیزمە. ڤیکتۆر کۆنسیدرانت یەکێک بوو لە باشترین نووسەرانی سۆسیالیستیی کە مارکس پێی ئاشنا بوو: تەنانەت لە ڕۆژانی پێش ئەوەشی ببێتە سۆسیالیست ئاماژەی پێدەکرد. لە ساڵی 1842دا ڕۆژنامەی Allgemeine Zeitung هێرشی کردە سەر Rheinische Zeitung کە مارکس سەرنوسەری بوو و تۆمەتباری کرد بەوەی کە خۆشیی بە کۆمۆنیزمدا دێت. پاشان مارکس لە مانشێتی ڕۆژنامەکەدا وەڵامی دایەوە و بەم شێوەیە ڕایگەیاند: کارەکانی وەک ئەوانەی لیرۆکس، کۆنسیدەرانت (Leroux, Considerant ) و لە سەرووی هەمووشیانەوە کتێبە دزەپێکراوەکەی پرۆدۆن، (Proudhon ) ناتوانرێت بە هیچ مانایەکی ڕووکەشانە ڕەخنەیان لێ بگیرێت؛ پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی درێژخایەن و ورد هەیە پێش ئەوەی مرۆڤ دەست بکات بە ڕەخنەگرتنیان” [3]
گەشەسەندنی فیکری مارکس زۆر لە ژێر کاریگەری سۆسیالیزمی فەرەنسیدا بوو؛ بەڵام لە نێو هەموو نووسەرانی سۆسیالیستی فەرەنسا، ئەو کەسەی کە بەهێزترین کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەکانی هەبوو، پی . جەی پرۆدۆن (P. J. Proudhon ) بووە، تەنانەت ئاشکرایە کە کتێبی پرۆدۆن ‘ موڵکایەتی چییە؟’ (What is Property? ) وایکرد مارکس پێشوازی لە سۆسیالیزم بکات. تێبینییە ڕەخنەگرانەکانی پرۆدۆن لەسەر ئابووری نەتەوەیی و مەیلە جۆراوجۆرەکانی سۆسیالیستیی جیهانێکی تەواو نوێی بەڕووی مارکسدا کردەوەو مێشکی مارکسی زۆرتر سەرسام کرد، لە سەرووی هەمووشیانەوە، بە تیئیۆری زێدەبەها وەک ئەوەی سۆسیالیستی ئیلهامبەخشی فەرەنسی داینابوو. دەتوانین سەرچاوەی عەقیدەی [دۆکتەریین] زێدەبەها، ئەو “دۆزینەوە زانستییە” گەورەیەی کە مارکسیستەکانمان زۆر شانازی پێوە دەکەن، لە نووسینەکانی پرۆدۆندا بدۆزینەوە. لە سایەی ئەوەوە بوو کە مارکس بەو تیئیۆرییە ئاشنا بوو کە مارکس لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانی دواتری سۆسیالیستەکانی ئینگلیز: برەی (Bray ) و تۆمپسۆن (Thompson ) گۆڕانکاری تێدا کرد.
تەنانەت مارکس بە ئاشکرا گرنگیی زانستییە گەورەکەی پرۆدۆنی ناسی و لە کتێبێکی تایبەتدا، کە ئەمڕۆ تەواوی کۆپیی ئەو چاپە نەماوە، بەرهەمەکەی پرۆدۆن کە ‘موڵکییەت چییە؟’ ناودەبات بە” یەکەم مانیفێستی زانستی پرۆلیتاریای فەرەنسی” ئەم بەرهەمە لەلایەن مارکسیستەکانەوە چاپ نەکرایەوە، وەریش نەگێڕدرایە سەر زمانەکانی تر، گەر چی نوێنەرانی فەرمی مارکسیزم هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ پەخشکرنی نووسینەکانی مامۆستاکەیان بە هەموو زمانێک. ئەم کتێبە لەبیر کراوە و هۆکارەکەشی ئەمەیە: چاپکردنەوەی دووبارە ئەو قسە بێمانا و بێ پەیوەندییەی هەموو ئەو شتانەی کە مارکس دواتر لەبارەی ئەو بیرمەندە (پرۆدۆن) دیارەی ئەنارکیزمەوە نووسیویەتی، بۆ جیهان ئاشکرا دەکات.
مارکس نەک هەر لە ژێر کاریگەری بیرۆکە ئابوورییەکانی پرۆدۆن بوو، بەڵکو هەستیشی بە هەژموونی تیئیۆرییە ئەنارکیستەکانی سۆسیالیستی گەورەی فەرەنسییش کرد و لە یەکێک لە بەرهەمەکانی ئەو سەردەمەدا بە هەمان شێوەی پرۆدۆن هێرش دەکاتە سەر دەوڵەت.
درێژەی هەیە
…………………………..
* وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە، بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە، یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە. بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو، لاوێکی یاخیی کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات.
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت.
** موڵکییەتت چییە؟ ناوی کتێبە مەشوورەکەی پرۆدۆنە. موڵکییەت لێرەدا بە مانا کوردییەکەی نایەت کە تەنها بە زەوی و خانو دەوترێت، بەڵکو لای پرۆدۆن وشەیەکی گشتگیرە و هەموو چەشنەکانی موڵك و موڵکایەتی دەگرێتەوە بە سامان و سەرمایە و …. واتە هەموو خاوەندارێتییەکی تایبەت.

[3] Rheinische Zeitung, number 289, 16 October 1842.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت