بەهرۆز جەعفەر: سیناریۆکانی بەردەم ئایندە، ئێمە بەرەو کوێ دەچین!؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەحمود دەروێش لە قەسیدەی (عصافير تموت في الجليل) دا، کە «مارسیل خەلیفە» کردوویەتی بە گۆرانی، دەڵێت: (إنني أرتشف القبلة، من حدّ السكاكين، تعالي ننتمي للمجزره!) واتە من لەوکاتەی چەقۆیەکیان هێناوە لێوم دەبڕنەوە، دەتوانم ماچەکە لەودیوەوە بهێنم و هەڵی لووشم، وەرە با بچینە قەسابخانە! ئەمە دێڕێکە بۆ سیاسییەکان و توێژەرەکانیش گرنگە. زۆر گرنگە بزانن لەکاتی تەنگانەو ئەو کاتانەی تیغەکان دێن، لەودیوی تیغەکەوە چی دەگوزەرێ؟! ئەمدیوی ئاسانە، هاوڵاتییەکی ئاسایی دەتوانێت باسی بارودۆخەکە بکات.
ئیدارەی ئەمریکا دەستبەرداری هەرێمی کوردستان { هەرێمی کوردستان} نابێت لەبەر چوار خاڵی سەرەکیی:
یەکەم/ زیادبوونی هەژموونی دەریایی و ئاسمانی و زەمینی ئێران (لە ڕێگەی دەستگرتن بە پەتی شیعەگەراییەوە) لەناوچەکە بەگشتی و بەتایبەتی لە عێراقدا. بۆ خۆرئاوا ئاسانترە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات نەک حیزبوڵای عێراق و لوبنان.
دووەم/ زیادبوونی هەژموونی چین لە ناوچەکە بەگشتی و عێراق زۆر بەتایبەتی ( 40٪ ی نەوتی عێراق ڕۆژانە چین دەیکڕێت) بە پێی دوایین ڕاپۆرتی ئۆیەڵ پرایس- Oil Price کە سایمۆن واتکینز SIMON WATKINS ئامادەی کردووە لەبەر ڕۆشنایی دوایین کتێبی خۆی کە باسی کاریگەری نەوت دەکات لە ئۆردەر و بازاڕی ئابوریی جیهانیی نوێدا، ئامادەگییەکانی «چین» لە عێراق چەندین هێندە زیاتر دەکات لە ئاستی جیاجیادا.
سێهەم/ پرسی کەمینەکان لە عێراق و ناوچەکە کەوتۆتەوە بەر مەترسیی. لەدوای ڕووخانی سەدام حوسێنەوە، زیاتر لە ( 500 ) هەزار مەسیحی لە عێراق نەماون، یان لە جێگەی خۆیان هەڵکەندراون (بە پێی ئیندپێدت و ڕۆیتەرز و خودی کاردینال لوویس ساکۆ ژمارەی مەسیحییەکان لە عێراق گەیشتوون بە 300 هەزار کەس). بەهەمان شێوە کاکەکەییەکان لەناوچە دابراوەکان، یەزیدییەکان لە ناوچەی شەنگال.
چوارەم/ ئیدارەی ئەمریکا گەورەترین قونسوڵخانەو زیاتر لە سێ بنکەی سەربازیی و هەواڵگریی لە هەرێمی کوردستان هەیە. هاتنی گەورەترین وەفدەکانی ئیدارەی ئەمریکاو ڤی ئای پییەکانیان دەرخەری ئەو ڕاستییەیە.
ئەوەی سەرەوە، ڕاستییەکە. ڕاستییەکی دیکەش بەرانبەری هەیە؛ تا دێت هەژموونی ئێران لەناوچەکەدا زیاد دەکات، ئەوەش بەرئەنجامی ئەوەیە ئەمریکا چەند ساڵێکە گۆڕەپانەکەی بۆ ئێران بە جێهێشتووە؛ وەک خۆیان دەڵێن ئیدارەی ئەمریکا سەرقاڵە بە جەنگی ئۆکراین، پێشگرتن بە هەژموونی ئابوریی چین و مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵاوسانی دارایی جیهانی. بۆیە ویلایەتە یەکگرتوەکان بەنهێنی و ئاشکرا لە مەسقەت و نیۆرک لە کۆبونەوە و ڕێککەوتندایە لەگەڵ ئێران. بەرئەنجامی ئەم ڕێککەوتنانە پرسی کورد ناکات بە قوربانی؟
لە عێراق گۆڕانکاریی ڕوودەدات. لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە هەرکاتێک عێراق ویستوویەتی دەست بۆ نۆژەنکردنەوە یان بوونیادنانی هێڵێکی نوێی وزە ببات شەڕێک یان گۆڕانێک ڕوویداوە { ئەگەرچی تاکە هۆکار پرسی وزەو لوولە نوێیەکان نەبووە}. سیناریۆی بەهێز «قسەی ئەسەح» ئەوەیە سووننەکان بەهێز دەبنەوە. چوونکە بەمدواییە گازێکی زۆر لە ڕۆژئاوای عێراق دۆزراوەتەوە، بۆ ئەوەش سعوودییەو ئارامکۆ لە کارکردندان؛ وێدەچێ بەعس بێتەوە. ئینجا سیناریۆی بەهێزتر لەمە « قسەی ئەسەح» ئەوەیە دەوڵەتی تورکیا زۆر زیاتر دەست لە شەنگال و کەرکوک وەربدات « میساقی میللی پرۆژەی مەهەپە بوو» جگە لەوەش تورکەکان دەڵێن؛ هەڵەمان کرد لە ( 2017 ) کەرکوکمان بۆ ئێران چۆڵکرد! لەم بودجەیەدا هەر لە دیالەوە تا شەنگال کێڵگە نەوتیی و گازییەکانی هەرێم دەکەونە ژێر دەستی بەغدا { تاران} لەکاتێکدا ئەوە بە ملیارەها دۆلار زیان لە تورکیا دەدات!
تەوژمە هەرێمییەکان بە گووڕتر دەبن، بە ڕاستیی ئێران خوازیارە لە سنوورەکانی پاکستانەوە تا دەریای سپی شێوەی ئیمپراتۆریەتێک بینا بکات. هەوڵەکانیش لەبەردەمیدا زۆرن. کورد چۆن لەم یاریگایەدا دەردەکەوێت!؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت