سەردەشت محەمەد: شەڕی کورد لەنێوان نان و ئازادیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر مێژووی گەلانی ناوچەکە بخوێنینەوە، ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت کەبڵێین هیچ گەلێک نییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێندەی کورد، شەڕی لەپێناوی نان و ئازادیدا کردبێت. کەچی تائێستا نە دەستی بەنان گەیشتووە و نەبەو ئازادییەی کە زۆرێک لە گەلانی دیکە هەیانە.
ئێمەی کورد دەیان ساڵە کەوتوینەتە نێوان چوار دەوڵەتی داگیرکەری زلهێزەوە کە هەم شەڕی نان و هەمیش شەڕی ئازادیمان لەگەڵدا دەکەن، ئەم هەموو دژایەتییە نەک نەیتوانی چۆک بەم میللەتە دابدا، بەڵکو بەپێچەوانەوە، ڕۆحی تۆڵە سەندنەوە و ئیرادەی مانەوەی زیاتر و زیاتر بەهێز بوو.
هەموو ئەم دژایەتیانەی دوژمن، هێندەی شەڕی دۆستەکانی خۆمان زیانی بە خۆمان نەگەیاند. ئەو دۆستانەی کە تائێستاش خۆیان وەک هێزی ڕزگارکەر و فریادڕەسی میللەت پیشاندەدەن، ئەو هێزانەی کە زیاتر لە 10 ساڵە دەستیان هەیە لە بڕین و پاشەکەوتکردنی مووچە و ڕێگرن لە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و ئەوەتا وردە وردە بەهۆی سیاسەتی هەڵەی بەڕێوەبردنی ئەوانەوە ئەم قەوارەیەش بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچێت.
مەترسی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم نەک هەر خەڵکی نیگەران نەکردووە، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەشێک بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە لەچاوەڕوانی هەڵوەشاندنەوەی ئەم قەوارەیەدان و چاویان لەوەیە کە لەبەغدادەوە مانگانەو لەکاتی خۆیدا هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق مووچەکانیان بەدەستبگات، ئەمە بەلایانەوە لە قەوارەی هەرێم گرنگترە. ئەم حەزە بۆ وەرگرتنی مووچە لەکاتی خۆیدا و بێمنەت بوون لە مانە، یاخود هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم، ئەوەمان پێدەڵێ کەمرۆڤی کورد نانی لەلا لەپێشترە وەک لە ئازادی.
کەچی ئێستا بەرپرێکی دیاری ئەم کوردستانە لەدژی نزیک بونەوە لە بەغداد دەڵێت: با لە بەغدا بکشێینەوە، خوای دەکرد هەمووان لەبرسا دەمردن. ئەو پێی وایە ئازادی لە نان گرنگترە، ئەمە وەک بێ ئاگاییەک دەربارەی ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە خەڵک پێیان وایە لە هەرێمی کوردستاندا هاوشێوەی نانەکە ئازادیەکەش وەک پێویست نییە، ئەگەر نا چۆن لە کوردستانێکدا کە بانگەشەی ئازادیی تێدا دەکرێت، کەچی ڕۆژنامەنوس و دەنگە ناڕازییەکان تێرۆر دەکرێن و دەخرێنە زیندانەوە. ئەوانەی بیروڕای جیاوازیان هەیە دووردەخرێنەوە، ئەوانەی داوای مووچە و نانی منداڵەکانیان دەکەن سزادەدرێن.
بۆیە ئەوەی ئێستا بەلای خەڵکەوە گرنگە و چاویان لێیەتی، هاتنی مووچەیە لە بەغداوە، نەک ئەو ئازادییەی کە ئەمان لەسایەی ئەم دەسەڵاتەوە هەستیان پێیکردووە لە کوردستاندا.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت