زەبەنگ بەهادین: شیعەکان بۆ دەستی کوردیان بادا لە پەرلەمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بریاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردوستان و بریاری دادگای پاریس بۆ قەدەغەکردنی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردوستان لەسەر داوای حکومەتی عێراقی بوو ،کە زۆرینەی شیعەکانن. گەورەکردنی کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و هەموو ئەمانە هەنگاوی شیعەکان بوون دژی کورد و هەرێمی کوردوستان. ئەو شیعانەی کە رۆژانێک بەهاوبەش و هاوپەیمانی شیعەکان دادەنران.
شیعەکان بۆ ئەمەیان کرد لە کاتێکدا دەزانن جڵەوی کوردوستان تا ئێستاش لە دەستی ئێران و تورکیادایە لە لایەک و لە لایەکی دی هاوپەیمانی ئەمریکیەکانن، وە دەزانێ کوردوستان خۆی نوقمی کێشەی نەمانی متمانە و ئاڵۆزی سیاسی و داراییە. واتا دەزانێ کوردوستان ئێستا ئەو توانا و جێگە و پێگەیەی نەماوە لە ناوخۆ و لە نێو دەوڵەتان کە پێشتر هەیبوو.
ئەو هەنگاوە نوێیانەی سوننەکان نایان بە هاوکاریی ئیمارات و کونگریسی ئەمریکی، ترسێکی گەورەی لای شیعەکان دروستکردوە. بەپێی مادەی 116 دەستوری عێراقی دەڵێت: عێراق وڵاتێکی فیدرالیە، بە پێی برگەی دووەمی مادەی 117 کوردوستان هەرێمێکی فیدراڵیە و قبوڵکراوە. هەر پارێزگایەکیش، یان چەند پارێزگایەک دەتوانن، کۆببنەوە بە دەنگی سێیەکی حیزبە بەژداربوەکانی پارێزگاکە، یان لەسەدا 10 بەشداربوانی دەنگدان دەتوانن داوای هەرێمێکی فیدراڵی بکەن.
ئەمریکیەکان پشتگیری ئەم هەنگاوانەن کە بەم دواییە حەلبوسی و شێخەکانی ناوچەی ئەنبار دەستیان داوەتێ بۆ جیاکردنەوەی سێگۆشەی سونی وەک هەرێمێک کە سعودیە و ئەمریکاش پاڵپشتیان دەکات، لە هەمان کاتدا ئیمارات لەگەلیانە هاو ئاوازیانە. بەڵام ئەمریکیەکان چ سودێک دەبینن لەم دابەشکردن و جیاکردنەوەی سونانەی عێراق.
ئەمریکیەکان متمانەیان بە شیعەکان نییە، بە تایبەت نزیکەکانی ئێران. بۆیە لە ئێستاوە دەیانەوێت عێراق دابەش بکەن، ئەو کات مانەوەی خۆیان لە ناوچە سونییەکان مسۆگەر دەکەن. وە بۆ ئەمریکیەکان عێراقی یەکگرتو باش نییە و بە پێچەوانەوە عێراق، بە بەشکراوی لاوازترە و ئاسانتر کۆنترۆل دەکرێت، بە تایبەت لە ناوچە کوردەکان و سونەکان.
ئێران و شیعەکان زوو هەستیان بەم پلانەی ئەمریکا و ئیمارات و تورکیا و سعودیە کرد، بۆیە وەک پێشگرتن لە سوننەکان هەستان بە کۆت و بەندکردنی کوردەکان تا نیشانی سوننەکان بدەن کە دەبێت، ئەگەر بونە هەرێمێکیش هەر لە ژێر دەسەڵاتی سیاسی و عەسکەری و ئابوری شیعەکان دەمێننەوە، لە هەمان کاتدا لاوازکردنی هەرێمی کوردوستان وا لە خەڵکی ناوچە سوننە نیشینەکان دەکات، دورکەونەوە لە خەونی هەرێمی سونی. کاتێک هەرێمێک توانای دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی نەبێت و نەتوانێت سوپای تایبەتی خۆی هەبێت، ئەو کات هەر وەک ئەوەیە لە ژێر دەسەڵاتی عێراقدا بێت.
شیعەکان هەنگاوەکانیان بەخێرا نا بۆ لاوزکردنی کوردەکان و کپکردنی سونەکان، وە هەنگاوی داهاتویان بۆ نەهێشتنی هێزی سەربازی و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردوستان دەبێت لە رێگەی دەستور و دادگای فیدراڵی، بەمجۆرە خەونی دروستبوونی هەرێمی سونە لە گۆر دەنێن و کوردیش دەخەنەوە قاڵبی بەرێوەبردنی ئۆتۆنۆمی کە پێشتر رژێمی بەعس پێیدابوون. ئێرانیەکان تەواو لەسەر هێڵن بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە، هەم بۆ هێشتنەوەی عێراق لە ژێر هەژمونی خۆیاندا، هەم بۆ کۆنترۆلکردنی بازاری نەوت و غازی عێراقی. ئەوەی لە داهاتو بەسەر کوردا دێت، زیاتر بەستنەوە و کۆت و بەندکردنییەتی تا تەواو دەکەوێتەوە ژێر رکێفی حکومەتی عێراقی و شیعەکان وە ناوی هەرێم بە تەنها وەک کارتۆنێک دەمێنێتەوە. لە لایەکی دیش کۆنترۆلی سوننەکان دەکەن و ناهێڵن هەرێمی سونی دابمەزرێت، ئەگەر بە زۆری ئەمریکیەکانیش دامەزرا، وەک کورد دەیخەنە ژێر هەیمەنە و کۆنترۆلی خۆیان لە رێگەی زۆرینە و کەمینە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت