بەهرۆز جەعفەر: نەوەڵا، ئەوە کوردایەتی نییە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زەوییەک بە 70 حەفتا هەزار دەفتەر دۆلار دراوە بە عەرەبێک!
زەوییەکی تر بە 120 سەتو بیست هەزار دەفتەر دۆلار دراوە بە عەرەبێک.
پرۆژە هەیە، کە هەزاران شووققەو ڤیەللایە، هێشتا تەواو نەبووە نیوەی زیاتر عەرەب کڕیویەتی.
گەنجەکانی خۆشمان، پرۆژەیەک، خەونێکیان هەبێت بە دەیان کەس درۆی لەگەڵ دەکەن و سەدان کۆسپی بۆ درووست دەکەن. دامودەزگای ئەمنی لەڕێگەی تەلەفۆنەکەیەوە هێڵ بە هێڵی ئەو شوێنانە بە دوایەوەن، چاودێریی دەکەن! هەفتەو مانگ و ساڵ نییە ڕۆڵەکانی ئەم کوردستانە لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست دا لە ڕێگای هات و نەهاتی کۆچ دا تووشی ناڕەحەتی نەبنەوە بۆ پەڕینەوە بەرەو کیشوەرێکی تر.
ئەمە کەی سیاسەت و پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانییە: وەزیری کشتووکاڵ کەوەرو کەرەویز قەدەخە دەکات بۆ پشتبەستن بە بەرهەمی خۆماڵی، وەزیری دارایی لەبەرئەوەی پێویستی بە داهاتی مەرزەکانە قبووڵی ناکات. ئەمە کەی ئیدارەی نەوت و گازە؛ لەبەرئەوەی پشت بەتوانای خۆماڵی نابەستن و متمانەتان بە تەنانەت نزیکەکانی خۆشتان نییە، سەدان ملیۆن دۆلار بدەیت بە ڕێکخراوێکی جیهانی مانگانە وردبینی فرۆشی نەوتت بۆ بکات! ملیارەها بدەیت بە دامەزراوەو، بەو کۆمپانیای دەرەکیی و، بەو نووسەری بیانی و بەو کچە مۆدێل؛ بەڵام تەنانەت پیاوە تێکۆشەرەکانی دوێنێ کە سەددامیان بە گیر و گاز هێنابو، ئەمڕۆ بەدەم خەم و ئازارەوە داڕزاون!
نەفرەت لەوانەی دژی کوردو کوردستانن، دەست دەخەنە دەستی هەرکەسێکەوە بۆ گەمارۆدان و داتەپینی کوردستان، ئەوانە جاشن. بەڵام با جارێک بپرسین؛ بۆچی جاشایەتی هەڵدەبژێرن؟! پێموایە لە تاو ستەم و نا-عەدالەتی سەرانی -خەباتکاریی کوردییە: زۆربەی ئەوانەی بوون بە بەعسی لەبەرئەوە نەبوو سەددامیان خۆشدەویست؛ لەبەرئەوە بوو هەر بەرپرس و هێزێکی کوردیی لە ناوچەیەکدا تۆزێک دەستەڵاتی هەبووەو هەیە خەریکی چەوساندنەوە بووە « هەر بە هەوەسی خۆی». ئێستا وەرن بکۆڵنەوە؛ ئەم نەوەیەی ئیمڕۆ بۆچی گاڵتەی بە خاک، سنوور، ئاڵاو مێژووی کوردستان دێت!؟ بۆ وا دەکەن!؟
نەوەڵا، ئەوەی سەرەوە « کوردایەتی» نییە، ئەوە پرۆژەیەکە بۆ لەناوبردنی خەونی هەموو کوردێک، بۆ بێزارکردن و کووشتنی ئیرادەو ڕۆحییەتی هەموو نەوەیەکی نوێ. کوردایەتی ئەوەیە لە ڕێگەی زانستی هاوچەرخەوە، دامەزراوەی سەربازیی، ئابوریی، دادوەری یەکگرتوو درووست بکرێ؛ بۆ ئەوەی لەناوەوە بونیادنان بکرێ و لە دەرەوەش ددانپیانان مسۆگەر بکرێت. بەڵام ئەوەی دەیەوێ کوردایەتی و تاک و خاکی کوردستان بەو رێگەیە بپارێزێ، دەستەڵاتی کوردیی دژی دەجەنگێ!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت