ڕەووف محەمەد ئالانی: حیزب، مۆتەکەی پەروەردە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموومان ئەوە باش دەزانین حیزب بریتیە لەکۆکردنەوەی کۆمەڵێ خەڵک لەناوچوارچێوەی ئایدۆلۆژیایەک لەپێناوی گەیشتن بەمەبەست و ئامانجێکی دیاریکراو.
حیزبەکانی کوردستان لەکاتی خەباتی شاخ و بەرەنگاری دوژمنانی گەلەکەمان، دروشم و ئامانجی ئازادی و بیروڕای ئازاد و ڕێزگرتن لەبیروڕای جیاوازبووە، بەڵام بەکردەوە هەموویان دژ بەو دروشمانە بوون، باشترین بەڵگە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم وتەیەم، شەڕی چەکداری ناوخۆی حیزبەکان بووە لەشاخ، کە دەیان و سەدان کەس لەو ناکۆکیانە بوونەقوربانی.
دوای ڕاپەڕینیش، چونکە بەهەمان نەفەسی عەقڵی تەسکی بەرژەوەندی حیزبی و یەکترقبوڵ نەکردن، کەوتنەوە یەکترکوشتن و سڕینەوەی یەکتر، تاگەیشتە جیاکردنەوەی زۆن و ناونانی ئەو ناوچانە بەناوی ڕەنگی لۆگۆی حیزبەکانیان، وەک هەولێر و دهۆک و ئەو ناوچانە بەناوچەی زەرد و سلێمانی و ڕاپەڕین و گەرمیان و هەڵەبجە بەناوچەی سەوز، ئەم دابەشکاریە هەتا ئێستاش برەوی پێدەدرێ، دەرخەری عەقڵی تەسک و بچووکی دامەزرێنەرو دروستکەری ئەوچەمکانەن.
بەوهۆیەی ئەم دوو حیزبە هێزی چەکدار و ملیشیای تایبەت بە خۆیان هەیە، زۆرتر گرێدراوی هێزە هەرێمیەکان بوون، ئەوەش بۆ مەبەستی پاراستن و مانەوەیان لە ململانێکاندا، لەبەرامبەردا بوونە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەودەوڵەتە هەرێمیانە.
هەرکاتێک حیزب هەوڵی بەدامەزراوەیی خۆیداو لەبۆتەی نیشتماندا ئامانجەکانی بەدیهێنا، هەوڵی ئەوەیدا کەنیشتمانی بێت دەستبەرداری بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی خۆی دەبێت، ئەگەر بەوردی و چاوی سەرنج و ڕەخنە لەحیزبەکانی کوردستان بڕوانین ئەم حیزبانە نەنیشتمانین ونەدامەزراوەیین، بەڵکو هەموو ئامانجە باڵاکان دەکەنە قوربانی خۆیان و بنەماڵەکانیان، ئەمەش وایکردوە هیچ بەرەو پێشچوونێک لەم مەملەکەتە ڕوونەدات.
تەنانەت داگیرکاری و پاوانخوازی و دەستبەسەراگرتنی هەموو کەیەکان، کراوەتە ئامانجیان.
لێرەوە دەردەکەوێت دروشمی حیزبەکان تەنها هەر بە گفتاربووە و نەبۆتە کردار، کاتێ پڕەنسیب نەبوو لەسیاسەتدا ئەمە ئاکامەکەیەتی.
سیاسەتمەدارو فەیلەسوف و شۆڕشگێڕ(مەهاتماگاندی 1869- 1948 )دەڵێت: (حەوت شت هەیە مرۆڤ لەناو دەبات: سیاسەت بەبێ پرەنسیپ، چێژ بێ ویژدان، سامان بەبێ کار، مەعریفە بێ بەها، بازرگانی بێ ئەخلاق، زانست بێ مرۆڤایەتی، پەرستش بێ قوربانی).

بزانە هەر یەکێک لەمانەی باسکراوە لای ئێمە چەند بەخراپی مامەڵەی لەگەڵکراوە؟
هیچ سێکتەروبەش و شوێنێک لەم ووڵاتەدا نیە حیزب وێرانی نەکردبێت و وەک مێرووی زیانبەخش گەرای تێدا دانەنابێت، ئەوەی من مەبەستمە لەسەری هەڵوێستە بکەم، کایەیەکی گرنگی ژیانە کە ئەویش پەروەردەیە، ئەم سێکتەرە بۆتە مەخسەرەی دەستی حیزبەکان بەدەستتێوەردان و بەکارهێنانی زۆر بەخراپی تەنها لەبەر بەرژەوەندی تەسکی ئایدۆلۆژی، لەهەرشوێنێک سەیربکەی و لەهەرلایەک هەڵوێستە بکەی نەهیچ دەبیستی و نەدەنگت بەهیچ لایەک دەگات، هەربۆیە فەیلەسوفی ئەڵمانی(ئیمانوێل کانت) دەڵێت: ( لە هەموو شوێنێکەوە دەنگێک دەبیستم کە بانگ دەکات، بیر مەکەرەوە).
لێرە لەم مەملەکەتە وێرانەیەی دەستی حیزبەکان هیج بڕیارێک لەپەروەردە دەرناچێت، ئەگەر بارەگای حیزب دەری نەکات و ئاگادار نەبێت، چۆن و بەکام پێوەری زانستی و ئاکاری و مرۆیی کەسێک حیزبی نەبێت لەم ووڵاتەدا جێی نەبێتەوە؟ چۆن دەکرێت حیزب لەبارەگاکانیەوە بەڕێوەبەرو بەرپرسی بەشەکان بۆ پەروەردە دابنێت؟
کام حومڕانی و کام دەسەڵاتی دیمۆکراسی ئەم کارە قێزەوونە دەکات؟
حوکمڕانی باش خۆشترین خەونە بۆ گەلان، چونکە دادوەری و یەکسانی بۆخەڵک دێنێت، بۆیە شاعیری گەورەی کورد (پیرەمێرد 1867- 1950) وتوێتی: (خۆزگە دەستورێک دەخرایە ناو، پیاو بۆ ئیش دەبوونەوەک ئیش بۆ پیاو).
چەندان ساڵە لەم هەرێمۆچکەیەی ئێمە حیزبەکان ئیش بۆ خەڵک دەدۆزنەوەو پیاوانی خۆیان دەکەنە خاوەن کار، (ڤۆڵتێر، نووسەری بەرهەمە فەلسەفیەکان، فەیلەسوف، شاعیر1694 – 1778)دەڵێت: ( باشترین حکومەت ئەو حکومەتەیە کە کەمترین کەسی بێ کەڵکی تێیدا بێت).
ئەم وتەیەی ئەو فەیلەسوفە بێ چەندوچون حکومەتی هەرێممان پێدەناسێنێت، کە چەندە دوورە لەکایەی حوکمڕانی ڕەشید.
هەرکات بڕیارەکانی بەناو پەروەردەیی و ڕاسپاردەکان کاریان لەسەرکراوچوونە بواری جێبەجێکردنەوە، کەی هەوڵدرا بەرپرس و بەڕێوەبەر لەناو بەشەکانی پەروەردە بۆحیزب قۆرخ نەکرێت و ئاهێک بە گیانی پەروەردەدا هاتەوە، کەی لەبارەگای پڕجەهلی حیزب کەسە نەزانەکان نەکران بە بەرپرس، ئەوسا دەڵێین هەنگاو بەرەو چاکسازی دەنرێت، نەک وەک ئەم سی و دوو ساڵەی بەڕێکراوە کە حیزب بۆتە مۆتەکەی بڕیاردەر بەسەر هەموو سێکتەرەکانەوە بەگشتی و پەروەردە بەتایبەتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت