دانا مەنمی: رۆڵی پارتی و مانەوەی هەرێمی کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر لە خاڵێکی جەوهەرییەوە دەست پێبکەین و بپرسین، ئایا مانەوەی هەرێمی کوردستان گرینگە، یان نا؟! ئەگەر وەڵامەکە ئەوەیە: بەڵێ گرینگە. ئەوکات نابێت چاپۆشی لە هەڵسوکەوتی ناتەندروستی پارتی و یەکێتی ئەو حکومەتە بنکە فراوانە بکەین کە کاراکتەرە سەرەکیەکانی داشێکی سوتاون و ناتوانن لە بیری ئایندەیەکی گەشاوەدا بن بۆ خەڵکی کوردستان و رۆژ لە دوای ڕۆژ متمانەی نێودەوڵەتی لاوازتر دەبێت، ئەگەر گرینگە ؟! نابێ چاوبپۆشین بۆ ئەمری واقیعێکی دروستکراوی سیاسی کە ڕێگاخۆش دەکات بۆ گەمەی سیاسی و هەواڵگری وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت (تورکیا ) کە هەژموونی سیاسی و سەربازی و هەواڵگری لە زیادبوندایە، لەپاڵ ئەمانەیشدا نابێ ماف و ژیان و ئازادی خەڵک لە قالب بدرێت.
حکومەتی بنکە فراوان کە بڕیار هەر لای دووحیزبە سەرەکیە (پارتی و یەکێتی ) یە لەبری بنکە فراوان بوو بە بنکە قەیران و ئەزمونێکی ناتەندروستی لە هونەری ئیدارەدان و پڕ لە کێشە و نەهامەتی بۆ خەڵکی کورستان و بەتایبەت فەرمانبەران و مامۆستایان لە دواکەوتن و بڕینی موچە و یاسای پاشەکەوتی موچەو نەمانی هەلی کار و دانەمەزراندنی سەدان هەزار لە گەنجانی خاوەن بڕوانامەی پەیمانگا و بەکالۆریۆس و سەرتر و … هتد، بە دوای خۆیدا هێنا،لەپاڵ ئەمانەشدا کابینەی نۆیەم هەموو ئەو دەروازانەی خاپورو وێران کرد کە دەمانباتەوە بۆ سەر پرسی ئازادی ئینسانەکان و دۆخی رۆژنامەنوسان خراپ و دژوارتر کرد.
خەونی پارتی لە پەڕلەماندا کە زۆرینەی ڕەهایە داماڵینی پەرلەمان بوو لە بەرگی یاسایی و هەیبەتی تەشریعی بوونی شکاند و توانای چاودێریکردنی حکومەتیشی لێبسەندەوە و ئەم هەوڵەی پارتی وایکرد کە پەڕلەمان توانای سەربەخۆبوون و چاودێریکردن و لێپرسینەوە لە دەست بدات و ببێتە دەزگایی ئیفلیج، نوێنەرانی پەرلەمانیش نەیانتوانی نوێنەرایەتی خۆیان و کۆمەڵگاش بکەن و دەرفەت و زەمینەیان بۆ دەستێوەردانی حیزبی لەکاری پەڕلەمانیدا رەخساند کە ڕۆژانە هەم خۆیان و هەمیش کۆمەلگایان توشی قەیران کردووە، لەناو کابینەی نۆیەمیشدا خەونی پارتی وەکو حیزبی فەرمانڕەوای کابینەکە لەباربردنی ئەو تۆزە ئازادییە بوو کە (سەردەشت و سۆران و کاوەو ویداد ) لە پێناویدا شەهید بوون، پارتی لەم کابینەیەدا دروشم بانگەشەو کۆنفرانسی زۆری لە بواری مافەکانی مرۆڤ لە پرسی ئازادی و رۆژنامەگەری ئەنجام داوە، بەڵام پشکی شێری هێرش و پەلاماردان و زیندانی نایاسایی و کوشتنی ڕۆژنامەنوسان لە ئەستۆی پارتیدایە کە بەناوی سەروەربوونی یاساوە شێوازەكانی چەوساندنەوەی مرۆڤ و پرۆسەی لە مرۆڤخستن لە زیندانەکاندا بە چەندین شێوە دژ بە ئازادیخوازان پیادە دەکات.
دۆسیەی (شێروان شێروانی ) و گیراوانی بادینان تا ئێستا دۆسیەیەکی زیندوو کراوەیە لای ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام پارتی لەپاڵ نەبوونی سەروەری یاساو بە حیزبیبوونی دادگاکان هەر رۆژەو سیناریۆو تۆمەتێکی سیاسی بۆ زیندانیانی بادینان دەهۆنیەوەو گرنگی و بایەخی بە مافەکانی مرۆڤ نادات کە لە رۆژگاری ئێستادا پرسیمافەکانی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهاندا، بووەتە یەکێک لە گرنگترین ئەو مەسەلانەی پێویستی بە قسە لەسەرکردن و چاودێری و بەدواداچوونی ورد هەیە، هەڵبەت بەشێکی ئەم ماڵویرانیەش دەکەوێتە ئەستۆی خودی کۆمەڵگای کوردی کە ڕۆڵی هەبووە لە قایمکردنی پایەکانی تاکڕەوی سیاسی کە تائێستا کۆشکی ئەم تاکڕەوییە سیاسییە خێزانیە حیزبیە دەپارێزن! ئەوەی گرینگە لە بەر چاو بگرین خوێندنی ئەم راستیانەیە، كە پێویستە پارتی و یەکێتی و حکومەتی هەرێم لە بەر چاوی بگرن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت