شاسوار هەرشەمی: قورئان سوتێنەکە بناسە!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەلوان سەباح مەتی مومیکا، لە شاری قەرەقوش/حەمدانییەی دەشتی نەینەوا، لە خێزانێکی کلدان لەدایک بووە. ئەو لە زووەوە لە بەغدا دادەنیشت. ساڵی 2014 بە هاوکاری و لەسەر داخوازی دەزگای میتی تورک، حیزبی (یەکیەتی سریانی دیموقراتی) دروست کرد، کە هەر خۆیشی، لە نێوان ساڵانی 2014 تا 2018 سەرۆکی حیزبەکە بوو. ئەمە لە کاتێکدایە، کە مەسیحییەکانی عێراق، نزیکەی 98٪ لە سەدیان کلدانن و ئەوانەی دیش ئاسوریی و چەند خێزانێکی ئەرمەنییش لە زاخۆ هەن و سریان لە عێراق نین.
دواتر کە میت مەترسی لەوە پەیدا کرد، لایەنگرانی یەپەگە و پە\کە\کە، لەناو ئێزدیەکانی دەشتی نەینەوا دەستەڵاتیان بەهێز دەبێت، ئەمجارە دیسان سەلوان مومیکا، هەر بە پارە و داخوازی و پلانی دەزگای میتی تورک، (کەتیبەی نسوری سریان)ی دامەزراند، بۆ دەستبەسەرداگرتنی شارۆچکەی بەرتللەی نێوان هەولێر و موسل و ئینجا قەرەقوش. ئەو تا ئەو کات، هێشتا لە بەغدا دەژیا، بەڵام بۆ گرتنی بەرتللە، ساڵی 2016 هاتە هەولێر، تا بەردەوام بتوانێت چەک، پارە و فەرمان لە میت وەربگرێت. ئەو بەئاسانی توانی هێزەکەی لە هەولێرەوە پڕچەک بکات.
دوای ئەوەی کە ڕەییان سالم صادق کلدانی، کە کلدانێکی ناسیاوی سەلوانە، بە دروستکردنی بزووتنەوەی (بابلییون)، چووە ناو دەستەکانی (حەشدی شەعبی) و قاسم سلێمانیش کەوتە هاوکاری کردنی، توانی نەخشەکانی میت بۆ داگیرکردنی بەرتللە لە بنکەی تورکەکانەوە لە نزیک بەعشیقە، پوچەل بکاتەوە. هەر ئەو سەلوانی دەستگیر کرد و دوای پتر لە دوو هەفتە هێشتنەوەی لە زیندانی حەشد، سەلوان وازهێنانی خۆی لە کاری چەکداری ڕاگەیاند و دواتر ناردرایەوە کونسولی تورکیا لە هەولێر. ئیدی سەلوان دوای وازهێنانی لە چالاکییە سەربازیەکان، بردرا تورکیا.
لە ساڵی ٢٠١٩، کاتێک کە دەزگای میت، ویستی گوشار بخاتە سەر یەکیەتی ئەوروپا، دەیان هەزار پەنابەری سوری ناردە ئەوروپا. لەناویاندا بە سەدان ئەندامی میت، لە تورک، عارەب، کورد، ئەفغانی و ئێرانیشی تێدابوو. سەلوان لەگەڵ ئەو شەپۆڵەدا، خۆی گەیاندە ئەلمان و دواتر هاتە سوید.
یەکەمین کاری بۆ میت لە سویدەوە، ڕەوانکردنەوەی بوو بۆ بەغدا تا بچێتە ناو ڕەوتی سەدریەکان و بەشداری بکات لە داگیرکردن و سوتاندنی ساختمانی پەرلەمانی عێراق. ئەو توانی ئەم کارە بکات و گەڕایەوە سوید.
لە ناوەڕاستی زستانیشەوە، لەگەڵ پۆلیس و دامەزراوەی دادی سویدی، لە ململانێدایە، بۆ ڕێگا پێدانی بە سوتاندنی قورئان لەبەردەم بالیۆزخانەی عێراق، تا دادگا، دژ بە بۆچوونی پۆلیس، ڕێگای پێدا تا ئەم کارە بکات، بەڵام پۆلیس شوێنێکی دیان بۆ دیاریکرد. هێشتا دیار نیە، ئەم کارەی دوایی بۆ چ لایەنێک کردووە.
وێنەکە: سەلوان مۆمیکا، لەناو خۆپیشاندەرانی ڕەوتی سەدر، لەبەردەم پەرلەمانی عێراق. خۆی وێنەکەی لە دیواری فەیسبووکی خۆی داناوە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت