شێرزاد شێخانی: درۆیەکانی دەسەڵات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سازان و یەکریزیی و تەبایی و شەرعیەتی پەرلەمان و سەروەری یاسا و خیانەت و خۆفرۆشی و پیلانی دوژمنانی کوردستان و.. هتد. ئەو دەستەواژە تازانە لەگەر دامەزراندنی یەکەم پەرلەمان و حکومەتی هەرێم هاتنە ناو قاموسی سیاسی دەسەڵاتدارانی کوردیەوە. بە تایبەتیش لەو چەند سارەدا دووبارە و سێ بارە و هەزار بارە دەبنەوە هەموو مەبەستیشیان گەوجاندنی میللەته.
با لەرەقەم یەکەوە دەستپێبکەین:
یەکەم/ سازان. واتا رێککەوتنی ئاشتیانە لەسەر هەر مەسەلەیەکی جێناکۆک، بە مەعنایەکیتر رێزگرتن لەبیروبۆچوونی بەرامبەرو تەنازولکردن لۆ یەکتری لەپێناو سەرخستنی هەر مەسەلەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی. بەڵام لەو رۆژەوەی ئەو دەسەڵاتە کوردییە دروست بووە حەتا ئەوڕۆ سازان لەناو سیاسییە کوردەکاندا بوونی نەبوە؟!. ئەو دەسەڵاتە لەسەر داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل نەسازان و میللەتیان تووشی شەڕەکی ماڵوێرانکەری ناوخۆ کرد کە حەتا ئێستاش ئاسەوارە کوشندەکانی هەر مایتەوەو بوویتە کارەسات و خەریکە قەوارەکەشمان لەناو ببات .
دووەم/ یەکڕیزی. ئەوەش نوکتەیەکی تری دەسەڵاتی کوردییە، چونکی لەوەتی ئەو حکومەتەی هەرێم سی سار پێش ئێستا لەسەر ئەساسی فیفتی فیفتی دامەزرای ، هێشتا یەکڕیز نەبووەو، رووداوەکانی ئەوجارەی پەرلەمانی عیراقیش دەریخست یەکڕیزی کورد وەکى خەونی حوشتر وایە!.
سێیەم/ تەبایی. هەموو حزبەکانی دەسەڵات یەک بە یەک خۆیان لەکەمین دانایە لۆ ئەوەی پیلان لەدژی یەکتر بگێڕن و هێسکی یەکتر بهاڕ ، لەسەر تەلەفزیۆنەکان ناودەمی یەکتر ماچ دەکەن و بە زەردەخەنەو پێکەنینەوە خۆیان دەردەخەن، لەژێروەش خەنجەر لەیەکتر تییژ دەکەن و بە هاوکاری دوژمنانی کورد هەوڵی لەناوبردنی یەکتری دەدەن!.
چارەم/، شەرعیەتی پەرلەمان. ئەو نوکتەیەش زۆر لەمێژە میللەت پێی پێدەکەنێ، لەو کاتەوە کە دەرگای پەرلەمان داخراو سەرۆکە هەڵبژێردراوەکەی سنوورداشی دێگەڵە کرایەوە، لەویش خۆشتر کاتێک چەنەبازو چەقەنەلێدەرو موعەلیقی ریازی و شێلمفرۆش و بۆکسوەشێن بوونە ئەندامی پەرلەمان شەرعییەتی پەرلەمان سفر بووەوە!.
پێنج/ سەروەری یاسا. ئەویش نوکتەیەکی ( بایخ) ـه، چونکی بەچاوی خۆمان دەبینین سەتان کەس لەو کوردستانە دەکوژرێ و دواتر بە سوڵحی عەشایەری لەمەکتەبەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان کۆتاییان پێدێ و حق العامیش دەبتە هەڵمی سەر مەنجەڵی بوخار!.
شەش/ خیانەت و خۆفرۆشی. هەر کاتەکی حزبەک یان هەر کەسەک دوو قسەی هەقی بەرامبەر دەسەڵاتی زاڵمو ستەمکار کرد، یەکسەر تۆمەتی خیانەت و خۆفرۆشی دەدرێتە پاڵیەوە. سەیریش لەوەدایە ئەو خیانەت وخۆفرۆشییەی دەدرێتە پاڵ خەرکەوە ئەگەر خۆشیان بیکەن دەستکەوت و ئەو پەڕی شانازییە لۆ خەرکیش رووڕەشی و شەرمەزارییە.
حەفت/ پیلانی دوژمنانی کوردستان، لەهەر ئەزمەیەکی دەسەڵاتدا ئەو تۆمەتەش دێتە سەر زمانی مەسئولەکانەوە، ئەوە سی و دوو سارە میللەتەکەمان بەو قسە قۆڕانە هەڵدەخەڵەتێنن. ئەمن نازانم ئەمەی کورد بەو قەوارە گچکۆکەو فشۆڵ و گەندەڵەی هەمانە کێ هەیە حەسوودیمان پێببات و لەدژی هەرێم پیلان بگێڕی و هەوڵی لەناوبردنی بدات؟.
ئەو دەسەڵاتەی مە. وا دەزانی ئێستاش مەلیک هەر ماوەو بە عەقلییەتی سارانی چل وپەنجای جاران بیر دەکاتەوەو وادەزانی میللەت لەگوێی گادا نوستووەو ئاگای لەدونیا نەمایە. نازانن ئەوڕۆ سەردەمی سۆشیال میدیاو زیرەکی دەستکردە و گەنجی ئێستاش بە یەک کلیک لەسەر مۆبایلەکەی مەعلوماتی کەون وکائیناتی دەستدەکەوی ئەو هەموو وەهمو درۆودەڵەسەو وەعدوبەڵینە درۆزنانەیان دادیان نادات رووە ڕەشەکەیان داناپۆشی ( شوکر هوشیارە مەحوی ) .. باقی وەلسەلام ..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت