محەمەد عەبدە: دوو شـەقـام، دەسەڵاتی خراپ کۆمەڵگەی باش دروستناکات.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی زانراوە کۆمەڵگا، پێش بوونی سیستەمی دەسەڵاتداری پەیدا بووە. بەڵام بایەخەکان و خووڕەوشتە کۆمەڵایەتییەکان، پاش پەیدابوونی جۆری دەسەڵات بوونەتە نەریت.
نەریت ئەو ڕەوشت بایەخانەن کە لە ڕێی پەیڕەوکردنی کاروکردار و ئامۆژگاریی دەسەڵاتدارەوە، یان یاساکانیانەوە لە ناو کۆمەڵگەدا دەچەسپێن. پاشان، پێشئەوەی بچنە کونجی یادەکانی مێژووەوە، تا ئەو کاتەی سیستەمی دەسەڵات دەستاودەستدەکات، یان دەگۆڕدرێت درێژە دەکێشن. ئەو کاتە بەپێی چاکی و خراپیی سیستەمە نوێیەکە، ڕەوشت و خووی چاک و خراپ تەشەنەدەکات.
لە کۆمەڵگەیەگدا هیوای گەشەکردنی ژیانی ئەمڕۆ و دواڕۆژی تیادا مابێت، شانازیکردنی گەل بە سیستەمی حوکمڕانییەکەیەوە و شانازیکردنی سیستەمی حوکمڕانی بە گەلەکەیەوە، دوو دیاردەی ئاشکرای ناو شەقامی ژیانی ڕۆژانەی هەردووکیان دەبێت. لەو دوو شەقامەدا ڕەوشت و یاسا هێندە لە یەکتر نزیکدەبنەوە، جیاوازیی نێوان وەزیران و گزیران دەسڕدرێتەوە. جێبەجێکردنی یاسا لە ڕێگەی دامەزراوە دیموکراتییەکانی دەوڵەتەوە، لەلایەن جەماوەرەوە پەسەندکراو دەبێت و حکومەت دەبێتە ئەڵقەی متمانەی نێوان دەوڵەت و جەماوەرەکەی.
چەند حکومەت لە ئاستی ڕەوشتبەرزیی یاساکانی دەوڵەتدا لە گەڵ جەماوەر بدوێت و هەڵسوکەوت بکات، هێندە جەماوەر و کۆمەڵگەکە شانازتر دەبن؛ ڕەنگدانەوەی کردارەکانی وەک دەستپاکی و ڕاستگۆیی و زماننەرمی و سەرڕاستی و متمانە و دادپەروەری و بێپێچووپەنایی و باوەڕبەخۆبوون و هەموو خەمخۆرییەکان لەناو کۆمەڵگەکەدا دەبنە نەریت. پێچەوانەکەشی پێچەوانە دەبێت. واتە چەند حکومەت لەو ڕەوشتبەرزییانە خۆی دووربخاتەوە و گەندەڵانە ڕەفتار بکات، هێندە و پتریش جەماوەر بەدخووتر دەبێت؛ لە کەلەبەری چاولێپۆشینی دەمچەورکراویی دامودەزگای کرمێبووی کەرتی فەرمی و تایبەتەوە، هەلی گەورە بۆ تاکە چاوچنۆکەکان دێتە پێش، پەتای گەندەڵی لە هەردوو شـەقامەکەدا بە شـێوەیەک تەشـەنە پێدەکەن کە لە بوون بەنەریت نزیک ببێتەوە. ئیتر کاتێک جەماوەر باوەڕی بە شکۆیی و ڕەوشتبەرزیی سیستەمی حوکم نامێنێت، هەر بەو زمانە لەگەڵ یەکتر هەڵسوکەوت دەکەن کە دەسەڵات بەرامبەریان بەکاریدەهێنێت.
بەو شێوەیە تێدەگەین کە هیچ کۆمەڵگەیەک ڕەوشتبەرز نابێت، ئەگەر سیستەمی حوکمڕانییەکەی لە ڕووی ڕەوشتبەرزییەوە داڕزابێت و گەندەڵ بووبێت. هەر کۆمەڵگەیەک بییەوێت، پێش ئەوەی ئەو خووانە ببنە نەریت، بایەخ بۆ دەوڵەت و جەماوەر بگەڕێنێتەوە. پێویستە لە هەلی بۆڕەخساودا دامودەزگای دەسەڵاتدار بگۆڕێت. خۆ ئەگەر خووڕەوشتەکانی سیستەمی حوکمڕانییەکە بووبێتە نەریت، ئەوا گۆڕینەکە بەبێ بەرنامەیەکی بۆدانراو،دەکەوێتە دەست ڕەوڕەوەکەی مێژوو کە ئەنجامەکەی دوورنییە خراپتر نەبێت لەوەکەی پێشووی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت