عەبدوڵا کەریم مەحمود: هەڵوێستێکی باڵا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ یادی رابەری پەروەردەی سلێمانی، مامۆستا محەمەدی حاجی رەزای رەباتی.
سەعات 8ی بەیانی پایزی 1979 بوو، محەمەدی حاجی رەزای رەباتی لە ماڵی خۆیانەوە لە گەڕەکی برایم پاشاوە، گەیشتە بەردەم دوکانەکەی، لە تەنیشت ئوتێل مەولەوی لەسەرشەقامی گۆران، لەو کاتەدا کلیلەکەی لە گیرفانی دەرهێنا، قفڵی دەرابەی دوکانەکەی بکاتەوە.
یەکێک لە و چەند چەکدارانەی لەو ئوتۆمۆبیلەی نزیک دوکانەکەی وەستابوو، بەرەو رووی هات و پێی وت: دوکانەکەت مەکەرەوە، بەێوەبەری ئەمنی سلێمانی، ئێمەی ناردوە بە شوێنتا و داوای تۆی کردووە.
مامۆستا محەمەد پێی وتین: با تەلەفونێک بۆ ماڵەوە بکەم.
وتی: پێویست بە تەلەفون ناکات، ئێستا بەڕێوەبەر چاوەڕوانی تۆیە.
محەمەد فەرەج مستەفا، هاوڕێی بەوەفای تەمەنی مامۆستا محەمەد، هەموو بەیانییەک پێش ئەوەی رووبکاتە سەرکارەکەی، لە ئیدارە محلی سلێمانی، سەردانی مامۆستا محەمەدی دەکرد، ئەو بەیانییە کە دەگاتە بەردەم دوکانەکە بەلایەوە سەیرە بوو، نە دوکانەکە کراوەتەوە و نە مامۆستا محەمەد دیارە، تەلەفونی بۆ ماڵی مامۆستا محەمەد کرد و هەواڵی پرسی:
کافیە خانی هاوسەری مامۆستا محەمەد، وەڵامی دایەوە: محەمەد زۆر باشە، چووە بۆ دوکان.
محەمەد فەرەج مستەفا کەوتە گومانەوە، هەواڵی دیار نەمانی مامۆستا محەمەدی بە تەلەفون گەیاند بە ( وەستا ئەسعەد رەباتی و وەستا سالح نوری رەباتی و ئەنوەری حاجی رەزاو هاوڕێکانی)، ئەوانیش بۆ هەواڵ پرسینی روویان کردە: بەشی فریاکەوتنی تەندروستی سلێمانی و بەشی دادوەری پزیشکی سلێمانی و بەندیخانەی سەرەوەی سلیمانی و بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، هیچ سۆراخێکیان نەکرد .
هەموویان لە محەلەکەی وەستا سالح نوری رەباتی بەرامبەر ئۆرزدیباک کۆبوونەوە و پێکەوە روویان کردە، ماڵی مامۆستا محەمەدی حاجی رەزا.
نیوەڕۆکەی ئارامی کوڕی مامۆستا محەمەد لە قوتابخانەوە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، ئەو هەموو ئۆتۆمۆبیل و قەرەباڵغیە بینی سەری سووڕما، رووی کردە دایکی و پرسی: ئەوە چی بووە ؟
– هیچ رووی نەداوە.
لەو کاتەدا هەموویان لەبارێکی دەروونی و دوودڵی گومان و چاوەڕوانی دابوون، لە ناکاو ئوتۆمۆبیلیک چەکدار گەیشتە بەردەرگا، مامۆستا محەمەد خۆی بە ژوورا کرد، هەموویان بە تێڕامانەوە، رووی پرسیاریان لێ کرد:
بە هێمنییەکەی خۆیەوە پێ ی وتن: بەڕێوەبەری ئەمنی سلێمانی رایسپاردم و پێی راگەیاندم:
ئێمە زانیاری تەواومان لەسەر تۆ پێ گەیشتوە، مامۆستایەکی پەروەردەیی دیاری شاریت، کەسێتیەکی خۆشەویستی خەڵکی سلیمانیت، لە بەغداوە بڕیارمان بۆ هاتووە، یەکێک لەو کەسانە هەڵبژێرین، بیکەین بەوەزیری پەروەردە، ئێمە داوا لە تۆ دەکەین، پێشنیارەکەمان قبوڵ بکە.
لەو کات و شوێنەدا، مامۆستا محەمەد، بروسکە ئاسا، بیری لەوە دەکردەوە: ئەو پلەو پایە و پۆستە لەگەڵ هەڵوێستی ویستگە جیاجیاکانی تەمەنی ئەو لە ( سەنگاو و قەرەداخ و سلیمانی)دا ناگونجێ، ئەو پێشنیارو داوایانە لای ئەو هیچ بەهایەکی نەتەوەیی و نیشتمانی نییە، دوای تاوێک بێ دەنگی و بە تێرامانێکی قوڵەوە وتی: سوپاسی ئێوە دەکەم، من مامۆستایەکی خانەنشینی بێ لایەنم، ئەو پۆستە لە گەڵ تەمەنی مندا ناگونجێ.
بەڕێوەبەری ئەمنی سلێمانی، بۆ ئەوەی رازی بکات، بە بەردەوامی قسەی بۆدە کرد.
بەڵام ئەو لە منداڵییەوە پەروەردەی بەهای جوانی کەسێتی حاجی رەزای باوکی بوو، لە هەموو تەمەنیا خاوەنی هەڵوێستی لۆژیکانەو و کەسایەتیەکی نمونەیی شارەکەی بوو، دەیزانی قبوڵکردنی ئەو پایە و پۆستە، لەو کات و شوینەدا، هەموو بەهایەکی پەروەردەیی خۆی و پەروەردەی شارەکەی دەسڕێتەوە.
بە ئیرادەیەکی لۆژیکانەوە، داواکەی (ئەمنی سلێمانی و ئەمنی بەغداد و پۆستی وەزیری پەروەردە)ی لە هەڵوێستێکی باڵای شكۆی نیشتمانیدا رەت کردەوە.

سەرچاو : ئەم زانیاریانەم لە ( ئارام محەمەد حاجی رەزای رەباتی) یەوە پێ گەیشتووە.
* زانیاریاکانم لە ئارام محەمەدی حاجی رەزای رەباتی وە پێ گەیشتووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت