محەمەد بەرزی: سەرکردەی شکستخواردوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرکردەی سەرکەوتووی پایەبەرز و بە ئاوەز و چاکەخواز، ئەو کەسە خۆڕاگر و خۆنەویستە ژیرەیە، کە سایەی پەنا و پەسێوی هەژاران بێ و لە هیچ چاکەیەک خۆی نەبوێرێ و گوزارشت لە خواستی خەڵکی بکات. دیدێکی ڕوونی بۆ ئەو ئامانجانە هەبێ، کە خۆی و هەوادارانی دەیانەوێت پیێ بگەن و بە دەستی بهێنن. چاک بزانێ ئامانجەکانی چیین و بە دوای چیدا دەگەڕێن. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ توانای سەرکردە و پلانی ورد و زانیاری دروست، کە پیشتر لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە. یان سەرکردەی مەزن و فریادڕەس، ئەو سەرکردانە دەگرێتەوە، کە تۆوی بڕوا لە دڵدا دەچینن و هیوا و ورە بە مرۆڤ دەدەن، توانیویانە گیانی خۆیان بخەنە سەردەست و ژیرانە و بوێرانە سەرکەوتن و دەستکەوتی گەورە و گرانی پڕ بەها بە دەستبهینن، زۆر بە چاکیش خزمەتی نیشتمانی خۆیان بکەن، پشت و پەنا بن بۆ میللەتەکەیان و شاخێکیش بن لە ورە. بەڵام سەرکردەی سەرنەکەوتووی شکستخواردوو ئەو کەسەیە، کە تەنها بەرپێی خۆی دەبینێ و سەرێکی هەیە و هەزار سەودا، پێی وایە سەرکردەیە، بەڵام لە ڕاستیدا سەرکردە نییە و نەیتوانییوە بگاتە ئاست و هەڵسوکەوتی سەرکردەی ڕاستەقینەی سەرکەوتوو. کارەساتی گەورەش لەوەدایە، ئەمجۆرە سەرکردە خۆسەپێنەرانە، هەموو عەیب و عار و شکستەکانی خۆیان بزانن، بەڵام لە هەڵەکانی خۆیان پەند وەرنەگرن، هەوڵی بە خۆداچوونەوە و وازهێنان لە ڕێگای هەرەس و دۆڕاندن نەدەن، ئامادەنەبن بێنە سەر ڕێگای ڕاست و چاکەکاری، بە زۆر و تۆپزی تەختی دەسەڵات بەرنەدەن و هەر خۆیان تا ڕۆژی قیامەت بە سەرکردەی تاقانەی بێ وێنە بزانن. شاهۆی ئامانجیشییان تەنها مانەوە و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و بنەماڵە و نۆکەرەکانیان بێ، بێ ئاگا لەوەی، کە تەنها ئاکاری چاک و دڵسۆزی بۆ خاک و خەڵک و خزمەتی هێژا و دەستکەوت و هەڵسوکەوتی پاک و ژیرانە. تایبەتمەندییەکانی سەرکردەی ڕاستەقینەن، نەک: پێگە و مێژووی باوباپیران، نازناوی قەبەی بۆش و بەتاڵ، پۆستی گەورە و گران و تاج و تەختێکی لاواز و لەرزۆک و چەپڵەی کەسانی نۆکەر. جا جێگای خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بۆ چەند خاڵێکی سەرکردەی سەرنەکەوتوو بکەین:
1- سەرکردەی خۆسەپێنەری شکستخواردوو، گرنگی بە هێز دەدات، نەک بە ژیریی. بە کۆیلەی درۆزنی سەرشۆڕ، نەک بە کەسانی زیرەک و زانا، کە پایەکانی سەرکەوتنن. پشتگویێ خستنی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی سەرکەوتن. حەزی لە چەپڵە و دروشمی درۆ و دوژمنی ڕەخنەیە. جگە لە خۆشی، لە هیچ کەسێکی دەورووپشتی نە تێدەگات و نە گویێ دەگرێت. ئامادەش نییە بە خۆیدا بچێتەوە.
2- کەسێکی لووت بەرزی خۆپەرستە، هەناوی ژەهراوییە، ئەو جۆرە لووتانەی نییە بۆنی مەترسی پێ بکا، سەرکەوتن و دەستکەوت تەنها بە هی خۆی دەزانێ، شکست و نسکۆش بۆ دەورووبەرەکەی. بە چاکیش هۆکارەکانی شکستی خۆی دەزانێ، بەڵام باکی نییە و خۆی لیێ نەبان دەکات. بە گولـلە تۆپیش دەست لە کورسی هەڵناگرێ و جگە لە خۆشی باوەڕی بە کەسی تر نییە.
3- ناتوانێ پلان بۆ ئامانجەکانی دابنێ. دووربین نییە. پەلە دەکات و بەرنامەکانی بێ سەروبەر و بڵاوە و هەر ڕۆژەی لە ئاشێک دەکات و هیچ نا ماڵێتەوە، بۆ چوونەکانی هەمیشە کورت دەهێنێ، خۆی لە ڕاستی دەدزێتەوە، خۆڵ دەکاتە چاوی خەڵکەوە. بە کەڵەگایی و عەقڵی بەتاڵەوە، تەنها ئەوەی خۆی باوەڕی پێیەتی پێداگری لەسەردەکات، بیر لە ئاکامە خراپەکانی ناکاتەوە و نیشتمان بەرەو هەڵدێر دەبات.
4- سەرکردەی گەندەڵی شکستخواردوو، ژێر دەستەکانی دەکات بە دوو بەشەوە. بەشێکی نۆکەری مفتەخۆری تەپۆ و تەمەڵ و خۆ لەپیشکەر، کە لە هەموو هەستێکی نیشتمانی شۆراونەتەوە و کوێرانە پشتگیری دەکەن و بەردەوام هیوا و دەنگی خەڵکی خەفە دەکەن و کاریان نۆکەرایەتی و ستایش کردنە، لە ئەنجامدا پاداشت دەکرێن و پێش دەخرێن، بەڵام بەشی دووەم، ئەوانەن کە سینەپاک و دڵسۆز و ژیر و ڕاستگۆ و ڕەخنەگرن. پاداشت ناکرێن و دوور دەخرێنەوە و سزا دەدرێن. جیاوازی و ناهاوسەنگی نێوان ئەم دوو جۆرە کەسانەش، هۆکارێکە بۆ بڵاوبوونەوەی نادادی و گەندەڵی و نائومێدی و دووبەرەکی.
5- دامەزراندنی دەزگای چاودێری و جاسوسی بۆ چاودێریکردنی کەسانی سەربەخۆی. هەڕەشە و چاوبزکردنەوە لە خەڵکی و سەرشۆرکردن و کوڕنووش بردن و چەمانەوەش بۆ دوژمن.
6- فڕی بە نیشتمانەوە نییە و ناتوانێ دارێک بخاتە سەر بەردێک.
7- بە فیڕۆدانی داهاتی وڵات، بەبێ ئەوەی بتوانێ گۆڕانکاری و داهێنان بکات و قەیرانەکان چارەسەربکات.
8- لە کاتی کێشەدا تاوانبارکردنی کەسانی تر و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارییەتی.
9- کردەوەکانی پڕن لە درۆی زۆر و پەیمانی بێ بنەما و شاردنەوەی ڕاستییەکان. ئەوەی دەیڵیێ جێبەجێی ناکات و گومان لای هەوادارانی دروستدەکات و دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
10- بەڵێنەکانی هەمووی درۆ و چاوبەستن، تەنها خۆڵکردنە چاوی خەڵکە، ناتوانێ نان و کار و ئارامی و ئاسایش و ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی دەستەبەر بکات.
11- مانەوەی خۆی و کۆکردنەوەی سەروەت و سامان و داهاتی خێرا، دەخاتە سەرووی هەموو ئامانجێکەوە، بەبێ ئەوەی ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ دواڕۆژ هەبێت. پاشان لە ماوەی سەرکردایەتییەکەیدا هیچ ئامانجێکی نا پێکێ و ناتوانێ خزمەتی وڵات و کۆمەڵگاکەی بکات، کەچی بە زۆر و تۆپزی یەکە یەکە نەوەکانی بۆ دوای خۆی ئامادە دەکا، ئەمەش نیشانەیە، کە ئەو سەرکردەیە نەک هەر شکستخواردووە، بەڵکو کەسێکی دیکتاتۆری خۆسەپێنەری توندڕەوی دواکەوتووە، نە ڕێز لە دەنگی هەوادارانی خۆی دەگرێ و نە لە دەنگی خەڵکیش. سەرلەنوێش هەمان سینارێۆیی شکستەکانی خۆی دووبارە دەکاتەوە.
12- ئامادە نییە لە پێناوی باوەڕ و بەها بەرزەکاندا قوربانی بدات. بەردەوام لە کاتی مەترسی و تەنگانەدا خۆی بە دوور دەگرێت و پڕیشکی ئاگر نایگرێتەوە. زیاتر گرنگی بە بەرژەوەندی خۆی دەدات نەک بە سەرکردایەتی. هەمیشە لە کاتی مەترسی و شکستی گەورەشدا، لاقێک دەکا بە چوار و لە بەرپرسیارییەت ڕادەکا، پشت دەکاتە نیشتمانێکی وێران و ڕێگای هەرس و شکست دەگرێتە بەر و لە پیش هەموواندا وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچێ، مێژووش بە نەحلەتی دەکات، بەڵام باکی نییە.
لە دواجاردا جێگای خۆیەتی ئاماژە بۆ وتەیەکی جوانی شاعیرێک بکەم، کە دەڵێ: ( مرۆڤ ئەوەیە شێوەی شەمعی بێ. بۆ خۆی بسوتێ و نەفعی جەمعی بێ )، هەر بۆیە نابێ بە بەڵێن و دروشم و قسەی زل و روخساری جوان و شۆخ و شەنگی سەرکردە فریو بخۆین، تا کردەوەکانی بە ئاشکرا بە چاوی خۆمان نەبینین، چونکە جاری وا هەیە لە کۆمەڵگای دواکەوتوودا، ڕێکەوت و بەخت و ناوچەوان، کەسانی گەمژە و گێژی بەختەوەری بێ ئاگا، دەکات بە سەرکردە و سەرۆک و سواری کۆڵی خەڵکی دەبێ. بێگومان خاکێکیش میللەتی سەرکز و بێ هەڵویستی تیابێ ، هەر ئەمجۆرە سەرکردانەی لێ شین دەبێ.

تێبینی: بۆ ئەم باسە سود لە چەند سەرچاوەیەکی عەرەبی وەرگیراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت