سەردەشت محەمەد: بۆچی گرنگە، ئاوڕی جدی لە کفری بدرێتەوە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرگیز ناکرێت ناڕەزایەتی و مانگرتنی ڕۆژانی ڕابردوی هاوڵاتییانی دانیشتوی قەزای کفری، لە مەڕ پەراوێزخستنی شارەکەیان، وەک ناڕەزایەتییەکی سادە و هاوشێوەی ناڕەزایەتی و نیگەرانییەکانی دانیشتوانی بەشێک لە شارەکانی دیکەی کوردستان تەماشا بکرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەکرێت حکومەت گرنگتر لەو نیگارانییانە بڕوانێت و بەدەمەوەهاتنی حکومەت دەبێت خێراتربێت.
دەکرێت لێرەدا بپرسین بۆچی دەبێت بەدەمەوەهاتنەکانی حکومەت لە بەرامبەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کفری دەبێت خێراتربێت؟
وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەندی نییە بەو مێژووەوە کە دانیشتوانی شارەکە شانازی پێوە دەکەن و وەک خاڵێکی گرنگ بۆ ئاوڕدانەوە لەشارەکە باسی لێوە دەکەن، بەڵکو ئەمە پەیوەندی زیاتری بەو شوێنە جوگرافییەوە هەیە کە شارەکەی تێدا هەڵکەوتووە، هەموان دەزانین ئێستا قەزای کفری، وەک هێڵێکی سنوری لەنێوان دەسەڵاتی کوردی و ئەو هێزە عێراقیانەدا دەبینێرت کە لەنزیک قەزاکەوە نیشتەجێ کراوان.
ئەگەرچی قەزای دوس و پارێزگای کەرکوکیش ناوچەیەکی کوردستانین، بەڵام ناکرێت پشت لەو ڕاستییە بکەین کە ئێستا ئەو دووناوچەیە بەهۆی باڵادەستی هێزە عێراقییەکان و هێزە میلیشیاکانەوە کەمتر وەک هێڵێکی سنوری لێیان دەڕوانرێت و ئێستا قەزای کفری لەو پێگەیەدا دەبینرێت.
ئەم سنوری بونەی قەزاکە وایکردووە کە بڵێین زۆر گرنگە حکومەتی هەرێمی کوردستان خێراتر لە ناڕەزایەتی و دواکاریی هەرشارێکی دیکە ئاوڕ لە داواکارییەکانی خەڵکی کفری بداتەوە، چونکە بەداخەوە لە پاش ئازادکردنی عێراق و بەتایبەت پاش سەرهەڵدانی شەڕی داعشەوە بەهۆی کۆچی بەلێشاوی خێزانە عەرەبەکانەوە بۆ قەزاکە و نەبونی هەلی کار و خزمەت گوزاری پێویست و پەراویزخستنی قەزاکە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەی کۆچی دانیشتوانە ڕەسەنەکەی کفری لە هەڵکشاندایە و ژمارەی خێزانە عەرەبە کۆچەریەکان بۆ قەزاکە ڕوویان لە زیادبونە. کە بە بڕوای ئێمە مەترسییە گەورەکە لێردایە، چونکە ئەگەر بەگوێرەی ئەو ئامر و داتایانەی کە دانیشوانەکەی باسی لێوەدەکەن دوورنییە لە چەند ساڵی داهاتوودا شارەکە لە شارێکی ڕەسەنی کوردییەوە نەبێت بە شارێکی زۆرینەی عەرەب نشین و ئەو کەمینەیە لە خێزانە کوردەکانیش بەهۆی خراپی باری ئابورییانەوە نەبێت بەدڵنیاییەوە ئێستا ئەوانیش هاوشێوەی خزم و ناسراو و هاوشارییەکانیان قەزاکەیان چۆڵکردبوو.
بەداخەوە مەترسییەکە تەنها بە لەدەستدانی کفری کۆتایی نایەت، بەڵکو بەبڕوای ئێمە مەترسییەکە لێرەوە دەستپێدەکات و ئەوکات بەهۆی هەڵەی حکومەتی هەرێم و پەراوێزخستنی قەزای کفرییەوە ناچاردەبین ئەمجارەیان ناحێی ڕزگاری سەر بەقەزای کەلار، وەک سنورێکی حەقیقی نێوان دەسەڵاتی هەرێم و حکومەتی عێراقی تەماشا بکەین، بۆیە ئەمە بەمانای لەدەستدانی دەیان کیلۆمەتر لە خاکی هەرێمی کوردستان دێت، ئەویش لە ئەنجامی بێباکی دەسەڵاتی کوردییەوە نەک بەهۆی بەهێزی حکومەتی عێراق و داگیرکاری زۆرە ملێی خێزانە عەرەباکانەوە.
بۆیە گەورەی ئەم مەترسییە ئەوەمان پێدەڵێت:هەرچی زووە پێویسته حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی پلانێکی ورد مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا بکات و دەبێت جارێکی دیکە بوژانەوەیەکی گەورە لەکەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازی و سەرجەم کەرتەکانی دیکە لە قەزاکەدا بەئەنجام بگەیەنێت و ئەگەر نەشتوانێت بەوهۆیەوە تەواوی ئەو خێزانانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا قەزاکەیان بەجێ هێشتووە بگەڕێنێتەوە، ئەوا لانی کەم ڕێگە لە کۆچی ئەو خێزانە کوردانە بگرێت کە تاوەکو ئێستا لەکفریدا ماونەتەوە.
ئەم ئاوڕدانەوەیە بەتەنها نەک لە قەزای کفری، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان کارێکی لە پێشینەی حکومەتە و ناکرێت لەمە زیاتر دانیشتوانی کوردستان بە گشتی و دانیشوانی ناوچە سنورییەکان بەتایبەتی فەرامۆش بکرێن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت