شێرزاد شێخانی: ئایا مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم هەیە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەوەتەی دادگای فیدراڵی عیراق کەوتۆتە خۆی بۆ راستکردنەوەی تەجاوزاتەکانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەسەر دەستووری عیراق، رۆژانە گوێمان لەلێدوانی بەرپرسەکانی هەرێم دەبێ زەنگی مەترسیمان بۆ لێئەدەن، گوایە ئەم بڕیارانەی بەغدا مەبەست و ئامانجیان لەناوبردنی قەوارەی هەرێمە. وەکو ئەوەی لاوازکردن و لەقاڵبدانی دەسەڵاتی ئێستای هەرێم یەکسان بێت بە رووخاندنی قەوارەی کوردستان کە هەرێمێکی دانپێدانراوی دەستووری عیراقە.
لێدوانی بەرپرسانی هەرێم لەبارەی لەناوچوونی قەوارەکەمان، وەهمێکە وەک هەموو وەهمەکانی پێشتری دەسەڵات کە لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بڵاوی ئەکاتەوە، کاتێک باس لە پیلانی دوژمنان و هەڕەشەو گوڕەشەی حەشدی شەعبی ئەکات، بەمانەش هەوڵی ترساندنی خەڵک ئەدات. خۆی لەراستیشدا هیچ مەترسییەک لەئارادا نیە لەسەر قەوارەی هەرێم کە ئەم قەوارەیە لەئەسڵدا هیچ بەخششێکی نوخبەی سیاسی عەرەبی عیراق دوای صەدام نەبووە تاکو ئەمڕۆ، لێی پاشگەز ببنەوەو هەوڵی لەناوبردنی بدەن.
قەوارەی هەرێم لەسەردەمی حوکمی رژێمی بەعسەوە دیاریکراوە بە یاسای ئۆتۆنۆمی ساڵی 1974 هەرچەندە ئەم قەوارەیەش بێهزو بێدەسەڵات و تەنها دیکۆرێکی کارتۆنی بووە. بەڵام لەرووی یاساییەوە دانپێدراو بوو. تەنانەت سنووری ئیدارەی دەسەڵاتی کوردیشی تێدا دیاریکرابوو. بەشێک لە دەسەڵاتی ئیداریی و داراییشی پێدرابوو . لەدوای رووخانی رژێمی بەعس ئەم قەوارەیە گۆڕانکاری بەسەردا هات، لەئەنجامی بەشداریکردنی لایەنە کوردستانیەکان لەپڕۆسەی سیاسی و بنیاتنانەوەی عیراقی تازەدا. بە هەوڵو تێکۆشانی سەرکردایەتی کورد قەوارەکە چوارچێوەیەکی دەستوری و یاسایی وەرگرت، وەکو هەرێمێکی فیدرالی لەناو عیراقدا.
هەموو سیاسیەک و رۆشنبیرێک بەوانەی دەسەڵاتی ئێستاشەوە زۆرباش دەزانن رووخاندن و لەناوبردنی ئەم قەوارەیە کارێکی مەحاڵە، چونکە دەستوور رێگە بەوە نادات، هیچ دەسەڵاتێکی بەغداش ناتوانێ لەرووی دەستوورییەوە ئەم کارە بکات. چونکە دەبێت دەستوور هەموار بکرێتەوە کە ئەمەش مەحاڵێکی ترە، چونکە بەبێ ڕەزامەندی گەلی کورد و فیتۆی دوو پارێزگای هەرێم ئەم کارە سەر ناگرێ.
جیا لەرووی قانونی و دەستووریەکەشەوە، دیسان مەحاڵە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە هاوپەیمانەکانی کورد رازی بن بە لەناوبردنی قەوارەی کورد لە عیراقدا، یان دوور خستنەوەی پێکهاتەیەکی گەورەی وەکو کورد لەدەسەڵات و ئیدارەدانی هەرێم. بۆیە بە دڵنیاییەوە دەڵێم هیچ مەترسییەک لەسەر قەوارەی هەرێم بوونی نیە، تەنها مەسەلەکە پەیوەستە بە دەسەڵاتی ئێستای هەرێم و خراپ ئیدارەدان و ئەم هەموو تەجاوزاتانەی بەسەر دەستووری عیراقدا کردوویانە.
عیراق ئێستا لەدۆخێکی لەباردایە لەڕووی هێزو یەکگرتووییەوە بۆ گێڕانەوەی سەروەری دەوڵەتەکەی، بەپاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یەکبوونی هێزە شیعی و سونییەکان لەچوارچێوەی ئیدارەی دەوڵەتدا، هێزی هاتۆتە بەر بۆ ئەوەی هەڵەکانی پێشووتری دەسەڵاتی هەرێم لەرێگای دادگای فیدرالی و بڕیارەکانی پەرلەمان و بودجەو ئیجرائاتی حکومەتەوە چارەسەر بکاتەوە. سەندنەوەی دەسەڵاتی فرۆشتنی نەوت و دواتر پەکخستنی پەرلەمان و داواکردنی داهاتە ناوخۆییەکان و دەیان بڕیاری تری داهاتوو، هەموو مەبەستەکەیان بێهیزکردن و لاوازکردنی دەسەڵاتی حوکمڕانی هەرێمە نەوەک لەناوبردنی هەرێمەکە. بە کورتی و بەکوردی بچووککردنەوەو لەقاڵبدانی دەسەڵاتی ڕەهای هەڕێمە نەوەک لەناوبردنی. دەسەڵاتدارانی هەرێم درکیان بەو مەترسی لەدەستدانی پێگەو دەسەڵاتەکەیان کردووە، بۆیە دەیانەوێ لەرێگەی زەقکردنی هەوڵەکانی بەغدا وا پیشان بدەن کە مەبەستی ئەوان لەناوبردنی قەوارەکەیە. بەڵام لەواقیعدا مەبەست بێهێزکردنی خودی ئەم دەسەڵاتەیە.
حکومەتی هەرێم هەڵەی زۆر گەورەی کردووە کە چارەسەرکردنیان زەحمەتە، بە تایبەتیش لەم سەردەمەدا کە تووڕەیی و ناڕازیی خەڵکیش گەیشتۆتە تڕۆپکەوە. باوەڕ ناکەم کات بەدەست ئەم دەسەڵاتەوە مابێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم هەموو قەیرانە کەڵەکەبووانەی سی ساڵی رابردووی حوکمدارییەکەیان. سیاسەتی ئابووری سەربەخۆو شکستی ئیدارەدانی حکومەتی یەکگرتوو، بەرتەسککردنی ئازادییەکان و پێشێلکردنی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ کە دەسەڵاتی هەرێمی لەبەر چاو دونیای دەرەوەشدا ناشرین کردووە. غروری نوخبە سیاسییە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم و تەجاوزیان بەسەر ماددەکانی دەستوور، پەرتەوازەیی رێزەکانی ناوخۆو، دواکەوتنی خزمەتگوزاریەکان، گەورەبوونی دیاردەی گەندەڵی بێوێنە لەناو هەرێم، بڕین و نەدانی مووچەی فەرمانبەران، یەکنەخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەمانە بەگشتی هەڵەی گەورەبوون کە ئێستا بەم بێ ئیمکانیەتەی هەرێم مەحاڵە چارەسەر بکرێن. بۆیە هیچ رێگایەک لەبەردەم دەسەڵاتی هەرێم نەماوە تەنها رێکەوتن نەبێ لەگەڵ حکومەتی بەغداو هەوڵبدن پێکەوە چارەسەری قەیرانەکانی هەرێم بکەن و هەرێمیش بگەڕێتەوە سەر رێچکەی راستوڕەوانی دەستور بۆ نەهێشتنی بیانووی دەسەڵاتدارانی بەغدا.
نوسینی دوو سێ وتاری کوردی لەسایتە حزبیەکان و لێدوانی وتەبێژی حکومەت و پەرلەمانتارە خانەنشینەکان و شرۆفەی بە ناو چاودێرانی سیاسی و مامۆستایانی زانکۆی سەر بەدەسەڵات و عینادی سەرکردە دەستڕۆیشتووەکان، هانابردن بۆ هێزە ئیقلیمیەکان، هیچ چارەسەرێکی ئەم وەزعە شلۆقەی هەرێم ناکات. دەبێ بە هەر نرخێک بێت لەگەڵ بەغدا رێکبکەون بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکەیان بەیەکجاری لەناو نەچێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت