عەبدولکەریم شێخانی: خرتکەو پرتکە – بەشی چل و سێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

27. 11. 2022
پێم وابێ ڕەنگە شتێکم دەست نەکەوێ کە شایانی ئێوە بیـت و لەبەرتانی دانێم, بۆیە ناچار دەبم بابەتەکانی خرتکەتان پێشکەش کەم ئەگەر لێم قبووڵ کەن.
ئەم چەند ڕۆژەى پێشوو بە تایبەتی لەڕۆژى 18ى ئەم مانگەوە هەتا 24ى مانگ زۆر نەساغ بووم، لە ڕووتان بە گوڵاو بێت تووشی زگچوونی وا هاتم هێزى لەبەر بڕیبووم, گوتم تازە تەواو دنیای فانی جێ دەهێڵم. بەڵام جارێ وەکو دەڵێن ( حاپوول) ى داوم و بزانین کەى نۆرەى کۆچمان بۆ ( دار البقاء ) دێت. دواى سێ ڕۆژ تیمێکی پزیشکیی گەڕۆک هاتن و هەندێک دەرمانیان بۆ نووسیم. دواى ئەوەش بە دوو ڕۆژ کاک ڕابەری خوارزا, کارى ڕاست بێ، دکتۆرێکی بۆ ناردم و ئەویش دەرمانەکانی پەسەند کرد و هەندێک شتی پێ گوتم تا پەیڕەویان بکەم و ئێستا وەکو فیتەرەکان دەڵێن کەمێک هاتوومەتەوە ( تایم ).
زۆرم شت پێیە بۆ ئەم خرتکەیە, نازانم کامیان بنووسم. بەڵام جارێ بەم شیعرە دەست پێ دەکەم
یەکێک بۆى نووسیوم دەڵێ بۆ کچە مۆدێلێکی جوان
هەر بە تاقە دەروازەیەک دابین دەکات خۆشیی ژیان
ئێمەش بەو گشت دەروازەیە بۆ نانمان بەدۆ ڕاناگا
وادیارە دەروازەوان یان نەزانە یان بێ ئاگا
بە ئەم هەموو دەروازەیە هەردەم گیرفانمان بەتاڵە
ئەویش وەک پاشایان دەژی بەو پارە جوان و حەڵاڵە
لە شوێنێکی دیکە لەسەر قسەى دۆستێک کە دەڵێ زەمانە گۆڕاوە گوتوومە :
زەمانە هەر وەکو خۆیەتی , بەڵام ئێمەین کە گۆڕاوین
ڕەوشتبەرز و مەردانە بووین , بەڵام ئێستا وا نەماوین
بەرپرسەکان ڕەوشتکزبوون , ڕەوشتی ئێمەشیان گۆڕى
ویستمان ئاو بگۆڕین بەڵام , کەوتینە گۆڕینى بۆڕى
خانمە مۆدێلمان داهێنا بۆ سۆزانی و ناوگەڵفرۆش
دز و جەردە بوونە گەندەڵ . بۆ پیاوەتیش خۆمان خۆش
پێشمەرگەى دەژمنبەزێنمان شوورەى پۆڵای ناو سەنگەرن
منداڵیشیان برسی و بێ ناز نازانن داد بۆ کێ بەرن
هەیە بە درێژایی ژیانی تەقەى بۆ کورد نەکردووە
بەڵام ئەوەى خێر و بێرە , هەرئەو لەبۆ خۆى بردووە
جاشی ئەنفالچیی پێشمەرگەکوژ ئێستا خاوەن دیوەخانە
خاوەن کۆشک و ڤێلا و باخ و ئۆتۆمبیلی مۆدێل جوانە
خانمە مۆدێل دەڵێ ئەمن خاوەن پارە و ئۆتۆمبیلم
بەچەند مانگێک پەیدام کردوون چلۆن ئێرە جێ دەهێڵم
بە داخەوە ئەو ناوانە ئێستا وەک جاران نەماون
قوربانیدەر ون و نادیار , هەر ناپیاو لەبەر چاون
لە کایرۆپرێس وەرگرتووە.
(دکتۆر حامد جوهر ) ى خاوەنی بەرنامەى ( جیهانی دەریا ) و خاوەنی بەناوبانگترین ( ئێوارەتان باش ) لە مصر لە ساڵی 1982, چوو بۆ ئیستگەوتەلەفزیۆن بۆ وەرگرتنی پاداشتى ئەڵقەکانی بەرنامە ناودارەکەى. لە کاتێکدا وەک ئەو خەڵکە لەبەر پەنجەرەى پارە وەرگرتن ڕیزی گرتبوو, لەپڕ خانمە سەماکەرى ناودار ( سهیر زکى) هاتە ناوەوەو بێ ئەوەى گوێ بەو هەموو خەڵکە بدات کە سەرەیان گرتبوو, یەکسەر چوو بۆ بەرپەنجەرەى پارە وەرگرتن. بێ ئەوەى خانم قسەیەک بکات, پارەدەرەکە بە گەرمی بەخێرهاتنى کرد و 250 جونەیهى خستە دەستى. لەپڕ دەنگی بەرز بووەوە و قیژەى لێ هەستا و گوتی: ( من چارەکە سەعاتێک سەما بکەم بەو چەند ملیمۆکانەــ ملیم بچووکترین پارەى مصرییە. ئیدى بوو بە هەرا لە نێوان پارەدەرو سەماکەرەکە. دکتۆر حامد جوهر ویستى بکەوێتە نێوانیان و زۆر بە نەرمی و بە ئەدەبانە پێی گوت: خانمى ئوستاد من لە ئەسکەندەرییەوە دێم و پێش وادەى ئەڵقەکە بە چەند ڕۆژێک سەیرى چەندان کتێب و سەرچاوەى جیا جیا دەکەم بۆ ئامادەکردنی ئەڵقەکە کە، ماوەکەى نیوسەعاتە تەنیا 25 جونەیهم دەدەنێ. سهیر زکی گوتی: ئینجا من هەقم چییە, تۆش بۆ خۆت بۆ ناچی سەما بکەیت؟ ئیدى لێرە دکتۆر حامد وازى لەو بەرنامەیە هێنا کە 18 ساڵ بوو پێشکەشی دەکرد تا بەبێ دەنگى لە ساڵی 1992 کۆچى دوایی کرد.

لە فێسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جاروبار نووسینی سەیر دەبینم:
تۆ سەیرى ئەو کوردییە جوانەى باسنیوز بکە: (لە نەخۆشخانەى ڕزگاری لە هەولێر پڕۆسەیەکی دەگمەن و گەورە بۆ نەخۆشێک ئەنجام درا ). پێش ئەوەى هەڵە زەقەکە ڕاست کەمەوە، دەڵێم هەندێک نیمچە نووسەر هەن، ئەگەر پڕۆسە و ئەنجامدایان لێ قەدەغە بکەیت پەکیان دەکەوێت. پڕۆسە بە ماناى ( عملیة) ى عەڕەبی بۆ زۆر شت بەکاردێت. عملیة، واتە کردار ( عملیة حسابیة ) کردارى ژمێریارى. عملیة عسکریة، واتە ئۆپەراسیۆنی سەربازى. عملیة جراحیة، واتە نەشتەرگەرى. تۆ کە دەڵێی عملیاتیان بۆ نەخۆشێک کرد, واتە نەشتەرگەرییان بۆ کرد و ناڵێی پڕۆسەیەکیان بۆ کرد. ڕاستە بە عەڕەبی هەمووى هنەر عملیەیە, بەڵام بە کوردی جیایە.
هەر باسنیوز دەڵێ: ئەم ژنە کێیە؟ ئەمریکا وەسفی دەکات و دەڵێ شێر هەر شێرە، چ ژن بێ چ پیاو. بۆ شێر ژن و پیاو بە کار نایە, ئێمە دەڵێین: شێر هەر شێرە نێر بێ یا مێ. لەم ڕووەوە بۆ(زاراى محمدى ) گوتوومە:
پەندى کوردى پێمان دەڵێ شێر هەر شێرە نێر بێ، یا مێ
خەنی لە زاراى شێرەژن کە خۆڕاگرە و ناچەمێ

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت