حەسەن ڕازانی: پارێزگاری پێشووی نەجەف چوار ژن دەهێنێت و لە سەرحیسابی بودجەی گشتی و حکومەت و خەڵک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەرپرسە گەندەڵەکان بە تەنها لە گەڵ خەڵکدا فێڵ ناکەن، بەڵکو بە ئاشکراش فێڵبیللەرییەک لە گەڵ خوادا دەدۆزنەوە!
( لەگەڵ یەک دوو گلەیی و گازندەش، وەک بەندەیەک، لە خوای خۆم)

پارێزگاری پێشووی نەجەف چوار ژن دەهێنێت و لە سەرحیسابی بودجەی گشتی وحکومەت و خەڵک بەخێویان دەکات و بەمەش دەیەوێت لایەکی بەڵێنەکەی خوا وەک دادپەروەریی، لە ڕووی نەفەقەو داراییەوە، لە نێوانیاندا جێبەجێبکات!
وێنەکە هی پارێزگاری نەجەفە لەگەڵ چوار ژنەکەی!
تێبینی: لەم نووسینەمدا مەبەستم نیە پاساو بۆ یاساو ڕێسای خواو فەرموودەی پێغەمبەر بهێنمەوە، بەڵکو ئەمە زیاتر ڕەخنەو گلەیی و گازندەیە لە دیدی خۆمەوە!
هەندێک کەس، وەک چۆن گەندەڵیی و دزی و ڕاوە ڕووت و کوشتن و ڕێگریی و چەتەیی و دەستبردن بۆ ماڵی خەڵک لە ڕێگەی ئەو یاسایەی کە هەر خۆیان دای دەڕێژن بە یاسایی دەکەن، هەر بەو شێوەیەش دێن دەگەڕێن کە کەلێن و درزێک لە نێو ئەو یاساو ڕێسایەی کە خوا بۆی داناون بدۆزنەوەو خۆیانی پێدا بکەن و بە فێڵبیللەرییەک، لە پێشدا لە خوا، ئینجا لە خەڵک و لە ڕای گشتی وحکومەت ئەنجامی بدەن. لێرەدا نە شەرم لە خۆیان دەکەن و نە شەرم لە ڕای گشتی دەکەن و نە شەرم لە خەڵک و حکومەتیش دەکەن و نە شەرمیش لە خوا دەکەن کە بە ئاشکرا فێڵ لە یاساکەی خوا دەکەن و وەک فێڵبیللەریەکیش وە یاسایی دەخەن و لە گەڵ یاساکەی خوادا دەیگونجێنن بە بەرچاوی خوادا!
تەماشا ئەو یاسایەی ژن هێنان بکەن کە خوا دایناوە:
[وَإِنْ خِفْتُمْ أَلا تُقْسِطُوا فِي الْيَتَامَى فَانْكِحُوا مَا طَابَ لَكُمْ مِنَ النِّسَاءِ مَثْنَى وَثُلاثَ وَرُبَاعَ فَإِنْ خِفْتُمْ أَلا تَعْدِلُوا فَوَاحِدَةً أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ] سورەتی نیساء ئایەتی ژمارە ٣
لە لێکدانەوەی ئەو ئایەتەدا، لێکدانەوەکەی هەژار موکریانی و تەبەری زۆر لە یەک نزیکن و لە یەک دەچن، جا بە بڕوای من دەبێ هەژار زۆرتر پشتی بە تەبەری بەستبێ لە لێکدانەوەکەدا، چونکە تەبەری پێش هەژار لێکدانەوەی بۆ قورئان کردووەو یەکێکیشە لە گەورە موفەسیرانی قورئان و جێی متمانەشە!
هەژار بەم شێوەیە ئەو ئایەتە لێک دەداتەوە:
” ئەگەر لە مەڕکیژە هەتیوەکانەوە، لەوە ترسان کە نەتوانن بە تەرزێکی هەق و ڕەوا دەگەڵیان بجووڵێنەوە، دەتوانن وازیان لێ بێنن و ژنانی تر- چەندی خۆتان پێتان باشەو پێتان دەشێن – مارە بکەن، دوان بن یان سیان بن پێکەوە یان چواریش بن هەر ڕەوایە. وە ئەگەر ترسان کە نەتوانن ژنەکانتان وەک یەک تەماشا بکەن ، با یەکێک بێ یان وەل ئەوانە ڕابوێرن کە بوونەتە موڵکی خۆتان. بۆ خۆ لە غەدر پاراستن ئەمە ئاکاری پەسندە.”
سەرچاوە: قورئانی پیرۆز: وەرگێڕانی مامۆستا هەژار موکریانی.
جا مادام خوا هەر خۆی درووستکەرو خالیقی هەموو شتێکە بە مڕۆڤیشەوە، کەواتە هەر خۆی لە هەموان باشتر دەزانێ مڕۆڤ چیەو توانای چەندەو چۆنیش بیر دەکاتەوەودەشیەوێت چی بکات! هەر بۆیەش خوا دەزانێت کە مڕۆڤ دەگژ زۆر شتان ڕادەچێت کە بیان کات و پیی وایە دەتوانێت و بەڵام لە ڕاستیشدا ناتوانێت!
هەربەو شێوەیەش بابەتی فرەژنیی و دابینکردنی دادپەروەریی لە نێوانیاندا خوا خۆی زانیوییەتی کە مرۆڤ نەک هەر لە نێوانی چوار ژناندا یان لە نێوانی سێ ژناندا بەڵک و لە نێوانی دوو ژنانیشدا، ئەگەرڕاستیت گەرەکە، مڕۆڤ ناتوانێت دادپەروەریی دابین بکات!
دەگونجێت و بۆی هەیە کە کەسێکی دەوڵەمەندی خاوەن پووڵ و پارەو ملیۆنێر بتوانێت لە ڕووی دارایی و نەفەقەوە وەک یەک ژیانیان خۆش بکات، وەک یەک بیان خاتە خانووی باش و تازەوە، وەک یەک کۆک و پۆشتە ڕایان بگرێت، وەک یەک بیان بات بۆ سەیران و گەڕان، وەک یەک خواردنی خۆشیان بداتێ، بەڵام کاریکی مەحاڵە بۆ توانای مڕۆڤ کە بتوانێت وەک یەک لە ڕووی عاتیفە پێدان و خۆشەویستیی و لەگەڵدابوون و سەرجێیی و کات پێدان و تێرکردنی ئارەزووی سێکسی و ڕازی کردنیانەوە وەک و یەک و بە داپەروەریی لەگەڵیاندا بێت ، لەو بارەوە مەحاڵە بۆ مڕۆڤ کە بتوانێت دادپەروریی لە نێوانیاندا دابین بکات!
ئاخر نەک هەر مڕۆڤ، بەڵک و ئاژەڵە هەری بەهێزەکانیش ناتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن! پیاو مەشغەڵەی دەرەوەی هەیە، کار دەکات، لە دەرەوە خەفەت و گرفتی بۆ پەیدا دەبێ، ماندوو دەبێت، کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و هەندێک جاران تەندرووستیشی بۆ قوت دەبێتەوە، هەروەها کێشمەکێشی ژیان و بێنەو بەرەو ڕاکە ڕاکە بە دوای ژیاندا کار دەکرێتە سەر وزەو توانای جەستەیی و ڕوحیی و دەروونیی ئەو پیاوەو لە هیچ بارێکەوە ئەو توانایەی نامێنێت کە بتوانێت کە هاتەوە ماڵەوە دادپەروەر بێت لە نێوانی چوار ژنانداو داواکاریی و پێویستیەکانیشیان بەجێ بگەێنێت!
ئەو پیاوە کە هاتەوە مالەوە بەو شێوەو ماندووبوونە دەروونیی و جەستەییەوە چۆن دەتوانێت دادپەروەر بێت لە ماڵەوە لە گەڵ چوار ژناندا؟ ئەو ژنانە هەموویان جوانن، توانای سێکسییان زۆرەو چاوەڕێن تەواوی شەوەکە هەتا بەیانی لە گەڵ مێردی خۆیان بن، پێیان خۆشە هەتا بەیانی کە ڕۆژ دەبێتەوە لەگەڵ مێردی خۆیان دەست لەملانێ بکەن. ئەدی خودای لامەکان، ئەو پیاوە چۆن دەتوانێت لە یەک شەودا خۆی دابەش بکات بۆ چوار ژن و بە یەکسانی و دادپەروەرییش وەک ئەوەی کە ژنەکان دەیانەوێت نەک وەک ئەوەی کە پیاوەکە خۆی دەیەوێت لەگەڵ هەر چواریان بێت و هەر چواریشیان وەک کە خۆیان مەبەستیانە ڕازییان بکات!!
ئەو کارە مەحاڵەو هیچ پیاوێک ناتوانێت لە یەک کاتداو لە یەک شەودا خۆی بەدادپەرییانە دابەش بکات بە هەمان هێزو تواناوە بۆ چوار ژن و هەر چوار ژنەکەش وەک کە پێویستییانەو دەیانەوێت ڕازی بکات! خواش زانیویتی کە ئەمە کاریکی مەحالەو مڕۆڤە دەستکردەکەی خۆی ناتوانێت ئەو کارە ئەنجام بدات هەر بۆیەش ڕوودەکاتە مڕۆڤ و لە ئایەتێکی تردا لە سووڕەتی ژناندا دەفەرموێت:
{ولن تستطيعوا أن تعدلوا بين النساء ولو حرصتم} نساء –١٢٩
” ئێوە هەرچەندە هەوڵیش بدەن، قەت ناتوانن لە گەڵ ژنانی خۆتاندا بی جیاوازی ڕەفتار بکەن”
سەرچاوە: قورئانی پیرۆز: وەرگێرانی مامۆستا هەژار موکریانی
لەو ئایەتەدا خوا زۆر باش مڕۆڤ دەناسێت، چونکە هەر خۆی مڕۆڤی درووست کردووەو دەشزانێت توانای دەستکردەکەی خۆی چەندە، هەر بۆیەشە پێی دەڵێت نەکەی ئەو کارە بکەی، نەچی لە ژنێک زیات بهێنیت، ئەگەر وا بکەی تۆ ناتوانیت دادپەروەر بیت نەک هەر لە نێوانی سێ و چوار ژناندا بەڵک و تۆ ناتوانی دادپەروەر بیت لە نێوانی دوو ژنانیشدا!
ئەوەتە خوا بە ئاشکرایی لەو ئایەتدا دەڵێ: [ لن تستطيعوا] واتە قەت ناتوانن. ئنجا دەڵێت: [ ولو حرصتم] واتە ئەگەریش زۆر هەوڵ و کۆشش بکەن هەر ناتوانن…!
بە کوردی و کرمانجیەکەی ئەگەر بە حەبی ڤایاگڕا خۆت بکەیتە ئەسپیش هەر ناتوانی وەک یەک و بە داپەروەریی، وەک کە ژنەکان دەیانەوێت، دوو ژنان لەیەک کاتدا ڕازی بکەیت!
بۆیە نە خۆت گێل بکەو نە خواش هەڵخەڵەتێنەو فێڵبیللەریش لە نێو یاساو ڕێسای خوادا بۆ بەرژەوەندی خۆت مەدۆزەرەوە! بە حەبی ڤایاگرا خۆت مەفەوتێنەو دڵت تووشی نەخۆشی مەکەو خۆت وا لێ مەکە لەوەی هەی لەوەش ببیت..ئەی مڕۆڤ خۆت بناسەو توانای خۆت بزانەو دادپەروەربەو بەیەک ژن کیفایەت بکە ئەگەر پێت باشە دادپەروەر بیت!
ئەم سەرەتایەی سەرەوە هەموووی لەسەر ئەو ڤیدیۆیەی کە لەسەر: لوئەی جەواد حوسێن ئەلیاسری، پارێزگاری پێشووی نەجەف، بڵاوکراوەتەوە و دەرچووە بە شێوەی دۆکیومینتری.
هەورەها بە بەڵگەوە دەری دەخات کە پارێزگار چ فێڵێکی کردووەو چۆن فێڵبیللەریشی دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی لە ڕووی دارایی و نەفەقەشەوە هەر چوار ژنەکەی بەخێو بکات و وەک یەک و یەکسان و دادپەرورییش بێت لە نێوانیاندا.
بەڵام ئەمە هەمووی لەسەر حیسابی بودجەی حکومەتەو کە ئەوەش بودجەی خەڵکەو هی گیرفانی خۆی نیەو کاریکی حەرامە!
ئەم کارەی پارێزگار کارێکی یاساییە بە پێی ئەو یاسایەی کە گەندەڵەکان بەڕیوەی دەبەن، بەڵام کاریکی نایاسییە و نا ویژدانیشە بە پێی لۆجیک و یاسای خوداو خواش بەمە ڕازی نیەو ئەوەیان فێڵێکە لە خەڵک و لە حکومەت و لە خواش.
جا ئێستا ئەو پاریزگارە هەم لە سزای خەڵک خۆی دەرباز کردووەو هەم لە سزای حکومەتیش، چونکە خۆی حکومەتەو بەرپرسی باڵایەو لە شوینی بڕیاردان دایە، بەڵام سەیرەکە لەوەدایە کە هەم لە سزای خواش خۆی دەربازکردووە چونکە فێڵبیللەرییەکی دۆزیوەتەوەو لە گەڵ یاساکەی خوادا ویستوویەتی بیگونجێنێت و خواش وەک دەرکەوتووە زۆر بە سەبرەو هەتا ڕۆژی دوایی سزای ناداو لێی دەگەڕێت و لە گوڵ کاڵتری پێناڵێت!
ئەدی چارە چیە؟ ئێوەی خوینەر دەتوانن زۆر چارەی شیاوتان پێ شک بێت و بە بیرو مێشکتاندا بێت. من ئەو چارەیە بۆ ئێوەی ئازیز لێدەگەڕێم!
چیرۆکەکە بەم شێویە:
لوئەی جەواد حوسین ئەلیاسری: پارێزگاری پێشووی نەجەفە. چوار ژنی هێناوە، هەر چوار ژنەکەشی لەماوەی دەسەڵاتە حکومیەکەی خۆیدا هێناون و هەر چوار ژنەکەشی بە دەستی خۆی و بە فەرمانی خۆی و بە واژۆی خۆی لە شوینی باش دامەزراندوون و بۆ هەر چوار ژنەکەشی کورسی پڕداهاتی وەک یەک و تا ڕادەیەک بە یەکسانی بۆ دابین کردوون!
پارێزگار بەم کارەی، لە ڕووی دارایی و نەفەقەوە، لایەکی بەڵین و بڕیارەکەی خوای دەربارەی دادپەروەریی لە نێوان چوار ژنەکاندا بەجێگەیاندووە، بەڵام بە فێڵ و تەڵەکەو فرت و فێڵی فێڵبیللەریانە هەم لەگەڵ خواو هەم لەگەڵ حکومەت و هەم لەگەڵ خەڵک و داهاتی گشتیدا ئەم دادپەروەرییەی لە ڕووی نەفەقەو داراییەوە بەدیهێناوە!!
لوئەی لە ساڵی 2015 وە بۆ ساڵی 2020 پارێزگاری نەجەف بووە، لە ماوەی پارێزگارییەکەیدا چوار ژنی هێناوەو هەر چوار ژنەکەشی لەسەر حیسابی حکومەت و بودجەی گشتی خەڵک، نەک لەسەر حیسابی گیرفانی خۆی، بەخێوکردووەو نەفەقەی داون بە دادپەروەریانە!
ڕاستە کە بە رواڵەت کاری داوە بە ژنەکانی و ژنەکان بۆ خۆیان کاردەکەن و شوێنێکیان داگیرکردووە، بەڵام ئەوە فێڵێکی ئاشکرایە و جۆرێکە لە فێڵبیللەری دۆزینەوە لە یاسایەکەی خوادا دەربارەی دادپەروەریی نواندن لە نێوان ژنەکاندا. خوا ئەوەی مەبەست نیەو بەڵک و خوا دەیەوێت لەسەر گیرفانی خۆت وەک یەک و بە دادپەروەریی بەخێویان بکەیت. ئەمەش هەر بۆ ئەوەیە کە تۆ نەتوانی لە ژنێک زیاتر بهێنێت چونکە لە ژنێک زیاتر لە هیچ بارێکەوە تۆ ناتوانی دادپەروەر بیت لەگەڵیاندا.
لوئەی جەواد حوسێن ئەلیاسری و زانیاری لەسەر ژنەکانی و پلەو مووچەکانیان:
ژنی یەکەم/ جینان ئەلیاسری، بە پلەی وردبینیی یاسایی وەزارەتی نەوت لە لقی نەجەف بە مووچەی 2 ملیۆن دینار مانگانە دای مەزراندوە!
ژنی دووەم/ بوشرا سائیب غەنیم، بە مووچەی 2 ملیۆن دینارمانگانە لە لیوای پارێزگاری نەجەف دای مەزراندووە!
ژنی سێهەم/ عالیە نووری خوزەیر، بە پلەی بەڕێوەبەری گرێبەستەکان لە وەقفی شیعە بە مووچەی 2 ملیۆن و سەد هەزار دینار مانگانە دای مەزراندووە!
ژنی چوارەم/ بونەی هاشم، بە ڕاوێژکاری دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی حکومەت بە مووچەی 2 ملیۆن و سەد هەزار دینار مانگانە دای مەزراندووە!
جا ئەمەی سەرەوە کورتەیک دەربارەی کارەکانی پارێزگاری پێشووی نەجەف بووە کە چۆن فێڵی لە حکومەت و لە خەڵک و لە یاسای خواش کردووە دەربارەی دادپەروەریی نواندن لە نێوانی چوارژناندا!

لەو بارەوە من هەندێک پرسیار دەمەوێت بخەمە ڕوو:
یەکەم/ ئایا گەندەڵیی و ساختەکاریی و فێڵ کردن لە خوا و لە حکومەت و لە خەڵک، لە وەڵاتێکدا، لە سەرێوە پشتی دەگیرێت یان ئەوە خوارەوەیە و سەرێ لێی بێ ئاگایەو نایەوێت؟
دووەم/ با وای دابنێین کە خەڵک بێ توانایە و هەرچەندە بە نوێژی نیوەڕۆ فێڵی لێبکرێت و گیرفانی بەتاڵ بکرێت، ناتوانێت دیفاع لە خۆی بکات و لە سەر مافەکانی خۆی بێتە دەنگ، بەڵام خۆ خوای گەورە لە خۆی بەتوانا تر نیەو شتێک نیە و کارێک نیە کە ئەو نەتوانێت بیکات، ئەدی بۆچی کە دەبینێت ئەو مڕۆڤانە کە درووستکراوی دەستی خۆنی و بە ئاشکراش فێڵی لێ دەکەن و فێڵ لە یاساکەی دەکەن بۆچی دەست بەجێ سزایان نادات و پێیان ناڵێ بوەستن؟ بۆچی پێیان ناڵێت بوەستن ئێوە فێڵ لە من ولە یاساکەم دەکەن؟
لەوبارەوە چەند نموونەیەکی سادەو هەمووڕۆژە کە ڕوودەدەن بە بەرچاوی خەڵکەوە:
خەڵک هەیە دەچێت بۆ حەج و عەمڕە، بەڵام ئامانجی سەرەکی لەو کارە بە رواڵەت ئایینیەی تەنها بازرگانییە، کەش و فشی خۆدەرخستنی کۆمەڵایەتییە، بە کارهێنانی هێزو توانای ئایینی کەشیدە زەردەکەیەتی لە ڕووی کۆمەڵایتیەوە لە نێو خەڵکیدا و بە کاری دەهێنێت لە مامەڵەی ڕۆژانەیدا، مزگەت دروست دەکات و ناوی خۆی بە گەورەیی و ڕەنگاو ڕەنگی لەسەر دەنووسێت و بەکاری دەهێنێت بۆ ناو و نابانگی خۆی، ڕێکخراوو حیزبی ئایینی درووست دەکاو بەرژەوەندیە کەسیی و بنەماڵەییەکانی خۆی تێدا دێنێتە دی، هەزاران نموونەی ترو هاوشێوەش هەن کە خواو پێغەمبەرو یاساکانیان بەکاردەهێنرێن لە لایەن ئینسانەوە بۆ بەرژەوەندی کەسیی و چەوساندنەوەی خەڵکی تر. خوا بۆچی لەسەر ئەو هەموو فێڵ و دزی و نا دادپەروریانەو کوشت و بڕیینە وەجواب نایەت و نایان وەستێنێت؟ خۆ ئەو توانای بێسنووری هەیە! دەستکردەکەی خۆی بە نوێژی نیوەڕۆ فێڵی لێدەکات و کەچی گوێی ناداتێ! بۆ؟
سێیەم/ ئایا دەبێ چەند پارێزگارو چەند بەرپرسی تری لەو شێوەیە لە کوردوستان و لە عێڕاق دا هەبن؟
چوارەم/ ئایا دەبێ چەند بەرپرس هەبن لە کوردوستان و لە عێڕاق دا ئەو فێڵ و ئەو فێڵبیللەرییانە لە خواو لە خەڵک و لە حکومەت بکەن؟
پێنجەم/ ئایا دەبێ هەر بەرپرسەکان و کەسانی دەرەوەی ئەحزابی ئایینی ئەو فێڵبیللەرییانە هەم لە خواو هەم لە خەڵک و هەم لە حکومەتیش بکەن یان دەبێ کەسان و بەرپرسانی ئایینیش هەبن کە ڕاستەوخۆ خۆیان بە بەرپرس دەزانن لەبەرامبەر خواو یاسای خوادا، کەچ سەرباری ئەوەش لە فێڵ و لە فێڵبیللەری دۆزینەوە لە یاسای خوادا هەر ڕاناوەستن؟
شەشەم/ ئایا دەکرێ ئایاتەکانی خواو فەرموودەکانی پێغەمبەریش وەک یاسا داڕێژراوەکانی دەستی بەرپرسە گەندەڵەکانی عێڕا ق و کوردوستان کەلین و درزیان تێدا پەیدا بکرێ بۆ دزی و فێڵ و ساختەکاریی کە نە یاساکە ئەوەی مەبەستەو نە ئایات و فەرموودەکانیش ئەوەیان مەبەستە؟
دەتوانرێت زۆر شت و پرسیاری تریش درووست بکرێت، بەڵام با لێرەدا ئەوەندە بەس بێت!
من دڵنیام کە هەندێک کەسی دەرەوەی ئایین هەتا بۆیان بکرێت فێڵ لە هەموو یاسایەک دەکەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان و هەندێک کەسی ئایینیش کە بە ڕواڵەت خۆیان بە وەکیلی خواو پێغەمبەرەکەی دەزاننم، بەڵام لە ناوەڕۆک و لە کردەوەدا ڕێک خواو پێغەمبەرو یاساکانیان بۆ بەرژەوەندی کەسیی خۆیان بەکاردێنن و دەڵێن: کوڕە خوا خۆی گەورەیەو ئەرحەمول ڕاحیمینە” هەروەها دەیانەوێت بە درووست کردنی یەک دوو مزگەوت و حەج و عەمڕە کردنێکەوە یان بە مەولود کردنیک خوا لە هەموو تاوانەکانیان کە لە ژیانیاندا کردوویانە خۆش ببێت!

تێبینی: بۆ بەڵگەکان و ناو هێنانی کەسەکان لەو نووسینەدا پشتم بەو دوو سەرچاوەیە بەستووە
https://m.facebook.com/105
facebook.com

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت