بەهرۆز جەعفەر: بەغداو ئەو هۆڵەی ئۆپیکی تیا دامەزرا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئۆپیک، ساڵی (1960) بەدواوە دوای چەند قۆناخێک لە بەغدا دەمەزرا. لە 2023 دا ئۆپیک پڵەس سێ هەنگاوی هاویشتوە، سێ پرسیاری سەرەکی لەسەر ڕووداوەکە نا، بەڵکو لەسەر بنەمای کارکردنی ئۆپیک و ئەو هزرەی ئۆپیک ئاڕاستە دەکات، بەجێهێشتوە:
هەنگاوی یەکەم/ ڕۆژی یەکشەممە (4 ـی حوزەیرانی 2023)، کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس لە ڤیەننا بەڕێوەچوو؛ بڕیاریاندا بۆ ساڵی 2024 رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 40.46 ملیۆن بەرمیل کەمبکەنەوە. بڕیارە ئەندامانی ئۆپیک پلەس، تێکڕا رۆژانە بڕی یەک ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکەنەوە. ئەمەش لەپێناو سەقامگیری بازاڕ و هاوسەنگی لەنێوان خواست و خستنەڕوو، هەروەها بەهۆی بەردەوامی دابەزینی نرخی نەوت. ئایا ئۆپیک پڵەس سەرکەوتوو دەبێت لە ڕێگیریکردن لە دابەزینی نرخی نەوت؟ ئەگەر سەرکەتوو بوایە، هەنگاوەکانی دواتری بەهەمان ئاڕاستە دەهاویشت؟ یان با تۆزێک سادەتر ئەودیوی پرسیارەکە بنەخشێنین، لە 10 یەکەمین ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین یەدەگی نەوتییان هەیە: ڤەنزەویلا و سعودییە و ئێران و کەنەدا و عێراق و کوەیت و ئیماراتی عەرەبی و ڕووسیا و لیبیا و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا. تەنها دوو شوێن دەکەونە بازنەی خۆرئاواوە کە ئەمریکاو کەنەدان، ئەوەش ئەو بڕەی کە بەرهەمی دەهێنن هەمووی، یان زۆربەی لەناوخۆدا بەکاردەبەن. لە دوای ئەو دە یەدەگە گەورەیەی جیهانیش، چەند وڵاتێکی دیکە دێت، کە بە هەمان شێوە دەکەونە دەرەوەی بازنەی کۆنترۆڵی سیاسەتەکانی خۆرئاواوە، وەکو: کازاخستان و قەتەر و نەیجیریا و جەزائیر.
ئەمە بۆ گازی سرووشتیش وایە، یەکەم ڕووسیایەو دووەمین یەدەگی گازی جیهان لە ئێرانەو سێهەم قەتەرە. ئەگەر هەرێمی کوردستانیش هەژمار بکەین، بەنزیکەیی (60٪) ی گازی سرووشتی لەم چوار ناوچەیەدایە، کە خۆرئاوا هیچ هەیمەنەیەکی ئەوتۆی بەسەریاندا نییە.
ئەمە بازاڕە! بەڵێ بازاڕە، بەڵام جەنگەکە تەواو باکگراوەندێکی جیۆپۆلەتیکی هەیە. ئەم ڕۆژانە سەرقاڵی تەواوکردنی پرۆژەیەکی زانستییم سەبارەت بە ” نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی عێراق: پەیوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکان و واقیعی بازاڕ”، لێکۆڵینەوەکە (25) لاپەڕەیە بۆ سپرینگەر-Springer وەک ناوەندێکی کاریگەری- زانستیی – جیهانی کار لەسەر ئەداکانی هەرێمی کوردستان دەکات لەسەر سەرچاوە سرووشتییەکان. لێرەدا تەواو هەست دەکەیت؛ ئەها، هاکا شتێک ڕوودەدات! وەک ئەوەی لە دوای دووەمین جەنگی جیهانی و ڕاگەیاندنی پرۆژەی مارشاڵ و پرەنسیپی ترومان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووی دەدا.
هەنگاوی دووەم/ لە 16 تەمموزی 2023 لە بەغدا، لەو هۆڵەی (هۆڵی شەعب) کە ئۆپیکی وەک ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریی و بەرگریی لە سەقامگیریی بازاڕ (پەیوەندیی نێوان خواست و خستنە ڕوو) لەگەڵ چوار دامەزرێنەرە سەرەکییەکەی تردا، بە ئامادەبوونی نوخبەیەکی بەرچاو لە بواری وزەدا، ئاهەنگی (63) هەمین ساڵیادی ڕێکخراوەکە سازدرا. لە ئاهەنگەکەدا، بەغدا و قسەکەرەکانی، تێڕوانینەکانی “کابینەی سودانی”یان تۆختر دەکردەوە کە عێراق دەبێتە میحوەرێکی گرنگ و، لەماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا گازێکی زۆری عێراق دەسووتێ و بەفیڕۆدەچێ و، لە سێ ساڵی ئایندەدا ئەم پرسە چارەسەر دەکەین ( جێگای تێبینییە، هەرکابینەیەک هاتووە، بەلێنی داوە لە ماوەی سێ ساڵدا پرسی کارەباو گازە بەفیڕۆچووەکانی عێراق چارەسەر دەکات). چێشتەکانی عێراق، چێشتخانەکانی لە ئێرانن و لەناوخۆی عێراقدا هیچ چێشتێک ناپێچرێتەوە. سیناریۆی ئێران ئەوەیە، ڕێگە لە فەڕەنسییەکان بگرێت کار لەسەر گازی سروشتی عێراق بکەن، بەتەواوەتی بەغدا لە ڕووی کارەباو پاوەرپلانتەکان و گازی سرووشتییەوە وابەستەی خۆی بکات. ئینجا ئەولەویاتەکانی دیکە ئەوەیە ئێران دەبێت ڕۆژ و کاتی هەڵبژاردن لە عێراقدا دیاری بکات، لە سەرەتای شوباتی 2021 بۆ پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان “جەنین بلاسخارت” لە عێراق سەردانی ئێرانی کرد، لە سەرەتای ئابی 2023 شدا، بۆ پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاکان بلاسخارت سەردانی ئێرانی کرد. ئایا لەمەشیاندا، خۆرئاوا لێ دەگەڕێت؟
هەنگاوی سێهەم و کۆتایی/ لە 3 ی ئابی 2023، لە پڕ ڕووسیاو سعودییە، پێکەوە ڕایانگەیاند، یەک ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوت کەمتر بەرهەم دەهێنن، لە پێناو بەرز ڕاگرتنی نرخی نەوت ( سعودییە ملیۆنێک و ڕووسیا 300 هەزار کەمتر دەخاتە بازاڕەوە). هەر ئەمڕۆش (4 ی ئابی 2023) ئۆپیک وەک (13) ئەندامەکەی خۆی، پاشان (ئۆپیک پلەس) کە لە سیانزە وڵاتەکەو 10 وڵاتی بەرهەمهێنەری دیکە پێک دێت لەدەرەوەی ئۆپیک، یەکیانگرتوە بەو ئامانجەی خزمەت بە بەرزبوونەوەی داهاتی ناوخۆیی وڵاتەکانیان بکەن. ئەمانە بەهەموویان (41 بۆ 44) ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا بەرهەم دەهێنن. واتە؛ کاریگەری ئۆپیک پلەس بەسەر ئابووریی وزەی جیهانییەوە، وە بەسەر دیاریکردنی نرخی نەوتەوە بەڕادەی (41٪ بۆ 44٪) ە. کەواتە ئۆپیک پڵەس بەتەنها تاکە فاکتەر نییە کە کاریگەریی دەخاتە سەر نزمی و بەرزی نرخی نەوت. لەمەیاندا، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئۆپیک پڵەس دەتوانێت بەردەوام بێت، یان وا بڕوات هەڵدەوەشێتەوە؟
ئۆپیک پڵەس، سەرەڕای بەردەوامییان، تەنها (41٪) دەستەڵاتی نرخدانانیان لە بازاڕی جیهانییدا بەدەستەوە ماوە. لەم ساڵانەی دواییدا وەرگرتنی دەیان ئەندامی دیکە لە ڕێکخراوەکە، بەناونیشانی چاودێر و پڵەس و تادوایی، نیشانەی ئەوەیە هێشتا دەرەقەتی ڕاگرتنی هاوسەنگی لە بازاڕی نەوتدا نایەن، جگە لەوەی هەموو یان زۆربەی ئەو وڵاتانەی ئەندامی ئۆپیک پڵەسن، خاوەنی سیستەمێکی دیموکراتی و دامەزراوەیی بەهێز نیین و، تەنها نەوتیان هەیە. ئەمانە وەک لە ئاهەنگەکەی بەغدا بڕیاریاندا، ئەو سندوقەی ئۆپیک هەیەتی بۆ هاوکاری وڵاتانی دواکەوتوو و ئەندام، بەردەوام بێت لە کارەکانی! سەرباری هەموو ئەمانە، چوونیەکیی لە نێوان وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیک پڵەسدا نییە، بۆنموونە؛ دۆخی ڕووسیا ئەو دۆخە نییە کە کوەیت هەیەتی، سعوودییە بارودۆخی باشترە لە عێراقێک کە هێشتا بودجەکە ڕووناکی نەبینیوە، نزیکەی (6) ملیار دۆلار کورتهێنانی هەیە! بۆیە کە بڕیاردەدەن، پێکەوە بڕێک کەمتر بخەنە بازارەوە، هەندێکیان ناتوانن پابەند بن، پێوەی، عێراق (ئەو شوێنەی ئاهەنگی دامەزراندنی ئۆپیکی گێڕا) ناتوانێت چوار مانگ پابەند بێت بە بڕیارەکەی ئۆپیک پڵەسەوە، کە لە حوزەیرانی 2023 لە جنێف دەرچوو!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت