ڕەووف محەمەد ئالانی: حیزبەکان و شپرزەکردنی کۆمەڵگە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پیاو هەیە تەنها لەبەر ئەو خۆشبەختییەی کە دەیەوێ بەدەستی بێنێ، ئارەزووی دەسەڵات دەکات، خۆی سەرقاڵی سیاسەت دەکات و دەچێتە ناو حیزبە سیاسیەکانەوە – فریدریش نیچە.
مێژووی حیزبایەتی لە جیهاندا و دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ شارستانێتی یۆنان، بەتایبەت لەشاری ئەسینای پایتەخت، ناوی ئەو حیزبەش بەحیزبی ئۆلیگارشی ناسرابوو، بەپێی زانیاریەکان ئەوحیزبە بەیەکەم حیزبی سیاسی دادەنرێت لەمێژوودا، کە ئاماژەی بۆکرابێت، ئەو حیزبە سیستمی کۆنتڕۆڵکرد بوو، دەستی گرتبوو بەسەرحکومەت لەئەسینای پایتەخت، لە ناو دەوڵەتی یۆنان.
یەکەم پارت کە لە جیهاندا پێکهێنرا پارتی لیبڕالی بەریتانیایە لە ساڵی 1687 پێکهێنرا، یەکێکە لە پارتە سیاسیەکان، پارتێک بوو داوای حوکمڕانی گەلی دەکرد و دژایەتی حوکمڕانی شاهانەی دەکرد، ئەو حزبە بووە هۆکاری ڕووخاندنی شا جەیمسی دووەم، هەروەها ئەم حیزبە لە ساڵی 1859 هەڵوەشایەوە.
ئەگەر چاوێکیش بەمێژووی کوردا بخشێنین، بۆدروستبوونی یەکەم حیزبی کوردی، ڕاو و بۆچوونی جیاواز دەبینین، لەسەر مێژووی یەکەم حیزبی سیاسی کوردی، (یەکێتی محمەدی کە لە ساڵی 1908 دروست بووە، یان 1909) بە سەرۆکایەتی سعید نورسی یەکەم بووە، بەڵام بەپێێ بەڵگەنامەکانی ئەرمەنی (یەکێتی کورد) بە ڕابەرایەتی (شێخ عبیداللە نەهری) لە ساڵی 1880 دروست بووە، بەپێی چەند سەرچاوەیەکی تریش (کۆمەڵەی عەزم- عزم قوی جمعیتلر) لە ساڵی 1900 دروست بووە بریتیە لە یەکەم حزب.
ئەوانە هەمووی ئەگەر یەکەم حزبی کوردیش نەبن یەکەم داڕێژەری بنەماکانی سیاسی کوردایەتی بوون، هەرچی (محەمەد ئەمین زەکی بەگ) بە دوای ئەویش زۆربەی هەرە زۆری مێژوونوسان (حزبی تەعالی و تەرەقی کوردی) بە یەکەم حیزب لە کوردستان داناوە، ئەویش لە هەمووان کاریگەرتر بووە.
بەپێی زانستی سیاسی و کۆماڵناسی سەردەم، حیزب کۆکەرەوەی کۆمەڵە کەسانێکە لەدەوری ئایدۆلۆژییایەک کە بڕوایان پێیەتی، لەپێناوئامانجی دیاریکراو(نیشتمانی،نەتەوەیی، چینایەتی، ڕەگەزی و… هتد.
لەووڵاتە پێشکەوتوەکان، حیزب کاریگەری ئەرێنی هەیە لەسەرگەشەکردنی کۆمەڵگە، چونکە وابەستەی دیمۆکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتن، بەڵام لەو ووڵاتانەی دەرگیری عەقڵی خێڵ وهۆزن، وابەستەی نەریتە کۆنەکانن، حیزب دەبێتە ڕێگرو لەمپەری گەشەکردنی کۆمەڵگەو پێشکەوتن، چونکە هەندێ کەس بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکاری دەهێنن. زۆرجار قوربانی بە ئامانجەگەورەکان دەگەیەنێت بۆکەس و خێڵ وهۆزێک، لەڕۆژڵات بەگشتی و کوردستانیش بەتایبەت، هەرحیزبێک دادەمەزرێت، لەسەرەتادا بە دروشمی ڕەنگاڵەیی دێتە مەیدان، لەدواییدا کەسێک، یان گروپێک، دەستی بەسەردادەگرن و دەیکەنە موڵکی خۆیان، بەمەش لەو ئامانجەی بۆی دروست بووە، دووری دەخەنەوە،
حیزب و ڕەوتە هۆشیارەکان کە بە زەحمەت کار دەکەن، دەبێت سەرهەڵبدەن، خاوەنی دیدگا و پڕۆژەیەک بن کە بتوانن سەرکردایەتی دەوڵەت بکەن، بۆدەربازبوون لەو هەموو دروشم و ئەفسانە درۆینانە و هەڵگری نیەتی دڵسۆزانە و حەماسەتێکی نیشتمانپەروەرانە بن.
لە دوای ڕاپەڕینەکەی 1991 هەرێمی کوردستان دۆخی حیزبایەتی گۆڕدرا بەشێوازێکی تر، کە حوکمڕانی و کارگێڕی بوو، لەم شێوازی حوکمڕانیە کارێکی وایانکرد، مرۆڤی کورد تووشی ئاڵۆزی و شپرزەیی دەروونی و شۆک ببێت، بەهۆی ئەوەی خەونەکان بۆ گەیشتن بە ئامانج و ئاکامەکان پێچەوانە بوونەوە، لەجیاتی ئازادی مرۆڤی کوردیان دیل و یەخسیرکرد، تەنانەت حیزبی بوون لای زۆربەی خەڵک بۆتە لەکەو شوورەیی، پێش چەند ساڵێک هەر کەس بیوتایە بێلایەنم، بەپێکەنینەوە ئەیانووت بەڕاست؟ دوای ئەوە ئەیانووت جاکوا خەڵک هەیە بێلایەن بێت؟
بەهۆی خراپی کاری حیزبایەتی و قۆرخکاری لەهەموو بوارەکانی ژیان و دەوڵەمەندکردنی ئەوانەی مەبەستیانە و لەکارخستنی وزەو توانا جوانەکانی کۆمەڵگە و وردوخاشکردنی هەموو جوانیەکانی ژیان، حیزبەکان وەک بێزراوترین و ناشیرینترین بوونەوەر لێیان دەڕوانرێت.
لێرەدا دێڕە شیعرێکی شاعیری گەورەو بیرمەندی کورد (پیرەمێرد)م دێتەوە یاد کەدەڵێ:
هەرچی هەڵئەستێ ئەڵێ من حیزبم
برا لێم لادە، نامەوێ حیز بم
لەئێستاشدا ئەو نەفرەتکردنە لەحیزبەکان، ئەوە دەردەخات لەجیاتی هێنانی خۆشبەختی و کامەرانی، بوونەتە سەرچاوەی نادادی و گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و پەروەردەیی و کارگێڕی، تەنانەت لەسایەی عەقڵی بچووک و تەسکی ئەوان ووڵات کراوەتە دۆزەخێکی مەترسیدار، ڕۆژ بەڕۆژ دوورکەوتنەوە لەخۆشەویستی نیشتمان و نەهێشتنی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەبێتە ئەنجام.
خۆزیا تەنیا ڕۆژێک ئەم حیزبانە وانەیەکیان وەربگرتایەولە هەڵەکان وانەی تازە فێرببونایە و دڵی ئەو خەڵکەیان بەئارامی شادبکردایە، لە خۆڕانیە (جۆنکۆنیێرز)دەڵێت: ( ڕۆژێکی ئاشتی و هاوبەشی دەتوانێت ببێتە هۆی لێکتێگەیشتن و هاوکاری زیاتر لە نێوان لایەنە سیاسییەکان و گروپە ئایینییەکان و هەموو چین و توێژەکان بێجیاوازی).
فێرنەبوون لە هەڵەکانی پێشوو، بەردەوامی ئەنجامدانیان دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشە و قەیران بۆ هەمووان، بەتایبەت بۆ ئەوانەی ئەنجامیانداوە، وەک چۆن ئەو درک بە هەڵەکەی ناکات، ئەوە وانەی سەختە، هەڵەکردن لە سیاسەتدا شتێکە کە ئەگەری بەهێزی هەیە، بەڵام گۆڕەپانە سیاسییەکان بێ کەموکورتی ئەوان نین، ئایا دان بە هەڵەکەنیاندا دەنێن و پەنا بۆ ڕاستکردنەوەیان دەبەن؟
کێشەکە لەوەدایە کە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی هەڵە دەکەن و ئاگاداری ئەوە نین تا دوای ئەوەی هەڵەکە دەبێتە تاوان، بەمەش خەسارەت بۆ خەڵک و خۆیان بەهەمان شێوە دەگەیەنن.
جگە لە ناکارامەیی کەسایەتییەکانی سەرکردایەتیکردنی زۆربەی حیزبە سیاسییەکان، کێشەی دیکەش هەن کە ئەم ڕەوتە بەرکەوتوون، لەوانە، فێرنەبوون لە هەڵەکانی پێشوو، و درک پێنەکردنی ئەو هەڵانە هەندێک جار، نەبوونی تێگەیشتن و هۆشیاری سیاسی کەسایەتییە گەورەکانی ئەو حیزبانە، هەروەها دیاردەی ملکەچبوونی دەرەکی، کە وایکرد ئەو هێزانە کاربکەن بۆ قازانجی دەرەوە، نەک لە پێناو نیشتمان، ئەو دەوڵەتەی کە توانای پاراستنی هێزی حزبەکەیان لە پێشینەی خزمەتکردنە بۆ ئەوان، بڵاوبوونەوەی ڕۆحی ململانێ و پێشکەوتن لە نێوان هەمان ئەو لایەنانەدا بە یەکێک لە گرنگترین کێشەکان دادەنرێت کە ڕەنگە ڕووبەڕووی ببنەوە، باسی شکستهێنان لە پەسەندنەکردنی گوتارێکی سیاسی نوێ و درێژەدان بەخۆهەڵنان و شانازیکردن بە قارەمانێتی ڕابردووی خۆیان، کە جەماوەر لێی بێزارە و ڕەفتاری، سیاسەتی فریودەرو گرنگی نەدان بە پێداویستیەکانی کۆمەڵگا و هاونیشتیمانیان.
گومانی تێدا نییە، قەیرانی هۆشیاری و تێگەیشتن لەکارکردن و چۆنێتی ئاراستەکردنی حیزبدا، لەسەر تاک و کۆمەڵگە پەرەی سەندووە، هۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ بەردەوامیی ئەو لایەنانە و سەرکەوتنی بەهێزی ئەم ڕەوتە ناعەقڵانیانە لە هەڵبژاردنەکاندا تەنیا بەڵگەی ڕوون و ئاشکرایە هەستی خێڵگەرا و بنەماڵەیی و حیزبسالاری، کاریگەری مانەوەو بەردەوامی ئەم هێزە درۆزنانە هەبووە، کاریگەری نەرێنشی لەسەر کەس و ڕەوتە ڕاستگۆکانی کۆمەڵگە هەبووە، ئەمە کێشەی سەرەکین کە دەبنە هۆی شکستهێنان لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی حیزبایەتی هاوچەرخ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت