شـــــوان خورشـــــید: مێژووی سەرهەڵدانی ڕۆژنامەگەری لە کەرکوک – بەشی حەوتەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لاپەڕەکانی ڕۆژنامەو ڕۆژنامەگەری گرنگی خۆیان هەبوو،بەتایبەت بەر لە پێشکەوتن و فراوانبونی تەکنەلۆجیاو بڵاوبونەوەی سۆسیال میدیا بەو شێوە چڕوپڕەی کە ئێستا هەیە، ئەوێ ڕۆژێ کە هۆکارەکانی گەیاندن بە پەنجەی دەست دەژمێردرا بایەخی خۆی هەبوو،لەلایەکی تریشەوە ئەو پاشا گەردانیەی ئەمڕۆ سۆسیال میدیا تەنیویەتی نەبوو، بە جۆرێکی تر مسداقیەت لە پێشی هەموو ئەگەرەکانەوە بوو، بەڵام دەرکەوتنی سوسیال میدیا وای کردوە ئەو بەها بەنرخانەی خستۆتە خانەی گومانەوە بە تایبەت لەلایەن بەکاربەرانی کوردەوە،کە حیزب ڕۆڵی لەو بشێوییەدا هەیەو هەر یەکە بەقازانجی خۆی بەکاری ئەهێنێ بێ بیرکردنەوە لە بەرژەوەندیە گشتیەکەی،بۆیە لە کەرکوکیش ڕۆڵی ڕۆژنامە کەمتر نەبوو لە شارو ناوچەکانی تری دەوروبەری، لەم بەشەش دا هەوڵ ئەدەین خوێنەران بە چەندین ڕۆژنامەو گۆڤارو بڵاوکراوەی ناوچەی کەرکوک ئاشنا بکەین کە بۆ ئەمڕۆ بوەتە مێژویەکی ڕابردوو.

= ڕۆژنامەی السبورە
هەفتانەیەکی گشتی بوو، دەزگای ڕاگەیاندنی ڕەعد دەریدەکرد، خاوەنی ئیمتیازی عیرفان کەرکوکلی و سەرنوسەرەکەی سەلوان الگیلانی بوو، ژمارە یەکی لە 23ی نیسانی 2004 بڵاوکراوەتەوە.

= ڕۆژنامەی الحویجە
ڕۆژنامەیەکی گشتی کۆمەڵایەتی سەربەخۆی ڕەنگاو ڕەنگ بوو، بەقەبارەی 8لاپەڕە دەردەچو، ژمارە سفری لە 25ی نیسانی 2004 کەوتۆتە بەر دیدەی خوێنەران بە زمانی عەرەبی، سەرنوسەرەکەی محەمەد شاهین و جێگری سەرنوسەرنزار السلامی بوە.

= ڕۆژنامەی الفیصل الریاضي
دەزگای راگەیاندنی الفیصل دەری دەکرد، وەک ڕۆژنامەیەکی هەفتانەی وەرزشی ژمارە یەکی لە 7ی نیسانی 2004بە کتێبخانەی شارەکە گەیشتوە،خاوەنی ئیمتیازو سەرۆکی بەڕێوەبەری دەزگای الفیصل محەمەد الشاهین بوە، سەرنوسەرەکەشی سامی شهاب الجبوری و دەستەی نوسەرانی ثائر شهاب،ایهاب عثمان، احمد الوكیل بونە.

= ڕۆژنامەی کرکوک
ڕۆژنامەیەکی ئەدەبی ڕۆشنبیری گشتی بوە، یەکێتی نوسەرانی تورکمان لە کەرکوک پانزە ڕۆژ جارێک دەریان دەچواند، سەرنوسەری استبرق یازار اوغلو،بەڕێوەبەری نوسینی ایدن کەرکوکلی بون.

= صدی داقوق
بڵاوکراوەیەک بوو لە شاروچکەی داقوق، ژمارە سفری لە 30 حوزەیرانی 2003 بڵاوکراوەتەوە، سەرنوسەری صدی داقوق ئەحمەد ڕەشید بەیاتی و سەرۆکی مجلس الادارە ئیبراهیم عەزەدین وەنداوی بوە.
= ڕۆژنامەی تروسکە

تەڤگەری ژنانی ئازادی خوازی کوردستان وەک ڕۆژنامەیەکی گشتی ژنان دەریان دەکرد،بەقەبارەی 8لاپەڕە، ژمارە سفری لە20ی حوزەیرانی 2004 کەوتۆتە بەر دەست، خاوەنی ئیمتیازی ئەستێرە عەبدول جەبارو، سەرنوسەرەکەی ستارە عارف بوە.

= ڕۆژنامەی صوت القری
ڕۆژنامەیەکی ڕۆشنبیری گشتی سەربەخۆ بوو، هەفتەی جارێک دەردەچوو،ژمارە یەکی لە 2004 بەقەبارەی 16لاپەڕەی ڕەناوڕەنگ چاپ دەکرا، خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەکە علی طه النعیمي و سەرنوسەری سەبری سەلام بوون، هەریەک لە مقداد مستەفاو خالید مەحمود و شەهلا قوتب و حەسەن عەتیەو زیاد خەلیل دەستەی نوسەرانی بوون.

= ڕۆژنامەی الحرە
ڕۆژنامەیەکی گشتی سیاسی ڕۆشنبیری سەربەخۆ بوو، خاوەن ئیمتیازو سەرنوسەری خالد ئەحمەد حەسەن و سکرتێری سەرنوسەر یشار خالد رەووف و فازل عباس مجید بون، ژمارە یەکی لە 2004بەقەبارەی 8لاپەڕەی ڕەنگاوڕەنگ چاپ و بڵاو دەکرایەوە.

= گۆڤاری التضامن
گۆڤارێکی گشتیە لەلایەن جمعیة التضامن الخیریة مانگانە دەریان دەکرد، بەقەبارەی بچوکی 64لاپەڕەیی ڕەنگاوڕەنگ، گۆڤارەکە بریتی بوو لە دەنگی هۆزەکانی شیشان و داغستان و شەرکەسە لە عێراق، سەرنوسەرەکەی محەمەد حوسێن داغستانی بوو، ژمارە یەکی لە ساڵی 2004چاپ و بڵاوکرایەوە، گۆڤارەکە سەرەتا مانگانە بوو پاشان سێ مانگ جارێ ژمارەیەکی لێ دەردەچوو.

= گۆڤاری الغد
الغد گۆفارێکی ڕۆشنبیری گشتی تایبەت بەلاوان بوو،بەشێوەی ڕەنگاوڕەنگ بە کوردی و عەرەبی بڵاودەکرایەوە،ژمارە یەکی لە 2004و ژمارە سێی لە شوباتی 2005 دەرچوە، خاوەنی ئیمتیازی و سەرنوسەری بێستون جەلال و جێگری سەرنوسەری سینان ئیسماعیل و عەلی مال اللە بوون، کۆمەڵێک نوسەریش وەک محەمەد فەقێ و کامەران سوڵتان و خەڵات ئیحسان و محمەد عەلی و ئەیاد محەمەد لە دەستەی نوسەرانی بوون.

= ڕۆژنامەی قارداشلق یولو
زمانحاڵی حیزبی الاخاء التركمانی یە، خاوەنی ئیمتیازی وەلید شەریکەو سەرنوسەری طلال بریقدار بوون، وەک ڕۆژنامەیەکی سیاسی ڕۆشنبیری،بەهەشت لاپەڕەی ڕەنگاو ڕەنگ هەموو نیومانگ جارێک دەردەچوو.

= سەرمایەگوزاری
پاشکۆیەکی ئابوری بوو،لەلەیەن ڕۆژنامەی (هەوڵ)ەوە بەزمانی کوردی دەردەچوو، ژمارە یەکی لەکانونی دووەمی 2004بە چوار لاپەڕە بە سەرپەڕشتی موعتەسەم نەجمەدین بڵاودەکرایەوە.

= الحیاة الیوم
ڕۆژنامەیەکی سیاسی ڕۆشنبیری سەربەخۆ بوو، بە عەرەبی و ئینگلیزی لەلایەن ڕێکخراوی المنضمة الحیاة الاعمار والمساعدات الانسانیة وه،ژمارە یەکی لە 19کانونی دووەمی 2004 بڵاوکرایەوە، سەرنوسەری سهر سعداللە ئەلنەعێمی و بەڕێوەبەری نوسینی سەلام سەبری بوون.

= پاشکۆی باران
بەسەرپەرشتی شەهلا محەمەد، ڕۆژنامەی هەواڵ دەری دەکرد،بە چوار لاپەڕە، ژمارە یەکی لە 24ی کانونی دووەمی 2004 بڵاوکرایەوە.

ڕۆژنامەی البشیر
ڕۆژنامەیەکی هەفتانەی سیاسی بوو، بەقەبارەی گەورە بەهەشت لاپەڕەی ڕەنگاو ڕەنگ، بە زمانی عەرەبی بڵاو دەکرایەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی ئیدارەو سەرنوسەرەکەی صباح عبدالله كركوكلی بوو، دەستەی نوسەرانیشی بریتی بون لە د.عصمت عبدالمجید و د.صبحي ناظم توفیق و ابراهیم آوچی.

= صـــون شعر
گۆڤارێکی مانگانەی ئەدەبی بوو بە زمانی تورکمانی، لە خورماتوو بەقەبارەی44لاپەڕە چاپ دەکرا ، سەرنوسەری گۆڤارەکە یاڵچین خەیروڵڵا بلو بوو،ژمارە یەکی لە کانونی دووەمی 2004 کەوتە سەر ڕەفەکانی کتێبخانەکانی شارەکە.

= ڕۆژنامەی باباگوڕگوڕ
مەکتەبی کەرکوکی ناوەندی بزوتنەوەی ئیسلامی تورکمانی عێراقی بە زمانی عەرەبی و تورکمانی دەریاندەکرد، ژمارە یەکی لە شوباتی 2004 بە 8لاپەڕە بڵاوکراوەتەوە، سەرنوسەری ڕۆژنامەکەش فەوزی ئەکرەم تەرزی ئۆغڵو بوو.

= ڕۆژنامەی الرواف
ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەی ڕەنگاوڕەنگی سەربەخۆ بوو، بە 8لاپەڕە چاپ دەکرا، خاوەنی ئیمتیازی ئیحسان دلێمی و سەڕۆکی ئەنجومەی ئیداری محسن سبهان الخلف بوو.

= گۆڤاری هەشاو هەشت
گۆڤارێکی ڕۆشنبیری وەرزی بوو بە زمانی کوردی بڵاودەکرایەوە، ژمارە یەکی لەبەهاری 2004 بەچاپ گەیشتوەو بڵاوکراوەتەوە، خاوەنی ئیمتیازی مەحمود سەنگاوی و سەرنوسەرەکەی سالار مەحمود بوون.

= گۆڤاری اریج القانون
وەک گۆڤارێکی یاسایی کۆمەڵێک مامۆستای کۆلێژی یاسای زانکۆی کەرکوک دەریان دەکرد لە ساڵی 2004.

= گۆڤاری باباگوڕگوڕ
گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتی بوو،کۆمەڵەی باباگوڕگوڕی ڕۆشنبیری وکۆمەڵایەتی لە کەرکوک بڵاویان دەکردەوە، ژمارە یەکی لە ساڵی 2003لەهولێر بڵاوبوەوە بەزمانی کوردی و عەرەبی، سەرنوسەری گۆڤارەکە کامەران محەمەد سابیر بوو.

= ڕۆژنامەی خەڵک
لە گەرمیان مانگانە وەک بڵاوکراوەیەکی ئازاد بەقەبارەی 10لاپەڕە بڵاو دەکرایەوە، ژمارە یەکی لە نیسانی 2004 کەوتۆتە بەردەستی خۆێنەرانی، خاوەنی ئیمتیازی عەلی ئەحمەد کەریم و سەرنوسەر تەها سلێمان بوە.

= پەیامی کەرکوک
ڕۆژنامەیەکی ڕۆشنبیری سیاسی گشتی بوو،لەلایەن لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک دەریان دەکرد، خاوەنی ئیمتیازی لقی سێی پارتی بوو،سەرنوسەری لوقمان عبدڵڵا لەتیف وجێگری سەرنوسەری وریا جاف بوون. ژمارە یەکی لە حوزەیرانی 2004 بڵاوبوەتەوە.

= ڕۆژنامەی العراق
الجبهة العربیه الموحده هەفتانە دەریاندەکرد، ژمارە یەکی لە نیسانی 2004 بە 8لاپەڕە بڵاودەکرایەوە، سەرنوسەرنوسەرەکەشی ڕەعد مطشر بوو.

= گۆڤاری الفلکة
مانگانەیەکی ڕۆشنبیری سەربەخۆ بوو لەدوزخورماتوو دەردەچوو، ژمارە یەکی لە مایسی 2004 بڵاوبوەتەوە، بەقەبارەی بچوک بە زمانی عەرەبی و تورکمانی، سەرنوسەری جاسم فەرەج و بەڕێوەزەری نوسینی ئەنوەر حەسەن موسا بوە.

= الولاء
بڵاوکراوەیەکی زمانحاڵی زیندانە سیاسیەکانی لقی کەرکوک بوو، بە چوار لاپەرە بە شێوەی ڕۆژنامە، ژمارە یەکی لە مایسی 2004 بڵاوکراوەتەوە، سەرنوسەری بڵاوکراوەکەش هاشم قەنبەر بوە.

= ڕۆژنامەی الاصلاح
وەک ڕۆژنامەیەکی هەفتانەی ڕۆشنبیری گشتی بنکەی کەرکوکی حیزبی ئیسلامی عێراق دەریان دەکرد، بە زمانی عەرەبی ،ژمارە سفری لە مایسی 2004 بەچوار لاپەڕە بڵاویان کردەوە، سەرنوسەریشی مقداد فیض الله بوو.

= ڕۆژنامەی الجوهر
حیزبی شروقی تورکمانی عێراقی،پانزە ڕۆژ جارێک، بەقەبارەی 8لاپەڕە،ژمارە سفری لەمایسی 2004 دەریان کرد، خاوەنی ئیمتیازی موەفەق مەحەمەد قوریالی و سەرنوسەری طلال بیرقدار بوون، بە زمانی عەرەبیش چاپ و بڵاو دەکرایەوە.

= پردێی ئازاد
بڵاوکراوەیەکی مانگانەی ڕۆشنبیری بوو، بنکەی ڕۆشنبیری پردێ بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاویان دەکردەوە، ژمارە یەکی لەحوزەیرانی 2004، بە چوار لاپەڕە بڵاوکرایەوە.

= ڕۆژی وڵات
هەفتەنامەیەکی سیاسی گشتی بوو، پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان دەریدەکرد، خاوەنی ئیمتیازوو سەرنوسەری ئەحمەر ئەنوەرو بەڕێوەبەری ئیداری ڕەسوڵ حەسەن بوون، ژمارە یەکی لە تەموزی 2004 دەرچوە.

= کـــەنــار
ڕۆژنامەیەکی سەربەخۆی مانگانە بوو کۆمەڵێک گەنجی کەلار،ژمارە یەکی لەناوەڕاستی تەموزی 2004 بە چوار لاپەڕە بڵاویان کردەوە، خاوەن ئیمتیازوو سەرنوسەری بێستوان ژاژڵی و بەڕێوەبەری نوسینی فەریق حەمە ساڵح بوون.

= دۆســــتایەتی
ڕۆژنامەیەکی کۆمەڵایەتی بێلایەن بوو کۆمەڵەی دۆستایەتی کوردی -تورکمانی دەریان دەکرد، بە کوردی و عەرەبی و تورکمانی، ژمارە سفری ساڵی یەکەمی، لە ئابی 2004 بڵاوکراوەتەوە، بە ئیمتیازی جمعیة الصداقة الكردیه-التركمانیه، سەرنوسەری ئەحمەد محەمەد کەرکوکلی بوو.

= ڕۆژنامەی الینبوع
کۆمەڵەی ڕۆشنبیری و پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی کەرکوک، وەک ڕۆژنامەیەکی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی گشتی دەریان دەکرد، بەشێوەی ڕەنگاو ڕەنگ و بە 8لاپەڕە، بە کوردی و تورکمانی و عەرەبی،ژمارە سفری لە ئەیلولی 2004 بەچاپ و بڵاوکردنەوە گەیشتوە، خاوەنی ئیمتیازی سمکۆ جەباری و سەرنوسەری تــــەها زەنگەنە بوون.
= گۆڤاری شـــار
بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی کەرکوک بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و تورکمانی و سریانی دەریان کرد، ژمارە سفری لە ئەیلولی 2004، وەک گۆڤارێکی ڕوناکبیری مانگانە، خاوەنی ئیمتیازی شارەوانی کەرکوک و بەڕێوەبەری گشتی جەمال شکور بوو پاشان چەند کەسێکی تر ئەو ئەرکەیان لە ئەستۆ گرت لە بەڕێوەبردنی گۆڤارەکە.

= الترجمــــان
ڕۆژنامەیەکی ڕەنگاوڕەنگی سیاسی ڕۆشنبیری گشتی بوو، پانزە ڕۆژ جارێک دەردەچوو بە عەرەبی و تورکمانی، ژمارە یەکی لە ئەیلولی 2004 دەرچووە،خاوەنی ئیمتیازی حزب العدالة التركماني العراقی و سەرنوسەری ئیسماعیل ئەحمەد ئۆغڵو بوو.
= ڕۆژنامەی الصـــادق

ڕۆژنامەیەکی سیاسی ڕۆشنبیری گشتی ڕەنگاوڕەنگ بوە، بە عەرەبی و تورکمانی دوو هەفتە جارێک دەردەچوو، خاوەنی ئیمتیازو سەرنوسەری خضر غالب كهیه بوو، ژمارە یەکی لە ئەیلولی 2004 بڵاوکراوەتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت