بەهرۆز جەعفەر: نەخێر، تیا نەچووین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەها یەک تۆزی دیکە هەرێمی کوردستان کۆتایی پێ دێت! ئەها داهاتە نەوتییەکان ڕۆیشت، ئەوا داهاتە نانەوتییەکەش ڕادەستکرا.. ماوەیەکی دیکە بەغدا هێرش دەکات، ڕۆژگاری وا خراپ قەت لە گۆڕێ نەبوە. هەرێمی کوردستان نامێنێت!
لەسەر ئەم پرسانە {بۆ ئەوەی لە شەپۆل و دەنگی تەپڵی جەمسەرە عەنتیکەکانی کوردستان تێکەڵ نەبم، زۆربەی بەرنامە تەلەفزیۆنییەکانم ڕەت کردۆتەوە}.
هەموو سەردەمێک سەردەمی کوردە، هەموو یاریگایەک دەرگاکەی لەسەر پشتە بۆ ئەوەی کورد ئەسپی خۆی تیا تاوبدات. هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا سیاسەتێکی ئابوریی هەڵەی هەبوە، دابەشبوونی لایەنە سیاسییەکان بوەتە هۆی ئەوەی دەستوورێک بۆ هەرێمەکەو هێزێکی سەربازیی- نیشتیمانیی- تەیارکراو نەبێت. لەگەڵ ئەمەشدا فشارە هەرێمییەکان و بۆسە یەکلەدوای یەکەکانی بەغدا و هاتوو هاواری پۆپۆڵیزم لە کوردستان دۆخەکەی ئاوساندوە (ئاڵۆزترکردوە).
کارتی نەوت و گاز لە ڕۆژئاوای کوردستان بەدەست کوردو ئەمریکایە، کارتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان بەدەست کوردو ئەمریکاو تورکیاو ئیماراتەوەیە. کارتی درووستکردنی ئەنجومەنێکی سیاسیی- هەماهەنگیکار بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان بەدەست هەرێمی کوردستانەوەیە. خۆ-سازدان بۆ بەگژداچوونەوەی توندووتیژیی لەناوچەکەدا گفتوگۆیەکە بە بێ هەرێمی کوردستان ناچێت بەڕێوە. هەڵوەشانەوەی حکومەتەکەی عێراق بەندە بە کوردو سووننەکانەوە {کە هەردووک هاوپەیمانن}، ئەو حکومەتەی دوای دوو هەڵبژاردنی پێشوەختە و کوژرانی سەدان کەس لە دەنگی کەمینەیەکی گرووپە شیعییەکان پێکهێنراوە. گۆڕەپانەکە سازە بۆ لۆبیی کردن بە چەندین ڕێگاو لەچەندین ئاستی جیاجیادا. بە هەزاران قائیدی ڕەئی، سەرکردەی بوارەکانی ئای تی، بەڕێوەبردن، جۆرنالیسم، ئەکادیمیستی بەتوانای کورد لە هەموو سووچ و قوژبنێکی ئەم دونیایەدان؛ چەند دانەیەک لەوانە لە توانایدایە هەر شتێک بکات.
کێ تیاچوە؟ دە دۆلار نرخی نەوت دابەزێت، دەردەکەوێ بەغدا (بە پاڵپشتی هەموو جیهانی عەرەبییەوە) تیاچوە. ساڵانە (6-7) ملیار دۆلار لە گومرک و خاڵە سنورییەکانی عێراقدا دیارنامێنێت، دزی سەدەش لێگەرێی؛ ساڵانە بەبەهای (204) ملیار گاز لە عێراقدا بەفیڕۆ دەچێ و ژێنگە پیس دەکات. هێشتا تورکیا کارتی ئاوی بەکارنەهێناوە (39٪) ی خاکی ناوەڕاست و باشوری عێراق بەرەو ئەوە چوە ژیانی تیا نەمێنێت و کۆچ کردن دەستی پێکردوە. هێشتا بودجە ڕووناکی نەبینیوە (25٪) کورتهێنانی تێدایە، زۆر نابێ ئەمریکا گرفتێکی کارەبای بۆ عێراق چارەسەرکردوە، کەچی پێویستی بەوەیە مانگانە (204) ملیارو چوار سەت ملیۆن دۆلار کارەبای مانگانە بکڕێت! لەبەغدا مانگانە (200) ملیار دینار هەر لە کۆبون و بەشە خۆراکی هاوڵاتیاندا دیارنامێنێت!
بەهەرحاڵ، ڕێگاکە بۆ کورد بە گوڵ نەتەنراوە، لێ ئەگەر ئیرادە (ئیرادەیەکی زۆریش نا) هەبێت، ڕێگە زۆرە بۆ ئەوەی پێگەی کەسێتی تاکی کورد پێش هەموو شتێک، ئینجا پێگەی دەستگرتن بە کیان و خاکی کوردستانەوە، پتەوتر بکرێت. لە کاتێکدا، پەرلەمانی عێراق، یاسای بودجە و حکومەتی عێراق جەخت لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە؛ ئیتر چی پێویست دەکا دەروونی خەڵک و ئارامی بازاڕ بشێوێنن. ئەوە بەڕاستە تیاچووین؟ ئێمە بەشێکی گەورەین لە مێژوو (ئینجا بوونمان چۆن چۆنی بوە ئەوە بابەتێکی ترە) لەگەڵ جوگرافیای سرووشتی و مرۆیی ناوچەیەکی هەستیار. ئێمە ئێستا لەناو مێژووداین؛ ئەگەر لەناو مێژوودا نیین بۆچی کەیسی ژینای ئەمینی جیهانی شڵەقاند؟ بۆچی شەوانەو ڕۆژانە سەدان هەواڵ و ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەمان لەسەر دەکرێ؟
ئەوە شتێکی باش و خاڵێکی بەهێزە ئەگەر هەرێمی کوردستان بتوانێت پانتاییەکانی ئازادی ڕادەربڕین زیاتر بکات و، دادگای سەربەخۆ و ماف و ئازادییە تاکە کەسییەکان دەستەبەر بکات؛ بۆ ئەوەی لەناوچەکەدا وەک تاکە دوورگەیەکی دیموکراسیی لەپاڵ ئاوەدانییدا سەرنجی جیهان بەلای خۆیدا ڕابکێشیت. خۆشمان نەخەڵەتێنین؛ لە کوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیموکراسی هەیە؟ لە ئەفگانستان و پاکستان و ئێران هەیە؟ لە سوریا، لوبنان، تورکیا و کەنداو هەیە؟! تا تۆ بێی؛ لەسەر تەلەفزیۆن یەخەی کەرتە سیاسییەکی کورد بگری، کە هێشتا لە ساڵی شەستەکان و نەوەتەکان دەژی “داوای دیموکراسی لێ بکەیت!”.
هەموو کاتێک کاتی کوردە؛ لێ تۆخۆت پەرلەمانەکەت دابخەی، بەغدا و کۆمسیۆنەکەی “هەرگیز” ئەکتیڤی ناکەنەوە، تۆ خۆت بێ متمانەیی بڵاوبکەیتەوە، پارادایمیكی نوێی سیاسیی و گرێبەستێکی نوێی کۆمەڵایەتی ئاوا نەکەی، بە نیازی کێی بۆت بەرجەستە بکات؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت