ڕەووف محەمەد ئالانی: پپشوازیکردن لەساڵی نوێی خوێندن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

(هەرکەسێک دەرگای قوتابخانەیەک بکاتەوە، دەرگای زیندانێک دادەخات – ڤیکتۆرهوگۆ)
گرنگترین پلان بۆساڵی نوێی خوێندن بریتیە لەچۆنێتی و شێوازی پێشوازیکردن، چونکە ئەوە دەبێتە سەرەتایەکی گرنگ بۆ ئەوەی دڵی هەموو منداڵان خۆشبکرێت، تام و چێژی ئەوڕۆژە دەبێتە هاندەری بەردەوام بۆ ساڵەکە، چونکە ئەو هەنگاوە دەسپێکێکی گرنگە لە پڕۆسەی پەروەردەدا، لەبەر ئەو هۆکارە گرنگەی ئاماژەمان پێدا، هەموو قوتابخانەو خوێندنگەیەک پێویستی بەدانانی ئەو پلانە هەیە، بە بۆچوونی ئێمە پلانی پێشوازی لەساڵی نوێی خوێندن بەگشتی و قوتابیە تازەکان بەتایبەتی لەم هەنگاوانە کورتدەکرێنەوە:
1- خۆئامادەکردنی دەستی مامۆستایان ولەبەرکردنی جلوبەرگی جوان و شایستەو پەروەردەییانە
2- ڕازاندنەوەی قوتابخانە بە وێنەی ڕەنگاوڕەنگ و نەخش و نیگاری سەرنجڕاکێش
3- ئەنجامدانی چەند یاریەکی هەمەڕەنگ و بەشداریپێکردنی قوتابیان
4- ئامادەکردنی چەند سروودێکی پەروەردەیی
5- بەخێرهێنانی مناڵەتازەکان و ئامێزگرتنەوە و دەربڕینی هەست و سۆز و نەرمونیانی بۆیان
6- پێشکەشکردنی چەند دیاریەک بە منداڵان
7- ناساندنێکی کورتی قوتابخانەو باشەکانی
8- خۆناساندنی مامۆستایان بەمناڵان و دەسخستنە ناو دەستیان یەکەبەیەکە
9- ئاهەنگێکی خنجیلانە بۆیەکتر ناسینی مناڵە تازەهاتووەکان سازبکرێت
ئەم هەنگاوانە دەبنە فاکتەری کردنەوەی دەرگای ئومێد و خۆشەویستی قوتابخانە لەلای مناڵان، هۆکارێکیش دەبێت بۆدڵخۆشکردن و زەردەخەنەی مناڵان، لەسەردڵخۆشکردنی منداڵان(محەمەد عەلی کلای)دەڵێت: (زەردەخەنەی منداڵان باشترین شتە لە جیهاندا، برینەکان ساڕێژ دەکات و ژیان گەشاوەتر دەکات).
ڕاستە قوتابخانەو خوێندنگە ئەرکی گەورەو گرنگیان لەسەرشانە بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی پەروەردە، بەڵام هەرئەوان بەتەنیا ناتوانن ئەرکەکە سەربخەن و هەنگاوەکان تەواوبکەن، بەڵکو لەسەرلایەنی پەیوەندیدارو بەرپرسیشە، هاندەرو هاوکار و پشتیوان بێت بۆ گەیشتن و سەرخستنی ئەم ئامانجە، ئەویش بە دابینکردن و بەئەنجام گەیاندنی پێداویستیەکان و خزمەتگوزاریەکان، لە بینای خوێندنی باش و گونجاوودانانی مامۆستاو کەلوپەلی قوتابخانە و پێویستیەکانی خوێندن.
لایەنێکی تریش کە ئەرکی لەسەرشانە کەسوکاری قوتابیان و دایبابەکانیانە، ئەوانیش ئەرکی گرنگیان لەسەرە بە پشتگیریکردن و هاندان و خزمەتکردنی ڕۆڵەکانیان و هاوکاریکردنی قوتابخانە لەپێناو ئایندەی گەشی ئەومنداڵانە.
(لێوتۆڵستۆی) دەڵێت: ( منداڵان پێویستە شوێنێکی تایبەتیان هەبێت لە ژیاندا، ئەوان ئەو هیوایەن کە دەبێت بەرهەم بهێنرێن).
لەمەوە کاکڵەی بیروخزمەتکردنی مناڵان و دابینکردنی ئەوەی پێویستە بۆیان دەردەکەوێت، چونکە ئەوان تاقە هیوای ئایندەن کە دەکرێت لەو ڕێگەیەوە بگەین بەو بەرهەمەی کەناوی خۆشگوزەرانی و ئایندەی ڕوون و گەشە بۆ داهاتومان.
ئەوەی تائێستا وەک پێویست سیستمی پەروەردەی ئێمە خەمی نەخواردووەو هەوڵی بۆنەداوە، گرنگیدان بووە بە لایەنی هەستوسۆزو ویژدانی، هەروەک سەردەم و زەمەنی کۆنتروکەمێک گۆڕانکاری نەبێ بەسەریدا نەهێنراوە، کە دەکراوپێویست بوو ئەوەندە گۆڕانکاری بەسەردا بهاتایە، هەموو یاساو نەریتە کۆن و خراپەکان شۆڕشیان بەسەردابکرایە، نەک لەهەمان بازنەدا بخولێینەوە، ئەم دەربەست نەبوون و خەمساردیە وایکردووە، پرۆسەی پەروەردە وەک پێویست گەشەنەکات و کۆمەڵگەکەشمان، هەروا بەستەی عەقڵی خێڵ و هۆزبێت، کەی قوتابخانەکانمان بوون بە ئەو جێگەیەی مناڵان تێیدا ئارام بگرن؟ ئاسوودەیی لەناویاندا هەستی پێبکرێت؟ ژینگەی فێربوون و ئاراستەکردنی پەروەردەی سەردەم و هاوچەرخ بوون؟ هەموومان وانەکانی ژیانی لێدەخوێنین و فێردەبین، زانای گەورەو ناودار(ئەلبێرت ئەنیشتاین) بەمجۆرە پێناسەی قوتابخانە دەکات و دەڵێت: ( لە قوتابخانە وانەیەکت پێدەڵێنەوە و دواتر تاقیت دەکەنەوە، بەڵام ژیان تاقیت دەکاتەوە و دواتر وانەیەکت پێدەڵێتەوە).
پاشئەوەی گرنگی و بایەخی شێوازی پەروەردەییانەمان باسکرد، دەکرێ چەند پرسیارێک بکەین، بزانین سیستمی پەروەردەی ئەم هەرێمەی لەمەڕ خۆمان، تاچەند ڕەچاوی ئەو گرنگیدانەی بۆ پێشوازیکردنی ساڵی نوێ پێویستە، ڕەچاوکراوە؟
1- چ پلانێک هەیە لەلایەن وەزارەت و پەروەردەکانەوە بۆ ساڵی نوێی خوێندن؟
2- چەند قوتابخانە پلانی پەروەردەیی هەیە بۆ ئەومەبەستە؟
3- ئەوڕێنماییانە کامانەن کە گشتاندنیان بۆ کراوە بۆ ئەو مەبەستە؟
4- چ کارێکی هەماهەنگی کراوە لەگەڵ مامۆستایان و کەسوکاری منداڵان بۆ ئامادەکاریەکانی ساڵی نوێی خوێندن؟
لەگەڵ ئەوەی هەموو کارێکی باش و کردەییەکی شیاو و گونجاو دەکرێ بە پەروەردەی دروست سەیر بکرێت، بەڵام وەک (حەسەن کەمال) دەڵێت: ( چوونە قوتابخانە جیاوازە لە پەروەردەکردن).
کەواتە بەتەنها چوون بۆ قوتابخانە، ناکاتە ئەوەی پەروەردەیەکی تەواوبێت، دەکرێت بەهەنگاوێکی دروست و پێویست هەژمار بکرێت.
عەقڵی ڕەخنەگرانە بەشێکی گرنگ و پێویستی پەروەردەیی هاوچەرخ و سەردەمە، بینینی ئەوشێوازە بۆژیان جێی سوودو ئامانجی داهاتووی تاکی بەئاگاو ڕەخنەگرە، بۆیە بەوتەیەکی(تۆدۆرۆڤ)کۆتایی بەوتارەکەم دێنم کەدەڵێت: ( لە قوتابخانە فێری ئەوە ناکرێین کە بەرهەمە ئەدەبییەکان باس لە چی دەکەن، بەڵکو فێری ئەوەمان دەکەن کە ڕەخنەگران باسی چی دەکەن).

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت