دانا مەنمی: ڕیفراندۆم و سوێندەکەی بارزانی بۆ عەبادی!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ریفراندۆم دەرسێکە بۆ ھەمومان، کەس خۆی نەکا بە پاڵەوان و نابێتە دەستکەوت و ئینجازیش بۆ هیچ کەس و لایەنێک، لەڕاستیدا کات کاتی ریفراندۆم نەبوو، ئامادەباشی بۆ نەکرابوو، ریفراندۆم نە تاپۆی ڕەش بوو نەسپی بۆ کورد، چونکە هیچ زەمانەتیکی نێودەوڵەتی لەگەڵدا نەبوو، کێشەی گەورەی ئێمە لە خویندنەوەمان بۆ ڕیفراندۆم ئەوەیە، خوێندنەوەکان حزبیانەو بنەماڵەییانەیە. واتە خویندنەوەیەک نییە لەسەر سیاقی ئەکادیمی و زانست و فەلسەفەی سیاسی، ئەمەش کارێکی ئاسان نیە و ئاسانیش نابێ، مەگەر نەوەیەکی تر ئەم شکست و هەڵەیە ڕاست بکاتەوە و تێبگات کە کورد دەوڵەتی ھەبوە و بەھۆی ریفراندۆمەوە لەدەستیداوە.
لەبارەی وەسفی ریفراندۆمەوە کە لە 25ـی ئەیلولی 2017 ئەنجام درا “دانکۆنی “ یاساناسی نەمسایی دەڵێ “ بە نەزانی ریفراندۆم ئەنجام درا، پێگەی هەرێمی کوردستان لەباربراو عێراقیش بەهۆی ریفراندۆمەوە بوویەوە بە دەوڵەت!” بەڵام لەو دەمەیدا شۆڕەسوارانی ڕیفراندۆم منەتی کەسیان نە دەزانی و پارتی و سەرۆکی پارتیش لە بانگەشەیان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی دەیانگوت“ گفتوگۆی داهاتومان لەگەڵ عێراق تەنها بۆ ئەوەیە کە چۆن ببینە دوو جیرانی چاک! لەو دەمەیدا هیچ ئەنجومەنێک هێندەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم درۆزانتر نەبوو، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دوای ماوەیەکی کەم لە ئەنجامدانی ریفراندۆم دەست بە تەنازولێکی ناشیرین دەکات و خۆی چەماندەوە بۆ عێراق و گوتی“ دەرگای حیوار دامەخەن، شانازی بە عێراقەوە دەکەین!.
تیلەرسن دوو رۆژ پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم نامەیەک بۆ مەسعود بارزانی دەنیرێت کە بە زمانی دیپلۆماسی و بە ناوی هەموو ئەمریکا و دەزگا فەرمیەکانەوە داوای ڕاگرتنی ریفراندۆم دەکات بۆ ماوەی یەک ساڵ، لە نامەکەیدا (تیلەرسن) بەڵێن دەدات کە کێشەی کورد دەبرێتە ئەنجومەنی ئاسایش بەهاوکاری هاوپەیمانەکان ( بەریتانیاو فەرەنسا) هەڵەی ساڵی 1921 ڕاست دەکرێتەوە، لە هەموی گرنگتر لە خاڵی سێیەمی نامەکەیدا دەڵێ: سنوری هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراقدا بە پێی مادەی 140 یەکلای دەکرێتەوە بە هاوکاری ئەمریکا و UN“. بەلام مەسعود بارزانی بە هەموو ئەوانە ڕازی نەبوو، دوای ریفراندۆم کاردانەوەی توندی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، یەکەمین کاردانەوەو هەنگاوی زلهێزەکان بەتایبەت ( ئەمریکاو بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا) تەعامول نەکردن بوو لەگەڵ مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
ئەم ریسکە سیاسییەی کە مەسعود بارزانی بە هۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە کردی ئاگری لە ڕق و توڕەی ئەمریکا بەردا، ئەمریکاش کاڵەکی بە ئەژنۆی بارزانی شکاندو دوای ریفراندۆم ئامادە نەبوو هیچ مامەڵەیەکی سیاسی لەگەڵ مەسعود بارزانیدا بکات، بەڵام پارتی لە چەواشەکاری بانگەشەی ریفراندۆم دا باکی بە شکستەکەو زەرەرو زیانەکانی ریفراندۆم نەبوو هێندەی لەخەمی ئەوەدا بوو کە بارزانی لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوەو فەزاحەتی ویلایەتەکەی پینە بکات، ئەوەبوو دواجار بۆیان نەچووە سەرو هەر زوو ئەمریکا فشاری خستە سەر بارزانی کە دەستبەرداری پۆستەکەی بێت، ئەگەر نا ئەوا هەموو هاوکارییە سیاسی و ئابوری و سەربازییەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەبڕن، لەبەرامبەردا بارزانیش بۆ هێورکردنەوەی توڕەی وڵاتانی زلهێز و ئیقلیمی سەردانی عەبادی دەکات و سێ جار بە گۆڕی باوکی سوێند دەخوات کە لە عێراق جیانابیتەوە شانازیش بە عێراقیبونەوە دەکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت