عارف کەریم: دەربارەی شەری ئیسرائیل و حەماس.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم شەڕە بۆچی؟
کێ شەرەکەی هەڵگیرسان و کێ براوەیە؟
ئایا حەماس یان فەلەستینیەکان توانای دەرپەراندنی ئیسرائیلیان هەیە لەسەر خاکی فەلەستین؟
ڕێگاچارە چیە بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادان و شەڕەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکان؟

وا پێ دەنێینە هەفتەی دووەمی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، فەلەستین بریندارە و خوێنی لێدەچۆڕێ و قوربانیەکان هەزاران کەسن لە هەردولا بەتایبەتی فەلەستینیەکان.
شەر بۆخۆی شایی و زەماوەند و ئاهەنگ گێران نیە و لەهەر شوێنێکی دنیا هەڵبگیرسێ کاولکاری و ماڵوێرانی بەدوای خۆیدا دێنێ و هەموو گەشەکردن و پێشکەوتنێکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی رادەگرێ و تێکیدەدات و چەندین ساڵ کۆمەڵگا دەگێرێتەوە بۆ دواوە، هەزاران کەس لەم شەڕەدا دەبنە قوربانی، باری سایکۆلۆجی و دەرونی تاکەکانی کۆمەڵ دەشێوێنێ، هەزاران کەسی تری بێتاوان لە منداڵ و ژن و پیرو پەککەوتە تیادەچن و دەبنە سووتەمەنی شەڕەکە.

ئەم شەڕە بۆچی؟
پێشەکی دەمەوێ بڵێم کە فەلەستین لە بنەڕەتدا پێک هاتوە لە سێ پێکهاتەی موسڵمان و مەسیحی و جولەکە، لەپێش هیجرەتکردنی جولەکە بۆ فەلەستین لەئەوروپا و وڵاتانی دنیاوە، واتە پیش ساڵی 1948 موسلمانەکان و مەسیحیەکان زۆربەی دانیشتوانیان پێکهێناوە و جولەکەکان کەمینە بوون و ڕێژەی دانیشتوانیان لەسەدا دە 10% کەمتر بوون، کاتێک جولەکە بانگەشەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینیان کرد لە ساڵی 1948 دا، پشێوی و ئاژاوە و ناکۆکی و نە شەڕ کەوتە نێوان ئەمان و فەلەستینیەکان، ژمارەیەک لە وڵاتە عەرەبیەکان پشگیرییان لە فەلەستینیەکان دەکرد، لەو کاتەوە کە زیاتر لە 70 ساڵ دەکات هەتا ئەمڕۆ 2023 چەندجارێک چەنگ بەرپابووە لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا، لەهەر جارێکدا ئیسرائیل بە هاوکاری و پشتگیرێ وڵاتە زلهێزەکانی وەکوو ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا توانیویەتی پانتاییەکی گەورە لە خاکی فەلەستین داگیر بکات و بیخاتە سەر ئیسرائیل، دواجار کە فەلەستینیەکان بەرگەی هێزەکانی ئیسرائیلیان نەگرتوە و خوێنی زۆریان لێرۆیشتوە و قوربانی زۆریان داوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەولەتی بە فشاری وڵاتە عەرەبیەکان بریاری ڕاگرتنی شەرەکەیان داوە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل، بێگومان لەم شەڕانەدا ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتە عەرەبیەکان ژێربەژێر لەگەڵ ئیسرائیل بوون و بە رووکەش پشگیریان لە فەلەستین کردوە.
شەری ئەمجارە هەفتەیەک زیاتری تێپەراندوە و گەوەرەترین قوربانی لێکەوتۆتەوە لە مێژووی شەری نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا، ڕێکخراوی حەماسی فەلەستینی شەڕەکەی هەلگیرسان و لایەنەکانی تری فەلەستینی وەکو رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین بەسەرکردایەتی مەحمود عەباس و ئەوانی تر بەشداری شەرەکەیان نەکرد.
حەماس کەڕێکخراوێکی ئیسلامی توندرەوی فەلەستینیە، ئێران پشتگیری لێدەکات و بەخێوی دەکات و ڕێنمایی دەداتێ، هەر ئەوان چەک و تەقەمەنی و تفاقی جەنگ و تەکنۆلۆجیای خۆیان دەنێرن بۆ ئەوان و نەخشەی پەلاماردان و هێرشکردنیان بۆ دادەرێژن بۆیە حەماس لەمجارەدا کەوتە تەڵەی لوتبەرزی و غروری ئێران دژی ئیسرائیل و وایاندەزانی هەنگوینیان لەدارا دۆزیوەتەوە و لە چەند کاتژمێرێکدا ئیسرائیل وێراندەکەن و و هەقی بەرەودوای لێدەکەنەوە، حەماس بە عەقڵێکی دواکەوتوو بەبیرێکی تەسکی توندرەوەوە، بە فیتی ئێران بەبێ پەنابردنە بەر دیراسەیەکی زانستی وردی هاوچەرخ سەبارەت بە هاوسەنگی جەنگ و بەراوردکردنی هێزەکانی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل، هەروەها تەکنۆلۆجیای نوێی سەربازی و چەکە ئەلیکترۆنەکانی ئیسرائیل و هاوکاری ئەمەریکا و ئەوروپا بۆ ئیسرائیل، بەکورتیەکەی حەماس پەنای بردە بەر سیاسەتێکی دیپلۆماسیانەی ژێرکەوتوو بۆ بەرپاکردنی ئەم شەرە و ماڵوێرانی بۆ خۆیان و دانیشتوانی غەززە هێنا جگە لە وێرانبوونی ناوچەکە. ‌هەڵە گەورەکە ئەوەیە حەماس و ئێران جولەکەو ئیسرائیلیان لا قەبوڵ نیە و لە مێژەوە خەتێکی ڕاستو چەپیان بەسەردا هێناون و لای ئەوان دەبێ جولەکە و ئیسرائیل لەناوبچێ، هەر ئەم بیرکردنەوەیە وای کردوە کە ئەوان دۆڕان و شکست بۆخۆیان تۆمار بکەن.
ئەمە هاوکێشەی نێوان جولەکە و فەلەستینە لەماوەی ئەم 75 سالەدا، ئیسرائیل دەوڵەتێکی بەهێزی نەوەویە لەسەر خاکی فەلەستین و تازە بۆتە ئەمری واقع و لەناوچوونی مەحاڵە، بەدرێژایی ئەم ساڵانە عەرەب و فەلەستین نەیانتوانیوە ئیسرائیل لەناوبەرن و خاکەکەیان ڕزگاربکەن، ئەی ئێستا بەو هەموو هێزو پشتگیریەوە چۆن دەتوانن بەوکارەهەڵسن.

ئەی چارەسەر چیە؟
فەلەستینیەکان خاکیان داگیرکراوە و لە ساڵی 1948 وە تێدەکۆشن و خەباتدەکەن و خوێندەدەن لەپێناوی رزگارکردنی وڵاتەکەیان، فەلەستینیەکان داوای مافی ئازادی و سەربەستی بۆ خۆیاندەکەن لەسەر خاکەکەی خۆیان بە مافی چارەی خۆنوسین و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینیشەوە، ئەمە هەقێکی شەرعی ئەوانە و پێویستە پشتگیری لێ بکرێت. لەپاڵ ئەمەدا دەوڵەتێک هەیە بەناوی ئیسرائیل کە زیاتر لە حەفتا ساڵە لەسەر قاچی خۆی وەستاوە و بوونی هەیە و لەلایەن دەوڵەتانی زۆری دنیاوە دانی پێدا نراوە و پەیوەندیەکی فراوانی سیاسی و دیپلۆماسی هەیە لەگەڵ ئەم ولاتانەدا. بۆیە هەموو پەنابردنێک بۆ بەکارهێنانی چەک و هێزی سەربازی چارەسەری کێشەکەناکات، پەنابردنە بە چارەسەری سیاسی و دیپلۆماسی تاکەڕێگەیە بۆ بەلادا خستنی ئەم کێشە ئاڵۆز و گەورەیە کە بەرەوڕووی وڵاتانی عەرەبی و فەلەستینیەکان دەبێتەوە کەدەبێ کاری بۆبکەن لە پێ:
1- فشارخستنە سەر ئەمەریکاو زلهێزەکانی تر بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە و کردنەوەی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە.
2- دەستبەجێ زەمینەسازکردن بۆ دانوستانێکی چروپر لەنێوان عەرەب و فەلەستین و ئەمەریکاو ئیسرائیل لەپێناوی دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ فەلەستینیەکان بۆ ئەوەی هەتا هەتایە شەر نەمێنێ و ئەم دوو دەوڵەتە پێکەوە بەشێوەکی ئاشتیخوازانە بژین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت