سەردەشت محەمەد: سیستمی ئەوروپی و عەقڵی شەرقی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەڵێن لە کۆندا قەلەڕەش هەوڵیداوە لە ڕۆیشتندا لاسایی تاوس بکاتەوە، کەچی نەک فێرنەبو وەک تاوس لەنجەولار بکات، بەڵکو ڕۆیشتنەکەی خۆیشی بیرچووەوە، بۆیە ئێستا قەلەڕەش لەکاتی ڕۆیشتندا هەڵقونکێ دەکات.
ئەم چیرۆکە بۆ ئەم عەقڵێتەی ئێستا کە ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەدات چیرۆکێکی ئێجگار گونجاوە، لەوەدا گونجاوە سەرنج لە هەر کەرتێک دەدەیت دەبینیت بە سیستم ئەورپییە، بەڵام بەعەقڵێت و بیرکردنەوەیەکی چەق بەستوویی، شەرقییەوە بەڕێوە دەبرێت. ئەم ئیزدیواجێتییە بۆ هەرکایەیەک مەترسی و کاردانەوەی خراپ و نەرێنی زۆر گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
یەکێک لەو مەترسیانەش لەدەستدانی خۆشەویستی و نەمانی متمانەیە لەلایەن کارمەندان و فەرمانبەرانەوە بۆ خودی ئەو کەرتەی کە کاری تێدا دەکەن، لە کاتێکدا هێنانی سیستمی نوێ، دەبێت خزمەتی زیاتر بە کۆی کایەکان بکات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەوپێش بچن. بەڵام ئەمە بۆ وڵات و ناوچەیەکە کە عەقڵێتی ئەو کەس و لایەن و گروپانەی کە کۆی کایەکە بەڕێوە دەبەن، هاوتەریب لەگەڵ سیستەمەکەدا پێشبکەوێت، ئەگینا بە پێچەوانەوە جگە لە شکست نابێت چاوەڕوانی هیچی دیکە بکەین.
ئەوەتا لە هەرێمی کوردستاندا ئەم شکستە بە ئاشکرا هەست پێدەکەین و کۆی کۆمەڵگاش پێکەوە واخەریکە باجەکەی دەدەین. ئەم شکست و باجدانەی ئێمەی هاوڵاتی، لەکاتێکدایە کە ڕۆژانە بەدەیان هەزار دۆلار لەپێناو دیبەت و کۆڕ و سیمینارگەلێکدا خەرج دەکرێت کە بەناونیشانی گەورە و ناوەڕۆکی بەتاڵەوە پیشانی خەڵک دەدرێت.
بەخەڵکی دەوترێت ئێمەش هیچمان لە دنیای دەرەوە کەمترنییە و بۆ هەر کات و سەردەمێک و بۆ هەر کایەیەک سیتمێکی نوێمان حازرە، بەڵام نەتوانرا ئەوە پیشانی هاوڵاتیان بدرێت و بۆیان بسەلمێنرێ کە ئاستی تێگەیشت و عەقڵێتی ئیدارەدان لە کوردستاندا ڕێک لەئاستی سیستمەکەدایە. هەرچەندە پێمان وایە کە هیچ کاتێک درەنگ نییە بۆ هاوسەنگ کردنەوەی ئەم نابەرامبەریەی نێوان سیستم و عەقڵێتی بەڕێوە بردنە، بەڵام کاتێک لەڕابەرانی ئەم کۆمەڵگایە دەڕوانیت، ئەوا بەدەست خۆت نییە، دەبێت نائومێدی بیت و پێتوابێت ئومێدبون بە باشبونی ئەم بارودۆخە جگە لە خەڵەتاندنی خۆت و دروستکردنی دنیایەکی خەیاڵاوی بۆخۆت هیچی دیکە نییە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت