نەوزادى موهەندیس: پڕۆژەى ڕێڕەوى ئابورى نوێ (IMEC )، کاریگەرى و لێکەوتەکانى.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى 9/ 9/ 2023 لە میانەى لوتکەى کۆمەڵەى 20 لەشارى نیودەلهى لە هندستان، هەریەکە لەسەرۆکى ئەمریکا جۆبایدن و سەرۆک وەزیرانى هندستان ناریندار مودى و هاوپەیمانەکانیان لە یەکێتى ئەوروپا پڕۆژەى (بیناکردنى ڕێڕەوى ئابورى نوێ) یان ڕاگەیاند کە هەریەکە لە وڵاتانى هند و وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کە هەریەکە لە ئیمارات و سعودیە و ئوردون و ئیسڕائیل ) لەگەڵ وڵاتانى یەکێتى ئەوروپادا و بەهاوبەشى لەگەڵ ئەمریکادا لەخۆدەگرێت.

ئەم پڕۆژەیە چییە و لە پێناو چیدایە؟
وەک ڕاگەیەنراوە ئەم پڕۆژەیە بریتیە لە(( ڕاکێشان و گەیاندنى هێڵێکى نوێى گواستنەوەى کاڵاو کەلوپەلەکان و وزە لە هندستانەوە لە ڕێگەى دەریاى عەرەب بۆ کەنداوى عەرەبى و لە وڵاتى ئیماراتیشەوە دێتە سەر وشکانى و لەڕێگەى ڕاکێشانى هێڵى ئاسنى شەمەندۆفێر و کێبڵى کارەبایى بۆ گواستنەوەى وزەى کارەبا و هایدرۆجین و کێبَڵ بۆ گواستنەوەى پەیوەندیە ژمارەییەکان بەرەو سعودیە و دواتر تێپەڕدەبێت بە هەریەکە لە ئوردون و ئیسڕائیل و جارێکى تریش بەناو دەریاى سپى ناوەڕاستدا دەپەڕێتەوە بۆ کیشوەرى ئەوروپا و تا دەگاتە وڵاتى ئەڵمانیا))،ئەم هێڵە نوێیە ئابورى و بازرگانیە درێژییەکەى دەگاتە 8166کم کە لە بەندەرى مۆمباى هندستانەوە دەستپێدەکات و تا دەگاتە ئەڵمانیا لەناوەڕاستى کیشوەرى ئەوروپادا.

پڕۆژەکە لە پێناو چیدایە:
ئەم پڕۆژەیە بەئاشکرا ئامانجى:
• هاوبەشیکردنى وەبەرهێنانە لە ژێر خانى جیهانیدا.
• وەک پڕۆژەیەکى سەوز و ژمارەییە لە نێوان کیشوەر و شارستانێتیە جیاوازەکاندا.
• ئامانجى بەستنەوەى وڵاتانى هند و وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و یەکێتى ئەوروپایە پێکەوە کە ئەمەش ناوچەیەکى گەورە و فروان و گرنگى جیهان پێکدێنێت.
• ئامانجى باشترکردنى پەیوەندییە ژمارەییەکان و هاندانى زیاترى بازرگانییە لەنێوان وڵاتاندا، کە هەریەکە لەبەرهەمەکانى وزە وەک هایدرۆجین لەخۆدەگرێت.
بەم شێوەیە ئەم پڕۆژەیە کاریگەرى و لێکەوتەى ئەرێنى بەرچاوى دەبێت بۆ ئایندەى ئابورى و بازرگانى جیهانى لەڕێگەى:
• دەبێتە هۆى گەشەپێدان و ئامادەسازى ژێرخانى جیهانى کە هەریەکە لە هێڵى ئاسنین و بەستنەوەى بەندەرەکان لەخۆدەگرێت بۆ زیادکردنى گواستنەوەى کاڵاکان و خزمەتگوزاریەکان و ئاڵوگۆڕى بازرگانیش.
• دەبێتە هۆى پشتیوانیکردن لە سەلامەتى گواستنەوە و دابینکردنى وزەى جیهانى لەڕێگەى ڕاکێشانى هێڵ و بۆرى بۆ گواستنەوەى کارەبا و هایدرۆجین.
• ڕاکێشانى کێبڵى بۆ گواستنەوەى زانیارییەکان لە میانەى تۆڕێک کە بەسنورەکاندا تێپەڕدەبێت بە توانا و کوالێتیەکى بەرز و متمانە پێکراو.
• کاردەکات لەسەر تەواوکارى ئابورى و بەشداریکردن لە دابینکردنى هەلى کارى نوێ و جۆرى بەشێوەیەک کە دەبێتە هۆى دەسکەوتى دوور مەودا بەدرێژایى ڕێڕەوەکە کە سنورەکان دەبڕێت بەتایبەتى بۆ ئەو وڵاتانەى کە هێڵەکەى پیاداتێپەڕدەبێت.

کاریگەرى و لێکەوتەکانى بۆ وڵاتانى بەشدار و وڵاتانى دەرەوەى پڕۆژەکەش:
ئەم پڕۆژەیە بۆ هەموو وڵاتانى بەشدارى پڕۆژەکە لەهەریەکە لە هندستان و ئیمارات و سعودیە و ئوردون و ئیسڕائیل و هەموو وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا گرنگیەکى ئابورى و سیاسى گەورەى دەبێت و دەبێتە مایەى خۆشگوزەرانى و گەشەوپێشکەوتن و دابینکردنى هەلى کار و بەرزکردنەوەى داهاتى نیشتیمانى و بوژاندنەوەى ئابوریەکانیان و لەم ڕێگەیەشەوە هاوکارى و پەیوەندیە سیاسیەکانیشیان توندوتۆڵتر دەبێت.

بۆ ئیسڕائیل لە چەند ڕوویەکەوە سوودبەخشە لەبەر ئەوەى ئیسڕائیل دەکەوێتە ناوجەرگە و دڵى پڕۆژەکەوە:
• کات و کرێى گواستنەوەى کەلوپەل و کاڵاکان لەوڵاتانى کەنداوەوە بۆئیسڕائیل کەمدەکاتەوە.
• ئاستى ژیان و گوزەرانى تاکى ئیسڕائیلى بەرزدەکاتەوە و خۆشگوزەرانیان دەکات.
• جێگیرى سیاسى و گەشەى زیاترى ئابوریشى بۆ دەستدەخات.
• پەیوەندیە سیاسى و ئابورى و بازرگانیەکانى ئیسڕائیل لەگەڵ هەریەکە لە سعودیە و ئیمارات بەتایبەتى و بەگشتیش وڵاتانى ترى کەنداوى عەرەبى گەرموگوڕتر دەکات کە لەمێژە ئیسڕائیل و ئەمریکا هەوڵى لێکنزیکبونەوە و ئاساییکردنەوەى پەیوەندیەکانیان دەدەن.

بۆ وڵاتانى عەرەبى بەشدار بەتایبەتى و بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە گشتى:
• ئەم پڕۆژەیە دەبێتە نزیککردنەوەى ڕێگاى هاتووچۆى کۆنى گواستنەوەى ئابورى و بازرگانى لەڕێگەى کەناڵى سوێسى میسریەوە بۆ ئەوروپا و بە پێچەوانەشەوە کە کاریگەرى لەسەر کات و کرێکان دەبێت. بەڵام کاریگەرى خراپى دەبێت و زیاندەگەیەنێت بە میسر و داهاتەکەى.
• نزیکبوونەوەى زیاترى وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ئەوروپا و بە پێچەوانەشەوە.
• گۆڕینى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى تەژى بە ململانێ خوێناوى و جەنگ و توندوتیژى و وەک سەرچاوەى تیرۆر بۆ ناوچەیەکى گەشەسەندوو و ئارامى سیاسى و ئابورى.
ئەم پڕۆژەیە چەندە پیلان و مەبەستى ئابورى ئاشکراى لە پشتەوەیە, هێندەش مەبەستى سیاسى و ئەمنى لە پشتەوەیە. چونکە ئەم پڕۆژەیە لەلایەک بۆ لێدانى بەرژەوەندیەکانى ئێران و عێراق و وڵاتانى ترى سەر بە خولگەى ئێرانە وەک هەریەکە لە سوریا و لوبنان و ڕێکخراوە ئیسلامیە توندڕەوەکانى وەکو حیزبوڵاو و حەماس و دواتریش حوسیەکانى یەمەن. لەلایەکى تریشەوە وەک باسمانکرد زیاتر نزیککردنەوەى وڵاتانى عەرەبى کەنداوە لە ئیسڕائیل و بەتایبەتیش سعودیە. لەلایى سێهەمیشەوە کەمکردنەوەى ڕۆڵى تورکیاشە وەک ڕێڕەوێکى گرنگى هەمیشەیى و مێژوویى لەنێوان ئاسیا و ئەوروپادا.
بەم شێوەیە ئەم پڕۆژەیە لەسیماو و ڕووخساریدا پڕۆژەیەکى ئومێد بەخشە بۆ ئایندە کە تائێستا کاتى دەستپێکردن و تەواوکردنى دیارینەکراوە و هێشتاش سەرچاوەکانى داراییشى ڕوون وئاشکرانیە کەچۆن دابیندەکرێت و وڵاتانى بەشدار چۆن بەشداردەبن. بەڵام لەناوەخندا مەبەست و ئامانجى دوورمەوداى شاراوەش لەخۆدەگرێت. کە ڕەنگە هەموانیان لە بەرژەوەندى پاراستن و بەهێزکردنى ئیسڕائیل تەواو ببێت.
جا سەرکەوتن وەدیهاتنى ئامانجەکانى ئەم پڕۆژە گەورەو کاریگەرە وەستاوەتە سەر ئەوەى تاچەند ئەم ڕێڕەوە سەلامەت و ئارام و پارێزراویش دەبێت لەسایەى ئەم پیلان و جەنگ و کاولکاریانەى نێوان حەماس و ئیسڕئیلدا؟ ئایا بەرەى ئێران و ڕووسیا و چینیش دەستەوستان و بێ جوڵە و پەرچەکردار دادەنیشن؟ ئەى ئایا پڕۆژەى پشتێنەى ئاوریشمى چین چى بەسەردێت کە یەکێک لە ئامانجە شاراوەکانى ئەم پڕۆژەیە لێدانە لە ڕێگاى ئاوریشمى چین؟
بۆیە با چاوەڕوانى ڕۆژگاربین وهەر لە ئێستاوە خەون و خەیاڵى ڕەنگاوڕەنگى پێوەنەبینین لەکاتێکدا کە عێراق و هەرێمى کوردستانیش ئەو پڕۆژەیە نایگرێتەوە و کەوتۆتە دەرەوەى ناوچەى پڕۆژەکە کە ئەمەش کاریگەرى خراپ و نەرێنى دەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت