بەهرۆز جەعفەر: تورکیا و ئیسرائیل، چۆن پەیوەندییەک؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەمیشە تورکیا چاوی لەوەیە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت، لە ساڵی 1948 تورکیا یەکەمین دەوڵەتی خاوەن زۆرترین نفووسی ئیسلامی بوو کە پیرۆزبایی لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل کرد. لە سەردەمی سوڵتان سولەیمانی قانونییەوە کە رۆکسلانە ” خرم سوڵتان” وەک ئافرەتێکی جولەکە دەچێتە کۆشک و دەبێتە خێزانی سوڵتان، ئیتر جولەکەکانی کە لەدەست دادگاکانی تەفتیش هەڵدەهاتن، لانەیەکی ئارام دەدۆزنەوە کە ژێردەستەڵاتی دەوڵەتی عوسمانییە. جوەکان لەسەدەی نۆزدەدا رۆڵێکی بەرچاو و زیرەکانەیان دەگێڕا و تا ئەوەی چووبوونە هەموو کوون و قوژبنێکەوە کە دەستەڵاتی لێیە.
لەنەوەتەکانی سەدەی پێشووددا، پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان تورکیاو ئیسرائیل بە بەهێزترین و ستراتیجیترین پەیوەندیی ئابوری و هەواڵگریی و سەربازیی لە ناوچەکەدا دەژمێردرا. بە هاتنی ئەردۆگان بۆ سەر کورسی سەرۆکایەتی، سەرەتا وەک ئیسلامێکی میانەڕەوی – تورکی و لیبراڵ و دواتریش وەک رێبەرێکی ئیسلامیک – ئیتنۆ- نەیشناڵیزم (تێکەڵەیەک لە بیری ئیسلامیی تورکی لەگەڵ ڕەگەزپەرستی و قەومچییەتی تورکیی). ئیتر پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە تێکچوو، چوونکە هەموویان لەو شێوازە بیرکردنەوەیە دەترسان کە پێشووتر (پێش یەکەمین جەنگی جیهانی چەشتبوویان بە دەست تورکە عوسمانییەکانەوە، کە هەمیشە ویستی فراوانخوازیی هەیە). هەر بەوهۆیەوەو بە هۆی کیشەی فەلەستین و ئیسرائیلەوە، بەهۆی پێشوازیکردنی تورکیا لە ڕێبەرانی حەماس، بەهۆی ئەوەی ئەردۆگان هەڕەشەی لە ئیسرائیل دەکردو دەیوت؛ توپۆی خاکەکەتان لە ئەرشیفی ئێمەدا پارێزراوە”، ئیتر پەیوەندیی تورکیاو ئیسرائیل لە ساڵی 2010 بە تەواوی تیکچوو. لە ساڵی 2013 ەوە تا 2022 ئەردۆگان و هەموو دامەزراوە تورکییەکان، لەسەر هیڵ بوون بۆ ئەوەی ئیسرائیل پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا ئاسایی بکاتەوە، دواتر ئیدارەی بایدن و ئیمارات رۆڵیان بینی لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتە سەرەکییەی رۆژهەڵاتی دەریای سپی.
بە دیاریکراوی 19 کاتژمێر پێش هێرشەکەی 7 ی ئۆکیۆبەری 2023، چانکایا داوای کرد کە تورکیا چاوەڕوانی گازی ئیسرائیلە ( تورکیا چاوی لەوەیە ئیسرائیل لە رێگەی هێڵێکەوە گازی پێ بفرۆشێ، دواتر بڵێ با گازەکەی ئیسرائیل و قوبرس لە رێگەی تورکیاوە بۆ ئەوروپا بڕوات).
سەرەتای 2016 نامەی ماستەرەکەم بە زمانی پێشکەش کرد و بڵاویش کرایەوە بەناونیشانی ” پەیوەندییەکانی تورکیاو ئیسرائیل لەسەردەمی فەرمانڕەوایی دادوگەشەپێداندا (2002- 2015). هەمان کات، وەرمگێڕا بۆ زمانی کوردی و بە کتێبێک بڵاوبۆیەوە.
جارێکی تر، لە سەرەتای (٢٠٢٤) دا، هەمان کتێب بە دەستکارییەوە لە چاپ دەدەمەوە، ئەمجارەیان بەناونیشانی ” پەیوەندییەکانی تورکیاو ئیسرائیل لەسەردەمی فەرمانڕەوایی دادوگەشەپێداندا لەماوەی 2002 هەتا 2023. دووبارە دەکەوێتەوە بەردیدەی خوێنەران.
هەڵبەت، بۆ ئیسرائیلیش تورکیا پێگەو پۆستێکی گەورەو گرنگی جیپۆلەتیکییە، تورکیا دراوسێی ئێران و سوریایە کە هەمیشە سەرچاوەی مەترسین بۆسەر ئیسرائیل. بەڵام یەکێک لەدەرئەنجامەکانی ئەو کتێبە ئەوە بوو، وەک دە دوای حەوت ساڵ دەرکەوت هەر ئەوە دەبێ کە ” بۆ ئیسرائیل تورکیا گرنگە، بەڵام هەرگیز ئیسرائیل پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیایەکدا ئاسایی ناکاتەوە، کە ئەردۆگان ڕێبەرایەتی بکات. دوای شەش مانگ لە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانیان، جارێکی تر بەهەمان شێوەی پێشوو حەماس و فەلەستین بوویەوە هۆی تێکچوونەوەی پەیوەندییەکە؛ وا دیارە خەونەکەی ئەردۆگان بۆ پرسی گازی سرووشتی نایەتەدی!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت