دەریاز ئیسماعیل: زەوتکردنی ئازادی لەزانکۆ لەسەر رەخنەگرتن.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵی 2018 کە قۆناغی سێیەمی زانکۆ بووم لەبەشی کاری کۆمەڵایەتی (سۆشیاڵ وۆرک)، ئەوکات یاسایەکیان بەسەر فێرخوازانی زانکۆکاندا سەپاند، کە دەبوو بڕە پارەیەکی دیاریکراو بدەن تاکو بتوانن لە بەشەناوخۆییەکان بمێننەوە، ئەگەر ئەو بڕە پارەیە نەدەن مافی ئەوەیان نییە بمێننەوە، من توانای ئەوەم هەبوو پارەکە بدەم و کێشەم نەبوو، بەڵام بەداخەوە سەدان کەس کە لەگەڵ ئێمەبوون، هیچ بڕە پارەیەکیان نەدەدا و بگرە بەتەنیا ژورێکی سێ کەسی، یان چوار کەسیان وەردەگرت، لەبەر ئەوەی سەربە حیزبی دەستەڵات بوون و ئەوان بەناوی رێکخراو و حیزب حوکمی زانکۆیان دەکرد و هیچ یاسایەکیش بۆ ئەوان نەبوو، ئێمەش دەبوو بە سێ بۆ چوار کەس لەژورێکی سێ بە چوار بژین.
‎ئەو کۆمەڵە کەسە لەژێر ناوی حیزب باڵادەست بوون، هیچ یاسا و شتێك ئەوانی نەدەگرتەوە، چونکە نووسراویان بۆکرابوو لەلایەن حیزبەکەیانەوە، وەك لێخۆشبوونێکی تایبەت و هیچ یاسایەک ئەوانی دەگرتەوە، بۆیە هەر کەسێک سەر بەو لایەنە بووایە دەیتوانی بەبێ کێشە و بەو نووسراوەی حیزب لە بەشەناوخۆییەکان بمێنێتەوە.
‎لە زانکۆ ڕێکخراوێکی حیزبی بەناوی (قوتابییان) لە بەشەکانی زانکۆ دەگەڕا و پارەیان کۆدەکردەوە بەناوی بەشی ناوخۆیی کەچی بەهیچ جۆرێک ئەو کاری ئەوان نەبوو، بەڵکو ئەوە کاری زانکۆ و بەشی تۆمار و یەکەی بەشە ناوخۆییەکان بوو، لەکاتێکدا حیزبەکەی خۆیان خەریکی تاڵانی ماڵی میللەت بوون، دەیانوویست پارە لە ئێمە وەرگرن بەزۆر لەژێر ناوی رێکخراوی حیزب، لەکاتێک میللەتە لەناو قەیرانێکی دارایی و بێ موچەیی و بێ پارەیی بوو لەناو حکومەتێکی پڕ گەندەڵی و بێ یاسایی.
‎ رۆژێک هاتن بۆ بەشی کاری کۆمەڵایەتی، گوتیان دەبێت پارەیان پێبدەین، من تاکە قوتابی بەشەکەم بووم ناڕەزایەتیم دەربڕی و وتم پارە نادەم، چونکە پارەکە ناقانوویە و حیزبەکەتان حکومەتی توشی شکست کردووە و با حیزبەکەتان پارەکان بهێنیتەوە و زانکۆ و بەشی ناخۆیی پێ دابین بکات، چونکە گەندەڵی و ناعەدالەتی حیزبەکەی ئێوە لەناو حکومەت دۆخیکی ئاوای دروستکردوە کە میللەتەکمان بە دەیان ساڵی تر ناتوانێ لێی دەربازبێت، بۆیە من دەپرسم بۆچی حیزبەکەتان ئێوەی راسپاردووە کە پارە لە ئێمە وەربگرن بە نایاسایی، بەرپرسی حیزیبیتان هەیە هەرچی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەیە بردوویەتی خزمەتی خۆیان و منداڵەکانیان پێدەکەن، بۆیە من ئامادەنیم هیچ بڕە پارەیەک بدەم، مەگەر ئێوە بەشێک نین لەو حیزبە گەندەڵەی حوکم بەدەستە، بۆچی داوا لە ئەوان ناکەن؟
‎بۆیە بەو پرسیار و قسە و ڕاستیانەی من پێگوتن لەناوپۆل توڕە بوون، گوتیان باش یەک دەبینینەوە و گوتیان ئەو قسانەی کە کردوومە لێم بەسەرەوە ناچێت و لەلایەن پۆلیس و ئاسایشەوە لێپێچینەوەم لەگەڵ دەکرێت، وەك تاوانبارێك دەبێت سزابدرێیت و چونکە سوکایەتیت بە حیزب کردوە، منیش زۆر ترسام و نەمدەتوانی هیچ بلێم، ئەوان دواتر بە مامۆستاکەیان گوت تۆ چۆن ئەوە قبوڵدەکەی لەبەر چاوی تۆ سوکایەتی بە حیزبەکەمان بکرێت، بۆیە هەر ئەوکات مامۆستای وانەکە گوتی بڕۆ دەرەوە و لە پۆلەکە دەریکردم.
‎دواتر ئەو کەسانە کەسەربە حیزبی دەستەڵات بوون ڕاستەوخۆ چوون لە سەرۆکایەتی زانکۆ و لەلای سەرۆکی بەشی کاری کۆمەڵایەتی بەناوی حیزب و کارمەندی حیزبی داوایان لە ڕاگری کۆلێژ کرد کە دەبێت هەرچی زووە سزای من بدرێت، گوایە سوکایەتیم بە حیزب کردوە و رەخنەم گرتووە و هانی قوتابییەکانم داوە دژی حکومەت و حیزب قسەبکەن
‎دواتر ئەوان لە هەموو زانکۆ، بە ڕاگری کۆلێژیان ڕاگەیاندبوو کە وەک حیزب و دەستەڵات داوادەکەن کە دەبێ لێپێچینەوە لە دەریاز بکرێت، سزای توند بدریت و لە خوێند ڕابگیرێت و دەربکرێت، نابێ دووبارە ڕێگەی پێبدەن لە زانکۆ بخوێنت، چونکە من ڕەخنەمگرتووە، چونکە ئەوان ئەمەیان پێ قبوڵنەکرا کەسێك ڕەخنە لە حیزبەکە و شکستهێنانی حیزبەکەیان بگرێت و بە ئاشکرا باس بکات.
‎ دواتر لەلایەن سەرۆکی بەشی کاری کۆمەڵایەتی و ڕاگری کۆلێژ و جێگرەکەی و دەستەی سەرۆکایەتی زانکۆ بانگکرام و وەك ئەوەی تاوانباربم و تاوانێکم ئەنجامدابێ لیژنەیان دروستکرد و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کردم، لەکاتی لێپێچینەوەکە سوکایەتی قسەی ناشیرینیان پێگوتم و سەرزەنشتیان کردم و هەرەشەیان کرد کە لەزانکۆ دەرمدەکەن، چونکە من ڕەخنەم لە حیزب و دەستەڵات گرتووە ئەوەش وەك تاوان وایە بۆیە دەرتدەکەین.
‎تکام لێیان دەکرد دەرم نەکەن لەزانکۆ و زۆرترسام فەسڵم بکەن، و دواتر ئاسایش بمگرێت و بمخاتە زیندان، بۆیە ترسێکی زۆر دایگرتم، دواتر داوای لێبوردن بکە و بەڵێن نامە پڕبکەوە کە جاریکی دیکە رەخنە لە حیزب و حکومەت نەگری و گوتیان ئەوە ئاخیر جارت بێت و دووبارەی بکەیەوە دەرتدەکەین بەیەکجاری بۆیە هەفتەیەک دەردەکرێیت لەزانکۆ تاوەکو ئاقڵ بیت. بۆیە منیان بۆ ماوەی هەفتەیەك لە زانکۆ ڕاگرت و دەریانکرم، لەکاتێکدا کە دڵنیابووم بۆ جاری داهاتوو ئەگەر یەک قسەبکەم ئەوا گرتن و زیندانیکردنیشی لەگەڵدادەبێت، چونکە ئەوان پێشتر پۆلیسان ئاگادارکردبووە و ویستیان زوو بەبێ هیچ شتێک دەستبەسەرم بکەن، بۆیە نابێت چیتر رەخنە بگرم، گوتیان ئەوجارە تەواو تەنها سزاکەت یەک هەفتە فەسڵ کردنە، بەڵام جاری داهاتوو گرتن و فەسڵ کردن و زیندانیکردنە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت