عەبدولا کەریم مەحمود: حەمە تیماری، ئەفسانەکەی برزوت و بالۆسە – بەشی دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ساڵی 1983 حەمە تیماری بوو بە هاوڕێ ی حەبیب برایم خانی دەلۆ، ناسراوبە (هەژا ر). لە سەر پێشنیاری مەلا ئەحمەدی گەرمیان، لە کۆنفراسی ناوخۆی کۆمەڵە، حەمە تیماری لە بەر ئازایەتی و لیهاتوویی لە گوندی تەپە گەروس کرا بە فەرماندەی مەفرەزە.
تیماری خاوەنی هەمووو بەها جوانەکانی کەسێتی پێشمەرگایەتی بوو، هەموو بەها تایبەتمەندەکانی فەرماندەیی نمونەیی تیا بوو. لە چالاکییەکاندا بەدەست و برد بوو، لە گەڵ هاوڕێ پێشمەرگەکانیدا کەسێتیەکی خاکی و قسە خۆش و رووخۆش و دەم بە پێکەنین بوو. بەرامبەر بە داگیرکەرانی نیشتمان بە جەربەزە و زەبروەشێن بوو. لەکاتی داستان و نەبەردییەکاندا، بروسکە ئاسا هەڵمەتی بۆ سەر هێزەکانی سوپای عێراق و جاش دەبرد، هیچ تارماییەکی ترس و گومانی لا نەبوو. هەمیشە بە هەست و نەست، دڵی لای پەلەپیتکەی چەکەکەی بوو، سڵی لە هیچ گولە و دەسڕیژێکی هیزەکانی سوپاو جاش نەدەکردەوە. ئازایەتی و جەربەزەییەکەی بە جۆرێک بوو، هیچ کاتێک لەو بڕوایەدا نەبوو دەستڕێژی گولەی دوژمن جەستەی بپێکێ. لە نەبەردی و چالاکی و داستانەکاندا بە پێوە دەوەستا، بۆ ئەوەی نیشانەکانی بە تەواوی بپێکێت. گرنگی بە خۆپاراسین نەدەدا، لە شەڕی زینانەدا چەند جارێک هێڕشی کردە سەر سەنگەرەکانی دوژمن.

یەکەم پێشمەرگەی ناو بێتواتە
حەمە تیماری لە چالاکی و داستانەکاندا بەپێی هەل و مەرجی شەڕەکان، جارێک بە چەکی (ژێ سێ ) و جارێکی تر بە (ئاڕبی جی) و هەندێ جار بە (بی کەی سی ) زەبری توندی لە هێزەکانی دوژمن دەدا.
لەشەڕی بێتواتەدا 20 پێشمەرگە بوون، تیماری لە کاتی هەڵمەت بردن بۆسەر رەبایەکان، دوای گرتنی رەباییەکان لەپێش هەموو پێشمەرگەکانەوە بوو، یەکەم کەس بوو، رووی کردە ناو ناحیەکە.

هێمای سەرکەوتن بوو
پێشمەرگەکانی تیپی 51ی گەرمیان حەمە تیماریان لا ببوو بە هیمای سەرکەوتن، دەیانزانی لە هەر شەڕێکدا ئەویان لە گەڵ دابیت دوژمن دەشکێنن، شوین دەستی لە هەموو نەبەردی و داستان و چالاکییەکانیدا دیاربوو. وەک چالاکی و داستانەکانی (شارباژێر و ناوچەی زەنگاباد و گرتنی ناحیەی سەنگاو و بێتواتە و شاخی گوڵآن و خاڵی پشکنینی سەنگاو و قەیوان – ماوەت ).

گوڵان
لەشەڕی گوڵاندا چەند سەربازێکی سوپای عێراق خۆیان بە دەستەوە نەدادا، بە بەردەوامی بەرگریان دەکرد و تەقەیان دەکرد، بواریان بە پێشمەرگەکان نەدەدا بگەنە شوێنی دیاری کراو، حەمە تیماری خۆی گەیاندە نزیکیان و نارنجۆکێکی بۆ فڕی دان، هەمووسەربازەکانی بە مەرگ سپارد و شوێنەکەیان گرت.

سەربازەکەی بەدەست گرت
جارێک جەلال مەسۆیی و شێخ حەسەن و حەمە تیماری بە پێی نەخشەیەکی دیاری کراو بۆ چالاکیەک بۆسەیەکیان دانا، دەبوایە هێڕش بکەنە سەر چەند سەربازێکی عێراقی لە شوێنێکی دیاریکراو لە نێوان قادر کەرم و کۆرمۆردا. جەلال مەسۆیی و شێخ حسین بە خێرایی هەڵمەتیان بردە بۆ ئەو شوێنە، وایان دەزانی خۆیان لە پێشی پێشەوەن کە گەییشتنە ئەو شوێنە، حەمە تیمارییان بینی لە پێش ئەوانەوەیە، لەو کاتەدا هەڵمەتی بۆ سەربازێک برد و بە دەستی گرتی و چەکی کرد، سەربازەکانی تر بە بەردەوامی بەرگریان دە کرد هەموویان کوشت و بێ زیان بەدەسکەوتەوە گەڕانەوە.

بروسکە بوو
حەمە تیماری لە هەموو شەڕە پڕ لە مەترسییەکاندا بروسکە ئاسا دەهاتە دەست، دەیزانی چۆن دەست لە دوژمن دەکاتەوە. خاوەن دڵ و دەرونێکی پاک بوو ، لە گەڵ هاوڕێکانی هەست ناسک و میهرەبان بوو، خۆشی دەویستن بەهەموو تواناییەوە یارمەتی هەموویانی دەدا و هاوکاریی دەکردن.
لە هەموو جەولەکاندا ، چەکی قورسی (ئاڕبی جی ) و (بی کەی سی ) بۆ هاوڕێکانی هەڵدەگرت. پێکهاتەی جەستەی حەمە تیماریی بەجۆرێکی بەهێز و هەڵکەوتوبوو، ماندووبوونی نەدەزانی.

ئابڵوقەکەیان تێک شکاند
لە مانگی پایزی 1985 کەرتی دوو و کەرتی یەکی تیپی 51ی گەرمیان لە خوارووی گەرمیان بوون، سوپای عێراق بە هەموو چەکیکی قورس و تەکنەلۆژیای نوێ ی سەربازییەوە بە چەند دەبابەو و کۆپتەرو تۆپی قورس پەلاماری گوندەکانی (سەید جەژنی و فەتاح هۆمەر و هۆمەرمل و توکن و عەزیز قادر )ی دا.
لەوکاتەدا کەرتی دوو و کەرتی یەک لە بناری گل ی نزیک قادرکەرەم بوون، چەند کیلۆمەترێک لەو گوندانە دوربوون، هەر کە گوێیان لە دەنگی تەقینەوەی تۆپ باران و دەسڕێژەکان بوو، بە خێرایی روویان کردە شەڕگەکە.کاتێ گەیشتنە ئەوێ، هیزەکانی سوپای عێراق ئابڵۆقەی پێشمەرگاکان و گوندەکەیان دابوو،چەند پێشمەرگەیەک و هێزی پشتگیری بەرگریان دەکرد. حەمە تیماری و پێشمەرگەکان هەڵمەتیان برد و هێزەکەی سوپای عیراقیان تێك شکاند و هەڵاتن.

سەرچاوە: عەبدوڵڵا کەریم مەحمود، ئەفسانەکەی برزوت، بالۆسە،کوردستانی نوێ،ژمارە ٤٣٧٢، ١٣/ ١٠/ ٢٠٠٧.ل٩

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت