عەبدولا کەریم مەحمود: حەمە تیماری، ئەفسانەکەی برزوت و بالۆسە – بەشی سێیەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هێڵی تەلەفوون
لەساڵی 1984- 1985 مەحمود سەنگاوی فەرماندەی تیپی 51ی گەرمیان بوو، حەمە تییماری فەرماندەی مەفرەزەبوو، لە کەرتی دووی شینەی حەمەرەش. هاوینی 1985 مەحمود سەنگاوی بە حەمە تیماری وت: ئەو عەموودانەی هێڵی تەلەفوونی نیوان گوندی کربچنە و سەنگاو، لە بنەوە دەربهینە بۆ ئەوەی ئیستیخباراتی عەسکەری سەنگاو لیوای چەمچەماڵ، بەکاری نەهێن بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر جموجوڵی پێشمەرگەکانی سنووری تیپی 51ی گەرمیان. حەمە تیماری هەموو عەمودەکانی دەرهێنا و بەئیڤاکەی تیپ هەمووی گەیاندە بارەگای تیپی 51ی گەرمیان لە بانی مۆرد.

لە بانی مۆردەوە بۆ گەڵاڵە
لە ناوەڕاستی مانگی 11ی 1986 لە سەرکردایەتیەوە بەجیهاز داوایان لە هێزێکی تیپی 51ی گەرمیان کرد، بۆ ئەوەی بەشداری شەڕی قەیوان ماوەت بکەن، شەڕێکی بەرەیی فراونی نابەرامبەری دژوارو سەخت بوو. پێشمەرگەکانی تیپی 1ی گەرمیان مەسافەیان وەرگرت، لە گەرمیانەوە روویان کردە بناری جێشانە، بە زەحمەت و ماندوبوونێکی زۆر لە جادەی سلێمانی – چەمچەماڵ پەڕینەوە، لە گوندی حاجی ئاوا بوون، لە ئیستگەکەوە، بیستیان سوپای عیراق گوندی وڵاغلویان گرتووە.
پێشمەرگەکان مەسافەیان وەرگرت لە جادەی سلێمانی – دوکان پەڕینەوەو روویان کردە زێوێ، بە پیرەمەگروندا سەرکەوتن تا گەیشتنە گوندی قزلەر.
رەتڵی تۆپ بارانی چڕ لە سەر گوندی قزلەر بوو، خەڵکی ئاواییەکە لە بەر تۆپبارانەکە روویان کرد بووە دەرەوەی گوندەکە. لەو کاتەدا کۆپتەرێک لەقوڵایی ئاسماندا رەسەد بوو، هەموو گولە تۆپەکان بەر ناو ئاواییەکە دەکەوت. عیراق ئابڵوقەی ئابووری خستبووە سەر ناوچە ئازادکراوەکان، هیزەکەی تیپی 51ی گەرمیان چەند رۆژێک بە رێگاوە بوون، برسی و ماندووبوون، خواردنیان دەست نەدەکەوت. ئەحمەد مەجید (برنج و رۆن و پێداویستی و مەنجەڵ )ی بۆ دابین کردن، ژنێکی گوندی قزلە خواردنی بۆ پێشمەرگەکان لێ نان، نانیان خوارد و بە چیاکەدا هەلگژان روویان کردە گوندی چۆخماخ و مالومە و چاڵاوا.
لەوێوە دۆڵی شێخ محەمەدیان گرتە بەر، رێچکەیەکی سەختی دوورودرێژی و هات و نەهات بوو، بەفر سەراپا رێچکەکەی داگرتبوو، پێێمەرگەکان بێ وەستان هەموو رێگاکەیان بڕی، سەعات 10ی شەو گەیشتنە گەڵاڵە. لە گەڵاڵەوە بەرەو دۆڵی قامیش و لوتکەی برزوت و بالۆسە و شاخی کونە ورچ سەرکەوتن، ئەو چەند لوتکەیە لە یەک زنجیرە چیادا بوون. هێزەکەی تیپی 51ی گەرمیان چونە شوێنەکەی هێزەکەی تیپی 55ی قەرەداغ، تۆپ بارانی چڕیان لەسەر بوو.
سوپای عیراق گوندی وڵاغلو و شاخی حەسەن بەگی گرت بوو، لە دیوی ماوەتیشەوە کۆنترۆڵی ناوچەکەیان کرد بوو، لە هەدوولاوە بە بەردەوامی تۆپ بارانی سەنگەری پێشمەرگەکانی لە برزوت و بالۆسە دەکرد.
شەوڕۆژ تۆپخانەو کاتیۆشای عێراق، پێشمەرگەکانی تیپی 51ی گەرمیانی لە برزوت بالۆسە، نوقمی باروت و ئاگرو ئاسن دەکرد.
لە 26. 11. 1986 کۆپتەرێکی عێراق گەیشتە سەر شاخی گۆجار، هێزێکی سەربازی بە هەموو کەرەسەیەکی سەربازی لەسەر دانا، بە تەواوی کۆنترۆڵی برزو بالۆسە و ناوچەکەی کرد.
هێزەکانی سوپای عێراق لە فەیلەقی یەک، هیزەکانی مغاویر، دەزگای ئیستیخباراتی عەسکەری و ئەمن بە هاوکاری فەوجی جاش و خەفیفەو مەفرەزەی خاسەی جاش، لەو سنوورە خاوەنی ئەزموونی چەند ساڵ، جەنگی بەرەیی فراون و قوڵ بوون، لە گەڵ سوپای پاسدارانی ئێران.
مەحمود سەنگاوی سەرتیپی تیپی 51ی گەرمیان لەو قۆڵەوە سەرپەرشتی هیزەکەی دەکرد، عوسمانی فەرماندەی کەرتی پێنج و حەمە تیماری فەرماندەی کەرتی دوو، عوسمان هەڵەدەری فەرماندەی کەرتی تیپ، لە برزت و بالۆسە دامەزراند.
هێزەکانی سوپای عێراق بە بەردەوامی، زنجیرەیەک هێڕشی یەک لەدوای یەکیان کردە سەر شاخی برزوت و بالۆسە. تەوژمی سەرماو سۆڵەی کانوونی دووەم و بەفرو زریان لە گەڵ تۆپبارانە چڕەکە، ژیانی پێشمەرگەکانی قورس و دژوارتر کردبوو. لەبەر بەفرو زریان و سەرماو تۆپبارانە چڕەکە، نان و فیشەک بە زەحمەت بە پێشمەرگەکان دەگەیشت. سەری سەنگەری پێشمەرگەکان، لە لوتکەی برزوت و بالۆسە بە نایلۆن گیرابوو. تەوژمی توندی بەفرو زریان و پارچەی تۆپەکان، نایلۆنی سەر سەنگەرەکانیانی لە هەموو لایەکەوە پارچە پارچە کردبوو .
مەحمود سەنگاوی بە جیهاز قسەی لە گەڵ حەمە تیماریدا کرد و پێی وت: بوارنەدەن دوژمن بێتە پێشەوە.
حەمە تیماری وتی: مەگەر برزوت و بالۆسە لە ژێر پێی خۆم و هاوڕێکانمدا بڕوخێ بەجێی ناهێڵین.
کەتیبەی تۆپخانەی سوپای عێراق، شاخی برزوت و بالۆسەیان نوقمی رەتڵێ تۆپ و راجیمە کرد. چەند جاشێکی شارەزای جوگرافیای ناوچەی ماوەت، لە شەوێکی ئەنوستە چاوی بەفرو زریان، رێنمای هێزەکانی سوپای عیراقیان کرد، لەپشت برزوت و بالۆسەوە دزەیان کرد بوو، تا لوتکەی برزوت و بالۆسە. هەموو برزوت بالۆسەو سەنگەری پێشمەرگەکانیان بە دەسڕێژ بێژا، حەمە تیماری و هاوڕێکانی تا داوا فیشەک بەرگریان کرد.
پێشمەرگەکان فێشەکی کەمیان پێ مابوو، حەمە تیماری بە سنگە خشکێ خۆی گەیاندە لای تەرمی ئەو سەربازانەی لە نزیک سەنگەرەکەیان کوژرابوون بۆ ئەوەی بەو فیشەکانە بەرگریی بکەن.
یەکێک لەو سەربازانەی برینداربوو خۆی کردبوو بە مردوو، لولەی چەکەکەی ئاراستەی حەمە تیماری کرد، دەسڕێژێکی لێ کرد، فوارەی خوێنی بە سەر رووی بەفرەکەوە جۆگەلەی بەست.

سەرچاوە وپەراوێز :
1- عەبدوڵا کەریم مەحمود، ئەفسانەکەی برزوت بالۆسە،کوردستانی نوێ، ژمارە 4372، 13. 10. 2007 ل9.
2- دیدارێک لە گەڵ سالار عەبدوڵای رابەر سیاسیی تیپی 57ی سەگرمە.
3- لە 3. 12. 1986 حەمە تیماری شەهید کرا، لە 4. 12. 1956 سوپای عێراق هێرشێکی تریان کردەوە.
ئەو چەند پێشمەرگەی تیپی 51ی گەرمیان، لە برزو و بالۆسە مابوونەوە تا دوافیشەک بەرگریان لە لوتکەی برزوت و بالۆسە کرد، هەموو سەنگەرەکانیان و جەستەیان بە دەسڕێژی گولەی هێزەکانی سوپای عیراق بێژراو تەرمەکانیان دەست سوپای عێراق کەوت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت