سالار سەراوی: هۆڕن لێدانەکەی بافڵ تاڵەبانی.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

محەمەد حسەنین هەیکەل” دەگێرێتەوە و دەڵێ: جەلال تاڵەبانی لەگەڵ جەمال عەبدولناصر کۆبونەوەی هەبوو، عەبدولناصر پرسیاری لەتاڵەبانی کرد: ئایا کەرکوک کوردستانە، یان عێراق ییە.؟ ( مەبەستی عەبدولناصر ئەوە بووە مام جەلال بڵێ کەرکوک کوردستانە و ئەویش پێی بڵێ لەبەر نەوتەکەتانە). مام جەلال لەوەڵامدا دەڵێ: هەر شوێنێک زۆرینەی کورد بێت کوردستانە!.
لە زاری شەفیق قەزازەوە، دەڵێ: “صەدام حسێن” پێشنیاری بۆ خوالێخۆشبوو “مەلا مستەفا” کرد و وتی؛ خاڵی ناکۆک و رێکنەکەوتنی ئێمە و ئێوە تەنها کەرکوکە، پێشنیار دەکەم لە پردی خاسەوە بیکەینە دوو بەش، خواروی بۆ ئێمە و سەروی بۆ ئێوە وەکو کورد. ئەو ئەندامانەی لەگەڵ بارزانییدا لە کۆبونەوەکەدا بوون، بەو پێشنیارە رازی نەبوون جگە لە شەفیق قەزاز، قەزاز بە بارزانی دەڵێ؛ ئەزبەنی پێمباشە نیوەی کەرکوک قبوڵ بکەین و دواتر شەڕی نیوەکەی تر ئاسانتر دەبێ. بەڵام بارزانی رازی نابێ و دەڵێ؛ یان هەمووی، یان هیچ!.
لە هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆککۆماری عێراق، وتارێکم نوسی بەناوی ( بافڵ تاڵەبانی پیاوە عینادەکە ) ئەوکات وتم: لە دانانی سەرۆککۆماردا بافڵ لە بارزانی بردەوە، ئەمە واتا دواجار بارزانی باوک بە نەوەیەکی تاڵەبانی دۆڕا.!
هەر ئەوکات پارتییەکان بە فاکتەری بەموقەدەس بینی بارزانی و تەعەصوبی حزبییان لێم کەوتنە تەقە و هات و هەرا، بەوەی کفری سیاسییم کردووە بافڵ تاڵەبانی بەراورد بە تەمەن و خەبات و سیاسەتی حەکیمانەی مەسعود بارزانی دەکەم!.
بەبروای من، هیچ حزب و هێزێکی سیاسیی هێندەی پارتی بەدرێژایی مێژوو و تەمەنی خۆی بازرگانی بەناوی کەرکوک و کەرکوکیەکانەوە نەکردووە. پارتی لە 16 ئۆکتۆبەرەوە بە هەموو هێزی ماددی و مەعنەوی و ئیعلامیی خۆی هەوڵیدا کوردستانیان بەگشتی و کەرکوکیەکان وەها حاڵی بکات کە یەکێتی خیانەتی لە کەرکوک کردووە، بەڵام هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەریخست ئەو هەوڵانە بچوکترین کاریگەری نەبووە و ئەنجامەکان وەڵامدەرەوەی تۆمەتەکان بوون!.
نایشارمەوە، خودی خۆم لە پرسی کوردستانیبونی کەرکوکدا کوردانە بیردەکەمەوە، “خاک و نەتەوە و زمان” هەڵبژاردەیەکی ئارەزوومەندانە نیە و لە خوێندایە، ئاواتمە کەرکوکێکی فرە نەتەوە و فرە دەنگ و رەنگ لەژێر سایەی دەسەڵاتێکی کوردیی دادپەروەر و خزمەتکاردا بێت!
بە خوێندنەوەی ئەو دوو دیدە سیاسیی و رەهەندە نەتەوەیی و مێژووییەی لەنێوان ( مام جەلال و مەلا مستەفادا ) هەبووە لە هەمبەر کەرکوک، فاکتەری ئەو واقیعەی ئەمرۆی کەرکوکن. سیاسەتی رەهایی یان هەموو یان هیچ بە دەردی کەرکوک و نەتەوە و پێکهاتەکانی کەرکوک ناخوات، کەللەرەقی سیاسیی، سەرشکانی بەدوادا دێت.
ئەمرۆ ئێمە شاهیدی ئەوەین کە مەسعود بارزانی، دوو هێندەی بافڵ تاڵەبانی تەمەن و ئەزمونی سیاسیی و خەبات و تێکۆشانی بەڕێکردووە، بەڵام بەداخەوە ئەوانە نەبوونە ئامرازی تێگەیشتن و مامەڵەی بەرپرسیارانە و واقعیانە بۆ دۆخی فرەنەتەوەیی کەرکوک.
لە بەرامبەردا؛ بافڵ تاڵەبانی بەو تەمەنە کەمەی کە هەیەتی، بەو کەم ئەزمونییەی خۆی لە سیاسەدا، شەو و رۆژی خستە سەر یەک و کەرکوک و کەرکوکیەکانی جێنەهێشت، سەرکێشی سیاسیی کرد، گوتاری نەتەوەیی بۆدان، بەڵێنی خزمەتی پێدان، پیاسەی لەگەڵ کردن، نانی لەگەڵ خواردن… هتد. کە رەنگە بەرەهایی پارتییەکان ناڵێم، بەڵکو بچوکترین ئەندامی ماڵی بارزانی لە خەویشدا بە کەمیی بزانن کە وەک بافڵ بە ئۆتۆمبێلکی فۆردی ئەمریکی کە خۆی شۆفێری دەکرد، هۆڕن بۆ سەرکەوتنی لیستەکەی لێبدات!.

کۆتا قسە؛
من کارێکم بەسەر سیاسەت و حزبایەتییەوە نەماوە، بگرە هەر لە ئەساسدا من هیچ پێگە و مەکانەتێکم لە هیچ حزبێکدا نەبووە، نە بافڵ تاڵەبانی و نە مەسعود بارزانی نازانن من کێم، بەس بە خوێندنەوەی دۆخە سیاسیی و گەمە و هەنگاوەکانیان، من باش دەزانم ئەوان کێن!
ئێستا دووبارە لەبەردەم ئەمری واقعێکی ترداین و دەبێ پەی پێببرێت، بەڵێ ئەمجارەش بارزانی بە تاڵەبانی دۆڕا، چونکە پێموایە هەر لە بنەمادا و وەک هەمیشە پارتی بردنەوەی لە یەکێتی پێخۆشترە، قبوڵنەکردنی یەک لیستی حزبە کوردییەکان بۆ هەڵبژاردن لە کەرکوک گەواهیدەری ئەمەیە.
جگە لەوەش؛ دەبێ دان بەو راستییە تاڵەشدا بنێم نیگەرانییە گەورە و ئازاربەخشەکە لە کەرکوک ئەوەیە لەبری ململانێ و کێبڕکێ و بردنەوە لەنێوان (کورد و عەرەب و تورکمان)دا بێت، کەچی ئێمە شاگەشکەین بەوەی کورد لە کوردی بردۆتەوە!.
حاشاهەڵنەگرە؛ کوردستانیبونی کەرکوک بە دروشم و وتاری حەماسیی و ختوکەدانی نەتەوەیی لە باڵاکێوی پیرمامەوە ناکرێت، رەنگبوو هۆڕلێدانێک بەس بێت بۆ ئەوەی تۆی بکردایەتە شادەماری ئەو “دڵی کوردستان”ەی دەیان ساڵە شعر و شانامەی بە باڵادا هەڵدەڵێن!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت